١٣\٤\٢٠١٤
دوژمنەکەی سەر
پردەکە.

موراد تورک |
وەرگێڕانی: رێبوار
|
یەکێک لە تێکۆشەرەکانم ووتی " ئەم بەیانییە
یەکێک لە سەربازەکانی دوژمنمان کوشت ، لەسەر پردەکە درێژ بووە "،
بەشێوەیەک دەیهێنایە زمان ئەوەندە لەلای سادەبوو هەروەک ئەوە وابوو کە
بیرەوەرییەکی کۆنی یەکێک لە شەرەکانی بهێنێتە زمان وابوو ، " ئەی باشە
چۆن لێتاندا؟ "، " گروپێک سەرباز دەیانویست بەسەر پردەکە بپەڕێنەوە
یەکەم سەربازی پێشەوەیان بەیەک فیشەک...
"یەکێک لە تێکۆشەرانم کە قژ زەردێک بوو لێی پرسی" ئەی چەکەکەیتان
هەڵگرتەوە ؟ " ئەوەی فیشەکی نابوو بە سەربازەکەوە ووتی " با تاریک
دابێت " ، هێشتا دونیا ڕووناک بوو ، لە بەردەم ئەو ئەشکەوتەی کە
ئاگرمان لێی کردبۆوە تەماشایەکی ئاسمان کرد هەورەکان بە خێرایی
بەسەرمانەوە گڕمۆڵەیان دەکرد ، هێشتا کات زۆری مابوو بۆ ئێوارە ، ئەو
پردەی کە سێ ڕۆژە بۆسەمان بۆ نە پڕینەوەی یەکینەکانی دوژمن لێنابۆوە
ئێستا بەسەر ئەو پردەوە سەربازێکی لێ درێژ بووە ، دیمەنی سەربازەکە
هاتە بەرچاوم ، کەمێکی تر باران بارین دەست پێدەکات ، ئەو لەسەر پردەکە
تەڕ .. تەڕ دەبێت لاشەکە دوایش بێگومان سەرمای دەبێت...
لەوانەشە تاکو ئێستا لاشەکەیان بردبێت ، لێرەوە پردەکە هەر نیو
کاتژمیرێک دوور بوو ، دەمویست پێش ئەوەی باران دابکا بچم و هەموو شتێک
بەچاوی خۆم ببینم ، لەبەردەم ئەشکەوتەکەدا جگەرەیەکم داگیرساند ، کات
کەم بوو دەبوایە بە خێرایی بڕۆشتمایە ، بۆ ئەوەی چەکەکەم هەڵگرم چومەوە
ئەشکەوتەکەوە ، بۆ ئەوەی ئەزمون بەدەست بخات لە کاتوساتی ئاوادا
تێکۆشەرە قژ زەردەکەم لەگەڵ خۆم دەبرد ، ویستم بڵێم دەی با بڕۆین ئەوم
نەدۆزییەوە ، تێکۆشەرێکی بەتەمەنمان کە لەبەردەم ئاگرەکە دانیشتبوو
ئیشارەتێکی بۆ تارمایەکە کردو ئینجا ووتی " لەدواوە نوستووە " هەرلەبەر
خۆمەوە ووتم کەمێک لەمەوبەر کە لێیان پرسی چەکەکەتان هەڵگرتەوە چەند بە
جۆشوخرۆش بوو ! ، تێکۆشەرە بە تەمەنەکەمان بە دەنگێکی گڕەوە پێ ووتم "
لەگەڵ منت بوو ؟ " من حاڵی بووم کە بە دەنگێکی بەرزەوە مڕەمڕم کردووە ،
بە شێوەیەک خەندەیەکم کرد کە هەیەجانم بشارمەوە پێم ووت " نەخێر " ،
دوای چەند خولەکێک بەرەو ئەو گردە کەوتمە ڕێ کە بەباشی پردەکەی لێ
دەبینرا ، تاریکی نەختێک داهاتبوو ، ڕەنگ و سیمای ئاسمان بە تەواوەتی
ئاوێتەی ڕەنگ و بۆیەکی ئاڵۆز ببوو ، لە درزی نێوانی ئەو هەورانەی
نەکەوتبونە ناو ئەو ئاڵۆزیەوە تیشکی خۆر خۆی دەگەیاندە سەر گردەکە ،
لەناکاو دانە دانەی بارینی باران دەستی پێکرد ، دڵۆپ .. دڵۆپ دەڕژایە
سەر پێدەشتە خۆڵەوانێکانەوە ، من هەر بیرم لە سەربازەکەی سەر پردەکە
دەکردەوە ، لەدەمەو بەیانییەک بە ئاشکرا غیرەتی پەڕینەوە لە پردەکە
دەبێت کەسێک بێت کە خاوەن غیرەت بوبێت ، بەڵام لە جەنگدا غیرەت هەموو
شتێک نییە ، ئەم غیرەتەش تەواو کەر نەبووە بۆ ئەو سەربازە ، کەمێکی تر
لاشەکەی ئەو بەم بارانە بۆ دواجار دەشۆردرێتەوە ، لەوەدەچوو
هەنگاوەکانم خێرانابوبێت لەناکاو تەقە دەستی پێکرد ، ئەم تەقە کردنە
لەلای پردەکەوە دەکرا ، ئەو ناوەیان دەستڕێژ دەکرد ، لەهەمانکاتدا کە
باران چڕتر بۆوە دەنگی تەقە و هەورە بروسکە تێکەڵی یەکتر بوون و بوو بە
هەرا ، خۆم گەیاندە لای تێکۆشەرانی سەر گردەکە و سەنگەرم گرت.
هەموویان تەڕ .. تەڕ ببوون و بێدەنگ بوون ، بەیەکێکیانم ووت کە بۆم باس
بکات کە چی بووە و چی ڕوویداوە ، ئەو تێکۆشەرەی کە خۆی بە بەرگە دژە
بارانەکەوە ئاڵاندبوو پێی ووتم " کەسێک بەسەر پردەکەوە ڕای دەکرد لەگەڵ
دەنگی تەقەدا بەلادا هات تەماشامان کرد قژ زەردێک بوو " بە دوربینەکەم
تەماشایەکی پردەکەم کرد ، بەسەر پردە بەردینەکەدا کە لەوە دەچوو بە
ئاسمانەوە هەڵواسرابێت دوو تەرمایی کەوتبوو ، بەسەر دەمدا درێژ ببوون ،
نێوانی هەر دوکییان هەر چەند مەترێک بوو ، چەکی هەردوکیشیان نەختێک لە
دوریانەوە کەوتبوو ، خوێنی هەردوکیشیان لەگەڵ ئاوی باراندا دەچۆری ، لە
شوێنیکی نزیک هەردوو خوێنەکە تێکەڵاو دەبوو وە بەیەکەوە خەتێکی
قەویتریان پێکدەهێنا ، چەند سەیرە ، لەو دوو خۆشەویستە دەچوون کە
هەردوکیان لەسەرێکی پردەکەوە ڕایانکردبێت و پێش ئەوەی بگەن بەیەک تری
وەک دوو خۆشەویست بەلادا هاتبێتن.
لە دڵی خۆمدا ووتم ئەی کوڕە سەر شێتەکە بۆچی ڕۆشتی ؟ ، ئەم هەمووە
لەپێناو چەکێدا؟، بەڵێ ئەمە غیرەتێکە لەپێناو هەڵگرتنەوەی چەکی دوژمن ،
ئەویش ئەمەی دەزانی ، ئەگەر بچوایە چەکەکی دوژمنی بهێنایە کەواتە ترسی
بەزاندووە ، بەم شێوەیە غیرەتی لە ناخی خۆیدا جێگیر دەکرد.
چاوەڕێی کپ بونەوەی بارانم دەکرد ، جارێک وەک ئەوەی لێهات کە کپبۆوە ،
بەڵام لەناکاو بەشێوەیەک باران دایکرد و ئاوی ڕوبارەکە وا زیادی کرد
لەوە دەچوو کە پردەکە ئاو بیبات ، لەسەر پردەکە ئاو وەک گۆمێکی بچوک
کۆبۆوە ، تەرمەکان لەناکاو وون بوون ، ترسی ئەوەم لێنیشت کە نەبا ئاو
بینبات و لەناو خۆیدا بیانشارێتەوە ، بەڵام نەخێر ، کاتێک باران خۆشی
کردەوە و ئاو پاشەکشێی کرد تەرمایەکانی سەر پردەکە بەدی کەوتن.
باشە ئەوانەی ئەو بەر پردەکە بیر لەچی دەکەنەوە ؟ ، ئەی ئەوانیش وەک
ئێمە چاویان لەم فەلاکەتەیە ؟ ، ئەی باشە دەیانەوێت چی بکەن ؟ ئەی باشە
فەرماندەکەیان ترس لەچاو دەگرێت ؟ ، ئەی تەرمەکان ... ، بۆ یەکەمجارە
دەمەوێت دوژمنەکەمیش وەک من بیر بکاتەوە ، ئەویش سەربازێکی چاونەترسی
کوژرابوو ، بێگومان گەنجیش بووە ، تێکۆشەرەکەی من گەنج و چاونەترسیش
بوو ، هەردوکیشیان لە یەککاتدا ئاو قوتیانیدا ، وەک ئەوە وابوو لە
گۆڕێک بنێژرێن ، موعجیزەیەک رویدا و هاتنەوە سەر زەوی ، باشە ئەوەی من
هەستی پێدەکەم ئەو فەرماندەیەش هەستی پێدەکات ؟ ، ئاخ خۆزگە هەست بەم
شتانە بکات.
لە بێتەلەکەوە گوێم لە قسەکان دەگرت ، " گوێت لە دەنگمە ڕێک لەبەردەمیم
" دوای چەند چرکەیەک دەنگێکی خشکە لە بێتەلەکەوە بەرز بۆوە ، لەناکاو
دەنگێکی پچڕ .. پچڕ کە هیچ چاوەڕێم نەدەکرد ووتی " گوێم لێتە "
دەنگەکەی هەر لە دەنگی من ئەچوو ، پێم ووت " سەربازێکی بێچەکت بنێرە
منیش شەڕکەرێکی خۆم بێچەک ئەنێرم با تەرمەکانمان هەڵگرینەوە " ، وەڵامی
نەدایەوە ، دوای سێ خولەک جارێکی تر سیگنالم ناردەوە ، ووتم "
سەربازێکت بنێرە " دەنگ هات ووتی " کەس نانێرین با ئێمە هەردوکمان
بچینە خوارەوە " ، بەبێ ئەوەی هیچ تەرەدودێک بکەم ووتم " باشە " ئەویش
بەبێ ئەوەی بیر لەهیچ بکاتەوە ووتی " باشە " ، بەگوێرەی ئەوەی لەسەری
ڕێکەوتین دەستمان کرد بە ئامادەباشی ، باران کپ ببۆوە ، دوای ماوەیەک
کە تەنها جلی ژێرەوەم لەبەردا بوو دەستم کرد بەڕی کردن بەرەو پردەکە ،
هەیەجانێکی زۆر کە پێناسە ناکرێت دڵ و هەناومی گرتەوە ، کە پێیەکم نایە
سەر پردەکە بینیم کەسێک نیوە ڕووت بەرەو من دێت ، کە چاومان بەیەک کەوت
دەستمان بەرز کردەوە و هەر یەکەمان بەرەو تەرمایەکانی خۆمان ملمان نا
کە لە سەر پردەکە درێژ ببون ، لەیەکتری نزیک بوینەوە و نزیک بونەوەی
نێوانمان هەر چەند مەترێک بوو ڕاوەستاین ، تەماشایەکی یەکتریمان کرد ،
هەردوکمان لە سەرماندا دەلەرزین ، دەستمان هێنایە خوارەوە.
دەستپێک چەکەکانی سەر پردەکەمان هەڵگرتەوە ، ئەو چەکەکەی کردە شانی
ڕاستی ، منیش لای چەپم ، بۆیەکەم جار هەستم کرد کە چەک نەک وەک
ئامرازێکی کوشتن بەڵکو بۆ ئاڵوگۆڕینێک بۆ کارێکی تر وەک ئاسنێک قورسایی
لەسەرم دروست کرد ، پێش چەند کاتژمێرێک لەگەڵ دوژمنەکەم کە لەترسی
یەکتر نەماندەوێرا بجوڵێینەوە و ترسی ئەوەمان هەبوو کە فیشەک بەیەکەوە
بنێین بەڵام ئێستا خەریکە کڕینو فرٶشتنمان لەنێواندا دروست دەبێت ،
بەڵام ئێستا من گوێم لە دەنگی قرتەی ددانەکانی ئەوە ئەویش هی من.
بەجوانی هاتینە سەر ئەژنۆ ، هەردوکمان دوو لاشەمان بەرامبەر یەک بەرز
دەکردەوە کە وەزنیان ئەوەندەی کێشی منداڵێک بوو ، سەرەرای بارانیش لە
نێوانماندا دوو لەکەی خوێن هەبوو ، بۆ چەند چرکەیەک لە یەکتریمان ڕوانی
، لە ناخمەوە سوپاسی ئەوم کرد ، ئەویش لێوەکانی جوڵاند ، تەماشای
چاوەکانمی کرد ، دوایش بە تەرمی باوەشی سەربازەکە کە ئاوی لێدەچۆڕا
هێواش .. هێواش کشایەوە.
تێکۆشەرە قژ زەردەکەمان لە باوەشمدابوو ، دەستێکم لە ژێر قاچەکانی و
ئەویتریشیان لە نێو قەدی ، سەری شۆڕ ببۆوە ، تەماشای سیمایم کرد ، دەمی
کەمێک کراوە بوو ، ددانەکانی پێشەوەیەم دەبینی ، ڕەشەباش بە هێمنی
گەمەی بە قژی دەکرد.
لەدوای خۆم لەسەر پردەکە دوو پەڵەخوێنم جێهێشت و ڕێمگرتەوە بەر ، باران
هێواش، هێواش دەستی پێکردەوە و لەوانەبوو کەمێکی تر پردەکە لەگەڵ خۆیدا
بەرێت.
ماڵپهڕی رێبوار
|