١٨\١\٢٠١٦
دوو هاوڕێم.

شوان
حهسهن
مەرگ هاوڕێمە.
دیوانە شیعرێک
پەڕ پەڕ
سیمای مەرگی بۆ کۆدەکردمەوە
تا لە ئامێزم خەوت
- لە خەونمدا مردبووم،
تۆش لە نێو کراسی رەشی تەنیاییت کاڵ دەبوویەوە
لە نێو بخوورێکدا دەبوویتە دووکەڵ و
نێوان کێلەکانمت تەی دەکرد!
کاتێک راچلەکیم
قووڵیی خەوێک وێنەی دەگرتی و
هەناسەکانت بۆنی منیان لێدەهات
پرسیارێک ئاگاییمی راتەکاند و
کڵاوڕۆژنەیەکی بۆ کردمەوە
لەو ساتەوە بڕیارم دا
چیتر لە هاوڕێیەتیی مەرگ نەترسێم و
ئەو دیوانانە لەگۆڕبنێم
کە من و ژیان لێکدەتۆرێنێ.
جەنگ هاوڕێمە.
ئەو شەوەی جەنگ بەسەریداداین
منداڵ بووین، هێشتا سمێڵمان لە دووکەڵی جگەرە نەدزیبوو،
دەڕۆیشتم و
مانگ شوێن پێی سۆر دەکردم
سەیربوو!
ئەو شەوە بیرم لە شەڕ نەدەکردەوە
پشووم، لە بەختەوەریی قەرزکردبوو
بۆ هەردووکمان..
بیرم لە بەڵێنی ئەو کچە دەکردەوە
چۆن دەریام بۆ رووت دەکاتەوە
- لە دوا بازگە قۆڵبەستیان کردم
ترسنۆک بووم ...
نهێنیی شەو و
جێگەی ژوانم درکاند
چاویان بەستم
یەکەم دوگمەی تاریکییم ئەو ساتە بۆوە
- گەورەم، بچم بۆ شوێنی ژوانەکە؟
دوگمەکان لە تاریکیی کۆیاندەکردمەوە
دەبا چەک لە جەنگ رابکێشم
بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە سەرەتای خاڵێک و
قاوەیەک لەگەڵ ئاشتی بخۆمەوە
هەنووکەش
جەنگ، من و هاوسەرە و منداڵەکانمانی خۆشناوێ
بێ ئەوەی لە دەرگە بدا، دێتەژوورێ
بێ ئەوەی فەرمووی لێبکەین نانمان لەگەڵ دەخوا
بێ پرس، دەست بۆ کۆنتڕۆڵ دەبا و کەناڵەکان دەگٶڕێ
بێ ئەوەی، .........
بی پرس، ..........
چەند حەزدەکەم لێی بپرسم، تۆ ئێمەی یا ئێمە تۆین؟
كچەکەم گوتی: بابە، دەزانی جەنگ سەیری ئاوێنە ناکا؟
لەو رۆژەوە، پرسیاریش ناکەم!
ماڵپهڕی
شوان حهسهن
|