١\٨\٢٠٢٢
دوو
راپۆرتی گرنگ لەسەر
کاردانەوەی
کەمکردنەوەی هەناردەی غازی
رووسیا.

زاھیر باھیر
دوای کەمکردنەوەی غازی ڕووسی بە ڕێژەی لە سەدا ٨٠ لە ڕێگەی بۆری نۆرد
ستریم یەک-ەوە و بڕیاری کۆمیسۆنی یەکێتی ئەوروپی لە سەر خەزنکردن و
دەستەگرتنەوە بە غازەوە بە ڕێژەی لە سەدا ١٥ لە ئێستادا کاردانەوەکەی
زۆرە و پێشبینی زۆر واقیعیانە دەکرێت کە من دەمێکە کردوومن.
بۆ ئەمەش دوو راپۆرت یا دوو وتاری گرنگی ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانی ئەو
ڕاستیانە دەردەخات. منیش بە پێویستم زانی کە بیخەمە بەردەم بینەرانی
ئەم پۆست و نووسینە.
راپۆرتی یەکەم:
ڕاپۆرتی یەکەم یاخود وتاری یەکەم سەبارەت بە ئەڵمانیایە کە هەر لە
ئێستاوە لە ٣ شاری گەورەیدا خەریکن بڕیارەکەی کۆمیسۆنی یەکێتی ئەوروپا
جێ بەجێدەکرێت.
بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە هانۆڤەر یەکەم شاری گەورەیە کە ڕێوشوێنی
پاشەکەوتکردنی وزە دەستپێدەکات و بەرلین ڕوناکی مۆنۆمێنتەکان
دەکوژێنێتەوە. هانۆڤەر لە باکووری ڕۆژئاوای ئەڵمانیا ڕۆژی چوارشەمە
بووە یەکەم شاری گەورە کە ڕێوشوێنی پاشەکەوتکردنی وزە ڕابگەیەنێت،
لەوانە کوژاندنەوەی غازی ئاو گەرمکردن و دوشکردن و حەمامەکانی باڵەخانە
و ناوەندەکانی کات بەسەربردن کە لەلایەن شارەوانی شارەکانەوە
بەڕێوەدەبرێن.
شارەکانی ئەڵمانیا خەریکی کوژاندنەوەی ڕوناکی شوێنەوارە گشتیەکان و
گرتنەوەی نافورە و سەپاندنی دوشێکی سارد بەسەر مەلەوانگە و هۆڵە
وەرزشییەکانی شارەوانییەکاندان. ئەمانە لە کاتێکدایە کە ئەڵمانیا
پێشبڕکێ دەکات بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزەی خۆی لە بەرامبەر
قەیرانی غازی ڕووسیا کە لە ئارادایە.
بیناکانی شارەوانییەکان لە پایتەختی ویلایەتی ساکسۆنی خواروو تەنها لە
١ی تشرینی یەکەمەوە تاکو ٣١ی ئازار گەرم دەکرێن، کە پلەی گەرمی ژوورەکە
لە ٢٠C (٦٨F) زیاتر نەبێت، هەروەها بەکارهێنانی یەکەکانی تەندروستی
گەڕؤک [مۆبایل] و گەرمکەرەوەی پانکە قەدەغە دەکرێن. بڕیارە ئەم بڕیاری
کەمکردنەوەی وزە و دەستگرتنەوە بە غازەوە دایەنگە و باخچەی منداڵان و
قوتابخانە و خانەی چاودێری و نەخۆشخانەکان نەگریتەوە.
بەلیت ئۆنای سەرۆکی شارەوانی شارەکە لە پارتی سەوز وتی: «دۆخەکە
پێشبینی نەکراوە». "هەموو کاتژمێرێکی کیلۆوات ئەژمار دەکرێت، و
پاراستنی ژێرخانی گرنگ دەبێت لە پێشینە بێت.".
شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، شەوی چوارشەممە نزیکەی ٢٠٠ شوێنەواری
مێژوویی و بینای شارەوانییەکان لە تاریکیدا داپۆشران، چونکە شارەکە بە
مەبەستی پاشەکەوتکردنی کارەبا سپۆتلایتەکانی کوژاندەوە. ئەو
شوێنەوارانەی پێشتر لە شەودا ڕووناک دەکرانەوە بریتین لە ستوونی
سەرکەوتن لە پارکەکەی تیرگارتن، کڵێسای یادەوەری لە بریتشایدپلاتز و
مۆزەخانەی جولەکەکان، چی تر وەکو جاران نابن.
دوێنی ڕۆژی ٥شەمە حکومەتی ئەڵمانیا ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە نرخی غاز
زۆر زیاتر دەبێت لەوەی کە پێشبینی دەکرا. بۆ ئەمەش وەزیری ئابووری
ڕۆبێرت هەبیسک وتی " هێشتا ناتوانین بڵێین لە مانگی نۆڤەمبەردا نرخی
غاز چەند دەبێت، بەڵام هەواڵە تاڵەکە ئەوەیە کە بە دڵنیاییەوە چەند سەد
یۆرۆیەک لەسەر هەر هەر ماڵێک زیاد دەبێت».
سەرەڕای بەکارهێنانی غاز بۆ کاروباری ئاسایی، ئەڵمانیا لە سەدا ١٥
غازەکەی بۆ وزەی کارەبا بەکاردەهێنیت کەواتە کەمی غاز ڕەنگە لەسەر
ئەڵمانیا زیاتر بکەوێت تاکو هەندێک وڵاتی دیکە. لە ساڵی پاردا ٢٠٢١، ١٤
وڵاتی ئەوروپی لە سەدا ٥٠ی غازی پێویستیان لە
رووسیا وەرگرتووە.
شاری میونیک / میونیخ لە باشووری ئەڵمانیا، ئەم هەفتەیە ڕایگەیاند کە
ڕوناکی هۆڵی شارەوانییەکەی لە گۆڕەپانی مارینپلاتز دەکوژێنێتەوە، کە
بەزۆری تا کاتژمێر ١١ی شەو ڕووناک دەکرێتەوە و تەنها ئاوی سارد لە
ئۆفیسەکانی شارەوانییەکاندا هەیە هەروەها شەوانە نافورەکان دەگرنەوە.
شارەوانی شاری نورنبێرگ سێ لە چواری مەلەوانگەی ناوەوەی خۆی دادەخات کە
لەلایەن شارەکەوە بەڕێوەدەبرێن و تا ٢٥ ی ئەیلول لیدۆکانی دەرەوەی بە
کراوەیی دەهێڵێتەوە.
راپۆرتی دووەم:
لە راپۆرتی دووهەمدا زۆر نهێنی گەورە و نیگەرانی قووڵ ئاشکرادەبێت و چی
تر لە لایەن بەرپرسان و دەسەڵاتدارانەوە ناتوانرێت بشاررێتەوە.
بەهۆی ئەوەی کە چی تر خەڵکی لە ئەڵمانیا نایانەوێت ئابلوقەی ئابووری و
سزای ئابووری
رووسیا بدرێت [وەکو ئەوەی
رووسیا بە سزاکان بڕوخێت]
ئانالینا بایربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئاسۆی ڕاپەڕینی جەماوەری
لە ئەڵمانیا لە پاییزی ئەمساڵدا لەسەر نرخی بەرزکردنەوەی غاز دەبینێت.
هەروەها ئۆکرانیا و هاوپەیمانەکانی چاویان لەسەر و سەرنجیان لەسەر
توندکردنەوەی هەژموونی ئێستای سزاکانە بۆیە پێشنیاری توندڕەوتر دەخەنە
ڕوو و پێیان وایە ڕەنگە ٢٠ وڵات بەشداربن لە تێپەڕاندنی سزاکانی کە
ئێستا بەسەر ڕووسیادا سەپێنراون.
وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دەڵێت " لە ئۆکرانیا پوتین بە مووشەک و تانک
شەڕ دەکات، لە ئەوروپا بە نرخی غاز شەڕ دەکات»
.
لە لایەکی دیکەوە ئاندری یەرماک، ڕاوێژکاری سەرەکی سەرۆکی ئۆکرانیا،
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، بە ڕوونی ئاگادارە لەوەی کە ڕەنگە ڕای گشتی چۆن
بگۆڕێت و دەڵێت هەڵە دەبێت ئەگەر ڕێگە بدرێت شەڕەکە بەرەو زستان بکێشێت.
ئەو پێیوایە دەبێت ئەمساڵ شەڕەکە یەکلایی بکرێتەوە.
هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، بەریتانیا کە دۆستێکی نزیکی ئۆکرانایە و دنەی
زیاتری دەدات بۆ شەڕ و ماڵوێرانکردنی زیاتر، تەنانەت پشتگیری سیاسیی
ئەم چی تر وەکو پێشتر نابێت و لە لەرزیندا دەبیت ئەگەر قائیمەی غاز لە
مانگێکدا سەرکەوێت بۆ ٥٠٠ پاوەند، چونکە مەترسی ناڕەزایی گەورە دەکرێت
کە " فەوزای" یەکی گەورە دەبێت. ئەمە لە کاتێکدا لە
رووسیا ئەم
مەترسیانە یا نییە یاخود کەمە چونکە مەرج نییە پوتین گوێ لە ڕای گشتی
بگرێت؛ ئەو خۆی دیکتاتۆرە و خاوەنبڕیارە.
ئێستا ئەوروپا بۆ جێگرەوەی وزەی
رووسیا هاوار بۆ سعودییە و جەزائیر و
عێراق و قەتەر و کازاخستان و نایجیریا دەبات.
ئەڵمانیا کە لە ئێستادا مشتومڕ لەسەر هەڵەکانی ڕابردووی سیاسەتی
دەرەوەی دەکات و مێرکڵ تاوانبار دەکات بەوەی کە ئەڵمانیای بە پاشکۆیی
رووسیا هێڵاوەتەوە، واڵتەر ئیشینگەر، دیپلۆماتکاری پێشووی ئەڵمانیا،
ڕۆژی پێنجشەممە وتی" لە سیاسەتی ئەمنی، لە سیاسەتی ڕووسیا، لە سیاسەتی
وزەدا، ئێمە لە زەمینەی سفرداین و دەبێت لە سفرەوە دەست پێ بکەین.".
هەر ئەو هەندێک سیاسی دیکە دەڵێن گەر ئەم بار و دۆخە بەردەوام بێت چی
تر ئەڵمانیا وڵاتێکی پیشەسازی پێشکەوتوو نابێت.
هەر لەو ڕاپۆرتەدا ئاوا هاتووە هەناردەی غازی ڕووسیا لە مانگی
حوزەیرانی رابردوودا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو بە رێژەی نزیکەی
چارەکێک کەمیکردووە، بەڵام داهاتەکەی بۆ ١١.١ ملیار دۆلار (٩.١ ملیار
پاوەند) بەرزبووەتەوە، ئەمەش بەراورد بە ٣.٦ ملیار دۆلار پێش جەنگەکە.
ئەمە وەڵامی ئەو پرسیارەمان دەداتەوە کە ئەگەر
رووسیا هەر ئاوا بە کەمی
غاز هەناردەی ئەوروپا بکات خۆی مایەپوچ نابێت؟ لە ڕاستیدا ئێمە زۆر بێ
ئاگاین لە وریایی و زۆڵێتی پوتین. ئەو زۆر باش دەزانێت بەردەوامیدان بە
جەنگەکە بە قازانجی ئەو و زیانی دەسەڵاتدارانی ئەوروپا دەگەڕێتەوە.
ئێستا ئەوروپا بیر لە هێنانەکایەی یاسای نیشتمانی دەکاتەوە و بیگرێتە
بەر کە ڕێگە بە حکومەتەکان دەدات لە تەجمیدکردنی [بەستنی] سەروەت و
سامانی کەسیی ئۆلیگارکەکانی ڕووسەوە لەوێوە دەستیان بە سەردا بگرن..
٢٩\٧\٢٠٢٢
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|