په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

         دووکه‌رت بوون.

بەرزان هەستیار

لە خودا دڵڕەقترم بۆ سزا ،
لە خودا میهرەبانترم بۆ بەخشین
    
*******
لە " قابیل " دڕندەترم بۆ تاوان
لە "قابیل " بێ براترم بۆ پرسە
    
*******
لە ئاسمان چاو قایمترم بۆ بروسکە ،
لە ئاسمان دڵسافترم بۆ ساماڵ
    
*******
لە ژیان ناشرینترم بۆ ئازار ،
لە ژیان ڕازاوەترم بۆ ئەوین
    
*******
لە مردن بە پەلەترم بۆ زێمار
*
لە مردن هێمنترم بۆ ئارامیی
*******
لە بیابان تینووترم بۆ بارانێک ،
لە بیابان بێ منەتترم بۆ هەتاو
    
*******
لە منداڵ دڵناسکترم بۆ گریان
لە منداڵ سادەترم بۆ پێکەنین
    
*******
لە ڕووبار بەخووڕترم بۆ ڕژان ،
لە ڕووبار هێورترم بۆ پشوو
    
*******
لە خەیاڵ بێ سنوورترم بۆ فڕین ،
لە خەیاڵ ئاسانترم بۆ دەستەمۆ بوون
    
*******
لە پاییز بێ دەسەڵاتترم بۆ وەریین
لە پاییز ئاڵتوونییترم بۆ درەوشانەوە
    
*******
لە بەرد ڕەقترم بۆ وردبوون
لە بەرد بێ جووڵەترم بۆ هەنگاو
    
*******
لە سەربازی هەڵاتوو ترسنۆکترم بۆ جەنگ ،
لە سەربازی هەڵاتوو قایمتر ، داوێنی ژیانم گرتووە !
_________________________
زێمار: ئەو شیوەنەیە کە بۆ مردوو ئەکرێت.

ئابی 2009
کۆلن


     دوور له‌ گڵکۆکه‌ی دایکمه‌وه‌، خه‌یاڵات.
ئەو سپێدە ڕەنگ پەڕیوەی ،......
دایکم وەک پیرەدارێکی میهرەبان
بەسەر مەینەتییەکانی خۆیدا بەربۆوە ،
ئەوەم لە خۆر ڕائەبینی ....
سبەینێ نەچێتە سەر کار ،
یان هیچ نەبێت قردێلەیەکی ڕەش
بدات لە یەخەی چاکەتە ڕەنگ زیوییەکەی ،
کە مەستییش هێندەی چنگێکم ئەهێڵێتەوە ،
وا ئەزانم ، شەقامیش خۆی لوول ئەکات ،
کۆڵان بە کۆڵان لەگەڵما ئەگەڕێت و
گۆرانیەکی کزەڵە و پەشۆکاو ئەچڕێت
ئاسمانیش خزمایەتیی نمە و ڕەهێڵە ناکات و
ڕێگەی بروسکەش نادات ببێتەوە بە دراوسێی ؛
ئەفسووس ، شتاقیان نابینم و
هەموو خەیاڵە تەڕەکانم
سترانێکی ، لێو شەقار .. شەقارن ، ....
لە سارایەکی کاکی بە کاکییدا.
     *******
لەوە بێ ئاگا نیم
هەتا قامی قیامەت ، سەر بەرەو ژوور گالیسکەیەک داژووم و
لە بانی سەرەوە ، بەر لەخلبوونەوەی ئەو
تل ئەبمەوە دامێن ؛.
خودا هیچی بۆ نەماوەتەوە ،.....
گەڕی ئەو شیعرە پاڵتۆ زلانەم پێ ئەکات
ئەو پاڵتۆیانەی هەزار و یەک گیرفانیان هەیە ،
هەزار و یەک شێتی قسە خۆش و
هەزار و یەک سەرخۆشی ڕۆح سووک و
هەزارو یەک قەیرە کچی شەڵاڵ ، بە ئاهی وشک و
هەزارو یەک بێوەژنی وشک ، بە حەسرەتی تەڕ و
هەزار و یەک دڵۆپە فرمێسکی ترساویان ، تیا جێ بۆتەوە
خودا هیچی دی شک نابات ،
بە ساویلکەیی خۆم تاوانبارم ئەکات
لەو دڵسافییەم ئەپێچێتەوە ......
کە بڕوام بە بێ ئەقڵیی گوێ درێژ و
سپڵەیی پشیلە و
پیرۆزیی پەرەسێلکە نییە ؛
من هەر وا بووم ،
بە منداڵییش ئالوودەی ئەو گەمانە بووم
کە هاوڕێکانم بە پەرێزیاندا نە ئەچوون
بە هەرزەییش ، بەو کچانەم ئەوت خۆشم ئەوێن
کە کوڕانی گەڕەک ، .....
شەو نەبوو پێیانەوە شەیتانیی نەبن.
     ******
چەند جوانە هەمیشە لە ئاوازێک بخوێنیت .....
دراوسێکان تەقەی سەریان بێت ،
لەسەر پەیژەی هەشتەمی مۆسیقاوە بژەنیت و
سێ شەممان سەر بتاشیت و
چوار شەممان نەچیتە سەر" شەخس " و
ڕۆژی هەینی بچیتە قوتابخانە و
بە شەوان نینۆک بکەیت و
جەژنی "ڕەمەزان " چوار ڕۆژ و
" قوربان " یش بکەیتە سێ ڕۆژ ؛
گەورەییە ، لە حەوسەڵەی ئەو کرمە بچووکە ڕابمێنیت …..
بە کاوەخۆ ، شەڕێکی نا بەرابەر لەگەڵ خاک ئەکات ،
لەو مراوییە ورد بیتەوە بە باڵی خوێناوییەوە....
بێچووەکانی لە سێرەی ڕاوچی قوتار ئەکات و
لە بانیژەی ئەوانەوە ،....
کرانەوەی شکۆفە و
هەڵوەرینی پەڕە ژاکاوەکانی خۆت بخوێنیتەوە.
     *******
ئەوێ ڕۆژێ ،....
دایکم لەسەر چەرپای قاچ شکاوی سێبەرێکی خەست ،
سێبەرێکی عەبووس ، .....
سێبەری " مردن " ، لێی ڕاکشا و
کەچی ، بۆ بەیانیی
خۆر ، وەک نە بای دیبێت نە بۆران .....
هەر لە ڕۆژهەڵاتەوە لە خەو هەستا ،
ڕووبار هەر سەربەرەو خوار هاژەی ئەهات و
باران بە ڕیتمی جارانی ئەباریی ،
ئیتر گومانم لەوە نەما ،......
ئێمە هەموومان ڕەنگێکی مردووین ، .....
لە کەڤاڵێکی فەرامۆشکراودا ،
ئێمە هەموومان سەرقاڵی ڕاونانی سێبەری خۆمانین ،......
لە نیوەڕۆیەکی گەرمی پڕ غەفڵەتا ؛
ئێمە هەموومان گەمەی شکاوی دەستی منداڵێکین
کە چیدی کەڵکی ئەوەمان نەماوە ...
خۆیمان پێوە خەریک بکات ،
گەمەیەکی تووڕ دراوین ،
گەمەیەکی تۆز لێ نیشتوو.

مایسی 2009
کۆلن/ ئەڵمانیا

bhastiar@yahoo.de