٥\٨\٢٠١٦
دوو رژێمی
دژ بە یەک، بەڵام هاوئامانج.

هاشم کەریمی
کاتێک سەیری تەلەڤزیۆن دەکەی یان رۆژنامە و
گۆڤار و وتاری ئینتیرنیتی دەخوێنیتەوە، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دوو
وڵات زۆرترین باسەکانیان بۆخۆیان تەرخان کردووە، ئەوانەش بریتین لە
کۆماری ئیسلامیی ئێران و رژێمی پاشایەتیی عەڕەبستانی سعوودی. بە باوەڕی
لێکۆڵەرە وردبینەکان ئەو گرینگیدانە بەو دوو رژێمە دوو هۆی سەرەکیی
هەیە، یەکەم هەردووکیان وڵاتانی دەوڵەمەندی خاوەن کانگای نەوتن کە لای
شیرکەتە چەوسێنەرەکانی جیهانی سەرمایەداری خۆشەویستی کردوون، دووهەم
بەرواڵەت دژی تیروریزمن، بەڵام لە راستیدا بە شێوازی جۆراوجۆر
دابینکەری ماڵی و چەک و چۆڵی تیروریستان و پەرەپێدەری توندئاژوویی
ئاینیین بە هەردوو شێوەی شیعە وسونەوە کە لەم وتارەدا بە وردی باس
دەکرێ.
لێرەدا بۆ ئەوەی هۆیەکانی دژایەتیی ئەو دوو رێژیمە بزانرێ، دەبێ
بگەڕێینەوە بۆ مێژوو و نەختێک بەدریژی لەسەربناغەی پێکهاتەی
ئیدەئولوژیکیی ئەو دوو سیستمە بدویین.
کاتێک شا ئیسماعیلی سەفەوی لە سالی ٩٠٧ی کۆچی، ١٥٤٥ی زاینی، لە
ئێراندا دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت، مەزهەبی شێعەی کردە مەزهەبی رەسمیی
ئێران و لەو ریگەدا چەندین شەڕی کرد لە گەڵ عوسمانییەکان و ئوزبەکەکان
و تورکەمەنەکان کە سونە مەزهەب بوون و بە قەولی مێژوو نووسان لەو
ریگەدا دووسەد و پەنجا هەزار مرۆڤ سەری تیدا چوو کە پتریان کەسانی سونە
مەزهەب بوون. شا ئیسماعیل بە دڵڕەقی و بێبەزەیی بوون بەناوبانگە و
شێوەکانی ئەشکەنجە کە بەرانبەربە دوژمنانی بە کاری هێناون هێندێکیان تا
ئێستاش لە رژێمە دیکتاتۆرەکاندا بەکار نەبراون. لە بەرانبەر کوشتاری
سونەکانی ئێران و دەوروبەری دا، سوڵتان سەلیمی عوسمانیش تۆڵەی لە شیێعە
عەلەوییەکانی عوسمانی کردەوە و چل هەزار کەسی لێ قەتڵوعام کردن کە
بەشێکیان کورد بوون.
ئاخوندەکان لە دەورەی سەفەویدا پەیڕەوی شاخەی 'اخباری' بوون کە
باوەڕیان وابووعولەمای شێعە دەبێ تەنیا لە چوارچێوەی قوڕعان و حەدیس و
سونەت دا فتوا بدەن و کاری شەرع راپەڕێنن. ئاخوندەکان لە دەورەی سەفەوی
دا دەسەڵاتی زۆریان هەبوو، بەڵام قەت هەوڵی بەدەستەوەگرتنی ئیختیاری
حکوومەتییان نەدا.
پادشاکانی سەفەوی بۆ بەهێزکردنی مەزهەبی شێعە بەشێکی بەرچاوی ئاخوندە
گەورەکانی ئەو دەورەیان لە لوبنانەوە دەهێنا. میرزا محەمەد تنکابنی
دەڵێ: 'کاتێک شا تەهماسب جەنابی شێخ عەلی کورکی لە جەبەل لوبنانەوە
هێنا بۆ وڵاتی عەجەم بۆ هەموومەملەکەتەکانی خۆی نووسی کە هەموو دەبێ
فەرمانبەرداری شێخ عەلی بن و ئەسڵی سەڵتەنەت هی ئەو پیاوە گەورەیە،
چونکە جێنشینی ئیمامە.'.
ههروهها لە سهردهمی شا سوڵتان حسەین، واته ئاخرین شای سەفەوی دا،
مەلا محەمەد باقری مجلیسی دەسەڵاتی بە رادەیەک بوو کە شا سوڵتان حسەین
هێچ کارێکی بە بێ پرسی ئەو نەدەتوانی بکا. چەند جارئەو پادشا
بێدەسەڵاتەی وادار کرد كه هێندێک ئەرمەنی و جووی بێتاوانی ئیسفەهان
بکوژێ لە بەر ئەوەی باج و خەڕاجی مەلایان نەدابوو.
لە دەورەی قاجاریشدا ئاخوندەکان دەسەڵاتی زۆریان هەبوو، ئەمجارە شاخەی
' اصولی ' نفووزیان پەیدا کرد کە باوەڕیان وابوو موجتەهیدی شێعە جگە
لە قورعان و حەدیس و سونەت بە پێی زەروورەت دەتوانێ ' اجتیهاد ' یش بکا.
لە دەورەی فەتحعەلیشادا کە پادشایەکی تا بڵیی کۆنە پەرست و خوڕافاتی
بوو، لەگەڵ ئەوەش شەڕی لەگەڵ رووسەکان پێ خۆش نەبوو، بەڵام سەید محەمەد
باقر (موجاهید ) لە نەجەفەوە هاتە تاران و بە یارمەتیی ئاخوندەکانی
دیکە فەتحعەلیشایان هان دا کە دژی رووس شەڕ رابگەیەنێ و خۆیشیان فتوای
غەزایان دا. فەتحعەلیشا نامەیەکی لە سەید محەمەد باقر(موجاهید) وەرگرت
کە ئەگەر شکستی خوارد، لە گۆڕدا بە نەکیر و مونکیری پیشان بدا کە ئەم
شەڕە بە ئەمری (موجاهید ) بووە. سەرەنجام لەشکرەکانی ئێران شکستیان
خوارد و بەپێی دوو پەیماننامەی گوڵستان و تورکمانچای، بەشێکی زۆر لە
سەرزەویی قەوقاز کە هی ئێران بوو درا بە رووسیە.
لە دەورەی قاجاردا هەرچەند ئاخوندەکان دەسەڵاتی زۆریان هەبوو و لە باری
مڵکدارییەوە ببوونە شەریکە بەشی شازادەکان و دەرەبەگەکان، بەڵام مەگەر
بە دەگمەن ئەگینا فەرمانبەرداری پادشاکانی قاجار بوون. هەرچەند هەر لە
دەورەی فەتحعەلیشادا ئاخوند ئەحمەدی نەڕاقی بیرۆکەیەکی هێنا بە ناوی '
حدیث مقبولە عمر بن حنظلە ' كه گوایە لە جەعفەری سادق ئیمامی شەشەمی
شێعەکان وەرگیراوە. ناوبراو لەو حەدیسەدا گوتویەتی دوای ئیمامی غایب
دەسەڵاتی وڵاتانی ئیسلامی بە هیج پادشا و دسەڵاتدارێک رەوا نیە و دەبێ
موجتەهیدی خاوەن سەڵاحیەت ئەو ئەرکە بەڕیوە بەرێ. کە دیارە خومەینی
دوای هاتنە سەرکار لەو حەدیسە کەڵکی وەرگرت و بە ناوی ' ویلاتی فەقیە '
دەسەڵاتی ئێرانی بە دەستەوە گرت.
هەر لە دەورەی قاجاردا بزووتنەوەی باب سەری هەڵدا کە دەزگای جەور و
بێدادی قاجار بە فتوای ئاخوندەکان نزیکەی بیست هەزار کەسیان لە زۆربەی
ناوچەکانی ئێران بە تۆمەتی بابی بوون کوشتار کرد کە بەوتەی مێژوونووسان
بەشێکی زۆریان لەو کوژراوانە کاربەدەستانی حکوومەت و ئاخوندەکان بە
تەماعی سەروەت و سامانیان ئەو تۆمەتیان لێدەدان و بەرکوشتار دەکەوتن،
ئەگینا بابی نەبوون.
لە دەورەی مەشروتە١٢٨٤ تا ١٢٨٨ی هەتاوی ١٩٠٥تا ١٩٠٩ی زاینی ئاخوندەکان
بوونە دوو بەش، بەشێکیان تەنیا لەبەر زوڵم و زۆری قاجار پشتی
ئازادیخوازانیان گرت' مەشروتەخواز ' و بەشێکیشیان بوونە پشتیوانی
حکوومەتی قاجار 'مەشروعەخواز '. دوای سەرکەوتنی مەشرووتە، ئاخوندەکانی
پشتیوانی مەشروتە توانیان خاڵی ١و ٢ لە قانوونی بنەڕەتیدا بچەسپێنن، کە
خاڵی ١ دەڵێ: 'مەزهەبی خەڵکی ئێران شێعەی جەعفەریی دوازدەئیمامییە
وهەتا هەتایە بەردەوامە.' و لە خاڵی ٢ شدا دەڵێ:' پێنج موجتەهید
چاودێری بەسەر قانوونە پەسەندکراوەکانی مەجلیسدا دەکەن، هەر قانوونێک
دژی شەرعی ئیسلام بێ، لای دەبەن.'.
رەزا شا هەرچەند تا رادیەک دەستی ئاخوندەکانی کورت کردەوە، بەڵام
نەیتوانی بە رەسمی دەست لەو خاڵانە بدا کە هەر لە قانوونی بنەڕەتیدا
مانەوە و دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی،ئاخوندەکان بە زیاد کردنی
چەندین خاڵی دیکە ئێرانیان بە تەواوەتی کردە وڵاتێکی ئیسلامی و ئەو
نەختە ئازادییەی کە خەڵکی ئێران لە شۆڕشی مەشروتە دا بە دەستیان
هێنابوو، لە خەڵکیان سەندەوە.
دوای ئەوەی لە ساڵی ١٣٢٠ی هەتاوی، واته ١٩٤١ی زاینی هاوپێمانان
هێرشیان کردە سەر ئێران و دیکتاتۆڕیی بیست ساڵەی رەزا شا رووخا، کەشێکی
ئازاد لە ئێران دا پێک هات کە هەم حیزب و ریکخراوە چەپ و
پێشکەوتنخوازەکان و هەم ئیسلامییەکان ئیجازەی تێکۆشانیان وەرگرت، لە
نێو چەندین حیزب و رێکخراوی ئیسلامیدا ریکخراوی ' فیدائیانی ئیسلام'لە
هەموان پتر ناوبانگی دەرکرد. فیدائیانی ئیسلام کۆپیی شێعەی 'اخوان
المسلمین' ی میسر بوو و یەکێک لە کارەکانی تێرۆری نەیارانی ئەو
رێکخراوە بوو. ئەحمەدی کەسرەوی مێژوونوس و نووسەری بەناوبانگ لە سەر
نووسینەکانی لەسەر شێعە یەکەمین قوربانیی ئەم تاقمە تیروریستیە بوو.
خومینی لە ١٣٢٣ی هەتاوی، ١٩٤٤ی زاینی وتارێکی نووسی و موسڵمانانی هان
دا بۆ کوشتنی کەسرەوی (ئەو کات خومەینی زۆر ناسراو نەبوو) دووایی 'نواب
سەفەوی ' رێبەری فیدایانی ئیسلام، فتوای کوشتنی کەسرەویی لە دوو گەورە
موجتەهیدی نەجەف وەرگرت وگەڕایەوە ئێران و یەکێک لە ئەندامانی
فیدائیانی ئیسلامئەحمەدی کەسرەوی و دەفتەردارەکەی لە وزارەتی داد و له
بەر چاوی قازی لێکۆڵینەوەدا تیرۆر کرد. دواییشسێ کەس لە سەرۆک وەزیرانی
ئێرانیان تیرۆر کرد و لە بەر ئەوەی ئایتوڵا کاشانی گەورە ئاخوندی ئەو
سەردەمە و زۆر لە ئاخوندەکان پشتیوانیان بوون، لە سەزای قورس رزگاریان
دەبوو.
دوای کودەتای ناسراو به كودهتای ' شا-زاهیدی ،ئەمریکایی- ئینگلیزی'
له ساڵی ١٣٣٢ی هەتاوی، ١٩٤٣ زاینی کە شا بووە دیکتاتۆڕیکی کەموێنە بە
دووجار هەشت کەس لە سەرانی فیدائیانی ئیسلامی ئیعدام کرد.
ئاخوندەکان بە کەڵکوەرگرتن لە هەستی ئاینی کۆمەڵانی خەلکی ئێرا ن و
پەنا بردن بۆ 'تەقیە ' کە واجبێکی شەرعیە لە مەزهەبی شێعەدا، به
فریودانی خهڵك له ژێر ناوی دابین كردنی ئازادی و ئاسایشت، و هەروەها
بە کەڵک وەرگرتن لەو کەشە تا رادەیەک ئازادەی کە لە دەورەی شادا تەنیا
بۆ ئەوان هەبوو، کە لە مزگەوت و حسینییەکانەوە پڕوپاگەندەی بۆچونەکانی
خۆیان بکەن و بە هۆی پرژوبڵاویی هێزە دیمۆکرات و ئازادیخواز و
چەپەکانەوە بە ئاواتی لە مێژینەیان واتە بە دەستەوەگرتنی کاروباری
سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی وڵات گەیشتن و لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی،
١٩٧٩ی زاینی کۆماری ئیسلامییان راگەیاند. ئاخوند کە لە سەراسەری مێژووی
ئێرانی شێعەدا لە بەرپرسایەتیەکاندا بێبەش بەڵام لە نیعمەتەکان دا
بەشدار بوو، ئەمجارە هەم بووە خاوەنی بەرپرسایەتییەکان وهەم نیعمەتەکان.
کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دەسەڵاتیدا بە کردەوە پیشانی داوە کە بۆ
دابەزاندنی بیرۆکەی 'ویلایەتی فەقیە' ئەم شیوازەی بە کار بردوە.
شووشتنەوەی مێشکی کۆمەڵانی بەرینی خەڵک لە ریی پڕوپاگەندەی بەربڵاو بە
هۆی میدیا و دەزگای راگەیاندنی حکوومەتی و ئیمام جومعەکان و بنیاتەکانی
تری سەر بەحکوومەت، دوژمنایەتی لە گەڵ توێژی روناکبیر و ئامادەکردنی
دواکەوتووترین توێژەکانی کۆمەڵ بۆ دژایەتی لە گەڵ رۆشنبیران و زانستی
نوێ ، دژایەتی لەگەڵ مافی مرۆڤی پەسەندکراوی رێکخراوە جیهانییەکان،
پێشێلکردنی ئازادیی ژنان، دژایەتی لەگەڵ کەمایەتییە مەزهەبییەکان،
چەوساندنەوەی چین و توێژە زەحمەتکیشەکان لە سۆنگەی بەڕیوەبردنی سیستمی
چەوسێنەری سەرمایەداری و توێژی مشەخۆری تازەپێگەیشتووی نێو جەرگەی رژێم
و سەرەنجام پێشێلکردنی مافی رەوای گەلانی بندەستی ئێران بە تایبەت مافی
رەوای گەلی کوردمان کە ساڵەهایە خەباتی بۆ دەکرێ.
لە ساڵی ١١٥٠ی کۆچی، ١٧٣٧ی زاینی وەهابییەکان بە رێبەریی محەمەد بن
عبدولوەهابی تەمیمی لە نەجدی عەڕەبستان کە لەوێدا فۆرماسیۆنی شێوە باوک
مەزنی سیستمی دەسەڵات بوو، راپەڕین و بیروبۆچوونی خۆیان لەسەر کێشە
مەزهەبییەکان راگەیاند. لە ساڵی ١١٥٧ی کۆچی ١٧٤٤ی زاینی ئەمیری عەشیرەی
مسالخبووە پەیڕەوی ئەم رێچکە مەزهەبییە. لە سالی ١٩٣٥ی زاینی محەمەد بن
مەسعوودی باپیرە گەورەی پادشاکانی سعوودی بیروبۆچوونەکانی محەمەد بن
عبدولوەهابی قبوول کرد و بووە پشتیوانی سەرەکیی ئەم جووڵانەوە و
دەوڵەتی وەهابیی لە عەڕەبستان دامەزراند. ئەوان کە سونەی حەنبەلی بوون
و لە ژێر کاریگەریی بیروبۆچوونەکانی 'تقی الدین ابن تیمیە ' فەقێی
سەلەفیی دا بوون ، هێندێک بیروکردەوەیان لە ئیسلامی سەردەم دا بە 'بدعت
'( شتێک کە لە ئەسڵی ئیسلام دا نەبووبێ ) دادەنا و پێیان وابوو هەرکەس
ئەو بدعەتانە پەیڕەو بکا کافرە. وەکوو ئەوەی هەر جۆرە عیبادەتێ جگە
لەوەی بە ناوی خودا بێ و پەسنی هەرکەس جگە لە خوا بدعەتە، زیارەتی
گۆڕەکان و جیگەکانی جێی رێزی موسڵمانان وەکوو بوتپەرستی وایە، هێنانی
ناوی کەسایەتیی ئاینی دوای پێغەمبەر ( وادیارە مەبەستیان عەلی خەلیفەی
چوارەم بێ کە شێعەکان ناوی دینن ) لە نویژدا کوفرە، پەیڕەوکردنی هەر
حوکمێک کە لە قوڕعان یان لە حەدیسی پێغەمبەردا نەهاتبێ کفرە. باوەڕ بە
'قدریە '(واتە مرۆڤ ئازاد خوڵقاوە و خۆی موختارە و مەجبوور نیە لە
کردەوکانی خۆیدا) وەکوو باوەڕی'موعتەزیلە ' کفرە ، تەئویلی (
لێکدانەوەی قوڕعان بە پێچەوانەی ڕواڵەتەکەی) قوڕعان کوفرە و زۆر شتی تر.
دیارە جگە لەوە وەهابییەکان لە گەڵ پیشکەوتنخوازی و کولتور و زانستی
رۆژئاواش بە توندی بەربەرەکانێیان دەکرد و هەر جۆرە نوێخوازیەکیان بە
کفر دادەنا. ئەوان لە ١٨٧٦ی زاینی هێرشیان کردە سەر کەربەلا و نەجەف و
حەوت هەزار شێعەیان قەتڵوعام کرد. ئەم کردەوانەی ئەوان کەشی زیاتری
دوژمنایەتیی سونە و شێعەی پێکهێنا ، چونکە شێعەکان کردەوەی
وەهابییەکانیان بە حیسابی هەموو سونەیەک دادەنا.
دوژمنایەتیی شێعەو سونە کەم تا کورت ئیدامەی هەبوو، تا بۆنی نەوت بەر
لووتی شیرکەتە نەوتیەکانی ئیمپریالیستی کەوت. ئەوانە روویان کردە
رۆژهەلاتی ناەوڕاست کە سەرچاوەی پتر لە نیوەی نەوتی جیهانی لێ بوو. دوو
وڵاتی پادشایی عەڕەبستانی سعوودی و پادشایی پەهلەویی ئێران لە باری
ئابووری و سیاسییەوە کەوتنە ژێر نفووزی رۆژئاوا. دوایی ئەمریکا ئەوانەی
زۆر لە یەک نزیک کردەوە و بوونە دوو دۆست وتەنانەت لە بەرامبەر
دوژمنانی رۆژئاوادا هەڵویستی چون یەکیان رەچاو دەکرد، تا ئەو کاتەی
کۆماری ئیسلامی لە ئێران دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت. ئەمجارە سیاسەتی دوو
وڵات گۆڕانێکی بنەڕەتیی بە سەرداهات، لە بەر ئەوەی عەڕەبستانی سعوودی
هەر وا دۆستی رۆژئاوا مایەوە، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران بە رواڵەت
پشتی کردە رۆژئاوا.
ئەم دوو رژێمە لەم ماوەی نزیکەی چل ساڵەدا ئەوەندەی بۆیان کراوە و لە
سایەی پووڵ و پارەی نەوتەوە پەرەیان بەکۆنەپەرستی و توندئاژوویی
مەزهەبی داوە، یەک لە بیرۆکەی کۆنەپەرستانەی ویلایەتی فەقیە بۆ نێو
شێعەکان کەڵکی وەرگرتووە و ئەوی دیکە لە بیرۆکەی کۆنەپەرستانەی وەهابی
بۆ نێو سونەکان. ئەوەش لە ریگەی دروست کردنی مزگەوت و مەدرسەی مەزهەبی
و ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب و گۆڤاری خۆرایی لە وڵاتانی
کەمداهاتی موسڵمان و تەنانەت لە وڵاتانی ئوروپایی و ئەمریکایی کە
کۆمەڵانی موسڵمان وەک پەنابەر روویان تێکردوە.
ئەم دوو رژێمە کۆنەپەرستە ئیدیعا دەکەن کە دژی تیروریزمن و وڵاتانی
سەرمایەداریش کە بەرژەوەندی ئابووریان لە عەڕەبستان هەیە و روسیە و
چینیش کە بەرژەوەندیی ئابوورییان لە ئێران دا هەیە، شەرمنانە
ئیدیعاکەیان قبووڵ دەکەن. ئێستا بە کورتی کارنامەی ئەو دوو رێژیمە لەو
بارەوە پیشان دەدەین. کوماری ئیسلامی لەورۆژەوە کە هاتۆتە سەرکار دەستی
لە تیرۆری کەسانی ئوپوزسیونی خۆی نە پاراستوە، جگە لەوەی نزیکەی سێ سەد
کەس کادر و پێشمەرگە و تەنانەت کەسانی سیاسی دانیشتووی حیزبی دیموکرات
و کۆمەڵە و خەبات و شۆرشگیران و هێزی تری لە هەریمی کوردستانی باشوور
تیرۆر کردووە، پتر لە سەد کەسیشی لە وڵاتانی ئوروپایی و ئەمریکا و
عێراق و پاکستان و تورکیە و ولاتانی کەنداوی فارس تیرۆر کردوە، کە
نموونەی بەرچاوی مەحکووم بوونی پاشملەی هێندێک لە سەرانی ئەمنیەتی و
سیاسی رژێم لە دادگای میکونووسی ئەڵماندا بوو. لە ئارژانتین دەستی
هەبووە لە تەقاندنەوەی ناوەندی جووەکانی ئەو وڵاتە، یارمەتیی حیزبوڵای
لوبنانی داوە کە تاونبارە بە تیرۆری رفیق حەریری سەرەک وەزیرانی پێشووی
لوبنان و تەقاندنەوەی بنکەکانی سەربازیی ئەمریکا و فەڕانسە لە لوبنان.
یارمەتی حەماس و جیهادی ئیسلامیی فەلەستین وهێندێک تاقمی شێعەی عیراقی
کردووە کە هەر کردەوەیەکی تێروریستییان پای کۆماری ئیسلامی ئێرانیش
دەگرێتەوە.
عەرەبستانی سعوودی جگەلەوەی ئیستاش لە باری هەڵسووکەتی کۆمەڵایەتییەوە
لە گەڵ خەڵکەکەی وەکوو چەرخی هەژدەو نۆزدە رەفتار دەکا، ژن هیج مافێکی
بەرانبەری لەگەڵ پیاونیە ، دەستی ئافتاوە دز دەبڕدرێ، ىەڵام شازادەکانی
سعوودی خۆیان گەورەترین دزی سەروەت و سامانی وڵاتن، هێج رەوتێکی سیاسی
ئیجازەی تێکۆشانی نیە. عەڕەبستان لە شەڕی ئەفغانستاندا هاوڕی لە گەڵ
ئەمریکا و پاکستان گەورەترین کاریگەریان هەبوو بۆدروستبوونی دوو گرووهی
تیروریستی تاڵەبان و ئەلقاعیدە. لە پاکستان بە هەزاران مەدرەسەی
مەزهەبیی کردەوە کە نەک تەنیا سەرچاوەیەک بوون بۆ پەرەپێدانی
توندئاژۆیی ئاینی، بەڵکووبۆ پەروەردەکردنی تیروریست بۆ تاڵەبان و
ئەلقاعیدەش. عەرەبستان لە زۆر وڵاتانی موسڵمانی سونەی کەم داهات و
وڵاتانی ئوروپا و ئەمریکا بە دروستکردنی مزگەوت و مەدرەسەی مەزهەبی
هێزی تازە بۆ داعەش و تاقمە تیروریستەکانی دیکەی سوریە ئامادە دەکا،
تەنانەت دەرکەوتووە کە لە هێڕش بۆ سەر بورجەکانی نیۆیورک دەستی هێندێک
لە کاربەدەستانی عەڕەبستانی تێدابووە، بەڵام ئەمریکا دەیشارێتەوە. جا
بۆیە هەرچەند ئەو دوو رژێمە لە باری بیرو بۆچوونەوە دوژمنی یەکترن،
بەڵام ئامانجیان یەکە، ئەوێش پەرەپیدانی توندوتیژیی مەزهەبی کە زۆر جار
دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی تیروریزم.
babk1002@gmail.com
|