٢٩\١٠\٢٠١١
دوو ھەڵەی بەھاری
عەرەبی!

جهمال عهلیالی
سوقرات فیلەسۆفەکەی یۆنانی (٤٧٠-٣٩٩ پێش زایین) شێوازی دیالۆگی لە
ھەمبەر قوتابیەکانی دەگرتە بەر. پێی وانەبوو کە ئەو خۆی چ دەزانێ،
بەڵام جەختی لەسەر ئەوە دەکرد کە دەخوازێ فێر بێت. دەگێڕنەوە کە ئەو
مامۆستایە ھەرگیز وڵامی قوتابیەکانی نەدەداوە، نە بە ھۆی زەبەلاحی،
بەڵکو بە بۆنەی راھێنانی قوتابی لە ڕێگەی باس لە سەر وڵامی پرسیارەکان
واتە دیالۆگ. سوقرات بەو شێوەیە یارمەتی قوتابی دەکرد تا قوتابیەکە خۆی
سەیری پرسیارەکە بکات لە ڕوانگەی زۆر جیاوازەوە، تەنانەت ئەو ڕوانگانەی
کە قوتابیەکە بە خەیاڵی نەدەھات، بۆ ئەوەی کە پرسیارەکە باش تێبگات،
سوقرات پێی وابوو کە تێگەیشتن لە گشت کەلێن و قووژبنی پرسیارێک، وڵامی
پرسیارەکە بە دووای خۆی دادێنێ. بە لای سوقراتەوە، مرۆڤ دەتوانێ لە
ڕێگەی دیالۆگ، بە مانای لێکدانەوەی پرسیارەکان لە ڕێگەی گشت ئەو
ڕوانگانەی کە "دەتوانن ھەبن" تێگەیشتنێکی دەقاودەق لە پرسیارەکان
وەربگرێ ... با بگڕێینەوە سەردەمی خۆمان!
لە سەر بەھاری عەرەبی زۆر نووسراوە ھەیە و ھەر وا بێ بڕانەوە لە سەری
دەنووسرێ، وادیارە ئێستا ئەو وەرچەرخانە نەکەوتۆتە وەرزی ھاوین. بە لای
من دەکرێ بابەتەکە بە شێوەیەکیتریش بخرێتە بەر باس، کە ئەوکات لە
ڕوانگەی نووسەرەوە "دوو ھەڵە" لە خۆوە دەگرێتەوە.
ھەڵەی یەکەم: جیھان لە ئاڵوگۆڕدایە. مینای زەقی ئەو ئاڵوگۆڕانە لە "وردە"
سەرھەڵدانەکانی وڵاتانی ئورووپایی دەبینین. پێویستە لە سەر بابەتی "سەرھەڵدان"
ئەوە وەبیر خۆمان بێنینەوە کە سەرھەڵدان ھەر بەو واتایەی کە لای ئێمە
باوە ناوترێ، واتە وەلانانی حکومەتێک یان ... بەڵکو ھەر بزووتنەوەیەکی
جەماوەری کە بۆ بەرپەرچ دانەوەی "سیستەم"ێک دێتە ئاراوە، سەرھەڵدانە.
یەکیتر لە میناکان، ئەو سەرھەڵدانەیە کە ئێستاکە بەناوی "واڵستریت"
ناوبانگی دەرکردووە. ئەو سەرھەڵدانانە کەم و زۆر ھاوکات بوون دەگەڵ
سەرھەڵدانی وڵاتانی عەرەبی. ڕۆژئاوا بۆ ئەوەی کە بیری خەڵکی خۆی بە "شتێکی"
لاوەکی سەرقاڵ بکات گەشەی دا بە وشەی "بەھاری عەرەبی"، ئینجا ئەو وشەیە
لە چ لایەنێکەوە یاخود لە چ شۆێنێکەوە گەیشتە دەستیان، لێرەدا زۆر
گرینگ نیە. بۆ کۆمەڵە خەڵکێکی زۆر، ڕەنگە فەرمان و شەڕ و تانک و تۆپ
دەنگدانەوەی زیاتری ھەبێ. ڕۆژئاوا لەو ھەلە کەڵکی وەرگرت و "کاتی
زیاتر"ی بۆ خۆ کڕێوە.
بناخەی ئاڵوگۆڕەکانی جیھانی دەگەرێتەوە سەربیروڕای ٩٩%ی حەشێمەتەکەی
جیھان، واتە ئەوەی کە سەرمایە و داھاتی جیھانی لە ناو بەین ١%ی خەڵک
دابەش کراوە و ئەوانی تریش بێ بەشن و بە دەست فەقیری و ھەژاریەوە
دەناڵێنن. ئەوە پێویستی بە سیستمێکی نۆێ ھەیە. ئاڵوگۆڕەکە بۆ لابردنی
ئەو سیستمەیە کە دەگەڵ بەرژەوەندی ٩٩%ەکە ناگونجێ. لەو بوارەدا پێویستی
بە خۆێندنەوەی نۆێ لە سەر سیستەم ھەیە واتە کۆ کردنەوەی زانیاری نۆێ لە
سەر سیستەم بۆ دۆزینەوەی پێوەندیەکان لە ناو بەین سیستەمەکاندا.
ھەڵەی دووھەم: ئاڵوگۆڕ دەبێ وەرچەرخانی بە دوادابێ. یەکەم شۆێن پێی
زەقی ئەو وەرچەرخانە، پاش فەرمانی نامرۆڤانەی قەزافی و لەشکرەکەی لە
حەوتووی ڕابووردوودا لە لیبی بەدی کرا. ھەر لەوێوە جاڕی ئەوە ھەستا کە
سەرجەمی ئەو "یاسا"یانەی کە قەزافی داینابوو پووچەڵ دەبێتەوە. ئەوە
خۆێندن و چارەسەری پزیشکی دەگرێتە بەر خۆ، باسی ئەوەش ناکەم لەمەودووا
ھەر پیاوەی بخوازێ، دەتوانێ زیاتر لە یەک ژنی ھەبێ. دووھەم شۆێن پێ،
نەک بە زەقی ئەوەی کە لە لیبی پەیدا بوو، لە تونیس ھاتە کایەوە، بەڵام
ئەوەیان وەکو لەتکە سەھۆڵی سەرئاوە، بەشێکی زۆر کەمی لە سەر ئاوە، ئێمە
بەشی ھەرە زۆری نابینین. ھەرچەند شۆێن پێی زیاتر پێشەکی ھەبوون بەڵام
وا بە زەقی نەبوون و ڕەنگە بۆ زۆربەی ئێمە نەدەکەوتە بەرچاو، مینای
ئەوە لە ئەفغانستان، لە پاکستان، لە عێراق و لە تورکیا و تەنانەت لە
ھەرێمی کوردستان زۆرن بەڵام ئەو کاتەی ھاتنە ئاراوە ئێمە بە ھۆی شلوێیی
و لە سەرەخۆیی شۆێن پێیەکان ھەستمان پێ نەکرد.
بەڵام ئەو "بەھاری عەرەبیە" ھەر وەکو ھەر دیاردەیەکی تر لانی کەم - لە
ڕوانگەی بینەرەوە - دوو بەشی ھەیە، بەشی چاک وبەشی خراپ. ئەوەی لە
سەرەوە ھات بەشی خراپ بوو. بەشی چاکی ئەو بەھارە لە قەومانی
بۆمەلەزەکەی باکووردا بەدی دەکرێ. ئەوە شایانی باسە نەک تەنیا بە ھۆی
ئەوەی کە ڕژێمی تورک ریسوا بکرێ بەبۆنەی بەرگری کردن لە ھاتنی یارمەتی
لە لایەن وڵاتانی ترەوە، نەک تەنیا ھەر بە ھۆی چەپەڵی ودژەمروڤایەتی
ئەو ڕژێمە، بەڵکو بە ھۆی ئەوەی کە وڵامدانەوەی گەلی کوردی باکوور دوای
کارەساتەکە، جگە لە نیشاندانی ھێز و توانای گەلی یەکگرتوو بە جیھان، ڕی
خۆشکەرێکە بۆ پێداچوونەوە و باس لە سەر پێناسەی "سیستەم" وەکو واتایەکی
فەلسەفی.
مینایەکیتری لایەنە چاکەکەی ئەو بەھارە لە کۆبوونەوەی گشتی کۆنگرەی
نەتەوەیی کورد لە بارەگای سەرۆکایەتی لە "برۆکسل"دا دەبیندرێ. زۆربەی
سازەکانی سیاسی کوردستان تێیدا بەشدار بوون، لە کۆبوونەوەکەدا
گەڵاڵەیەک پەسەند کرا و بۆ ڕای گشتی و بەرەو نەتەوە یەکگرتووەکان وەڕێ
کەوت. ئەو کارە گرینگترین ھەنگاوە لە قۆناخی ھەنووکەییدا، خاڵێکی
وەرچەرخانە لە ڕەوتی خەبات و سیاسەتی نەتەوەی کورد لە سەردەمی نۆێ.
ئێستا گرینگ ئەوەیە بیر لەوە بکەینەوە بە چ شێوەیەک دەکرێ ئەو ھەنگاوە
بکەینە بە "بەردەباز" بۆ ھەنگاوێکی تر بە بەشداری و پشتیوانی گشت
سازەکانی کوردستان.
خۆێندنەوەی دەقاو دەق لە ڕووداوەکان پێویستییەکی بەپەلەی ھەنووکەییە.
بۆ ئەو مەبەستە جیاوازی لە ڕوانگە و بیروڕا، وەدەست ھێنانی زانیاری لە
سەر ڕوانگە جیاوازەکان زۆر گرینگە، بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی رۆشنبیرن،
نووسەرن یاخود کەسانی سیاسین. بە ھیوای سەرکەوتن.
٢٨\١٠\٢٠١١
ماڵپهڕی جهمال عهلیالی
|