په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

دوو کارەساتی نەتەوەیی و دوو ئاوڕووچوونی نێونەتەوەیی،
بەڕاستی کورد، خراپ لێیقەوماوە.

جەمال نەبەز   


ئەو کارەساتانەی کە بەسەر کورد هاتوون، لەماوەی 17 ساڵی کوێخایەتیی پارتی و یەکێتی دا بەسەر هەرێمی سێستانەوە، هێندە زۆرن لەژمارە نایەن و، لە وتارێکدا جێیاننابێتەوە. لەم بارەشەوە، گەلێک وتارم لەم 17 ساڵەدا بڵاوکردووەتەوە. وا لێرەدا تەنێ دوو کێشە دەخەمە بەرچاو، کە هەردووکیان، دوو کارەساتی نەتەوەیی و دوو ئاوڕووچوونی نێونەتەوەیین:


(1)- کێشەی فڕۆکەوانی تاوانبارکراو تاریق رەمەزان:


تاوانبارکراوێکی دەستگیرکراو - تەنانەت ئەگەر ئەو تاوانەی دەخرێتە ملی، زۆر سادەش بێ، ئەوا بەرەلڵا کردنی، لەدەسەڵاتی هیچ کەسێک و هیچ فەرمانگەیەکدا نییە، دادگە نەبێ. ئەوەش، پاش دادگەییکردن، کە بریتییە لە خوێندنەوەی راپۆرتی پۆلیس و گوێگرتن لە تۆمەتنامەی دۆزگری گشتی (المدعی العام) و گوێراگرتن لە وەرامی ئەو پرسیارانەی کە لە تۆمەتبارکراو دەکرێن. هەروەها گوێگرتن و کۆڵینەوە لە گوتەی ئەو گۆڤانانە (شایەت) ی کە لەبۆ، یان لەدژی ئەو تۆمەتبارکراوە دێنەگۆ. شایەنی باسە، هەتا تاوانبارکراو تاوانەکەی قورستربێ، ئەوا هێشتنەوەی لە چواردیواری گرتووخانەدا، تا رۆژی دادگەیی، سەختتر دەبێ و، تەنانەت تاوانبارکراوی واش هەن، کە بە دەستبەرێتیی (کفالە) یەکی داراییی یەکجار گەورەش، پێش رۆژی دادگەیی و بڕیاری دادوەر، بەرەلڵاناکرێن، تاکو نەتوانن سووت لە ئازادیی دەرەوەی گرتووخانە ببینن و رابکەن. ئەمە، رێسای رەوتی دادوەریی تاوان و تاوانبارکراوییە لە وڵاتە دێمۆکراتییەکاندا.


ئەفسەری فڕۆکەوان، تاریق محەممەد رەمەزان، کە عەرەبێکی لەدایکبووی کەرکووکە، یەکێکە لەوانەی کە تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و گەلکوژیی لە کورد، خراوەتە ملی. وەک لە دەنگوباسەکانیشدا هاتووە، لەکاتی لێکۆڵینەوەدا، دانی بە تاوانەکەی خۆیدا ناوە. ئەم تاوانبارکراوە، پاش ئەوەی لە کەرکووک گیراوە، نێردراوە بۆ سلێمانی، نەوەکا دەرفەتی رڤینی لە کەرکووک دەستبکەوێ. بەڵام ئەم تاوانبارکراوە، ئێستە بەرەلڵایە و، ئاسایشی سلێمانی دەبێژێ، لەکاتێکدا کە براوە بۆ نەخۆشخانە، رایکردووە.


پاش بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، گەلێک نووچە و لێدووان لەم بارەیەوە بڵاوکرانەوە. سەیروسەمەرەش لەمەدا ئەوەیە کە سەرۆکایەتیی هەرێم "بێ ئاگایی" خۆی لەو بارەیەوە دەربڕی و، بەڵێنی دا، لێکۆڵینەوەیەکی بێَلایەنانە لەم بارەیەوە ئەنجام بدا و، ئەنجامەکەشی بە خەڵک رابگەیەنێ، بەڵام تا ئێستە، ئەم بەڵێنە، وەک هەموو بەڵێنەکانی دیکەی دەسەڵاتدارانی هەرێم، جێبەجێنەکراوە و، هیچ داخۆیانییەکیش لەم بارەیەوە دەرنەچووە. خۆ ئەگەر ئەوەش راست بێ، کە سەرۆکایەتیی هەرێم، ئاگای لەمە نەبووبێ، ئەوا بوونی "سەرۆکایەتیی هەرێم" شتێکی زۆر بێ مانا و بێ نرخە و پێویستە دەست لە کار بکێشێتەوە.


هۆی ئەوەی کە راستە خەڵکەکە باوەڕ بەوە ناکات کە ئەم تاوانبارکراوە لەدەست ئاسایشی سلێمانی وا بەهاسانی رایکردبێ، ئەوەش بەنەخۆشی و بێ شارەزایی لە بارودۆخی شاری سلێمانی و بێ زانینی زمانی کوردی، هی ئەوەیە، کە ئاسایشی سلێمانی، دەزگەیەکی زۆر بەهێزە و، کەتنی وا لە دەزگەیەکی وا توندوتۆڵ ناقەومێ، یان نابێ بقەومێ. لەبەرئەوە، هەر لە یەکەمین رۆژەوە، گومان لەم قسەیە کرا، بۆ یەکەمجاریش، ماڵپەڕی "کوردستان پۆست" ، بەڕێز مام جەلال تاڵەبانیی تۆمەتبارکرد بەوەی وی، تاریق رەمەزانی تاوانبارکراوی بەرەلڵاکردبێ. ئەوجا، هەفتەنامەی "ئاوێنە" لە سلێمانی درێژەی بەم هەواڵە دا. پاش ئەوەش، "رەگ" لە بڵاڤۆکێکدا، رەپوراست، داوای لێپێچینەوەی لە مام جەلال کرد. گرنگ ئەوەیە تا ئێستە راستیی کێشەکە نەخراوەتە بەردەم رای گشتی خەڵکی کوردستان و جیهان و، ئەمەش بووە بە مایەی سووکایەتیکردن بە نەتەوەی کورد و دۆزی نەتەوەیی کورد و خوێنی رژاوی هەزاران هەزاران کورد و ئاوڕووتکانی کورد و کردنی بە پێکەن و گاڵتەجاڕێکی نێونەتەوەیی. ئەم کارەش لەو رۆژەوە دەستیپێکرد کە کاربەدەستانی هەرێمی سێستان، بۆ دادگەی باڵای تاوانەکان لە بەغدا و، لە رۆژی یەکەمی دادگەییکردنی گەلکوژیی هەڵەبجەدا، وەرگێڕێکیان دانابوو، کە کوردی و عەرەبی بەباشی نەدەزانی و، وەک هێندەک کەسیش دەبێژن، ئەمە بە مەبەست بووە، بۆ دواخستنی و شێواندن و بگرە پەکخستنی دۆزی کیمیابارانی هەڵەبجە، کە دەبێتە هۆی دەرخستنی گەلێک نهێنی، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ دەرکەوتنی بەرەلڵابوونی تاوانبارکراو تاریق رەمەزان، لەلایەن دادگەی باڵای تاوانەکانەوە لە بەغدا، لە 21/12/2008 دا، واتە پاش شاردنەوەی ئەم کارەساتە ئاوبڕووبەرە بە نێزیکەی دوو مانگ (لە 25/10/2008 ەوە).


کۆمەڵگەی لێقەوماوی کورد، زۆرباش دەزانن کە دانانی ئاسایشی سلێمانی بە گوناهباری یەکەمی ئەم کارەساتە نەتەوەییە، شتێکی راست نییە. چۆنکە ئاسایشی سلێمانی دەزگەیەکی سەر بە ی.ن.ک و، بەبێ فەرمانی سەرەوەی خۆی، ناتوانێ کاری وا بکات. هەرێمی سێستانیش، لەلایەن پارتی و یەکێتی یەوە کراوەتەوە بە بەشێک لە عێراق. لەبەر ئەوە، سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیرانی هەرێم، هەر چواریان پێکەوە، بەرپرسیارن لەم کردەوەیە وـ دەبێ بەزووترین کات کێشەکە رۆنبکەنەوە بۆ رای گشتیی جیهان، ئەگەرنا، وەک بیستوومە، کەسانێک هەن لە ئەوروپا، کە خزم و کەسوکاری قوربانیانی کیمیابارانی هەلەبجەن و، هێندێکیان جنسیەی ئەوروپاییان هەیە، دەیانەوێ بەشێوەیەکی قانوونی، دوای کێشەکە بکەون و لە ئەوروپا شکات لەو چوار کەسە بکەن. بۆ ئەمەش بە چەند پارێزەر و مافناسێکی بەنێوبانگی ئەوروپاوە پێوەندییانکردووە و، ئەوانیش پێیانگوتوون، کە هەرچەندە تاوانبارکراو، لەرۆژی دادگاییدا، لەبەردەم دادوەریشدا نەبێ، بەڵام دانپێدانانەکانی لەوەپێشی لەلای دادوەر، وەک بەڵگە بۆ تاوانەکە وەردەگیرێ. پارێزەرەکانی قوربانیانی کیمیابارانیش لە کوردستان، دەبێ ئەو دانپێدانانە لە کێسەکە دەربهێنن و بۆ وەرگێڕان بە زمانی ئینگلیزی ئامادەیبکەن. بێگومان ئەم سکەندالە زۆر ئاودەکێشێ و درێژە دەکێشێ و هێندەک لایەنیشی دەستیان لە هەمانەکە دەردەچێ.


(2)- کێشەی لەنێوبردنی ئاسەوارە مێژووییەکانی هەولێر:


خەڵکی رەشوڕووتی کوردستان باش دەزانن کە رژێمە داگیرکەرەکانی وڵاتەکەیان، بۆ سڕینەوەی شوێنەواری فەرهەنگ و مێژووی کورد، زۆر لەمێژە خەریکی لەنێوبردنی ئاسەوارە دیرۆکییەکانن. جارەک بەبیانووی دروستکردنی بەنداوەوە ، وەک لەنێوبردنی باژێڕی کۆنینەی حەسەن کێف لەلایەن رژێمی ترکەوە، جارەکی دی، بەبیانووی "مۆدێرنکردن" ەوە ، وەک تێکدانی قەڵای کەرکووک لەلایەن رژێمی عێراقی سەددامەوە. جارەکی دیش، بە دزین و سەرنگوومکردنی ئەو ئاسەوارانەی کە لە بە دواداگەڕانی ئارشێولۆژیانەوە، یان بەرێکەوت، لەبن زەویدا دەدۆزرێنەوە، وەک ئەو بەتاڵانبردنانەی رژێمی فارس دەیانکات. جارەکی دیش، بە گۆڕینی نێوی شارو گوند و چیا و رۆبارەکانی کوردستان لە کوردییەوە بۆ ترکی و عەرەبی، وەک ئەوەی رژێمی ترک و عەرەبی سووریا دەیکەن. لێ، بەداخەوە، ئەم فەرهەنگکوژی و کاولکارییانەی لە کوردستاندا دەکرێن، بوون بە میراتی کاربەدەستانی دوو حیزبە کوردزمانەکە لەماوەی 17 ساڵ دەسەڵاتدارێتییاندا. لەم ماوەیەدا چەندین شوێنەواری مێژوویی سلێمانی کران بە قوربانی "بازاڕی مۆدێرن" لەلایەن ئەو ملیاردێرانەی سەر بە یەکێتی، کە تا دوێنێ بوو، زۆربەیان بە نانەرەقەی مزگەوت دەژیان و ئێستەش گاڵتە بە ملوێنەران دەکەن و بوونە خاوەنی پرۆژەی گەورە گەورە و سوپەرمارکت بۆ فرۆشتنی خواردەمەنیی ئێکسپایەر کە لە ئێران و ترک و ئەوروپا وەدەهێندرێن. لەم رۆژانەشدا نۆرە هاتووەتە سەر هەولێرە کۆن، وەک شارەزایەک لە کوردستانەوە پێمیڕاگەیاند، حکومەتی هەولێر کابرایەکی ئەمریکایی کە نێوی نزار حەننایە، هێناوەتە هەولێر، گەلێک ئاسەواری بەنرخی لەگەڵ زەوی تەختکردوە و تەنانەت هێندەک گۆڕیشی تێکداوە و کردوونی بە بازاڕی گوایە "نیشتمان" و خۆشی لە هۆتێلی شیراتۆن لێی دانیشتووە. کەسێکی دیکە، هەواڵی ئەوەی راگەیاند پێم کە بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاسەوارەکان لە هەولێر، نێوی بەڕێز حەیدەرە و، ئەم بەڕێزە، لە دەرچووانی بەشی شانۆی ئینستیتووتی هۆنەرە جوانەکانە و هیچ پێوەندییەکی بە زانستی ئاسەوارناسی و مێژووی کورد و کوردستانەوە نییە.


شتێکی سەیرە کە "بەرەی ترکمانی" کەوتووەتە جووڵە و بێزاریدەربڕین لەدژی تێکدانی ئاسەوارە کۆنەکانی هەولێر. ئامانجی "بەرەی ترکمانی" لەمە، هەر چیەک دەبێ باببێ، بەڵام شەرم و شوورەیی بۆ کاربەدەستانی هەولێرو ئەوانەیە کە بە هەزارانیان، لە هەولێر دەچنە خۆپیشاندانەوە بۆ پشتگیریی خەڵکی غەززە دژی بۆمبابارانی ئیسرائیل، کە ئەوەش دیارە شتێکی رەوایە و ئەز دژی نیم، چۆنکە رووبەرووبوونەوەی زۆرداری، لەهەر لایەکەوە بێ، فەرمانی سەرشانی هەموو مرۆڤێکە، بەڵام ئەمانە، هەر ئەوانەن کە یەک خۆپیشاندان سازناکەن لەدژی تەفروتوونەکردنی فەرهەنگ و مێژووی کورد و کوردستان و، یەک دەنگ لە دەمیان دەرناچێ بەرامبەر بە بۆمبابارانکردنی کوردستان ، تەنانەت بە بۆمبای فۆسفۆری ، وادیارە، بۆمباکانی رژێمی ترک و فارس، بۆمبای "ئیسلامی" و پیرۆزن و بۆمباکانی ئیسرائیلیش بۆمبای "جوولەکانە" و شەیتانین. شایەنی باسە، ترک لە کوردستاندا بۆمبای فۆسفۆری بەکاردەهێنێ وئیسرائیلی هەڤاڵبەندیشی بۆمبای فۆسفۆری لە غەززە.


کاربەدەستانی هەولێر و هەرێمی سێستان دەبێ بزانن کە ئاسەوارە دێرینەکانی هەر وڵاتێکی ئەم جیهانە، بەشێکە لە کەلەپۆری جیهانی و دەستکاریکردن و لەنێوبردنیان، بە تاوان دەژمێردرێ. درێژەدان بەم تاوانە، دەبێتە هۆی ئەوەی کێشەکە بگاتە یۆنسکۆ و کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان و، ئەودەمە لێپرسینەوە دەستپێدەکات و، دەبێتە ئاوڕووچوونێکی نێونەتەوەیی. شایەنی باسە، یەکێک لەوانەی زووخاوی کاولکردنی ئاسەوارەکانی هەرێمی سێستانی هەڵدەڕشت بۆم، دەیگوت:"باوەڕبکە، دوکتۆر بەرهەم ساڵح، بەدەمی خۆی گوتی: جا ئاسەواری کۆن چییە؟ پێویست نییە". هەرچەندە خۆم گوێم لەم قسەیەی د. بەرهەم نەبووە، بەڵام باوەڕمکرد کە شتی وای گوتبێ. چۆنکە ساڵانێک لەمەوبەر، کە ئەودەمە سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی بە خوێنی سەری یەک تینووبوون و منیش هەوڵی ئارامکردن و ئاشتکردنەوەیانم دەدا، جارێکیان لەو سەردەمەدا، لە بەرلین چاوم بە د. بەرهەم کەوت و گلەیی ئەوەمکرد لێی کە بۆچی لە سلێمانی، لەجیاتی ئاڵای بەعس، ئاڵای کوردستان هەڵناکەن. د. بەرهەم گوتی: "جا ئاڵا چییە، پارچە پەڕۆیەکە، پێویست نییە". کە ئەوەی گوت، ئەزژی وەک کەسێک کە لە سلێمانی لە دایکبووم و کاتی منداڵی و مێرمنداڵیم لەوێ بردووەتەسەر و، وەک خەڵکی سلێمانی بەرامبەر دەمدرێژیی لەروودانامێنم، گوتم: "جا دەرپێش چییە، پارچە پەڕۆیەکە". د. بەرهەم دەستبەجێ خۆی دوور خستەوە لێم. ئەورۆژە، د. بەرهەم نێوی لە کوولوکەی تەڕیش دانەبوو، بە خەونی شەوانیش نەیدەدی، ببی بە جێگری سەرۆککۆماری عێراق بەڕنجی شان وخوێنی ئەو کوردە لێقەوما وانەی کە ئاڵاکەیان بەپارچەپەڕۆیەک دەزانێ، کرا بە جێگری سەرۆککۆماری عێراق بەڵام ئەمە ژیانە، رۆژان رۆژیان لە دووایە.


کورد دەڵێن قسە قسە دێنێ، کۆتایی چلەکانی سەتەی رابوردوو بوو، جارێکیان لەگەڵ باوکم لە سلێمانییەوە، بەڕێی کەرکووکدا دەچووین بۆ بەغدا. لە کەرکووک بە شوێنێکدا تێپەڕین، باوکم تاوێک لە بەری دا وەستا و، ئەوجا گوتی: "رۆڵە ئەم شوێنە کاتی خۆی فەرمانگەی پشکنەر (مفتش) ی زانیاریی (معارف) ی کوردستان بوو، کە پاش چەند ساڵێک لایانبرد. سەید عەبدولفەتاحی بەرزنجی پشکنەر بوو. تابلۆی فەرمانگەکەی 3 مەتر درێژ دەبوو، بەڵام خۆی لێرە نەبوو، لە بەغدا دەژیا. رۆژێکیان لە بەغدا لە میواندارییەکی دۆستە کوردەکانی بەغدامدا بووم کە چاوم بەو سەییدە کەوت، بە کوردییەکی شەق و پەق قسەیدەکرد. گوتم: تۆ پشکنەری قوتابخانەکانی کوردستانیت، بۆ لە کەرکووک دانانیشیت، چ دەکەیت لە بەغدا، گوتی: "ماڵ و منداڵم لە بەغدایە و بوونم لە کەرکووک پێویست نییە، بەڵام چووم بۆ کوردستان و شیعرێکیشم بۆ ''وەگه ن کردووە''، شیعرەکەی لە گیرفانی دەرهێنا و دایە دەستم. کە خوێندمەوە، دێڕێکی هۆنراوەی پشکنەری زانیاریی کوردستان ئەمە بوو:
بەندە چووم تەفتیش وەگه ن کوردستان       یەک قامووس مومتاز من کرد لە خۆیان
 

باوکم گوتی: کە ئەو دانیشتنەم بەجێهێشت و چوومە دەرەوە، بیرم لەوە دەکردەوە و دەمگوت تۆ بڵێیت ئەم کوردە تووشی دەردی ''قحط الرجالى'' نەبووبێ و لەبەر خۆمەوە دەمگوت ''بەراستی کورد، خراپ لێیقەوماوە''.


ئەم قسەیەی باوکم تەمەنی شەست ساڵێک دەبێ، ئەوا لەم رۆژانەدا لە مێشکمدا خولدەخوات و کە ئەم شتانەی لە کورد دەقەومێت واملێدەکەن کە ئەزژی بێژم ''بەراستی ، کورد خراپ لێیقەوماوە''.

 

بەرلین
 11/1/2009