|
١\٩\٢٠٢٦
دوو هۆنراوە.

ئەرسەلان مەحمود
سێبەری ژێر
کڵاوەکە.
گڵۆپەکەی سوچی
ژوورەکە،
تەنها هێزی ئەوەی هەیە
نیوەی ڕووخسارێک ڕووناک بکاتەوە.
پێدەچێ نیوەکەی تر
لەگەڵ سێبەری دیوارەکەدا ڕێککەوتبێت
بەم نیوە چڵییەوە
هیچ نەڵێت.
کڵاوەکەم
هێشتا هیچ دڵۆپە بارانێکی بەرنەکەوتووە،
بەڵام وەک چەترێکی کۆن,
بیرکردنەوەکانم لە تەڕبوون
دەپارێزێت.
تەماشای ئەو دیوی ڕوانین دەکەم،
دەزانم هیچ شتێک لەوێ نییە،
جگە لە چاوەڕوانییەکی
بێدەنگ...
بێدەنگ
وەک خۆم
چاکەتێکی تاریکی
پۆشیوە.
شتەکان.
١
چایەکە
هێندە سارد بووەتەوە،
بیرم نەماوە کەی بوو، هێنای.
ڕەنگە ئەویش
منی بیرچووبێتەوە.
٢
تەلەفۆنەکە،
ئەمڕۆ زۆر بێدەنگە.
دەشێ ئەویش تێگەیشتبێت،
هیچ قسەیەک ئیتر نەماوە بۆ وتن.
٣
ئەو کتێبەی دوێنێ شەو جێمهێشت،
هێشتا لاپەڕە حەفتا و چواری کراوەیە.
قارەمانی ناو ڕۆمانەکە،
ڕەنگە هێشتان چاوەڕێی ئەوە بێت
دێڕەکەی تر بخوێنمەوە.
٤
قەڵەمەکە بەبێ جوڵە،
بە تەنیشت کاغەزەکەوە، ڕاکشاوە.
وەک ئەوەی بزانێت،
کۆتا وشە زۆر دەمێکە نووسراوە.
٥
سەعاتی دیوارەکە
بەردەوام چکەچکیەتی.
تاکە شتە لەم ژوورەدا،
بڕوای بە تێپەڕبوونی کات مابێت.
٦
ڕۆژمێرەکە،
هەشت مانگە وەستاوە.
پێدەچێ ئیتر ئەویش گەیشتبێتە
ئەو باوەڕەی ڕۆژێکی نوێ لەڕێدا نەماوە.
٧
سێبەرەکە
لە گۆشەی ژوورەکەدا پاڵیداوەتەوە.
وەک ئەوەی ئەویش ماندوو بووبێت
لە لاساییکردنەوەی کەسێک
جوڵەی تێدا نەماوە.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|