په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\١٢\٢٠١٢

ھەڵبژێردراوانی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی "نا بۆ توندوتیژی" دیاریکران.

 

مەنسوور جیهانی


لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەارنەوە، ھەڵبژێردراوانی بەشی پێشبڕکێی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی "نا بۆ توندوتیژی" لە شاری ھەولێر دیاریکران.


ڕێوڕەسمی کۆتایی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی "نا بۆ توندوتیژی" لە ھەولێر کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەمە ٢٨ی تەشرینی دووەم / نوامبری ٢٠١٢ بە ئامادەبوونی دکتۆر کاوە مەحموود وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، فەرھەنگ غەفوور بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری سینەمای ھەولێر عەدنان عوسمان و سەرۆکی فیستیڤاڵ، ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵ، ھونەرمەندانی پێشەنگی سینەما و تەلەفیزیۆنی شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، سینەماکارانی بەشداربوو لە فیستیڤاڵ و نوێنەری کەناڵە جۆراوجۆرەکانی دەزگانی راگەیاندن لە ھۆڵی وێرسای شاری ھەولێر بەڕێوەچوو.


لە سەرەتای ئەم ڕێوڕەسمەدا دکتۆر کاوە مەحموود وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتی: لە ساڵی داھاتوودا یەکەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی تایبەت بە "ئەنفاڵ و ژینۆساید" لە ھەرێمی کوردستان سازدەکەین.


ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی "نا بۆ توندوتیژی" لە ھەولێر کە بریتی بوون لە: سینەماکاری کورد شەھرام عەلیدی (سەرۆکی لێژنەی دادوەران) لە وڵاتی ئێران، محەمەدڕەزا دڵپاک ـ دەنگدانەر و کارناسی سینەما لە وڵاتی ئێران، خاتوو لیانا سەلاح ـ ڕخنەگری فەلەستینی و مەستەری سینەما لە وڵاتی فەڕەنسا، خاتوو ئاریس ئۆلسۆن ـ مەستەری سینەما و دیکۆمێنتساز لە وڵاتی فینلەندا و دکتۆر تاریق جەبووری دەرھێنەر و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی عێراق، دەنگەکانی خۆیان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی بەشی پێشبڕکێی ئەم فیستیڤاڵە بەم شێوەیە راگەیاند:

ـ باشترین فیلم:
خەڵاتی باشترین فیلمی فیستیڤاڵ بەخشرا بە کورتە فیلمی "بێدەنگ" لە دەرھێنانی رێزان ئێشیلباش لە شاری ئامێد.

ـ باشترین دەنگ:
خەڵاتی باشترین دیزاینی دەنگی فیستیڤاڵ بەخشرا بە ئەمیر حوسێن قاسمی دەنگدانەری کورتە فیلمی "بانداژ" لە دەرھێنانی ئومید عەبدوڵڵاھی لە شاری تاران.

ـ باشترین سیناریۆ:
خەڵاتی باشترین سیناریۆی فیستیڤاڵ بەخشرا بە جەلال نەسیری ھانیس نووسەری سیناریۆی کورتە فیلمی "سەفەری سارد" لە شاری سنە.

ـ باشترین مونتاژ:
خەڵاتی باشترین مونتاژی فیستیڤاڵ بەخشرا بە تۆفیق ئەمانی مۆنتێری کورتە فیلمی "کۆڵانێک لە پشت ماڵی ئێمە" لە دەرھێنانی شیلان سەعدی لە شاری مەریوان.

ـ باشترین وێنەگر:
خەڵاتی باشترین وێنەگری فیستیڤاڵ بەخشرا بە حوسێن کولی وێنەگری کورتە فیلمی "زوھرە" لە شاری بەغداد.

ـ باشترین ئەکتەری ئافرەت:
خەڵاتی باشترین ئەکتەری ئافرەتی فیستیڤاڵ بەخشرا بە خاتوو "بێلجین بێلگین" ئەکتەری کورتە فیلمی "بێدەنگ" لە دەرھێنانی رێزان ئێشیلباش لە شاری ئەستەنبووڵ.

ـ باشترین فیلمی دیکۆمێنتاری:
خەڵاتی باشترین فیلمی دیکۆمێنتاری فیستیڤاڵ بەخشرا بە کورتە فیلمی "لە تاریکیدا" لە دەرھێنانی کامەران جەمال لە شاری سلێمانی.

ـ باشترین دەرھێنان:
خەڵاتی باشترین دەرھێنەری فیستیڤاڵ بەخشرا بە حوسێن حەسەن دەرھێنەری کورتە فیلمی "ھێز" لە شاری دھۆک.

ـ باشترین موزیک:
خەڵاتی باشترین موزیکی فیستیڤاڵ بەخشرا بە سەعید زێھنی ئاوازدانەری موزیکی کورتە فیلمی "نانی بەیانی" لە دەرھێنانی مریەم دووستی لە شاری تاران.

ـ خەڵاتی تایبەتی سەرۆکی لێژنەی دادوەران:
خەڵاتی ئەم بەشەی فیستیڤاڵە بەخشرا بە کورتە فیلمی "سەمای پەیکەرەکان" لە دەرھێنانی تارق ئاکرەیی لە شاری ھەولێر.
خەڵاتی ئەم بەشەی فیستیڤاڵە بەخشرا بە کورتە فیلمی "پەیکەرە لمینەکان" لە دەرھێنانی تەحسین فایق لە شاری ھەولێر.

ھەر لەم رێوڕەسمەدا لە لایەن کۆمپانیای "بابیلۆن" خەڵاتی تەمەنێک چالاکی ھونەری بە چەندین ھونەرمەندی پێشەنگی بواری سینەما و تەلەفیزیۆنی شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بەخشرا، لەوانە: عومەر چاوشین، عەبدولی حەمە جوان، ئەڵڵا موارد ڕەشتیانی (ئەکتەری فیلمی سینەمایی "گۆرانییەکانی وڵاتی ئێمە" و فیلمی سینەمایی "نیوە مانگ" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد بەھمەن قوبادی)، ژیان ئیبراھیم خەیات، مێھدی ئومێد و چەندین کەسایەتیی دیکە.


لە رۆژانی بەڕێوەچوونی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی "نا بۆ توندوتیژی" لە ھەولێر، ٥١ فیلم، لەوانە: ٤ فیلمی بڵندی سینەمایی و ٤٧ کورتە فیلمی چیرۆکی و دیکۆمێنتاری لە سینەماکارانی کوردی و بیانی لە دوو بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە رۆژانی ٢٥ تا ٢٨ی تەشرینی دووەم / نوامبری ٢٠١٢ لە ھۆڵی میدیای شاری ھەولێری پێتەختی ھەرێمی کوردستان نمایشکران.
 

بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی فیلمی "نا بۆ توندوتیژی".

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی


 

-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

وێنەگری کورد توورەج ئەسڵانی خەڵاتی ئوسکاری ئاسیایی بەدەستھێنا.
 

مەنسوور جیهانی


وێنەگری کورد توورج ئەسڵانی بە فیلمی "وەرزی کەرکەدەن" لە دەرھێنانی بەھمەن قوبادی خەڵاتی باشترین وێنەگری شەشەمین فیستیڤاڵی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" (ئوسکاری ئاسیایی) لە ئوستوڕاڵیا بەدەستھێنا.


توورج ئەسڵانی دوای بەدەستھێنانی خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی بەشی سەرەکی شەستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سێباستییانی ئیسپانیا، بە فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن" Rhino Season لە دەرھێنانی سینەماکاری ناوداری کورد بەھمەن قوبادی، خەڵاتی باشترین وێنەگری شەشەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" (APSA) ناسراو بە "ئوسکاری ئاسیایی" لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا پێبەخشرا.


ئەسڵانی لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی باشترین وێنەگری شەشەمین خولی ڕێوڕەسمی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ASIA PACIFIC، ئەم خەڵاتەی پێشکەش بە بێھرووز وسووقی ئەکتەری ئەفسانەیی و ناوداری سینەمای ئێران کرد.


ئەم وێنەگرە کورد بۆ بەدەستھێنانی ئەم خەڵاتە گرینگە لەگەڵ "چارین پێنگپانیچ" وێنەگری فیلمی سینەمایی "بۆناھان" Bunohan نوێنەری وڵاتی مالیزیا لە ڕێوڕەسمی ئۆسکاری ئەمساڵ، "چین تینگ ـ چانگ" وێنەگری فیلمی سینەمایی Seediq Bale لە وڵاتی تایوان، "حەجیک پۆلای" و "لای یوفای" وێنەگرانی فیلمی سینەمایی Wu Xia لە وڵاتی ھۆنگ کۆنگ و "یووری رایسکی" وێنەگری فیلمی سینەمایی Orda لە وڵاتی رووسیا لە رکابەریدابوو.


ڕێوڕەسمی کۆتایی شەشەمین خولی پێشکەش کردنی خەڵاتی ساڵانەی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" چەند رۆژ پێش ئێستا بە شێوازێکی بەشکۆ لە شاری بریسبین لە ویلایەتی کۆئینزلەند لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا بەڕێوەچوو، و براوەکانی بەشە جۆراوجۆرەکانی فیستیڤاڵ، لەوانە: باشترین فیلم، باشترین دەرھێنان، باشترین وێنەگرتن، باشترین فیلمی منداڵان، باشترین فیلمی دیکۆمێنتی، باشترین فیلمی ئەنیمەیشێن، باشترین سیناریۆ، باشترین ئەکتەری پیاو و باشترین ئەکتەری ئافرەت، دەستنیشانکران و خەڵات بەسەریاندا دابەشکرا.

بۆ زانیاریی پتر:
http://www.asiapacificscreenacademy.com/11/11/winners-of-the-sixth-annual-asia-pacific-screen-awards-announced

 

بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی فیلمی "نا بۆ توندوتیژی".

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک