په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٤\٢٠١٨

دوو پرس و پەیڤێک.

هۆمەر        


ئەو شۆڕشە بەرفرەوانەی لە ئێستادا لە جیھانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەرییدا بەرھەستە و تا بە ھەموو کەل و قوژبنێکی دنیا چووە و پەل و پۆی بە گشت جێگە و شوێنێکی جیھاندا شۆڕ بۆتەوە، زۆر خێرا پریشەکانی دنیای ئێمەی کوردیشی گرتۆتەوە و ئەگەر ئاوەزمەندانە و ژیرانە و سەردەمییانە ھەڵسوکەوتی لە تەکدا نەکەین، بێ سێ و دوو ھەلەکانی بەردەم، دەبنە ھەڕەشە و مەترسیی و زیانمەندی یەکەم و کۆتایی ،خۆمان و زمان و کولتوورەکەمان دەبێ. لێرەوە دەمەوێ ئاوڕ لە دوو پرسی ھەستیار و گرینگی ئێستای نێو کۆمەڵگەی کوردی بدەمەوە کە ھەر یەکە و بە چەشنێک لە پێوەندیی ڕاستەوخۆ دەگەڵ ئەویتردایە. یەکەمیان، ڕووی لە پرسێکی جڤاکیی و لە ھەمان حاڵدا دەروونناسییە کە ڕاگەیاندنی کوردی دەتوانێ تەمەکان بڕەوێنێتەوە و بە شێوەیەکی پلانمەند،ئاستی وریایی نەتەوەیی بەرانبەر بە پرسی ناسنامە و شوناسبەرز بکاتەوە و پێش بە خەسارەکانی دادێ بگرێ و ئەوی دیکەیشیان، یادکردنەوە و وەبیرھێنانەوەی ڕووداو و بویەرێکی ھەرە گرینگی ھاوپێوەند بە ئینسانی کوردەوەیە کە لێرەوە ناوی ئێمەی کوردی خستە سەر ڕووپەلی ڕۆژنامان و مێژوویەکی بۆ ڕۆژنامەگەریی کوردیی نەخشاند. سەرەتا لە پرسی یەکەمەوە دەست پێدەکەم.


من نامەوێ بچمە نێو باس و بابەتێکی ورد و قووڵەوە کە سەرەتا پێویستە پێناسەی زانستیی بکرێ و دواتر ئاوڕ لە ھۆکارەکانی دروستبوونی بدرێتەوە و لە کۆتاییشدا بە دوایڕێکار و چارەسەرەکاندا بگەڕێیت. دیارە پرسێکی ئەوتۆ دەچێتە خانەی توێژینەوەیەکی زانستیی و گەڕان و پشکنینی زۆری پێویستە و لە ئێستادا لە مەبەستی ئەم کورتە نووسینەوە دوورە.


بێ دەق و دۆغر دەمەوێ بچمە سۆراخی بابەت یان پرسێکەوە کە ھەموو تاکێکی کورد لە ھەر کوێی کوردستان یاخۆ تەنانەت جیھانیش بێ، ڕۆژانە بەرەو ڕووی دەبێتەوە و دەکرێ بڵێم بەدەستیەوە ناڵانە و ئازار دەبینێ.لەم چاخ و سەردەمەدا کە بە سەردەمی تەقینەوەی زانیاری یان بە ھەمان واتا باوەکەی "چاخی زانیاری" ناودێرە و جیھان زێتر لە گوندێکی بچووک دەچێ و ھەر تاکێک لە ڕێی ئامراز و کەرەستەیەکی تەکنۆلۆژیاوە دەتوانێ لە دۆخی جیھانی چوارتەنیشتی ئاگادار ببێتەوە و ئەم ھەموو دەسکەوتە بخاتە خزمەت کولتوور، زمان و نەتەوەکەی؛ ئێمەی کورد ھێشتاکە وەک پێویست نەمانتوانیوە ئەم ھەلە زێڕینە بەقازانجی میللەتەکەمان بقۆزینەوە و بە شێوازێکی شیاو لە بەرژەوەندیی خۆ دەکاری بێنین.جاران لەمپەر و بەربەست بە ھەزار بوو کەچیئەرچی ئێستایش کەند و لەند ھەر ھەیە ،بەڵام ئەو دۆخە تۆقێنەرە زۆر گۆڕانی بەسەردا ھاتووە و ئیدی سێبەرە چڵکن و بۆرەکە تا ڕادەیەک لە سەرمان لاچووە. لێ، ئێمە ھێشتا ھەر بە دەوری بازنە کۆنەکەدا دەسووڕێینەوە و ئەوەندەی خۆ بە ژیانی ڕۆژانەوە سەرقاڵ دەکەین، زۆر کەم ئاوڕ لە پرسە ھەستیارەکان دەدەینەوە و جێی داخی فرەوانە ھەر ھیچ ئیرادە و ویستێکی نەتەوەیی لەم پێوەندییەدا بەرچاو ناکەوێ و ئەگەر بوونیشی ھەبێ، لە ئاستێکی نزم و بچووکدایە و نەمانتوانیوە بۆ نێو کۆمەڵگە شۆڕی بکەینەوە. گەرەکمە ئاماژە بە پرسێک بدەم کە دڵنیام پەرۆشیی ھەموو مرۆیەکی خودان جەوھەری کوردە و ڕۆژانە بەدەستیەوە ئازار دەبینێ و دەیەوێ ڕێکارێکی بۆ بدۆزێتەوە و ئەوەی لە سینگیدا پەنگی خواردۆتەوە، بۆ ھەر ھەموو کۆمەڵگەی کوردی بگوێزێتەوە. ئەم پرسە ھەرە ھەستیارە ،ھەستی خۆ بەکەمبینی یان گرێی خۆ بەکەمزانییە.


بە زمانێکی سادە و ساکار،ھەست یان بە واتایەکی ڕاستتر،گرێی خۆکەمبینی یاخۆ ھەستی خۆبەکەمزانی ،گرێیەکی دەروونییە و دەکەوێتە نێو چوارچێوەی زانستی دەروونناسییەوە و دەیان لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە و گەلێک دەروونناسی ناوداری وەک "ئالفێرد ئادلێر" ،"سیگمۆند فرۆید"،"ژان پیاژێ" و... لەو پێوەندییەدا خاوەن بیردۆزیی و بەرھەمن و خوێندنەوە و ڕۆچوون بە دنیای ھزر و ئەندێشەی ئەو جۆرە زانستوەرانەدا، ڕۆشنایی زێتر دەخاتە بەردەممان. من پرسەکە بچووکتر دەکەمەوە و تەنێ دەمەوێ ئاوڕێک لەم کێشەیە لایمرۆی کورد بدەمەوە و بەرچاوڕوونیی بە خوێنەرببەخشم و وریا و ئاگاداریبکەمەوە کە چلۆن دەتوانێ ئەم گرێیە لە کۆڵ خۆی بکاتەوە ودەروون و ناخی خۆی ھێور بکاتەوە.


مخابن ئەمە ڕاستییەکی تاڵ و ھەژێنەرە کە دەستەڵاتی زمانە سەردەستەکان بە درێژایی دیرۆک بەسەر کورددا ئەوەندە کۆن و قووڵە کە تەنانەت گەلێک جار تاکی کورد لە کاتی ئاخاوتن بە زمانی کوردی، بۆ ئەوەی بەرگی ئاوەزمەند و ... بکاتە وەر قسەکانی، پەنا بۆ دەستەواژە و زاراو و پەندێکی زمانە سەردەستەکان دەبا و پێی وایە زمانەکەی خۆی لەم سۆنگەوە کول و بێدەستەڵاتە. بەم ڕۆژانە لە کەناڵێکی کوردییەوە، گوێم لە ئاخاوتنی شاخەوانێکی کورد بوو کە لە پێوەندی نێوان مرۆ و ئاژەڵ دەدوا و چەند جاران ئەم ڕستە فارسییەی پاتە دەکردەوە :"با حیوانات مھربان باشیم". (با لەگەڵ ئاژەڵانبەسۆز بین،با لەگەڵ ئاژەڵان بەبەزە بین،با لەگەڵ ئاژەڵان،میھرەبان بین،وەرن لەگەڵ ئاژەڵان چاک بین). وەک بڵێیت زمانی کوردی ھیچ ھەمبەر و ھاوتایەکی بۆ ئەم ڕستە ھاسانە نەبێ کە وەک فارسییەکە بنوێنێ.یان دەیان دەستەواژە و زاراوە و پەندی دیکە کە ڕۆژانە نائاخودئاگا یان لە ڕووی وشیارییەوە و بە ئەنقەست بە زارماندا دێن و ھیچ بیریشیان لێ ناکەینەوە.ئەم ھەستە بۆ کورد لە ھەمبەر زمانەکانی عەرەبیی و تورکییش بەڕاست دەگەڕێ و تەنانەت تا بە نێو ماڵی کوردیش چووە و ئێستاکە بۆتە مێمڵێکی سەخت و سڕینەوەی، ئەرک و ماندووبوونێکی زۆری پێویستە. پلان و بەرنامەی ورد و ژیرانەی گەرەکە کە لە ئێستادا تارماییەکەیشی بەردیدە ناکەوێ. کورد لە مێژە بە دەست قەیرانی شوناسەوە گیرۆدەیە و تا کاتێک ئەم پرسە نەبێتە خەم و پەرۆشیی ڕۆژانەی ھەر ھەمووان، زەحمەتە بتوانینخۆلەم گێژاوە ڕزگار بکەین. ھەر لێرەوە ڕۆڵ و دەوری میدیا و ڕاگەیاندنی کوردی پتر بایەخ پەیدا دەکا و گەر کورد خاوەنی میدیای وشیار و پەرۆش بێ، گرێ ئاڵۆزەکەی لا ھاسان دەکرێتەوە و دەتوانێ سەرەڕای ھەموو جیاوازییەکان، لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان، یەکڕیزیی و تەبایی لە بەینی جەماوەردا چێ بکا.


لە لایەکی دیکەوە، بەداخەوە کەم نین ژماری ئەو بە ناو زانستوەرە کوردانەی کە بە دیدەی نزم سەیری زمانەکەی خۆیان دەکەن و لەبەر کولبوونی کوردییەکەیان، لێرە و لەوێ ،لەم جڤین و، ئەو فێستیڤاڵ و کۆبوونەوەدا ئەو تۆمەتە دەدەنە پاڵ زمانی کوردی کە گوایە زمانی زانستیی نییە و توانای دەربڕینی چەمکە زانستییەکانی نییە. ھۆکارێکی ئەم پرسە دەگەڕێتەوە بۆ ھەمان پەروەردەی لاواز و بە نزم سەیرکردنی زمانی خۆ و کەوتنە بن ھەژموونی زمانە سەردەستەکان.
یەکێکی دی لە ھۆکارە گرینگ و سەرەکییەکانی ئەم پرسە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خاڵە کە بە درێژایی مێژوو، زمانی کوردی کەوتۆتە بن سێبەری ڕەشی زمانە سەردەستەکان و ھەرگیز دەرفەتی گەشەسەندنی پێنەدراوە و ئینسانی کورد ئەو ھەلەی بۆ نەڕەخساوە بە زمانی خۆی بنووسێ و بخوێنێتەوە و ھەمیشە شەرمنانە لە ھەمبەر زمانەکەی خۆی جووڵاوەتەوە. بەڵام ھەنووکە ڕەوشەکە گۆڕانێکی زۆری بەسەردا ھاتووە و ئێستاکە ئەوە خودی کوردە کە زمانەکەی بەھەند وەرناگرێ و لە کوێ بۆ دەستەواژە و زاراواێکی زانستیی یان پەندێک دۆش دابمێنێ، بێ سێ و دوو و سووک و ھاسان پەنا بۆ زمانە سەردەستەکە دەبا و ھیچ خۆی بە کوردییەکەوە کە زمانی خۆیەتی، ماندوو ناکا.


دەستەڵاتی زاڵ و ئەقڵییەتی زاڵ، ئەوەندە بە شێوەیەکی ترسناک و قووڵ کاری کردۆتە سەر مرۆی کورد کە بە ھەزار داخ و کەسەرەوە لە ئێستایشدا بەشی فرەمان، ئەوەندەی خوێندنەوەی ورد و قووڵمان بۆ مێژوو، جوگرافیا، زمان، کولتوور و ...زمانە سەردەستەکان ھەیە، دە یەکی لەسەر خۆمان نازانین. کوردێکم گەرەکە(دەوێ) لە نێو گەلانی سەردەستدا میناک و نموونەیەکم بۆ بێنێتەوە کە ئەویش بە ھەمان شێوەی ئێمە، پەنا بۆ چەمک و دەستەواژە و پەندی کوردی ببا! ئەمە ھەرگیز ڕوو نادا؛چونکە ھەمیشە لە سەرەوە سەیری ئێمەی کورد دەکەن و کوانێ بەرز،بۆ نزم(لە دید و ڕوانگەی باڵادەستەوە)دەڕوانێ؟! ھەر بۆیە لێرەوە ئەرکی میدیا و ڕاگەیاندنی کوردی سەد ھێندە گرانتر و قورستر دەبێ و پێویستە بە دیدێکی نەتەوەیی سەیری ئەم پرسە بکرێ و لە کوێدا ھەست بە مەترسیی و ھەڕەشە بۆ سەر زمان و فەرھەنگی کورد بکرێ، چالاکانە بێتە مەیدانەکە و پرسی وریاکردنەوەی مرۆی کورد لە ھەمبەر ناسنامە و شوناسی کوردی لە ھەموو پرسەکانی دی ،لە لا ئەوبەرتر و گرینگتر بێ. ئەمە زۆرڕاستە کە مرۆی کورد لەبەر نەبوونی کیانێکی سەربەخۆ،بەردەوام لە بن شاڵاوی ھەمە لایەنەی زمانە سەردەستەکاندایەو ڕۆژانە بۆردمانی ھزری دەکرێ و ئەم ھەموو پەلامارە،یەک لایەنەیە و ئەو دەرفەتەی پێنادرێ بچووکترین کاردانەوەی ھەبێ و بتوانێ بەرەنگاری ئەوڕەوتە زاڵە ببێتەوە. ھێدی ھێدی ئەم ھێرشە ناڕەوایە، لە لای دەبێتە پرسێکی ئاسایی و ئیدی پێیوایە ئەمە قەدەر و چارەنووسیەتی و ناتوانێ خۆی قوتار و دەرباز بکا و مخابن لە نێو زمان و فەرھەنگ و چاندی سەردەستدا دەتوێتەوە. ھەر بۆیە ئەمە کاتێک ڕوو دەدا(وشیاریی نەتەوەیی و قوتاربوون لە دەست ھەستی خۆ کەمبینی) کە میدیای کوردی بکەوێتە دەست مرۆی پێشەیی، نیشتمانپەروەر و خودان ئەزموون لە بواری ڕاگەیاندندا.


بەڵام پرسی دووەم ،ڕووی لە ١٢٠ ساڵ ڕۆژنامەگەریی کوردیی و یادکردنەوەیەک لەم بۆنە پیرۆزەیە.


بە درێژایی مێژووی ١٢٠ ساڵەی خۆی، ڕۆژنامەگەریی کوردی بەردەوام بەرەوڕووی کێشە و ئارێشەیەکی بەرفرەوان بووەتەوە و ڕێگایەکی پڕ ھەوراز و نشێوی بڕیوە. لە دەرچوون و بڵاوبوونەوەی یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی "کوردستان" لە ساڵی ١٨٩٨(گوڵانی ١٢٧٧ی ھەتاویی)یەوەلە لایەن "میقداد مەدحەت بەدرخان"ەوە لە "قاھیرە"ی پێتەختی وڵاتی میسر ھەتا ھەنووکە، لە ھەر ھەموو کوردستان و بگرە ھەندەرانیش، ئاستەنگ و کۆسپەکان یەک و دوو نەبوونە کەچی ڕێبوارانی خەمخۆری ئەو ڕێبازە پیرۆزە، بێوچان بەرەو پێشڤە ھەنگاویان ناوە و تەکانێکیان بە ڕۆژنامەگەریی کوردیی داوە و بە سەدان ڕۆژنامە، گۆڤار و بڵاڤۆکی کوردی چاپ و بڵاو بوونەتەوە.لە پار و بەشی ڕۆژھەڵاتدا ھەر دوابەدوای سەرھەڵدانی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦ (١٣٢٤ی ھەتاویی) و دامەزرانی ئیزگەکانیڕادیۆیی لە شارەکانی تاران،کرماشان،مەھاباد،ورمێ و سنە و بگرە ناوچەی خۆراسان و باژاڕی مەشھەد ،زمانی کوردی لەم بەشەی کوردستاندا تەکانێکبە خۆوە دەبینێ و چەندینڕۆژنامە و حەوتەنامە بە زمانی کوردی دەردەچن. "کوھستان" ،"نیشتمان"،"ئاوات"، "کوردستان"، "ھەڵاڵە"، "گڕ و گاڵی منداڵان" و ... نموونە ھەرە ‌بەرچاوەکان لەو بوارەدا دێنە ئەژمار. ھەڵبەت پێشتر و ساڵی ١٩٢٢( ١٣٢١ی ھەتاوی) "مەلا محەممەد تورجانی زادە"(قزڵجی) لە ورمێ ،گۆڤاری "ڕۆژی کورد "دەردەکا.ئەم کاروانە ھەنووکەیش ھەر درێژە بەم خەباتە پیرۆزە دەدا و ئەمە ھیوابەخشە و پێمان دەڵێ لە بن نسێی ڕۆڵەی پەرۆش و چاوکراوەی کورددا لە ھەر سەردەم و قۆناخێکدا ھەرگیز خەباتی ڕۆژنامەوانیی کوردی تووشی وەستان نەھاتووە و ڕێی خۆی بڕیوە بەڵام ڕاستیت گەرەکە لە ئێستادا کە سەردەمی زانیارییە و تا دێ دیاردەی نوێتر و تازەگەریی زێتر لەم مەیدانەدا دێتە کایەوە و خێراییەکی ھەمە لایەنە بە خۆوە دەبینێ و ڕۆژانە تۆڕ و دیاردەی تازە سەر ھەڵدەدەن، گەر ڕۆژنامەگەریی کورد بۆ نھا خاوەن پلان و بەرنامە نەبێ، بەرەو ڕووی قەیرانێکی ھەرەقەتی و سەخت دەبێتەوە. ھەر بۆیەڕۆژنامەگەریی ئێستای کوردی پێویستی بە دەستەی بەڕێوەبەری پیشەگەر و ئاکادێمیست و ڕۆژنامەوانی بوێر و پیشەیی ھەیە و ئیدی وەک جاران ئەم ڕەوتە بە ھاسانی ناچێتە سەر. لێرەوە ئەرکەکە دوو ھێندە زەحمەت و دژوارتر دەبێ.ئێستاکە لەم بوار و گۆڕەپانەدا تۆڕە جڤاکییەکان و ڕۆژنامەگەریی ئەلکترۆنیش بۆ خۆ تەراتێن دەکەن و سەرەڕای ھەموو کەموکووڕیی و گرفتەکانیان، و وا خەریکە جێ بە ڕۆژنامەی قاقەزیی لێژ دەکەن و تا دێ ژماری خوێنەری ڕۆژنامە و گۆڤاری قاقەزیی کەم دەبێتەوە کە ئەمە مەترسیدارە. چونکە لە ڕاستیدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر کەم بابەت و نووسینی زانستیی و لێکۆڵینەوەیی بڵاو دەکەنەوە و زێتر بە وردە بابەت و ھەواڵی ڕۆژانەوە سەرقاڵن و زۆر جاریش لەبەر ئەوەی لە لایەن کەسانی شارەزاوە بەڕێوە نابرێن، زانیارییەکانیان ئەوەندە جێی متمانە نین و ھەرگیز ناتوانیت بۆ نووسین و بابەتێکی زانستی پشت بەو چەشنە تۆڕانە ببەستیت. کەچی تا بە دوورەدەستترین ئاوایی و گوندەکان ڕێیان بڕیوە و ناتوانین حاشا لە بوونیان بکەین. بۆیە خودی مەترسییەکە ھەر لێرەوە دەست پێ دەکا کە چەندە سووک و سانا ڕێیان بڕیوەتە نێو ھەموو ماڵێکەوە. لە لایەکی ترەوە، ڕۆژنامە و بڵاڤۆکی ئێستای کوردی لەبەر ئەوەی لە باری ئابوورییەوە بێ پشتیوانە، زۆر زوو دەکەوێ و بەداخەوە لەبەر سەرقاڵییەکانی مرۆی ئەم سەردەمە بە دابینی بژێوییەوە ئەوەندەیش ناتوانێ ستافی پیشەگەر لە دەوری خۆی گلێر بکاتەوە. کەچی لە ئالییەکی دیکەوە، ئەوەیش لە لایەن دەسەڵاتەوە پشتیوانی دەکرێ، ھەرگیز بە لای ڕۆژنامەگەریی ڕاستینەدا ناچێ و دەیەوێ بۆ ئامانجی دیارییکراوی خۆی و دروشم و پڕۆپاگەندە بۆ ئەم لایەن و ئەو ڕەوت کار بکا و زۆر بە کەمیی بابەت و نووسینی بەپێزت لەم جۆرە بڵاڤۆکانەوە بەرچاو دەکەوێ. ئەو ڕەخنە توندەی جاران ڕووی لە زۆر و بۆریی ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردیی لە باشوور بوو، ھەنووکە بەرۆکی خودی ڕۆژنامەگەریی کوردیی ئەم بەشەی کوردستانی گرتۆتەوە و لەم جەنجاڵستانەدا بە دەگمەن نووسینی پوخت و زەنگینی کوردیت لێرە و لەوێ، بەردیدە دەکەوێ. ھەر ئەمەیش قەیرانەکە ئاڵۆزتر دەکاتەوە و سەر لە زمان و فەرھەنگ و خوێنەریش دەشێوێنێ و دەرھاویشتەکەیش ھەر بە زیانی ڕۆژنامەگەریی کوردیی دەشکێتەوە و کۆتایی دێ.ھیواخوازم بە ھەر ھەموومان(ڕۆژنامەوان و نووسەر و ڕۆشنبیر)ەوە پاڵپشت و پشتیوان بۆ یەکدی بین و ڕۆژنامەگەریی کوردییش شانبەشانی کاروانی ڕۆژنامەگەریی جیھانیی ڕێ ببڕێ.

 

 

h_noryawi@yahoo.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک