په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٩\٢٠٢٦

   دوو هۆنراوە بۆ مندالان.

فەرهاد ئەحمەد

      گەشتەکەم لەگەڵ هەور . 
لەگەڵ کازیوەی بەیان 
بینیم دیمەنی ئاسمان 
ڕەنگی شین و خۆری جوان
پەڵەی سپی هەورەکان 
هەر زوو سەرنجیان بردم 
هۆگری خۆیان کردم 
پەڵە هەورێک هاتەخوار
کردمیە کۆڵی وەک باڵدار 
بردمی بۆ ناو ئاسمان 
بۆ لای خۆر و مانگی جوان
بردمی بۆ سەر شاران 
بۆ سەر دەریا و ڕووباران
بۆ سەر سەوزی دارستان
دیمەنی باخ و کوێستان
لە مرۆڤ و زیندەوەر 
چی هەیە؟ لە دەشتودەر
کام شوێنە جوان و خۆش بوو
دڵ و چاوم پێی گەش بوو
هەرچەند زۆر ئاسوودە بووم 
بەڵام بە دڵ پەرۆشبوم 
بۆ شار و نیشتیمانم 
بۆ هاوڕێ و کەسەکانم
وتم: سوپاس هاوڕێ گیان 
هەوری جوان و میهرەبان 
گەشتێکی زۆر خۆش بوو بۆم  
بمبەوە بۆ شاری خۆم 
خۆشمدەوێ بە دڵ و گیان
جێیناهێڵم نیشتمان..


   
خاڵخاڵۆکە.
وەستاوم لای ئەو دارە
خاڵخاڵۆکەم لێدیارە
باڵەکانی نەخشاون 
هەر بە وێنەی کڵاون         
پێیدەڵێم وەرە بۆلام 
تۆ زۆر ئەزیزی لە لام
بفڕ، وەرە سەر دەستم 
ئەی هاوڕێی خۆشەویستم 
هەرچەند بچکۆڵە و وردی
بەڵام بەدەستوبردی 
دەگەڕێی زۆر بە جوانیی 
هاوڕێی باخ و گوڵانی
شارەزای ناو ماڵانی 
ناسک و بێ زیانی
خاڵخاڵۆکەی پڕ لە خاڵ
هاوڕێی تۆم منی منداڵ
وەرە با پێکەوە بین  
گۆرانی بڵێین بۆ ژین
بۆ سروشت و ئازادیی.

 

 rahanddrwd@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک