په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\١١\٢٠١٩

   دوو هۆنراوە.

 


عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

    ماچە مێژووییەکان.
بۆ ئەو ماچەی ئەحلام مەنسوور کە دڵی شیعری راگرت.

ئەحلام لەنێو چیرۆکێکیا
دیوارێکی سفتی لە ماچ هەڵچنیبوو
تا ئیرۆتیکی وشەکان
لەودیو پەردە تەنکەکانی خەیاڵەوە ئیحراج نەبن
ئەو نەسەبی دەچۆوە سەر ئەڵوەنی ماچ
جگەرەی جوانی دەکێشا و
باڕەکانی فێر کردبوو پێک بێ وشە غەمبارەکان هەڵنەدەن و
بەر لە خەوتن شیعری عەشق بخوێننەوە
پێنجشەممان دەچووە سەر دیجلە و
کەرتە بسکیتی خەیاڵی دەدایە ماسییەکانی خەم
ئەم گڕێک بوو گڕ لە ناخیا گڵپەی دەکرد
لەشی هەموو گڕی ماچ بوو
چاوی پڕ بوو لە خۆشەویستی ناکام و
دڵیشی دابوو بە وشە
ئەحلام ئێواران دەفڕی
ئەحلام جارجار دووربینی ماچێکی دەنا بەچاوەوە و
دەیڕوانییە پێدەشتە کاکی بەکاکییەکەی ئەوین و
لەگەڵ نووسینی چیرۆکێکی تازەدا تێر دەگریا
بە قژی خۆی هەڵدەگەڕایە سەر بانی خۆشەویستی
سووتووی جگەرەی دەنایە کوونەگوێی بیم
زوو زوو لە ترس زویر دەبوو
بەدیار زمان و وشەوە دادەگیرسا
ئەو عاشق بوو بۆیە دەسووتا لە خەما
ئەو دیوێکی پەنهانی ئەو دیرۆکە بوو
بوو بە دووکەڵ لەنێو هەوری کپ و تەما.
    *    *    *
کاتێ ئەحلام ریز ڕیز ماچی دەنایە بەر پێی عەشقێکی خۆڵەمێشیی
کاتێ دەچوو لەناو پەروەندەی دادگایی زمانی غەم
یەک یەک وێنەی ماچەکانی بە کامیرای لێوی دەگرت
تاکو دۆسیەی خۆشەویستی بباتەوە
کاتێ دەچوو لەگەڵ شیعرا پەرداخی مەی پڕ دەکرد و
مەست مەست وشەی دەنایە نێو شیعر و چیرۆک
ئەو کاتانەی لەسەر لێواری حەژمەتی کسپەیەکدا دەبوو بە حەز
ئەحلام دەمی دەنایە نێو دەمی شیعر
دڵی دەخستە سەبەتەی یاخیبوون و
مەرزەکانی ئەودیو تخووبی جوانیشی دەهێنایە رەقس و سەما
وشەکان دەستی یەکتریان دەگرت و
چیرۆک دەفڕی بەسەر زەریای خەیاڵاتی پاکیزەیی
مێنەیی دەبوو بە فانتازیای نووسین
جوانی ڕەگی لەنێو ژوورێکی بچووکدا دادەکوتا و
تەحەداکان هەموو ئێوارەی پێنجشەممە کۆڕیان لەسەر
سێکس و ئیرۆتیک و مەمک و ماچە مێژووییەکان دەبەست.
ئەحلام ببوو بە باڵندە و
بەسەر شەقامەکانی نووسیندا دەفڕی
ببوو بە غەدرێکی جوان و لە پەنجەرەی باڵەخانەی دژە کلتوور
هەموو ئێوارەیەکی غەمگین خۆی دەکوشت
خۆی دەدایە بەر فیشەکی کلتووری کۆن
خۆی دەدایە بەر ساتووری دواکەوتوویی
خۆی دەدایە بەر چەقۆی ڕقی شەهوەتەکانی ڕۆژهەڵات
چ ڕۆمانێک بوو ئەو ژنە
چ چیرۆکێک بوو ئەو کەتنکەرەی مێژوو بۆ خۆی بردی!
    *    *    *
بۆ یادی ئەو ماچە کوژراوانەی ئەحلام
جار جار دەچمە ڕۆخی دیجلە و گوێم لە هەناسەی ئەو دەبێ
دەنگی تەقەی پێلاوە پاژنە بەرزەکەی
دەبینم لە ئەرشیفی دڵەخورپێی نێو نووسیندا دانیشتووە
تەپڵەکێکی جگەرەی حەز
قەڵەمێکی پەمەیی بە کورتە ژێرکراسێکەوە
لەنێو ژووری یادەوەری سەر کاغەزێکی وەک دڵی ئەحلام سپی
ماچی شیعر و ماچی وشە و ماچی نووسین و ماچی مەی بە دووکەڵی جگەرەوە
دەبنە تابلۆی ژیانی سەر لاپەڕەیەک لە کتێبی ژیاننامەی ئەحلام مەنسوور
دەبن بە فیلم و سەرگوزشتەی ژنێکی یاخی لە خوا و شیعر و شەراب
دەبن بە بانیژەی ڕووخانی دیوار و بەربەستەکان
دەبن بە دەنگ لەسەرزەمینی بێدەنگی
دەبن بە هەسارەی سووری نێو ئاسمانی دڵی گوناهە گەورەکان
دەبن بە زایەڵەی ڕۆحی سەرمەدییانەی عەشقی ئەڵوەن
لەنێو بێستانەکانی گریانی تەنیایی شەوانی بەغدا
دەبن بە ڕیتمێک مۆسیقا و بە ڕستێک سەمای ئەبەدی
دەبن بە ئاوازی ماڵئاوایی ژین و
بە دارخورمای خەونی ژنەکانی نێو قەسری دڵڕەقی
_________________________________________________
پەراوێز:
ئەحلام مەنسوور ئەمینی چیرۆکنووس و مامۆستای زانکۆ لە ساڵی ١٩٥١ لە خانەقین لە دایکبووە و لە ٢٠١٣ لە سلێمانی کۆچی دوایی کردووە.
ئەڵوەن ڕووبارێکە بە نێو شاری خانەقیندا ڕەت دەبێت و ناوی ڕۆمانێکی ئەحلام مەنسوورە.

 

کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ - ئایاری ٢٠١٩

 

 


  
 وەرە هاوڕێ چ رێکەوتێکی سەیر بوو!
بۆ حەمەزەکی هاوڕێم.


چ ڕێکەوتێکی جوان بوو وەختێ هاتی و
لەسەر سووچی کۆڵانێکی تفت و تاڵدا مێژووی برسێتیت دەخوێندەوە
بێ ئەوەی شەقامی ترس دڵت بێنێتە لەرزین و
بێ ئەوەی مانای مردنیش ببێتە شڕۆڤەی ژینت
دەتگوت دەڕۆم هاوڕێ دەڕۆم زۆر درەنگە
ناکرێ لە تەمەشای هەتاوی ڕەش ببمە تەماشاکەر
ناکرێ لە مەرگی کانییەک پشت لە شەپۆڵی دەریا کەم
ئێ چۆن دەکرێ دایکم بگری و منیش فرمێسک نەبینم
ئاخر چۆن دەشی باوکی دەستگێڕ بتوێتەوە و منیش تامی مردن نەکەم
چ بێتامە هاوڕێ ژیان ڕەنگاوڕەنگی خۆی کوشتووە
هاوڕێ شەوەکانم درێژ بوونەتەوە وەک درێژبوونەوەی ستەم
خەمەکانم گەورە بوونە وەک گەورەبوونی ژێردەستیی
ئومێدیشم گەڵەگەت وەک باڵای بەرزی بەیداخی سووری تێکۆشان
هاتی و بە بێدەنگی نامیلەکەی ڕزگاریت لەسەر سکت لەژێر کراسەکەت شاردەوە و
گوتت ئەڕۆم..
گوتت هاوڕێ ئەڕۆم هەتا لەناو گەرووی برسییەکانا ئەبم بە زایەڵەی هاوار
لە مشتیانا ئەبم بە زەبر
لە کتێبی نێو دەستیانا ئەبم بە پەنجەرەی وشە و
بە ئاوێنەی پیتەکانی بیرکردنەوەیان لە ژیان
ئەبم بە دەروازەی گڕ و
بە دەربەندی پێکەنین و
بە جەنگەڵی چڕی باوەڕ
ئەبم بە نەخشەی خەونە ڕەنگاڵەییەکانی کچانی شار
ئەبم بە شیعرێکی دەستی ئازاد سوبحی
بەو سەرزەمینە خەمڵیوەی کە هەر خەیاڵ سنوورەکانی دەبینێ
گوتی ئەڕۆم هاوڕێ ئەڕۆم
گوتم نەء هێشتا وەرزەکان بێکەسترن لە زیندانییەکی تاک و تەنیا
هێشتا ڕوون نییە بارانی سوور دەبارێت
یان دەبێتە وشکەساڵییەکی بێوێنە
گوتم هاوڕێ هەتا تاڤگەی ئەوێنێکی سەوداسەر
جوگرافیای دڵ جێ نەهێلێ و نەچێتە نێو دوو توێی ژیان
تا لەژوانی هەتاو نەبین بە عاشقێکی لەخەم وەڕس
تا مەشخەڵی سەرفرازی شەوەکانمان نەسپێرێ بە کازیوەی خوشنوودی
هەتا هاوارە دیلەکان شەقام لەباوەش نەنێن و
تا تروسکەی ئاسۆی ڕەوینەوەی ترس و ژان و ئازار
نەبێتە چەتری سەرسەری ڕژگارەکان
بیر لە چوون و سەفەری نێو وەرزەکان و
بیر لە داگرتنی هەور و
نووسینی کتێبی عەشق مەکەوە
گوتم هاوڕێ کەی بە شەرابی خەستی سووری تەنیایی خۆت مەست بووی و
فێری فڕینی نێو ئاسمانی سروودە مەزنەکەی بووی
کەی باخچە ڕاز و گلەییەکانی خۆی بۆ کردی
کەی پێکەنین لێوی دایە و بابەکانی ئێمەی کردە مۆڵگا و جێژوان
ئەوکات وەرە بەیەکەوە دەبین بەگۆرانییەکی جوان
دەبین بە سروەی ئازادی ژیانی سەرجەم هەژاران
دەبین بە شیعرێکی درێژ تێکەڵ بە خۆشەویستی و عەشق
دەبین بە ڕێگا بۆ هەموو شۆڕشگێڕانی ڕێی رزگاری کرێکاران
دەبین بە دەریای ڕووناکی و
بە سەمای دار و درەختەکانی ڕووی ژیان
هاوڕێ وەرە با لە ئەوینی سوورەوە
لە کێڵگە بەپیتەکانی ئەزموونی ئۆکتۆبەرەوە بڕۆینە نێو دڵی شۆڕش
با لە هەمان مانیفێستی مارکس و ئەنگڵسەوە دەست پێبکەین و
ببین بە شوراکانی بناغەی دەسەڵاتی ئومێد و خەون
بەئاڵایەکی سوورەوە ئاسمان بکەین بە هێلانەی هاوارێکی بێوێنە و نوێ
هاوارێکی بێئەندازە تازە و ڕەوان
نەک لێدانەوەی هەر هەمان بەیت و بالۆرەی جاران و
وتنەوەی هەمان کۆنە قەوان
وەرە هاوڕێ چ ڕێکەوتێکی سەیر بوو
چ ناسینێکی دڵتەنگ و
چ پێکەوەبوونێکی سادە و ساکار بوو
هەردوو بە هەمان ڕێگادا ملمان نا بۆ ناسینەوەی گوڵەکانی کەنار ڕووباری هاوڕێتی
بە هەمان ڕێگا کەوتینە ناسینەوەی دژوارەکان
بووین بە قەرەج
بووین بە مەشخەڵ
بووین بە چیرۆکی بە چێژی دەم ئاگردانی شەوانی خەباتی چینی کرێکار
بووین بە دڕکەزی نێو چاوی ژان و ستەم و تەواوی سەرمایەدار.

_______________________________________________
دوو تێبینی:
یەک: محەمەد زەکی کەریم قادر ناسراو بە حەمەزەکی لە بنەماڵەیەکی دەستەنگ و کرێکاری گەڕەکی ئازادی لە شاری کەرکووک چاوی بە دونیای نایەکسانی و پڕ لە ستەم هەڵهێناوە. هەر لە سەرەتای لاوێتییەوە مێشکی بەوپرسیارانەوە جەنجاڵ بوو کە مێشکی زۆرێک لە ئێمەی جەنجاڵ کردبوو. ئەم دونیایە بۆ وایە؟ بۆچی ستەم هەیە؟ بۆچی هەندێ کەس هەژارن و هەندێکیش دەوڵەمەند؟ چی بکەین بۆ ئەوەی ئازاد بین؟ ڕێگای ڕزگاری کامەیە؟ و دەیان پرسیاری تر. حەمە لەپاڵ خوێندنی قوتابخانەی، منداڵی و گەنجی خۆی بە یارمەتیدانی باوکی و ئیشکردنی لەپێناو پەیداکردنی بژێوی خێزانەکەیان بەسەر برد. بۆیە هەر لە تەمەنی لاوییەوە دەستی کرد بە خوێندنەوە و جگە لە کتێبە ئەدەبییەکانی ئەو سەردەمە کە بەچڕی دەیخێندنەوە، دواتریش کەوتە خوێندنەوەی نووسراو نامیلکە سیاسییەکان بەتایبەتیش نووسراوەکانی مارکسیزمی ئەرسەدۆکس و مارکسیزمی شۆڕشگێڕ و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران. حەمە کوڕێکی لاوازی بڕێک ڕەشتاڵەی قژخاوی دەموچاو بە خوریکە بوو، بەڵام تا بڵێی چوست و چالاک بوو. ئەم ئینسانە ڕوحێکی شۆڕشگێڕانەی جوانی بوو، بڕوای وابوو کە لە ڕێگای شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکارەوە دەتوانرێ دونیای ئازاد و یەکسان دابمەزرێ و چەوسانەوە نەمێنێ. هاوڕێتی من و حەمە زەکی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٠ کاتێ هەردووکمان خوێندکاری قوتابخانەی ئامادەیی (عبدالملک بن مروان ئەوسا و ئامادەیی کوردستانی ئێستا) بووین لە کەرکووک. ئەوکات کورێکی شیرین و جوان، هێمن و دڵسۆز،پاک و ڕاستگۆ بوو و دواییش هەر بەو سیفاتانەوە مایەوە. کاتێ کە ئەم دێرانە دەنووسم ئەوەی بۆم گرنگە ئەوەیە کە وەک هاوڕێیەکی بەوەفای ئەو یادی بکەمەوە. یادی پێکەنینەکانی، نوکتەکانی، پیاسەکەنمان، موناقەشەکانمان، کتێب گۆڕینەوەکانمان، ئومێدمان بە مارکس و و سۆشیالیزم و زۆر شتی تر. حەمە زەکی جگە لەوەی شاعیرێکی باش بوو، لەهەمان کاتیشدا چرایەک بوو لە تاریکستانی کۆمەڵگەی ئینسانی داگیرسابوو، بەڵام بەداخەوە ئەو چرایە لە ساڵی ٢٠٠٢دا بۆ هەمیشە خامۆش بوو.
دوو: ئازاد سوبحی نووسەر و شاعیری جواننووسی لە دایکبووی شاری کەرکووکە و لە ساڵی ٢٠١٤ لە ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی سەرچنار لە شاری سلێمانی ماڵئاوایی لەژیان کرد.(ئاگرەکەم مەسڕنەوە) ناوی یەکێک لە کتێبە چاپکراوەکانییەتی.
 

ئایاری ٢٠١٩
ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک