په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١٠\٢٠٢١

   دوو قەسیدەی دی لە (عەبدولوەهاب بەیاتی)ەوە.

 

 

 

 

عەبدولوه‌هاب بەیاتی

و: نەژاد عەزیز سورمێ

  مۆتەکەی شەو و ڕۆژان.
زەوی خەون بە لەدایک بوونی پەیامبەرێک دەبینێ
ئاسۆکان لە داد پڕ بکا
زەوی خەون بە وەلەدبوونی وەرزان دەبینێ
منیش لە شەقامدا تەرمێکم ھەڵگرتووە
تا کە شەو داھات
لە باخچەیەک
یا قەحپەخانەیەک بینێژم .
لە قاوەخانەیەک
یا بە تاراییەکی نوور
چەھرەی خۆم لە خوا و لە تۆ بشارمەوە..
مەست لە شەرمان
دەگریم
گۆرانییەکە دەڵێ :
دوای ئەوەی دەنگی بولبول پڕ کرا
سترانبێژ کە لە قەوانێکدا گۆرانی بۆ خۆر دەچڕێ
پاش ئەوەی فرۆشرا و سەری گۆرانیبیژ سپی بوو
خوێنی گوڵیش بەسەر ئاسۆدا ھاتە خوار
گۆرانییەکە چی دەوت؟
چۆلەکەش بەسەر شۆستەی شەوا دەمرن
پەیامبەری چاوەڕوانکراویش
ھێشتا لە ئەشکەوتدا نوستووە
ھێشتا باران بەسەر دیواری ماڵە بەساڵاچووەکانەوەیە
سەربانی شارانیش دووگیان و
ڕیکلامی دەڵاڵەکانی خانوو
بە خوێن
لەدایک بوون و مردنی وشە دەنوسێتەوە
منیش تەرمێکم لە شەقاما ھەڵگرتووە
ڕووی خۆم لە خوا و لە تۆ شاردوەتەوە.

بۆ دەگری؟
ئەی ڕووباری ئەفسانەیی
کە شیر دەداتە مەمکی شار
خاشاکی بەرەو دەریایان ھەڵگرتووە
بە ئەسپە تۆپیوەکان و
پاشماوەی گالیسکە تێکشکاوەکانەوە
منیش لەدایک بوونی ڕۆژ
لە چاوی ئەو پشیلانە دەبینم
ئاوزنگ ئەدەن
دوای ئەوەی دەنگی بولبول پڕ کرا و
سترانبێژیش کە گۆرانی بۆ خۆر لە قەوانێکا دەچڕی..
تەرمەکە دەگریا
وەختێ من لە شەقامدا بە دوای تۆدا دەگەڕام
کە ڕۆژ مرد پێکگەیشتین
پاشان شەو دوای ڕۆژێ ھات
ڕۆژێکی دیش پاش ئەو ڕۆژە و
قەوانەکە دەخوولێتەوە ..‌
گۆرانیبێژەکەیش بە دەنگێک
ساڵان کەرخییان کردووە
ھەڵپەیەتی بەو دیو تاریکایی ڕێ دەکا
.. .. .. .. .. .. .. .. ..
.. .. .. .. .. .. ..
گۆرانییەکە چی دەوت؟
گۆرانییەکە چی دەوت؟

  
 کەشیش.
ڕۆژگاری ھاوین و جەستەی گوڵ
کە لە ژێر ماچی نووردا دەمرن
لاقەکراوێکی شەکەت
چایش لەسەر ئاگردا دەکوڵێ
- کێ لێرەیە ؟
قەوانێک دەخوولێتەوە
- کەس
شەو لەگەڵ ڕۆژدا یەک دەگرێ
جەستەی گوڵیش لەسەر ئاگرە
تۆیش لە ژێر لێومەوە کاھینێکی نھێنییان دەدرکێنێ
قوربانییەکە قەساب بە مەمکی ڕووتییەوە
بە دیواری ھەڵواسیوە ..
ئەی ئەو ژنەی بە ئەشکەوتەکانی بۆرژان و
ئەفسانە و جادوودا سەر دەکەوێ
دەچێتە باڵ جادووگەر و شەڕوان و شاعیر
گوڵی ھاوینەیش کە لە بێشەڵاناندا دەمرێ
لە ژێر لێوەکانمدا نھێنی ھەڵخەلەتێنەری دەدرکێنێ
منداڵیی ڕۆژ و
ئەسپی دەریا و یاقووتی ئەشکەوتەکانی ئاگر و
ترپەی بارانم پێ دەبەخشێ ..
- کەس نییە
لە قووڵایی شەوانی بابل دا بووین
بەسەر شوورەکانییوە شەڕمان دەکرد ..
من و تۆ ڕووپۆشی عاشقانمان پۆشی بوو
بەسەر شوورەکانەوە بووین
لەژێر ماچی ئەو ھاوینەدا دەمردین
کە نامرێ
بە دوای گالیسکەکانی نووردا دەکەوتین
من و تۆ دەیپۆشین ..
ھەردووکمان بەسەر قەوانێکەوە بووین دەخوولایەوە
یاقووتی چاوی جادووگەری شار دەدزین
گۆرانییەکی خەمبار
بە گەڕەکەکانیدا دەسوڕێینەوە.‌
ئەی ژنی لەدایک بوون و مەرگ
کە لە بانگی کەڵەشێر و
پێکەنینی قەرەجە پاشاکان چاوەڕێ دەکەی
لە کوێوە دێی؟
بۆ کوێ دەچی؟
ئێمە بەسەر شوورەکانەوە بووین
من و تۆ ڕووپۆشی عاشقانمان پۆشی بوو
مردبووین
قوربانیی خواوەندی قوڕ
بۆ فورات دەنێرین
جەستەی گوڵیش لە ژێر ماچی نوورەوە
لاقە کراو و شەکەت
تۆیش پێدەکەنی
بە ڕووتی بۆ خۆر پێدەکەنی
ئێمە بەسەر شوورەکانییەوە
سرووتمان دەنواند
ئەی ئەو ژنەی لە ئەشکەوتەکانی خەودا لاقە دەکرێی
لە باخچەکانی فورات
لە ژێر ماچی قوڕدا
وەختێ لە دایک دەبی
لە کوێوە دێی و؟
بۆ کوێ دەچی؟

________________________________________
* ھەر دوو قەسیدە لە بەشی دووەمی (عەبدولوەھاب البیاتی - الاعمال الشعریە) بڵاوکردنەوەی (المۆسسە العربیە للدراسات والنشر - بیروت)، چاپی ١٩٩٥ کراون بە کوردی . بڕوانە لاپەڕە ٢٠٧ و ٢٠٩.

ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک