٢٥\٨\٢٠١٧
دوو کورتە چیڕۆک.

وەرگێڕانی لە
عەرەبییەوە بە دەستکارییەوە: عەلی حەمەڕەشید
مێروولە و دەنکە
گەنم.
قالۆنچەیەکی تەمەڵ بە دیار شارە مێروولەیەکەوە وەستا بوو.بە
سەرسامییەوە چاودێری دیمەنێکی دەکرد کە پێشتر شتی لەو شێوەیەی
نەدیبوو.مێروولەکان دەنکە گەنمیان لە شارەکەیان دەردەھێنا و لەسەر
زەوییەکە بڵاویان دەکردەوە تا تیشکی خۆر لێیبدات .زیاتر سەری سوڕما
کاتێک بینی ھەندێک لە مێروولەکان بە دەم دەنکە گەنمەکان دوو
لەتدەکەن..قالۆنچەکە لە مێروولەیەکی ھاوڕێی نزیک بۆوە و پرسی: بیستومە
مێروولە گەنم لە ناو شارەکەیاندا ھەڵدەگرێت و دەری ناھێنێت.ئایا ئەمەی
ئێستا ئێوە دەیکەن تەنھا بۆ کات بەسەر بردنە؟!مێروولە پێکەنی و
وتی:ئێمە کات بەسەر بردن نازانین و ھەموو ژیانمان کار کردنە،بۆیە کاتێک
ھەست دەکەین دەنکە گەنمەکان لە ژێر زەویدا شێ لێیان دەدات لە
گەنجینەکان دەریان دەھێنین.قالۆنچە وتی: ئەی بۆچی دەیانکەن بە دوو
کەرتەوە؟ئایا لەبەر ئەوەیە کە ئەمساڵ کەمتان کۆکردۆتەوە؟ مێروولەکە
وتی: نا زۆرمان کۆکردۆتەوە، بەڵام بۆیە دەیانکەین بە دوو کەرتەوە تا
سەوز نەبن ،چونکە گەر بەساغی بمێننەوە ، بەھۆی باران و (شێ) وە سەوز
دەبن .قالۆنچە سەرێکی راوەشاند و بە پێکەنینەوە وتی: من لە خواردنەکانم
ناترسم ، چونکە من ھیچ ھەڵناگرم.
ڕێگەی قوتابخانە.
دایە ھەمو بەیانییەک یاسەمین و ئارۆی لە خەو ھەڵدەساند،تا بچن بۆ
قوتابخانە..یاسەمین دووساڵ لە ئارۆی برای گەورەتر بو، لەبەر ئەوە
دەبوایە ئاگاداری بوایە و لەگەڵ خۆی بیبردایە بۆ قوتابخانەکەی کە نزیک
قوتابخانەکەی ئەم بو.لە ڕێگە یاسەمین باسی ھاوڕێکانی خۆی بۆ ئارۆ دەکرد
و ھەرشتێکیشی ببینیایە بۆی باسدەکرد.یاسەمین ڕۆژانە ئارۆی لەبەر دەرگەی
قوتابخانەکەی جێدەھێشت و خواحافیزی لێدەکرد ،ئینجا دەڕۆیشت بۆ
قوتابخانەکەی خۆی.دوای تەواو بوونی قوتابخانەش ئارۆ لەبەر دەرگە
چاوەڕوانی یاسەمینی خوشکی دەکرد ، تا بگەڕێتەوە و لەگەڵیدا بڕواتەوە بۆ
ماڵەوە..ئەمڕۆ ئارۆ بڕیاریدا کە بە تەنیا بڕوات بۆ قوتابخانە ، چونکە
گەورەیە و ڕێگەکەش بەباشی شارەزایە.دەچێتە دەرەوە و بەلای ڕاستدا
دەڕوات ، ئەوسا بەلای چەپی شەقامەکەدا پێچ دەکاتەوە و تابلۆیەکی
ھەاَواسراو دەبینێت ، دوای چەند خولەکێک قوتابخانەکە دەبینێت کە
بەرامبەرێتی.. ئەم بڕیارەی بە دایکی وت و سور بوو لەسەری. چونکە
ھاوڕێکانی قوتابخانەی پێیاندەوت کە تۆ پێویستیت بە کەس نییە و پێویست
ناکات ھەموو ڕۆژێک خوشکەکەت بتھێنێت بۆ قوتابخانە..دایکی کە زانی زۆر
سورە لەسەر بڕیارەکەی زۆری لەگەڵدا نەوت و قایل بو کە بەتەنھا بڕوات ،بەڵام
بە یاسەمینی وت کە دوایکەوێت و لە دورەوە چاودێری بکات .ئارۆ جانتاکەی
کردە شانی و دەرچو..پاش کەمێک یاسەمینیش دەرچوو..ئارۆ بە تەنیشت
دیوارەکەوە دەڕۆیشت ،کاتێک سەگێکی بینی لە دوورەوە دەوەڕی ترسا و وەستا
تا سەگەکە لە چاو ونبو، ئارۆ ھەستیکرد کە ئەمڕۆ ڕێگەی قوتابخانە لە
ڕۆژانی تر درێژترە .ھەستیکرد کە ڕێگەکە لەگەڵ یاسەمینی خوشکیدا
نزیکتربو.ئارۆ گەیشتە قوتابخانە ، بەڵام زۆر ماندوو بێھێزبو ،چێژی
لەیاریکردن وەرنەدەگرت و باشیش لە وانەکان تێنەدەگەیشت..دوای تەواو
بوونی قوتابخانە ،ئارۆ بینی یاسەمین لەبەر دەرگەی قوتابخانەکە
چاوەڕوانیەتی ، یاسەمین پێی وت: ئارۆ گیان چۆنی؟ حەزدەکەیت پێکەوە
بڕۆینەوە یان بەتەنیا بڕۆیتەوە ؟!ئارۆ دەستی یاسەمینی گرت و وتی:
ھەرچەندە رۆیشتن و ھاتنمان پێکەوە خۆشترە چونکە ڕێگەکە لەگەڵ تۆدا
جوانتر و کورتتریشە، بەڵام من لەمەو دوا ھەوڵدەدەم جار جاریش بەتەنیا
بێم بۆ قوتابخانە...
ماڵپەڕی
عەلی حەمەڕەشید
|