|
٢٤\٥\٢٠٢٦
دوژمنە
نادیارەکانی شار.

ئەرسەلان مەحمود
کاتێک ناوی شار دەهێنین، زۆرجار وێنایەکی فیزیکی دێتە مێشکمانەوە:
شەقامی فراوان، باڵەخانەی بەرز، بازاڕی قەرەباڵغ، ترافیکی زۆر. بەڵام
شار، بە واتا قووڵە مەعریفی و شارستانییەکەی، تەنها هەر ئەم پێکهاتە
ماددییە نییە. شار پێش هەر شتێک شێوازێکە لە ژیان، شێوازێکە لە
بیرکردنەوە، شێوازێکە لە پێکەوەبوون. شار ئەو فەزایەیە مرۆڤی جیاواز،
بە جیاوازییەکانییەوە، دەتوانن تێیدا بژین، بەبێ ئەوەی ناچار بن یەکتر
بسڕنەوە یان لە یەکتر بچن.
ئەمە جیاوازییە بنەڕەتییەکەی نێوان شار و گوندە. گوند لە بنەڕەتدا
یەکڕەنگییە: کۆمەڵگەیەکی بچووکی هاوشێوەیە، تێیدا کەلتوور و باوەڕ و
ژیانی خەڵکەکەی لە یەکەوە نزیکە. ئەمە نە کێماسیی گوندە و نە سڕینەوەی
بەهاکانیەتی، بەڵکوو پێناسە سروشتییەکەیەتی. کاتێک شار خۆی دەکاتە
گوندێکی گەورە، کاتێک هەوڵ دەدرێت هەموو دانیشتووانەکەی بە یەک شێواز
بیر بکەنەوە، یەک شێواز جل و بەرگ بپۆشن، هەمان خواست و خولیایان هەبێت،
ئەو کاتە شار وەک پڕۆژەیەکی شارستانی مردووە، ئەوەی ماوەتەوە تەنها
بەرگەکەیەتی.
ئەم باسە هەوڵدەدا دوژمنە نادیارەکانی شار بناسێنێت، ئەو دوژمنانەی شار
بەرەو ئەو سەرنووسە مەترسیدارە دەبەن. دەڵێم نادیار، لەبەر ئەوەی
زۆرجار ئەم دوژمنانە لە جلوبەرگی هاوڕێدا خۆیان دەشارنەوە؛ بە ناوی
پاراستن، بە ناوی ئەخلاق، بە ناوی نیشتمان، یانیش بە ناوی پێشکەوتنەوە
دێنە پێش.
دوژمنی یەکەم: دەمارگیریی فکری لە هەر ڕەنگێکدا بێت.
با ڕاشکاو بین، دەمارگیری تەنها لە ڕەنگێکدا نییە. ئەو کەسەی بڕوای
وایە هەموو ئەوانەی وەک ئەو بیر ناکەنەوە، گومڕان، جیاوازی ناکات بە
ناوی ئایینەوە دەیڵێت یان بە ناوی سێکیولاریزمەوە، بە ناوی
ناسیۆنالیزمەوە یان بە ناوی چەپگەراییەوە، بە ناوی نەرێتەوە یان بە
ناوی مۆدێرنیتەوە. بنەمای فکریی هەموویان یەکە: باوەڕبوون بەوەی ڕاستی
تەنها لای ئەوانە و ئەوانی تر نەزان یان دوژمنن. ئەمە دەربڕینێکی تیۆری
نییە، سەیری گفتوگۆی تاکی کورد لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بکەن تا
ببینیت چی ڕوودەدات. کاتێک کەسێک ڕەخنە لە دیاردەیەکی ئایینی دەگرێت،
بەشێک لە بەرگریکاران لەبری بەڵگە و لۆژیک، بە کوفر و ناووناتۆرە
بەشینەوە دێنە مەیدان. هەروەها کاتێک کەسێکی ئاییندار بۆچوونی خۆی
دەردەبڕێت، بەشێک لە بەرامبەرەکانی لە جیاتی دیالۆگی مەعریفی، بە
گاڵتەپێکردن و سووکایەتیپێکردنی وڵامی دەدەنەوە. ئەم دوو هەڵوێستە
هەرچەندە لە ڕواڵەت و لە سەرەتادا جیاواز دەردەکەون، بەڵام دواجار
بەرەو یەک ئاکام دەچن؛ هەردووکیان فەزای دیالۆگ تەنگبەر دەکەن و شار
بەرەو گوندی فکری دەبەن.
کارل پۆپەری فەیلەسووف ئاماژە بەوە دەکات، کۆمەڵگەی کراوە تەنها ئەو
کۆمەڵگەیە نییە ئازادیی تێدابێت، بەڵکوو ئەوەیشە بتوانێت ڕەخنە لە خۆی
بگرێت و بە خۆیدا بچێتەوە. کۆمەڵگەیەک دەمارگیری تێیدا سەربکەوێت، ئەم
تین و تاو و تواناییەی لێدەسەندرێتەوە و دەبێتە کۆمەڵگەیەکی داخراو،
ئەگەرچی لە ڕووکەشدا گوزارشتێکی مۆدێرنیشی هەبێت.
دوژمنی دووەم: هۆشیاریی درۆینە.
با لێرەدا گرنگە چەمکێک بخەینەڕوو، چەمکێک لە فەلسەفەی ئەخلاقیی
هاوچەرخدا گرنگییەکی زۆری هەیە: هۆشیاریی درۆینە یان هۆشیاریی هەڵەوڕاو.
کاتێک تاکێک یان کۆمەڵگەیەک لەسەر تێڕوانینێک ڕاهاتووە، ئاسایی چیتر
توانای پرسیارکردنی نەماوە، ئەو کاتە لە ئاستی هۆشیاریدا نییە، بەڵکوو
لە ئاستی ئاوتۆماتیزمدا (خۆکارانە و بێئیرادە) دەژیێت. بیر دەکاتەوە،
بەڵام لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا؛ ڕەخنە دەگرێت، بەڵام لە دەرەوەی
ئەو سنوورانەی بۆی دانراون نا.
ئەرنست بلۆخی فەیلەسووف قسەیەکی بەنرخی هەیە: خراپترین زیندان ئەو
زیندانەیە بەندکراوەکە ناتوانێت دیوارەکانی ببینێت. کاتێک تاکێک باوەڕ
بەوە دەکات ئازادە، بەڵام لە کاتێکدا و لە ڕاستیدا زیندانیی چەند
کۆدێکی نەزانراو و نەنووسراوە، ئەو کاتە ڕزگاربوونی زۆر دژوارتر دەبێت.
کەواتە پێش ڕزگاربوون، پێویستە بزانێت زیندانییە.
ئەم دوژمنە لە کوردستاندا بە چەند شێوازێک خۆی دەردەخات. یەکێک لەوانە،
ئەو ئاستەیە لە کۆنفۆرمیزم (ملکەچبوون بۆ باوەڕی باو) لە کۆمەڵگەی
ئێمەدا سەروەرە؛ تاکێک ئاسانتر دەژیێت ئەگەر وەک هەمووان بیر بکاتەوە.
کچێک ئاسانتر دەژیێت ئەگەر ئەو شتە بپۆشێت بنەماڵە و دراوسێ پێیان باشە.
کوڕێک ئاسانتر دەژیێت ئەگەر ئەو پیشە و ئەو شێوازەی ژیان هەڵبژێرێت
کۆمەڵگە بۆی داناوە. ئەم فشارە، لە ڕووکەشدا وەک فشارێکی ئەخلاقی
دەردەکەوێت، بەڵام لە بنەڕەتدا فشاری یەکڕەنگکردنە، فشاری دژە-شارە.
دوژمنی سێیەم: هەژموونی ناسراو و نەناسراو.
با لێرەدا وردتر بدوێین. هەموو کۆمەڵگەیەک هەژموونی تایبەت بە خۆی هەیە؛
هەژموون تەنها لە دەسەڵاتی سیاسیدا قەتیس نابێت، بەڵکوو لە سامانیشدا،
لە کاریزمای ئایینی و کۆمەڵایەتیشدا، لە سیستەمی پەروەردەشدا، لە میدیا
و بنەماڵە و خێڵیشدا هەر بوونی هەیە. هەژموون بەشێکی ژیانی مرۆییە،
بەڵام جیاوازییەک هەیە لەنێوان هەژموونی ڕۆشن و سنووردارکراو، لەگەڵ
هەژموونی پەنهان و سنوورنەزان. لە دیموکراسییە یاسایی و
دامەزراوەییەکاندا، هەژموون ڕۆشنە: یاسا چی دەڵێت، کێ بۆ چ ماوەیەک
دەسەڵاتی هەیە، چۆن بەرپرسیار دەکرێت، چۆن گۆڕانکاری دەکرێت؛ ئەمانە
ڕوون و دیاریکراون.
بەڵام لە کۆمەڵگەی ئێمە و لەمەڕ ئێمەدا، هەژموون زۆرجار پەنهان و
نادیموکراتیکە. کەسێک، یان ڕێکخراوێک، یان دەستەیەک، دەتوانێ
کاریگەرییەکی زۆری هەبێت بەسەر فەزای گشتیدا، بەبێ ئەوەی هیچ سندووقێکی
دەنگدان دەسەڵاتی پێدابێ و هیچ یاسایەک بەرپرسیاریەتی لە بەرامبەریدا
هەڵبگرێت. ئەم هەژموونە پەنهانە چۆن کار دەکات؟ زۆرجار لە ڕێگەی
ئابوورییەوە. لە کوردستاندا چینێکی نوێی دەوڵەمەند پەیدابووە سامانەکەی
نە لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی پیشەسازییەوە و نە لە سەرکەوتنی زانستییەوە
دێ، بەڵکوو لە ڕێگەی نزیکیی لە سەرچاوەی دەسەڵات و قازانجی ڕانتییەوە
دێت. ئەم چینە، بەو ئەندازەی سامانی هەیە، دەتوانێت میدیا بکڕێت،
توێژەرانی هاوپشت بکات، نووسەرانی هاوسۆز بکڕێ و بفرۆشێت، پڕۆژەکانی
شارەوانی بەرەو ئاراستەی خۆی ببات، غەش لە بیناسازیدا بکات و چەشنە
جیاوازییەکانی شار بەرەو یەک قاڵبی هاوشێوەی خۆی ببات.
ئەمە چۆن لە شاردا دەردەکەوێت؟ سەیری شارەکانمان بکەن. کافێ و
ڕێستۆرانتی لۆکس و گرانبەها زیاد بوون، بەڵام کتێبخانەی گشتیی شایستە
کەمن. ئۆتۆمبیلی گرانبەها لە هەر شوێنێکدان، بەڵام پاسی گشتیی شایستە
بوونی نییە. پڕۆژە سوورەکان دوور لە ژیانی شارەوە دروستکراون، بەڵام
پارکی گشتیی فراوان کەمن. سەدان سیتی دروستکراون بەڵام بۆ کەمدەرامەتان
نین، یان لە کەرەستەیاندا خراپ ڕەفتار کراوە؛ کاری شارەوانی نە بۆ
ژیانی هاوبەشی هاووڵاتییانە، بەڵکوو بۆ نمایشی سامان و دەسەڵات
ڕێکدەخرێت. ئایا ئەمە لە ڕاستیدا داگیرکاریی شار نییە؟ کاتێک توانای
دارایی فەزای شار بۆ خۆی قۆرخ دەکات، شار لە ڕاستییە فەلسەفییەکەی دوور
دەکەوێتەوە.
دوژمنی چوارەم: گوندایەتیی شارنشین.
دیاردەیەکی سەیر هەیە، با ناوی بنێین گوندایەتیی شارنشین. مەبەستم لەوە،
ئەوە نییە کێ لە گوندەوە هاتووەتە شار، نا- ئەم جووڵە جوگرافییە
مرۆڤایەتی پێویستی پێیەتی و دیاردەیەکی مرۆییە. مەبەستم لەو ئاکارە
کۆمەڵایەتییە و ئەو شێوازەی بیرکردنەوەیە لە شاردا لە دەرەوەی شار
دەژیێت. تاکێک لە شاردا دەژیێت، بەڵام هێشتا کۆنتڕۆڵی خوشک یان دایکی،
یان ژنی دراوسێ، بە ئەرکی پیاوەتیی خۆی دەزانێت؛ ئەو کەسە لە
گوندایەتیی شارنشیندا دەژیێت. تاکێک دەنگ دەداتە ئەو کەسەی سەر بە خێڵ
و بنەماڵەکەی خۆیەتی، نەک بەو کەسەی بەرنامەکەی بۆ شار باشترە؛ ئەوا
ئەو کەسە لە گوندایەتیی شارنشیندا دەژیێت. تاکێک کاتێک لە کۆمەڵگەی
ناسیاوەکانیدا نییە، خۆی بە ئازادتر دەزانێ بۆ پێشێلکردنی یاسا و
ئەخلاق؛ ئەویش لە گوندایەتیی شارنشیندا دەژیێت.
ئەم دیاردەیە لە کوردستاندا بەربڵاوە و سەیرەکەش ئەوەیە بەلای زۆر
کەسەوە وەک بەهایەکی پۆزەتیڤ و ئەرێنی سەیر دەکرێت. دەڵێن ئێمە
کۆمەڵگەیەکی پابەندین بە بنەماڵە و خێڵەوە، وەک ئەوەی ئەمە سیفەت و
خەسڵەتێکی باڵا بێت. لە حاڵێکدا ئەمە بە تەواوەتی دەرکەوتنی شکستی شارە
لە دروستکردنی هاووڵاتیی سەربەخۆ و یاسایی. شار ئەو فەزایەیە پێویستە
تاک تێیدا نەک وەک ئەندامی خێڵ یان بنەماڵە، بەڵکوو وەک هاووڵاتییەک
خاوەنی ماف و ئەرک بێت. ئەگەر ئەم گەشەکردنە ڕووینەدا، ئەوا شار چەند
جوان و فراوان بێت هێشتا گوندە، گوندێکی لە ئاستی شکستی شاردا گەورە
بوو.
دوژمنی پێنجەم: کۆن لە جلوبەرگی نوێدا.
ئەم خاڵە لەوانەیە ئاڵۆزترین بێت. زۆرجار وا دادەنرێت دوژمنی شاری
مۆدێرن، تەنها کۆنەخواز و نەریتگەراییە. بەڵام لە ڕاستیدا شار دوژمنی
تری زۆرن: ئەو هێزانەی بە دەنگی نوێ دەدوێن، بەڵام پەیامەکەیان لەگەڵ
ڕۆحی شار دژبەر یان دوژمنە. نموونەی ئەمە چییە؟ با ڕوونیبکەینەوە؛ ئەو
ئایدۆلۆژیایەی دەڵێت تەنها یەک ڕێگەی پێشکەوتن هەیە، ئەو ڕێگەیەی دەبێت
هەمووان پێیدا بڕۆن. ئەو فکرەی کەلتوور و خوێندنەوەی تایبەتیی هەر
گەلێک بە کاتی دەزانێ و پێیوایە دەبێ بەرەو ئەو مۆدێلە جیهانییە بچن
ئەوان بڕیاریان لێداوە. ئەو هەڵوێستە سادەیە بەرامبەر بە هەرشتێک بەهای
مێژوویی یان ئایینی هەبێ، هەرشتێک کۆن بێ، خاوێنکردنەوەی پێویستە. ئەمە
لە ڕووکەشدا پێشکەوتنخوازییە، بەڵام لە بنەڕەتدا یەکڕەنگکردنی فکرییە
لە پۆشاکی پێچەوانەدا.
شار، بە پێناسە، فەزای جیاوازیی هاوچەرخ و کۆنە لە یەککاتدا. لە بەرلین،
مزگەوتی نوێ و کڵێسای کۆن بە تەنیشت یەکەوەن. لە ئیستەنبووڵ، چایخانە
کۆنەکانی سەردەمی عوسمانی لە تەنیشت مۆڵی هاوچەرخدان؛ لە قاهیرە،
زانکۆی ئەزهەری مێژوویی لە تەنیشت زانکۆ مۆدێرنەکانە. ئەمە لاوازیی شار
نییە، بەڵکوو دەوڵەمەندییەکەیەتی. ئەوەی مەترسییە ئەو فکرە
یەکڕەنگخوازەیە دەیەوێ یەکێک لەم دیمەنانە بسڕێتەوە و تەنها ئەوەی تر
بهێڵێتەوە.
شارە تاکڕەهەندەکان: وانەیەک لە مێژووەوە.
با وردتر سەیری ئەو شارانە بکەین لە مێژوودا تاکڕەهەندن، یان لە
سەردەمی ئێمەدا تاکڕەهەندن. هۆشمەندی پێویستی بە زانینە، نەزانی ڕیشەی
ناهۆشمەندییە و ناهۆشمەندی لە ڕاستیدا دوژمنی هەرە گەورەی شارە.
کۆمەڵگەیەک نەزانێت لە مێژوودا چ ڕوویداوە لە شارە یەکڕەنگکراوەکاندا،
ئامادەترە بۆ کاوێژ و ئەوەی هەمان هەڵە دووبارە بکاتەوە.
با لە ژنێڤی سەدەی شازدە دەستپێبکەین، شارێک لە بناغەی شارستانیی
پرۆتستانتی ئەورووپاییدا. کاتێک ژان کاڵڤینی ڕێفۆرمخواز و دواکەوتووانی
دەسەڵاتیان بەسەر شاردا گرت، یاسا و ڕێسایەکیان داڕشت شار بکەن بە شاری
پاک لەسەر زەوی. سەماکردن قەدەغە کرا؛ تەنانەت سروودی ئایینیش لە
کڵێساکاندا بەشێوەیەکی سادە و یەکڕەنگ سنووردار کرا. جلوبەرگی
هاووڵاتییان خرایە لەژێر چاودێریی ئەخلاقی. کاتێک میکاێل سێرڤێتوسی
توێژەری ئیسپانی پێشنیاری بۆچوونێکی جیاوازی تیۆلۆژی (زانستی ئایینناسی)
کرد، بە بڕیاری دەسەڵاتی ئایینیی شار سووتێندرا. ژنێڤ بوو بە شاری پاک
و یەکڕەنگ، بەڵام دواتر چی بەسەر هات؟ سەدان توێژەر و داهێنەر
جێیانهێشت، فەزای ئابووری داڕووخا و شار تەنها لە کاتێکدا گەڕایەوە بۆ
ژیانی ڕاستەقینەی شارێتی ئەو سنوورانە لابران. ئەم تاقیکارییە بوو بە
وانەیەک بۆ ئەورووپا: کاتێک یاسا دەبێتە ئامرازی پاککردنی ئایدۆلۆژی،
شار دەمرێت.
با بێینە سەردەمێکی هاوچەرختر؛ کابولی ساڵانی حەفتاکان. ئەم شارە،
شارێکی فرەچەشن بوو. ژنان لە زانکۆدا دەیانخوێند، لە شەقامەکاندا
بێبەرپۆش، یاخود بە بەرپۆشێکی سادەوە، لە کاتێکدا ژنانی تری بە عەباوە
هەبوون. سینەماکان فیلمی هیندی و ئەمریکی و ئەفغانییان پێشکەش دەکرد.
کافێ و کتێبخانە و گەلەریی هونەری هەبوون. مزگەوت لە تەنیشت مەکتەبی
ژنان، مەیخانە لە تەنیشت مەدرەسەی ئیسلامی؛ ئەمە شار بوو. دواتر چی
ڕوویدا؟ هێزە ئایدۆلۆژییەکان یەک لەدوای یەک هاتن: سۆڤیەت، موجاهیدین،
دواتر تاڵیبان؛ هەریەکەیان بە ئامانجی ئاوەدانکردنەوەی شارەوە، شاریان
وێرانکرد. هەریەکەیان وتیان ئێمە دەمانەوێت کۆمەڵگەیەکی پاکتر، باشتر و
بەرزتر دروست بکەین. دواجار، ئەو شارە دەوڵەمەندە فرەچەشنە زیندووە،
بوو بە شارێکی داڕووخاو؛ شارێک ژنان تێیدا قەدەغەکران لە دەرکەوتن
تەنانەت بۆ بازاڕیش.
نموونەیەکی تری زیندوو پیۆنگیانگی چینە (شاری پەروەردە)، ئەو شارەی
دەسەڵاتی چینی بۆ گەلی ئویغور دایمەزراند. لە ڕووکەشدا، مۆدێرنە:
شەقامی فراوانی هەیە، باڵەخانەی بەرز، تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو. بەڵام لە
بنەڕەتدا، بۆ یەک ئامانج دامەزراوە: یەکڕەنگکردنی ئویغورییەکان لەگەڵ
حزبی کۆمۆنیستی چین. زمانی ئویغوری لە مەکتەبەکاندا قەدەغەیە، مزگەوتە
مێژووییەکان دەڕووخێندرێن، کۆبوونەوەی خێزانی لە جەژنە ئایینییەکاندا
چاودێری دەکرێ. شارەکە هەرچەندە مۆدێرنە، بەڵام دژەشارە، لەبەر ئەوەی
شار، وەک پێشتر گوتمان، تەنها ڕووکار نییە، بەڵکوو فەزایەکە بۆ بوونی
جیاواز. کاتێک ئەو فەزایە تەنگەبەر دەکرێتەوە، بنیاد هەرچەند بەرزیش
بێت، تەنها بەرگێکە.
نموونەیەکی تری بەسوود لە مێژووی نزیکتردا، شاری پنۆمپێنە لە کەمبۆدیا
لە کاتی دەسەڵاتی خمێر سوور (١٩٧٥-١٩٧٩). پۆڵ پۆت و حزبەکەی بڕیاریاندا
ئەم شارە چۆڵ بکەن، چونکە بە بۆچوونی ئەوان شار سەرچاوەی گەندەڵی و
فکری بۆرژوازییە. سەرجەم دانیشتووانی شار لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا
ناچارکران بچنە دەرەوە بۆ کاری کشتوکاڵی لە کێڵگەکاندا. شاری زیندوو
بوو بە شاری چۆڵ. ئەمە دەریدەخات دوژمنایەتیی شار تەنها دەمارگیرە
نەریتی و ئایینییەکان نین، بەڵکوو ئایدۆلۆژیای یوتۆپیاییشە (خەیاڵاوی)،
چ چەپ و چ ڕاست، چ ئایینی و چ سێکیولار. کاتێک باوەڕ بەوە بکات بۆ
گەیشتن بە بەهەشتەکەی دەبێ شار فەزای فرەچەشنییەکەی بسڕێتەوە، یەکێکە
لە دوژمنە مەترسیدارەکانی.
دوو دەرگە، یەک شار.
با لێرەدا تەرکیز بکەینە سەر چەند دوو دامەزراوەییی؛ ئەو دامەزراوانەی
لە ڕووکەشدا دژبەیەک دەردەکەون، بەڵام لە ڕاستیدا هاوبەشن لە
دروستکردنی شاری ڕاستەقینەدا. یەکەم: مزگەوت و مەیخانە. ئەمە سادەترین
و دژوارترین نموونەیە. مزگەوت فەزای دەروونیی موسڵمانە بۆ دەربڕینی
پەیوەندیی لەگەڵ خودا. مەیخانە فەزای کۆمەڵایەتیی کەسێکە بۆ کۆبوونەوەی
هاوڕێیانە، گفتوگۆ، بیرکردنەوە و چێژوەرگرتن. لە چاوی ڕاستەقینەی شاری
شارستانییەوە، ئەم دوو فەزایە هەرچەندە پێچەوانەن لە بنەڕەتدا، بەڵام
پێکەوە شار پێکدەهێنن. لەبەر ئەوەی هاووڵاتیی شار هەم ئەو موسڵمانە
ئاییندارەیە دەچێتە مزگەوت، هەم ئەو سێکیولارەیشە دوای کارەکەی دەچێتە
مەیخانە. شاری هاوچەرخ ئەوەیە ئەم دوو هاووڵاتییە دەتوانن لە یەک شاردا،
لە یەک شەقامدا، تەنانەت لە یەک بنەماڵەشدا، بەبێ ئەوەی یەکتر بسڕنەوە
بژین. ئەو شارەی مەیخانەکانی دادەخات بە ناوی پاکیی نەرێتی و ئایینی،
یان ئەو شارەی مزگەوتەکانی سنووردار دەکات بە ناوی پێشکەوتنخوازییەوە،
هەردووکیان شاری ڕاستەقینەی شارستانی نین. هەردووکیان لە هەمان ڕێگەی
یەکڕەنگکردندان، ئەوەی جیاوازە تەنها ڕووەکانیانە.
دووەم: کڵاپ و کۆڕی ڕۆشنبیری. کڵاپ شوێنی شەوانی موزیک و سەماکردنە.
کۆڕی ڕۆشنبیری شوێنی خوێندنەوەی شیعر، گفتوگۆی فەلسەفی و ڕەخنەی
ئەدەبییە. لای کەسانێکی زۆر، ئەم دوانە دژیەکن: یەکیان سووکە و ئەوی تر
سەنگینە. بەڵام لە ڕاستیدا، شار پێویستی بە هەردووکیان هەیە. مرۆڤ
مرۆڤێکی تەواوە، نەک تەنها مێشک و نەک تەنها لەش. هەم ئەو کاتانەی
پێویستی بە چێژی جەستەیی و کۆمەڵایەتی هەیە، هەم ئەو کاتانەی پێویستی
بە چێژی فکری هەیە. شاری شارستانی شارێکە دەرفەتی هەردووکیان دەدات،
نەک یەکێکیان بۆ ئەوی تر بسووتێنێت. تەنانەت زۆرجار ئەم دوو فەزایە بۆ
یەک کەسن لە ماوەی هەفتەیەکدا.
سێیەم: کتێبخانە و گۆڕەپانی باسکە. ئەم نموونەیە جیاوازە. لای دایک و
باوکی زۆر، تەنها کتێبخانە بەسوودە و باسکە بێسوودە. بژاردەی منداڵیان
دیاریکراوە: یان کتێبخوێندنەوە، یان وێنەکێشان. لە حاڵێکدا ئەم دوو
فەزایە، هەردووکیان بۆ گەشەی کۆمەڵایەتی و دەروونی و جەستەیی منداڵن.
شاری شارستانی شارێکە ئەم دوو فەزایە پێکەوە بۆ هەموو منداڵان
دادەمەزرێنێت. سەیر ئەوەیە لە شارەکانی ئێمەدا نە کتێبخانەی گشتیی
شایستە هەیە، نە یاریگەی گشتیی شایستە بۆ منداڵان. لێرەدا، دوژمنایەتیی
شار تەنها لە ئاستی فکریدایە نەماوەتەوە، بەڵکوو لە ئاستی پراکتیکی و
سیاسەتی شارەوانیشدا هەیە. ئەم پشتگوێخستنە نمایشی ئەوەیە دەسەڵات هیچ
تێگەیشتنێکی شارستانیی بۆ شار نییە.
چوارەم: پەرستگە و گەلەریی هونەری. لای زۆر کەسی ئاییندار، گەلەری ـ
بەتایبەت ئەو گەلەرییەی تابلۆی نیمچەڕووت یاخود هونەری ئاوازی پێشکەش
دەکات، شوێنی گومڕاییە. لای زۆر کەسی هونەرمەند یاخود سێکیولار،
پەرستگە و ئامادەیی ئایینی شوێنی دواکەوتووییە. لە ڕاستیدا شاری
شارستانی ئەو شارەیە ڕۆح، بە هەموو دەربڕینەکانییەوە، فەزای دەربڕینی
تێدایە. پەرستگە دەربڕینی پەیوەندیی مرۆڤ و خودایە. گەلەریی هونەری،
دەربڕی پەیوەندیی مرۆڤ و جوانی و هاوبەشییە. هەردووکیان لە بنەڕەتدا
تەعبیرە ڕۆحییەکان دەخوازن. شار ئەو فەزایەیە ڕێگەی هەردووکیان دەدات و
دەیانپارێزێت.
ئەم نموونانە چیمان نیشان دەدەن؟ دوژمنی شار تەنها ئەو کەسە توندڕەوە
نییە دەیەوێت مەیخانە بسووتێنێت، نووسەرێک، شاعیرێک دەربەدەر بکات و
ڕۆژنامەیەک دابخات و شاخێک بۆیاخی مەبەستدار بکات، ئەو کەسە سێکیولارە
توندڕەوەیشە دەیەوێت مزگەوت سنووردار بکات، یاخود ئەو حزبە
پێشکەوتنخوازەیە دەیەوێ ناوەندی فکریی جیاواز ڕەتبکاتەوە، یان ئەو
سامانپەرستەیە دەیەوێت تەنها کافێ گرانبەهاکان لە شاردا بمێنن و کافێ
هەرزانەکان دابخات. ئەو کافێیەی پۆشاکی کەلتووری قەدەغە دەکات، دەیەوێ
یەکێک لە ڕەگەزەکانی شار بکوژێت، چونکە ئامانجەکەی هاوردەکردنی
کەلتووری بیانی و سڕینەوەی کەلتووری خۆجیییە، هەموو ئەمانە، بە
جیاوازییانەوە هاوبەشن لە یەک ئامانجدا: یەکڕەنگکردن و سڕینەوەی
فرەچەشنیی شار.
نەزانین و ناهۆشمەندی: ڕیشەی فکریی دوژمنانی شار.
کاتێک تاکێک نازانێت ئایینێکی تر، یاخود فکرێکی تر، یاخود شێوازێکی تری
ژیان چی دەڵێت و چی پێشکەش دەکات، ئاسانترە لای بیر بکاتەوە ئەم ئایینە
یاخود فکرە، بێسوود و گومڕاکەرە. تاکێک هیچ کاتێک پەرتووکێکی فەلسەفیی
ئەفلاتوون یاخود ئەرستۆی نەخوێندبێتەوە، ئاسانترە لای بڵێت فەلسەفە و
خوێندن و خوێندنەوەی کتێبەکان بێسوودە. تاکێک هیچ کاتێک گفتوگۆی لەگەڵ
کەسێکی موسڵمانی ڕۆشنبیر یاخود قەشەیەکی کریستیانێکت فکریدا نەکردبێ،
ئاسانترە لای بڵێت ئاین ئەفیونە و هەموویان دواکەوتوون. هەروەها بە
پێچەوانەوە، تاکێک هیچ کاتێک تێگەیشتنی ڕاستەقینەی نەبێ لەسەر ئەوەی
سێکیولاریزم چی دەڵێت و چ پاڵپشتییەکی دەستووری و یاسایی لەپشتییەوەیە،
ئاسانترە لای بڵێت سێکیولاریزم لادینی و گومڕایی و مایەی تەفرەقەیە.
ئەم نەزانینە دوو لقی هەیە. یەکەمیان، نەزانینی فکرییە: نەخوێندنەوەی
پەرتووک، نەزانینی مێژوو، نەزانینی ئەو فکرانەی لە جیهاندا گەشەیان
کردووە. دووەمیان دژوارترە، نەزانینی مرۆییە: نەناسینی ئەو کەسانەی
جیاوازن. ئەو کۆمەڵگەیەی موسڵمان و مەسیحی و ئێزیدی و کاکەیی و لادینی
پێکەوە تێیدا دەژیێن، بەڵام هاوڕێی یەک نین، لە یەک ماڵدا نان ناخۆن،
لە یەک کۆمەڵگەی هاوبەشدا نیشتەجێ نین؛ ئەم کۆمەڵگەیە تاکێکی نەزان
دەخوڵقێنێ. کاتێک تاکێک هیچ هاوڕێیەکی موسڵمانی ئایینداری نییە،
ئاسانترە بۆی باوەڕ بە تڕوهاتی لاپەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییە بکات و بڵێت
هەموو موسڵمانان توندڕەون. هەروەها تاکێک هیچ هاوڕێیەکی سێکیولاری
نەبێت، ئاسانترە لای باوەڕ بکات هەموو سێکیولارەکان دژە ئایین و دژە
بنەما ئەخلاقییەکانن.
شار، لە ڕاستیدا، ڕێگەی چارەسەرە بۆ ئەم نەزانینە. شار ئەو فەزایەیە
تێیدا تاک ناچارە ڕۆژانە دەیان کەسی جیاواز ببینێت، گفتوگۆیان لەگەڵدا
بکات، کارمەند و کڕیار و دراوسێ و هاوڕێی جیاواز بناسێت. ئەمە، بە خودی
خۆی، نەزانینەکە کەم دەکاتەوە. کاتێک تاکێک هاوڕێیەکی موسڵمانی هەبێ
نوێژ بکات و لە ڕەمەزاندا ڕۆژوو بگرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕۆشنبیر
بێت و دژی توندڕەویی بێت، تاکێکە ناتوانێ بەسانایی بڵێ هەموو موسڵمانان
توندڕەون. کاتێک تاکێکی موسڵمان هاوڕێیەکی سێکیولاری هەبێ ئەخلاقی
بەرزی هەبێت، دڵسۆز و یارمەتیدەر بێت، ئەم تاکە موسڵمانە ناتوانێت
بەسانایی بڵێت سێکیولارەکان بێئەخلاقن. لێرەدا، شار هۆشیاری بەرهەم
دەهێنێت، لەبەر ئەوەی نەزانین کەم دەکاتەوە.
بەڵام کۆمەڵگەی یەکڕەنگکراو، یان کۆمەڵگەیەک تێیدا گرووپە جیاکان
جیاکراونەتەوە لە یەکتر و هیچ پەیوەندییەک لە نێوانیاندا نییە،
نەزانینی تێدا دەپارێزرێت. ئەمەش بنەڕەتی ناهۆشمەندییە، بنەڕەتی ئەو
فکرەیە ئەوانی تر مرۆڤی تەواو نین. لێرەدایە مەترسیی ڕاستەقینەی شاری
تاکڕەهەند دەردەکەوێت: ئەم شارە نەزانین زیاد دەکات، نەزانین
ناهۆشمەندی دەهێنێت، ناهۆشمەندیش لە کۆتاییدا توندوتیژی دەهێنێت. ئەو
دوژمنایەتییە شاراوەیەی نێوان گرووپە جیاوازەکان: موسڵمان و ئێزیدی،
شیعە و سووننە، ئاییندار و سێکیولار، گەنج و پیر، ژن و پیاو زۆربەی ئەم
دوژمنایەتییە لە نەزانینەوە دێت، نەک لە جیاوازیی واقیعییەوە. کاتێک
کۆمەڵگەیەک گرووپێک لە گرووپێکی تر دەشارێتەوە، نەک هەر ئەم دوو گرووپە
بە یەکتر نامۆ دەکات، بەڵکوو خەیاڵێک لەسەر یەکتر دروستدەکەن؛ خەیاڵێک
لە بنەڕەتدا تۆقاندنە. ئەم تۆقاندنە، دواتر دەبێتە دژایەتی و دواتر
دەبێتە توندوتیژی.
بۆ تاکی کورد: چەند پرسیارێک و چەند داوایەک بۆ هەڵوەستە لەسەرکردن.
تاکی کورد، چ موسڵمان بێت، چ مەسیحی، چ ئێزیدی، چ کاکەیی، چ سێکیولار،
چ باڵاپۆش، چ هیچ کام لەمانە، بەردەوام لە بەردەم ئەو پرسیارەدایە: لە
چ کۆمەڵگەیەکدا دەتەوێت بژییت؟ ئەگەر دەتەوێت لە کۆمەڵگەیەکدا بژییت
هاوبیر و هاوکەلتووری تۆی تێیدا دەسەڵاتی تەواوی هەبێت و ئەوانی تر
ناچاربن وەک تۆبن یان کۆمەڵگەکە جێبهێڵن، ئەوە تۆ گوندێکی فکریت دەوێت
نەک شار. دەبێت بزانیت ئەم گوندە، لە ڕاستیدا، نە بۆ ئەوانی تر و نە بۆ
تۆیش ئارام و ئاسوودە نییە. چونکە هیچ یەکڕەنگییەک نییە بەردەوام بێت.
بەرامبەر ئەو سنووردارکردنە ئازادییەی تۆ بەسەر کەسانی تری دادەنێیت،
یەکێکی تر سبەی دەتوانێت ئەو سنووردارکردنە بەسەر تۆدا دابنێت. تۆ
سنوورت بەسەر ژیانی هاووڵاتیی سێکیولاردا داناوە؟ سبەی هێزێکی دیکە
سنوور بەسەر ژیانی تۆدا دادەنێت. ئەم دیالێکتیکە (ململانێیە) لە
مێژوودا بەردەوام بووە، لە ئەڵمانیای نازیستەوە بگرە تا ئێرانی شۆڕشی
ئیسلامی، تا ئەفغانستانی تاڵیبان، تا کەمبۆدیای پۆڵ پۆت. هەرکات تاکێک
یاسای ئازادیی هاوبەش پێشێل دەکات بۆ خۆی، دەرفەت دەخوڵقێنێت یەکێکی تر
هەمان شت دژی خۆی بکات.
پرسیاری دووەم: ئەو ئازادییەی تۆ بۆ خۆت دەیخوازیت، ئایا حازریت بۆ
ئەوانی تریشی بخوازیت؟ ئەم پرسیارە لە بنەڕەتی فەلسەفەی ئەخلاقیی
هاوچەرخدا، پرسیاری بنەڕەتییە. ئیمانوێل کانتی فەیلەسووف بنەمایەکی
دانا پێیدەڵێن بنەمای گشتی: تاکی ئەخلاقی ئەوەیە کاتێک کارێک دەکات،
بپرسێت ئایا حازرم هەمووان ئەم کارە بکەن؟ ئەگەر تۆ بۆ خۆت ئازادیی
ئەوەت دەوێت بەشدار بیت لە چالاکیی ئایینیدا، بەڵام ئامادە نیت ئەو
ئازادییە بۆ کەسانی تر بپارێزیت، تۆ لە ئاستی ئەخلاقیدا کێشەیەکت هەیە.
هەروەها، ئەگەر تۆ بۆ خۆت دەتەوێت بە دڵی خۆت بژییت، بەڵام ئامادە نیت
ئەو مافە بۆ کەسێکی ئاییندار بپارێزیت دەیەوێت بەپێی باوەڕی خۆی بژیێت،
تۆیش لە هەمان ئاستی ئەخلاقیدا کێشەت هەیە.
پرسیاری سێیەم: کاتێک ڕەخنە لە بیر یان ڕەفتارێک دەگریت، ئایا بە دەلیل
و بەڵگە دەیکەیت، یان بە ناووناتۆرە بەشینەوە و سووکایەتی؟ ئەمە مەحەکی
هۆشیاریی فکریی تۆیە. کۆمەڵگەیەکی هۆشیار ئەو کۆمەڵگەیەیە بەشدارانی
دەتوانن ڕەخنە بگرن لە بیرۆکە، بەبێ ئەوەی هێرش بکەنە سەر کەسایەتیی
هەڵگری بیرۆکەکە. ئەمە ئەخلاقی گفتوگۆیە، چەمکێک یۆرگن هابرماس بە
درێژی لێیدواوە و وەک بنەمای ژیانی شارستانیی هاوچەرخ تۆمار دەکات.
پرسیاری چوارەم: ئایا تۆ ئامادەی پەرتووکێک یاخود نووسەرێک یاخود فکرێک
بخوێنیتەوە پێش خوێندنەوەی بزانیت دژی بۆچوونی تۆیە؟ تاکی شارستانی ئەو
تاکەیە ناتوانێت بەبێ ناسینی فکری بەرامبەرەکەی، ڕەخنەی لێبگرێ. ئەگەر
تۆ موسڵمانیت و نووسەرێکی سێکیولاری وەک ئەدۆنیس یاخود نەسر حامید
ئەبووزەید نەخوێندووەتەوە، ڕەخنەی تۆ لە سێکیولاریزم ڕەخنەیەکی ساختەیە.
ئەگەر تۆ سێکیولاری و نووسەرێکی موسڵمانی وەک محەممەد ئەرکۆن یاخود
فەزلوڕەحمانت نەخوێندووەتەوە، ڕەخنەی تۆ لە ئیسلام ڕەخنەیەکی ساختەیە.
خوێندنەوەی فکری بەرامبەر، یەکێکە لە ئەرکە ئەخلاقییەکانی تاکی
شارستانی.
ئاکام: شار وەک پڕۆژەی ناتەواوی هاوبەش.
شار، وەک هەر پڕۆژەیەکی شارستانیی گرنگی تر، ناتەواوە و هەرگیز تەواو
نابێت. هەر چاخێک، هەر نەوەیەک، هەر کۆمەڵگەیەک پێویستە ئەم پڕۆژەیە
بناسێتەوە، بناسێنێتەوە و بۆ خۆی بەردەوامیی پێبدات. دوژمنانی شار، وەک
نیشاندرا، تەنها ئەو هێزە دۆگمایییانە (وشکباوەڕانە) نین بە جلوبەرگی
ئایینیی خۆیان دەردەخەن. ئەو هێزانەیشن بە ناوی پێشکەوتنەوە دێن بەڵام
دژی فرەچەشنیی شارن. دوژمنەکانی شار ئەو هەژموونانەشن بە سامان و
دەسەڵات شار دەکڕن و دەگۆڕن بۆ نمایشی سامانی خۆیان وەک ئەوەی ئێستا لە
کوردستان باویەتی، دووکانی مەیفرۆشێک بە داخستن دەدات، بیانووەکەی یان
هۆکارەکەی تێکدانی فەزای گشتی و حەرامخۆرییە، بەڵام بە ژێر لێوی ئەم
کارەوە ئامانجەکەی دەستبەسەردا گرتنی دووکانەکەیە بۆ پڕۆژەیەکی
چاوچنۆکانەی خۆی، دوژمنی شار ئەو گوندایەتییەیشە لەناو شاردا دەژیێت.
دوژمنی هەرە مەترسیداریش، ئەو هۆشیارییە هەڵەیەیە تاک باوەڕی بەوەیە
ئازادە، لە کاتێکدا بەندی کۆدێکی شارەوەی نەنووسراوە. دوژمنی شار،
دواجار نەزانینە. کاتێک تاکێک نازانێت، ناهۆشیار دەبێت و ناهۆشیاریش لە
کۆتاییدا دەبێتە تواندنەوەی شار.
دەرسەکانی ژنێڤی کاڵڤینی، کابولی تاڵیبان، پنۆمپێنی پۆڵ پۆت، شاری
پەروەردەی چینی، هەموویان یەک شت دەڵێن: کاتێک نەزانین فەزای گشتی پڕ
دەکات، شار دەمرێت؛ چ بە دەستی ئایدۆلۆژیای ئایینی و چ بە دەستی
ئایدۆلۆژیای سێکیولار، چ بە دەست چەپ و ڕاست. بۆیە پاراستنی شار تەنها
ئەرکی ڕۆشنبیران و کۆمەڵگەی مەدەنی نییە، بەڵکوو ئەرکی هەر تاکێکی
هاووڵاتیی ئەم خاکەیە.
ئەم هەنگاوە لەو شوێنەوە دەستپێدەکات تاک چاوەکانی خۆی پێش هەموو شتێک
دەکاتەوە بۆ خودبینی خۆی، نەک بۆ ئەوانی تر. کاتێک لە خۆی دەپرسێت ئەو
سنوورانەی من بەسەر دڵم و مێشکمدا دامناون، کێ دایناون؟ بۆچی دانراون؟
ئایا من بە تەواوی ڕازیم بەوەی هەیە؟ من چەند نەزانم و چەندەش لەو
نەزانییەم دەزانم؟ ئەم پرسیارە، ئەم تاکە پرسیارە، سەرەتای ئەو
ڕێگەیەیە تاک دەکات بە تاکی شارستانی، تاکی شارستانیش بنەمای شاری
شارستانییە. شار لە بنیادی خشتدا نییە، لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی و
سەرتاشخانەی نێودەوڵەتی و یاریگەی نێودەوڵەتی و ڕۆنگۆڕی بەتامدا نییە،
لە ڕۆحی ئەو تاکەدایە ئامادەیە لەگەڵ ڕۆحی تاکانی تر، بە
جیاوازییەکانیانەوە بژیێت.
ئەو ڕۆژەی تاکی کورد بە هەموو ئایین و بێئایینییەکانییەوە، بە هەموو
ئایدۆلۆژیاکانییەوە، بە هەموو ڕەنگ و ڕەگەزەکانییەوە، باوەڕ بکات بەوەی
ئازادیی خۆی بەستراوەتەوە بە ئازادیی ئەوانی ترەوە و نەزانی پێش هەموو
شتێک دوژمنی خۆیەتی، ئەو ڕۆژە سەرەتای دروستبوونی شاری ڕاستەقینەی
کوردی دەستپێدەکات. تا ئەو ڕۆژە، شارەکانمان دەشێت ببنە خاوەنی
ڕێگەوبانی پان و پۆڕ و تەلاری هەوربڕ، دەشێت فراوانتر ببن، گرانتر ببن،
بەڵام ڕۆح، ئەو ڕۆحەی شار دەکات بە شار، بەردەوام لێیانەوە دوور
دەکەوێتەوە.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|