٥\١٢\٢٠١١
دوو
نیو پیاسە.

تەیب قادر
لە هیچ شوێنێک
مەگەڕێ
من لێرەم
لە نێو ئەم شیعرەدا
بە جانتایەکی شل و پڕ لە هەواوە
بە یەک تاک گۆرەوی شەرمن
بە قەبرێکی سەراوخوار
بە دونیایەک لە شەوی بۆش
بە نینۆکێکی زۆر درێژی کورت
بە سی و یەک ستوونی خوار
بە ژوورێکی پڕ لە گەچی مۆر
بە سۆندەیەکی خواروخێچ
بە کیلۆیەک هەوای قورس
بە پەنجەیەکی پەنچەر
بە سەتڵێک مووی رەق
بە فنجانێک پڕ پڕ لە وایەر
بە پاکەتێکی بێ شەبەکە.
من لێرەم
هیچم نییە
نە شەربەتی پەتاتە
نە دیواری کاغهزیی
نە چیمەنتۆی فێنک
نە هەیوانی نەرم
نە کۆتری خۆش بەفر
نە قاچی شەقام
نە لۆکەی سارد
نە سێبەری زەوی
نە دراوسێیەتی پانکە
ئەوەی هەمە،
تاکێک گۆرەوی بەتاڵ
کۆمەڵێک کتێبی شل
دیوارێکی سێگۆشە
هەنجێرێکی گوێ سووک
دوو نیو پیاسە
پارچەیەک ئاسمان
کابۆیەکی پڕ شەرم
پێت دەڵێم: لێرەم
بە هەموو دونیای ئاوەکان
بە هەموو دونیای خوێنەکان
بە هەموو دونیای پێڵاوەکان
بە هەموو دونیای دیوارەکان
بە هەموو دونیای ئاسمانەکان
بە هەموو دونیای شەقامەکان
بە هەموو دونیای پەنجەرەکان
بە هەموو دونیای هەنجیرەکان
بە هەموو دونیای خۆم.
نامەوێ زۆر بژیم
بای بەخێوکردنی دوو کەروێشکم بەسە
چەند سەعاتێک بۆ خڕکردنەوەی دونیا
هەر ئەوەندهی دوو قوم خۆڵ لە نێو دەستمدا جێگایان ببێتەوە.
ماڵپەڕی تەیب قادر
|