٢٣\۴\٢٠١٠ دوژمن كۆكە و كورد پەرتەوازە.
سالار بابەشێخ
(پهیمانگەی كوردستان بۆ پرسه سیاسییهكان) لە رۆژانی 14-15/4/2010 له هۆڵی(سهنتهری ئاڵا)ی شاری ههولێر، سیمینارێكی لە ژێر ناونیشانی "ئاییندهی پرسی كورد له نێو گۆڕانكارییهكانی ئێراندا" بهڕێوەبرد، سیمینارهكه بۆ نوێنەرانی سێ پارتی سیاسی رۆژهەڵاتی كوردستان(پارتی ئازادیی كوردستان، حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و كۆمهڵهی شۆڕشگێری زهحمهتكێشانی کوردستانی ئێران) تەرخان كرابوو، تێیدا بەشداربوون هەر كام لە روانگەی خۆیانە شیكارییەكی دواهەڵبژارنەكەی سەرۆك كۆماریی ئێران ـیان كرد، لە لایەكەوە هۆكارەكانی هاندانی خەڵكیان بۆ بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكە روون كردەوە و لە لایەكی دیكەوە هۆی بایكوتكردنی هەڵبژارنەكەیان خستەڕوو. دیارە ئەم دوو هەڵوێستە زۆر جیاواز و دژبەربوون، هەركامیان بە میتۆدێكی فكری و سیاسی داكۆكییان لە هەڵوێستەكەی خۆیان كرد.
لە راستیدا رای جیاواز و ئایدیای فرەجۆر و تەحلیلی ورد و بابەتییانە، هەڵگری زۆر پەیامی جیاوازی(ئەرێنی و نەرێنی)یە، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە توێژی رۆشنبیر و خەڵكی وشیار و نوخبە و چاودێرانی سیاسی، دوای شرۆڤە و راڤەیەكی وردی سیاسی بۆ ئەو رایە جیاوازانە، دەتوانن كامیان لە خانەی پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی كورددا ببیننەوە؟ ئەز بەش بە حاڵی خۆم هیچیان لەم دۆخە هەستیار و ناسكەدا لەو خانەیەدا نابینمەوە، هۆكارەكەشی زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە كە سەركردایەتی سیاسی كورد لەو بەشە كەرتكراو و داگیركراوەی وڵاتەكەمدا بە سەركردایەتییەكی پەرتەوازە دەبینم، كە تەنانەت لە بەرامبەر(دۆست و دوژمنی هاوبەش)ـی خۆیاندا نەیانتوانیوە خاوەن یەكگوتاری سیاسی هاوبەش بن!! ئەمە لە حاڵكێدایە كە لە چلەپۆپەی ناكۆكییەكانی ناو گەورەبەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران(لە سێ دەیەی رابردوو)، هەردەم لە خاڵی رووبەڕووبوونەوەی كورد و بێبەشكردنی ئەم نەتەوە بەش مەینەتە لە مافە رەواكانی، كاربەدەستانی باڵای كۆماری ئیسلامی، تەنانەت ئەوانەشیان كە دژ بە یەك و تینووی خوێنی یەكترن، بێ ئەملاوئەولا لە بەرەیەكی هاوبەشدا یەكیان گرتووەتەوە و لە بەرامبەر تۆقاندن و رەشەكوژی كورددا، نەك هەر نقیان دەرنەهاتووە، بەڵكو بە یەكهەڵوێستی پشتیوانییان لە دڕندانەترین شێوازەكانی سەركوتی كورد كردووە.
تۆ بڵێی پەند وەرگرتن لە دوژمن كفر بێت؟! ئەی ئەگەر سەرمەشقێك لە نەیاران وەربگرین و ببێتە هۆی پتەوكردنی ریزەكانی خەبات و تێكۆشان و ئەم یەكڕیزییە، ئۆردووگا سەربازییەكانی رژێمكی تا سەر ئێسقان دژ بە كورد بلەرزێنێ و ئالیەت و میكانیزمەكانی سەركەوتن دەستەبەر بكات، بڵێی ئەم رێكارە لە دژی بەرژەوەندییە گشتییەكانی كورد بێت؟!
بۆیە لە كۆتاییدا داوا لە منداڵانی دڵ پەپوولەیی و گیرۆدەكانی نەریت و كلتووری وڵاتەكەم دەكەم، وەك چۆن بۆ بارینی باران و رزگاری وڵاتەكەیان لە وشكەساڵی هاوار دەكەن: "هەیاران و مەیاران. یاخوا دایكاتە باران. بۆ فەقیر و هەژاران..."، جارێكی دیكەش پەنا بۆ ئاسمانەكان ببەن، بەڵكو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان گەمە بە چارەنووسی دواڕۆژیان نەكەن و بە پەرۆشەوە كار بۆ یەكخستنی كورد بكەن. دەنا(دوژمنی یەكڕیز و كوردی پەرتەوازە) هاوكێشەیەكی مەترسیدارە.
salar_hisami@yahoo.com
|