په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٤\٢٠٢٣

دووڕوویی دینیی.

 

 

      سەعید ناشید

وەرگێڕانی: شوان عەزیز  

١- دووڕوویی دینیی ئەوەیە کە تۆ بڵێی ئەو کارەسات و بەدبەختیەی کە تێی کەوتووین هەمووی لەبەر ئەوەیە چونکە لە خوا دوورین، لە کاتێکدا ئیمە لەهەر گەلێکی تری سەر ئەوزەویە زیاتر باوەڕمان بە خوا هەیەو دەیپەرستین! بشڵێی بۆیە شکەستمان هیناوە هەمووی خەتای ژنەکانمانە کە لەشیان بەدەرەوەیەو خۆیان داناپۆشن، لە کاتێکدا ژنانی لای ئێمە لە هەموو ژنانی خەڵکی تر زیاتر خۆیان دادەپۆشن، هەروا بێیت و بڵێیت هەموو ئەو نەهامەتییە لەبەرئەوەیە کە خوا لێمان نیگەران و تووڕەیە! جا ئەگەر بەو پێیە بێ دەبێ ئەمەریکا و ئەوروپا و وەڵاتانی ڕۆژئاوا بۆیە وا پێشکەوتوون و عەلەمیان لێ نییە چونکە خوا لێیان ڕازییە و نیعمەتی خۆی بەسەردا ڕشتوون!


٢- دووڕوویی دینیی ئەوەیە کە تۆ بە دڵنیاییەوە بە ژمارەش بۆت دەرکەوتووە کە ئەو کۆمەڵگایانەی زۆرتر دینیین هەر ئەوانەن کە زۆرترین گەندەڵیی لە بەڕێوەبردندا، زۆرترین درۆ لە سیاسەتدا، زۆرترین پێشێلکردنی مافی مڕۆڤ، زۆرترین گێچەڵ بە ژنان، هەروەها زۆرترین دەستدرێژی کردن لە منداڵانیان تێدایەو ئینجاش دێی بە خەڵک دەڵێی:" ئەوە هەمووی بە هۆی بێ ڕەووشتیی و دوورییەوەیە لە خوا"!


٣- دووڕوویی دینیی ئەوەیە کە تۆ دەبینی و دەزانی کە لە ٩٠٪ ی دەستدرێی بۆسەر ئافرەتان و هەراسان کردنیان لە وەڵاتانی وەک ئەفغانستان وپاکستان و میسر دایەو ئینجاش دێی دەڵێی هۆکاری هەرسانکردن و دەستدرێژی بۆسەر ژنان خەتای جلو بەرگەکەیانە کە خۆیان داناپۆشن!


٤- دووڕوویی دینیی لەوە خەراپتر نییە کە تۆ بێی داوای چەسپاندنی یاساو شەریعەتی ئیسلامی بکەیت لە وەڵاتی خۆت داو دواییش کۆچ بکەیت بۆ ئەوەی لە وەڵاتێکی عیلمانی کافردا بژیت!


٥- دووڕوویی دینیی لەوە ناشیرینتر نیە کە بێی داوای زیادکردنی بابەتی ئیسلامی بکەیت بۆ پڕۆگرامەکانی خوێندن و کەچی بێی منداڵەکانی خۆشت ناونووس بکەی لە یەکێک لە خوێندنگا پێشکەوتووەکانی فەرەنسی و ئەمریکی و بەریتانیدا!


٦-هیچ دووڕووییەک لەو دووڕووییە دینییە ناشیرینتر و خەراپتر نییە کە بێیت لە بۆنەو نا بۆنەدا ئاڵای ئەمەریکا بسووتێنیت و بیخەیتە ژێر پێیەکانت و لەو لاشەوە بچیە ڕیزەوە لە بەردەم باڵوێزانەی ئەمرکیا بۆ ئەوەی ڤیزای ئەمەریکا وەربگریت!


٧- دووڕوویی دینیی ئەوەیە کە تۆ بەرتیل خۆرێکی گەندەڵ بیت، لە باجدان خۆت بدزیتەوە، پارە سپی بکەیتەوە، گەندەڵ بیت لە دەسەڵاتی دادوەریدا، هەروەها گەندەڵیی و ساختەکاریی لە کاڵاو بەرهەم دا بکەیت یان تێکەڵ بوونت بە مافیای مادەی هۆشبەرو تێوەبگلێی بە شێوەیەکی گشتی لە قاچاخچیەتیدا و کەچی بێی خەتای گەندەڵیی و هەموو گەندەڵیییەک هەموو ئەو شتانە ببەستیەوە بە تەنوورە یان پانتۆڵێکی کورتی ئافرەت یان ماچێک لە سەر وێنەیەک!


٨- دووڕوویی دینیی ئەوەیە کە تۆ بە چاوی خۆت ئەنجێلە مارکڵ دەبینی کە گەلەکەی دڵخۆش دەکات، تێریزا مەی دەبینی کە سەرۆکایەتی حکومەتی بەریتانیا دەکات، هەروەها ژمارەیەکی زۆری تری ژنیش دەبینی کە فەرمانڕەوای گەورەی جیهانین لە ئەوروپاو ئەمەریکای باشوورو باکوور، لە ئوسترالیاو لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیاو لە ئەفریقادا. هەروەها دەبینیت کە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و دادگای نێو دەوڵەتی وزووربەی ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لایەن ژنانەوە بەڕێوە دەبرێن! وە دەبینیت کە وەزیری بەرگری نەرویج و سوێدو هۆڵەنداو ئەڵمانیا و ئیسپانیاو ژاپۆن هەمووی ژنن ، سەرباری ئەوەش دێی بە خەڵک دەڵێی کە ژنان بۆ کاری گشتی شیاو نین!


٩- دووڕوویی دینیی ئەوەیە کە پێت وابێت هەرچی ژنانی سەر ئەو زەویە هەیە کەم عەقڵن و کەم دینن و عەوڕەتیشن، هەروەها ژنان دەبنە دارو ئاگری جهەندەمیان پێ خۆش دەکرێت، کەچی لە لایەکی تریشەوە دایکت جیا دەکەیتەوەو دەڵێی بەهەشت لە ژێر پێی دایکاندایە..( ژنیش خۆتان دەزانن بەشی هەرێ زۆری هەر دەبێت بە دایک! ش.ع).


١٠- دواکەوتنی ئێمە بە هۆی ئەوەوە نیە کە لە خوا دوورین، خۆ نەتەوە بێباوڕو پێشکەوتووەکان دینیان هەر نیە ! دواکەوتنی ئێمە بە هۆی ئەوەوەیە کە ئێمە گوێ بە هۆیەکانی گەشەسەندن و پێشکەوتن نادەین، وە شکەستیشمان بەهۆی گەندەڵیی خۆمان و بەرپرسەکانمانەوەیە، وە کۆنە پەرستیی و دواکەوتنیشمان لەبەرامبەر ڕۆژئاوادا لەبەر ئەوەیە ئێمە دوورین لە زانست و فێربوونی زانست، وە ئەو نەگبەتی و نەهامەتیەش کە تووشمان بووە لەبەر ئەوەیە کە پێمان وایە خوا هەر یارمەتی و هیایەتی بڕواداران دەدات.


١١- جا ئەگەر باوەڕدارێک و کافرێک کەوتنە ناو بەحرێکەوە تەنها ئەوکەسە ڕزگاری دەبێ کە مەلەوانە! چونکە خوا گوێ بە نەزانان نادات!


١٢- دووڕوویی دینیی ئەوەیە کە لە گووتنی ڕاستی دووربکەویتەوەو لایەنگری لە درۆو ناڕاستی بکەیت!

_________________________________________
سەرچاوە: https://shams-alyaoum.com  


٢٧\٣\٢٠٢٣
ماڵپه‌ڕی شوان عەزیز

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک