په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٥\٢٠١٥

دونیای ماتەریاڵ.


ستار محەمەد قادر   


زۆرێک پێیان وایە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان تادێت بەرەو لاوازی دەڕۆن و رۆژ لەدوای رۆژ کاڵ دەبێتەوەو کەس بیر لەویتر ناکاتەوەو تەنھا سەرقاڵی خۆشدوویین " موجامەلە " ی یەکترین و ئەم سەردەمە کە بەسەدەی شۆڕشی تەکنۆلۆژیا ناوزەد دەکرێت، سۆزو خۆشەویستی نەھێشتووەو خۆپەرستی لەزیھن و دونیا بینی و لەڕوانگەی تاکەکاندا بۆ پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان لەخۆشەویستی و دۆستایەتی زیاتر بەرجەستە کردووە.


ئەم دیدە تا ئەندازەیەک راستە، لێ لەڕاستیدا ئەو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەی کە لەڕابردوودا ئاماژەی بۆ دەکرێت، زادەی سەردەمی خۆی بووە، پەیوەندیەک بووە لەسەر بنەمایەکی لاواز ھەڵچنرابوو، ھەر پەیوەندیەک بنەمایەکی زانستی یان مەعریفی و ئەقڵانیەتی نەبێت، ناتوانێت لەدۆخە جیاوازەکاندا پەرە بەخۆی بداو گەشە بکات، ھێزی ئەوەی نابێت بەرگری لەخۆی بکات، بەو مانایەی رەگێکی قووڵی مێژوویی دەبێ و بەسانایی کۆمەڵگە ناتوانێت دەسبەرداریان ببێت.


بەڵام کاتێک دەبینین ئەو پەیوەندییانە دەکەونە ژێر کاریگەری ھەژموونی ماتەڕیاڵەوەو دەبن بڵقی سەر ئاو و ماددە دەبێت بەھەموو شتێک لەژیانمانداو زۆرترین پانتایی بۆ خۆی قۆرخ دەکاو دەبێت بەشوێن گرەوەی ئەو شتانەی لەڕابردووماندا جوان بوون و ئێستا بەحەسرەتەوەین بۆیان، لاوازی ئاست و جۆری ئەو پەیوەندیەمان بۆ ئاشکرا دەکەن، کە تا چ ئەندازەیەک رواڵەتی و نا ئەقڵانی بوون!


بێ گومان دونیای ماتەڕیاڵ، دونیایەکە کورد تا ئێستا لەسیاقی ئەو ئامێرانەوە تەماشای دەکات، کەپێی وایە ئەوە خودی ئەوە تەلەفزیۆنەکەی کۆنتڕۆڵ کردووە، بێ ئەوەی سەرنجی ئەوە بدات لەھەموو حاڵەتەکاندا ئەوە بەرھەمەکانی شۆڕشی تەکنۆلۆژیایە ئەو ھەڵدەسووڕێنێ و لەژێر ھەژموون و کاریگەری ئەودایە!


دونیای ماتەڕیاڵ، لەئێستادا ھەموو شتێکی ئێمەی بۆ خۆی قۆرخ کردووە، ئیستاتیکای نیگامانی بەشێوەیەکی رەھایی بۆ خۆی گواستۆتەوە، ئێمەی مرۆڤ حاڵی حازر لەرۆبۆت دەچین، بێ بیرکردنەوەو بێ ھەست و سۆز ئەوەی ئاراستەمان دەکات و دەمان جوووڵێنێت، تەنھا بەرھەمی ئەو بازاڕەیە کە بەشۆڕشی تەکنۆلۆژیا یان دونیای ماتەڕیاڵ دەناسرێت.


ئەم دیدەی ئێمە بۆ ئەم دونیایە، بارگاوی کردووین بەململانێیەکی زۆر شەکەتھێنەر لەپێناو بەدەستھێنانی شتە ماددیە رووڵەتیەکان و پەراوێزخستنی شتە جەوھەریەکان، کەخۆی لەئاسوودەیی مرۆڤ و ئارامگرتنی ناخیدا دەبینێتەوە، بۆیە تا ئێمە زیاتر بەحەسرەتی بەدەستھێنانی ئەو شتانەوە ببین کە ئەم دونیایە رۆژ لەدوای رۆژ دەیخەنە پێش چاومان، تا عەوداڵی مۆدیل و شتە کەمالییەکان ببین، تا زیاتر برەو بەو شتانە بدەین، رەنگە نەک تەنھا پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان، بگرە زۆر شتی دیکەش لەدەست بدەین.


رەنگە سادەترین پرسیار ئێستا لەخۆمانی بکەین: ئەوە بێت بۆ جاران خانوەەکان بچووک بەڵام مرۆڤەکان گەورەو پڕ شکۆ بوون؟ ئەی بۆ ئێستا خانووەکان گەورەو ئینسانەکان تادێت بەرەو بچووکی دەڕۆن؟ بەڕای من ھۆکارەکەی بۆ ئەو گۆڕانکاریە ناسرووشتیە دەگەڕێتەوە کە تێی کەوتووین، بۆیە تا لەژێر کاریگەری شتە ماددیەکاندا ببین، تا بێت شتی زیاترو زیاتر لەدەست دەدەین و ئەوەشی بڕوات ناگەڕێتەوەو بەحەسرەت ھەڵکێشانیش بەدڵنیاییەوە ناتوانین ھیچ لەدۆخەکە بگۆڕین؟!

 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک