په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١٢\٢٠٢٠

   دوو هۆنراوە.

 


عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

    بۆنی گوڵ و خوێنی شەقام.

ئێمە فێرین هەتا بۆنی گوڵێک دەکەین
دەیان دڵۆپە خوێنی سوور دەڕژێنینە سەر شەقام و
ناو کوچە و کۆڵانی برسی
ئێمە فێرین هەتا ماچی عەشقێک دەکەین
سەدەها جار دەکوژرێین و
دەئاخنرێینە کونجی زیندان
جەستەی ورەمان ورد دەکرێ زۆر بە قورسی
کوێمان هەیە ڕووی تێبکەین سەر شەقام و
ناو بازاڕ و بن سێبەری کتێبی سووری خەم نەبێ
چیمان هەیە لێی بترسین، لەدەستی دەین
چەوسانەوە و ستەم نەبێ
ئێمە دێین و مەرگی خۆمان
وەکو چەکی خەباتی سوور دەکەینە شان
بۆ سەرکەوتن لەم جەنگە چینایەتییەمان
دەبین بە روحی شوناس و بە زەردەخەنەی تێکۆشان.

 

٣\١٢\٢٠٢٠

 

    ئۆکسجین.
هەناسەیەکم بدەرێ، بە قەرزیش بێت
با لەناو ئەم مەحشەرخانە چاو لێک نەنێم
لە ختوو و خۆڕایی بوومە نێچیرێکی بێدەربەستی ئەو چەتانە
هەتا درەنگتر نەبووە ئازیزانم
خەمێ لە خۆتان و ماڵ و منداڵ بخۆن
دەنا دەبنە پارووی چەوری ئەو بیرڕەش و لەش کەتانە
*
چ غەددارە سەرمایەدار چەند دڵ ساردە
ئەوەی بۆی جێی بایەخ نەبێ ژینی منە
ئای داخەکەم وا وردە وردە دەبینە خۆراکی مەرگ
چەندە سەختە لەم پێچە مێژووە تاریکە مەرگ هەیە
ئازار هەیە
ستەم هەیە
بەڵام بەهای مرۆڤ ونە.

______________________________________
* کەتە: گەورە، زل.

٢٠٢٠
ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک