٩\٩\٢٠١٥
دوورگەی
تاراوگە و پیاوێکی کۆستکەوتوو.

فەتاح
حەسەن
لەوە پتر
خۆ گێل ناکەم.. ئەم هەوارە
چیدی لانکەی خەمە سرکەکانم نییە
لە کۆڵیان دەنێم،
تا دەگەمە ئەو هەوارەی
لە ناخمدا ناوم ناوە
دوورگەی تاراوگە.
ماوەیەکە.. لەمێژ نییە
خەون بە کەشتی و
بە دەریای (ئیجە)وە دەبینم
کە، رادەبم
وەك دێوانە دەبزڕکێنم:
سەر لەسەر دەست
سەر قەدەرە و دوا هەواریش..
دوورگەی تاراوگە.
هەتا دەریا رۆخی هەبێ..
شەپۆل بدا
یەخت..
لە کەناریا لەنگەر بگرێ
داوای خوێن و قوربانیی لە کۆچبەر دەکا.
دوێنێ، رێک ئەم دەمە
تاقانەیەکی منی هەڵلووشی
ئەمڕۆ هاتووم..
لە چاوەڕوانیی
هێڵنجێکی ئەم
دەریایە نەفرینە
لاشەی ساردەوەبووی تاقانەکەی خۆم ببینم.
دانیمارك
/ ڤالبی
ماڵپەڕی فەتاح حەسەن
|