١٢\١٠\٢٠١٣
دوور لە سیاسەت؛
تەڵەی فاڵچییەکان؟!

ستار محەمەد قادر
بەبێ ئەوەی بتانسێ و هیچ دەربارەی ژیانت بزانێت بەرایی بەم شێوەیە
دەتخاتە داوەکەیەوە: تۆ چاوی هەزارت لەسەرە،
لە پرچی سەرت و خۆڵی ژێر پێت تەڵیسمت لێکراوە، دوای ئەوەی کەسی
بەرانبەر باری خوار دەبێ و دەکەوێتە ژێر کاریگەری فاڵچییەکەوە، یەکەم
جار وا خۆی دەردەخات کە ئەو مەبەستی ئەوە نیە باری قوورستر بکات، بەڵکو
بۆی سووک دەکات، بۆیە داوای ئەوەی لێدەکات شتێک پارە لەنێو لەپی دابناو
بەسەر سەری ئەودا سێ جار بیسووڕێنێت، ئەوجار تەماشای نێو لەپی دەکاو
دەپرسێت ناوی خۆت و دایکت بڵێ، دوای ئەوە بەم شێوەیە دێتە ئاخافتن : "
ئێواران قوڕگت ووشک دەبێت و هەست بە دڵ تەنگی دەکەیت، ماوەی ساڵێک
زیاترە هەرچی ئیش دەکەی نازانی چی لێ دێت، ئەگەر ڕۆژی ملیۆنێک پارەت
دەست بکەوێت نازانیت چی لێدەکەیت، تۆ ئینسانێکی زۆر باشیت، دڵت زۆر
پاکە، لەمانەش هەمووی گرنگتر خاوەنی ئەخلاقێکی زۆر بەرزیت، بەڵام دۆست
و دوژمنی خۆت لە یەک جودا ناکەیتەوە، زۆر جار زوبانی خۆت دەبێت بە
دوژمنی سەرسەختت، هەوڵبدە دڵت بۆ هەمووان نەکەیتەوە " بۆ ئەوەی ژیانت
ئاسوودە بێ و خێرو بەرەکەت بەسەرتدا بڕژێت پێویستە ئەو سیحرەت بۆ بەتاڵ
بکەمەوە! عەلی چیت دەبێ، ئەدی محەمەد؟! نەسرین هات و چۆتان دەکات؟!
بەم هونەری ئاخافتنە کە راستەوخۆ کار لەسەر باری دەروونی نێچیرەکەی
دەکات، دەروازەیەک دەکاتەوە بۆ ئەوەی خۆی وەکو فریاد رەسێک پێشان بدات،
کاتێک هەست دەکات کەسی بەرانبەر تەواو شل بووە، بۆ دووبارە ئەمجارەیان
بەنێوی ئیمام عەباسەوە دەبێت قووربانی بە بڕە پارەیەک بدات کە لە سی
هەزار دینار کەمتر نەبێت ، هیی واش هەیە خواردەیە رەنگبێت چەند
گەڵایەکیان پێ بدات، بە هەر حاڵ دوای وەرگرتنی پارەکە، تەڵێ دەزوو لە
لەچکەکەی ملی رادەکێشێ و دوو قەدی دەکاو پێی دەڵێ دوازدە گرێی لێبدە،
ئەگەر ئیمام عەباس داواکەتی قبووڵ بکات، ئەوا دوازدە گرێکە دەکرێنەوەو
بەمە شێوەیە ئیتر وەرچەرخانێک لە ژیانتدا روو دەداو خەنی دەبیت!
بە حەقیقەت ئەمە شێوەیەکە لە قۆڵبڕین، قۆڵبڕینێک جیاوازیەکەی تەنها
لەوێدایە ئیستیغلالی هەژاری هزری کۆمەڵگە دەکاو رەزامەندی تاک وەدەست
دێنێت، دەنا کردنەوەی دوازدە گرێی دەزوویەک چۆن و بە چ شێوەیەک دەبێت
بە هۆی چارەسەرکردنی کێشە ئابووریی و کۆمەڵایەتیەکان؟!
ئاخر کەسێک دەخلی رۆژانەی بایی ئەوەندە بێت لە پاڵیدا بژی مەمر ژیان
بەڕێبخات، چۆن و بە چ شێوەیەک دەوڵەمەند دەبێ و دەبێت بە کابرایەکی
بزنسمان؟! یان بۆ دەبێ چاو هەزار لە خەڵکی کەم دەرامەت بکرێت؟! ئەی چۆن
دەکرێت باوەڕ بەوە بهێنیت کە داهاتی رۆژانەی زۆرەو لەبەر بەرۆکی باڵ
دەگرنەوەو دەفڕن؟! یان کەسێک ئەگەر قووتی رۆژانەی دیاریکراو بێت، لەم
ژیانە دژوارەی بازاڕی ئازاددا چۆن دەتوانێت ببێت بە خاوەنی سەرمایەو
خۆی لە دەستی مۆتەکەی هەژاری رزگار بکات؟!
لە هەموو ئەمانە سەیرتر، هێندە چیرۆکی وەهم ئاسا درووستکراون کە
ئاماژەن بۆ توانای فاڵچییەکان، هۆکارێکن بۆ ئەوەی خەڵکی لە کاتی
درووستبوونی کێشە خێزانیەکاندا لە دەرگەی ئەوان بدن و لە پاڵ ردێن
سمێڵیش دابنەن!
هەر چەندە گەڕیدە فاڵچییەکان زۆر ئەهوەن ترن لەوانەی وا شوێنێکی
دیاریکراویان هەیەو وا خۆیان دەردەخەن کە ئەهلی خێرن و کێشەی خێزان
چارەسەر دەکەن و لە توانایاندایە خۆشەویستی لەنێو دڵە تۆراوەکاندا تۆو
بکەن، یان لەیەک بیان رەنجێنن، چونکە جادو چیەکان شێوازی کارکردنیان
جیاوازەو بەنێوی خادیمەوە دەدوێن و دەبێت چەند جارێک بەسەریان بکەیتەوە
بۆ ئەوەی بە نیازی خۆت بگەیت ... کە ناگەیت؟!
بەداخێکی زۆرەوە دیاردەی فاڵ و جادو گەری تا ئەمڕۆ لەنێو کۆمەڵگەی
ئێمەدا شوێنی لەق نەبووەو رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر لە هەڵکشاندایە، ئەویش
هۆکاری خۆی هەیە، چونکە ژینگەی ئێمە بەحوکمی ئەوەی پڕە لە ئیشکالیات،
جا چ ماددی بێت یان خێزانی، زۆربەشیان بێ چارەسەرن، لەبەر ئەوەی لە نا
هۆشیاریەوە سەرچاوە دەگرن، ئەوکێشانە فاکتەرێکن تا تاک وا لێبکات بێ
هێزی و بێ ئیرادەیی خۆی بنوێنێ و ئەوان وەکو چارەسەر یا فریاد رەس
بناسێنێت، لە کاتێکدا جگە لە گاڵتە جاڕی و گیرفان بڕین و فێڵ و تەڵەکە
بازی هیچ لە هەمانەکەیاندا نیە! من پێشنیاری ئەوە بۆ حکومەتی هەرێمی
کوردستان دەکەم، ئەگەر ئەوانە لە توانایاندایە کێشەکان چارەسەر بکەن،
با رێکخراوێکی خێرخوازیان بۆ بکاتەوە، یان کۆتایی بەو دیاردەیە بهێنن،
دوا ئامۆژگاریشم بۆ هاوڵاتیان ئەوەیە بۆ ئەوەی نەبن بە نێچیری ئەو
باندەی کە لەسەر قووتی خەڵکی دەژێن و نەکەونە داویانەوە، باشتر وایە
هەوڵ بدەن لە واقیعی خۆیان تێ بگەن و بە بەرنامە کار بۆ گۆڕینی کار یان
ژیانیان بکەن باشترە لەوەی بەو قسانەی سەرەوە گیرفانەکانیان بەتاڵ و
خۆڵ لە چاوانیان بکرێت؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|