په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١٢\٢٠٢٢

دووڕوویی لای عەلی وەردی.


فەرمان عەزیز شەریف  

‌‌‌‌‌بۆچی دووڕووین؟

کۆمەڵناسی گەورەی عێراقی دکتۆر عەلی وەردی (١٩١٣-١٩٩٥) لە پەرتووکی (کەسایەتی تاکی عێڕاقی) زۆر بە جوانی و وردی باسی دووڕوویی تاکی عێڕاقی دەکات، وەک کوردەواری دەلێت (لە بنی کودی دەدات).


دووفاقی لەکۆمەڵگای عێڕاقی لە ئەنجامی دژایەتی نێوان بەهای ئاینی و بەهای عەشایەری ڕوودەدات. دەڵێت (ڕۆژێک لە چایخانەیەک دانیشتبووم باسی واعیزێکی ناوداریان دەکرد کە خوتبەکانی زۆر جێگای سەرسامی ئەوان بوو، کە باسی ڕەوشتە جوانەکانی ئیسلام دەکات، لەهەمان کاتدا کەسێکی (شەقاوە) بەوێدا تێدەپەڕێت دەستیان کرد بەستایش کردنی ئەو (شەقاوە) یەش، واتە کەسی باش و خڕاپ لای ئەوان هەمان رێزی هەیە ئەمەش کەسی دوو ڕوو دروست دەکات وە ستایشی باش و خڕاپ یش دەکات.

عەلی وەردی زۆر سەرسام بووە بە (ئیبن خەلدون) (١٣٣٢-١٤٠٦) ، کە بیریارێکی شارستانییەتی ئیسلامی یە. (ئیبن خەلدون) هەوڵی داوە مرۆڤ لەڕوانگەی واقیعەوە بخوێنێتەوە نەک وەک ئەوانی دیکە لە سۆنگەی وتار و ئامۆژگاری یەوە.

ساڵانێکی زۆر زانایان ئەوەیان یەکلایی نەکردەوە کە (ژینگە) یان (بۆماوەیی) کاریگەری زیاتری لەسەر بنیاتنانی کەسایەتی مرۆڤ هەیە. دکتۆر عەلی وەردی ڕای وایە لە باسی کەسایەتی کەس هاوشانی (ئیبن خەلدون) نیە، و سەردەمانێکی زۆر دوای (ئیبن خەلدون) کەس بەلای باس کردنی کەسایەتی نەچووە.

(کەسایەتی بەخششێکی خودایی نیە کە مرۆڤ بەتەواوەتی لەباوانیەوە بە میرات بۆ بمێنێتەوە وەک میراتیەکانی دیکە، بەڵکو لە کۆمەڵگا گەشەدەکات) .

لە لێکۆڵینەوەکردن لەسەر کەسایەتی بەردەوام دەبێت و باسی یەکێک لەبەناوبانگترین زانای کۆمەڵناسی ئەمەریکی دەکات کە (جۆرج هێربێرت مید) (١٨٦٣-١٩٣١) دەڵێت (لەناو نەفسی هەموو کەسێک دوو نەفسی ململانێکەر هەیە، کە (خۆم) و (من) ە، دەروونی کۆمەڵایەتی و دەروونی سروشتی یە. هەموو کەسێک حەزدەکات لەلایەک مل بۆ یاسا کۆمەڵایەتیەکان بدات و لەلایەکی دیکەش شۆڕشیان بەسەردا بکات) .

دوای ئەوەی بەشێوەیەکی گشتی باسی کەسایەتی مرۆڤ دەکات دواتر دێتە سەر باسکردنی کەسایەتی تاکی عێڕاقی. تاکی عێراقی لە هەمووان پتر بانگ بۆ نموونەی باڵا دەکات لە وتار و نووسین و قسەکردنی کەچی لەواقیع دا وانیە. بەڵام زۆر نیشتمانی خۆی خۆش دەوێت و زانستخوازە، لەگەڵ ئەوەش دا زۆر دووڕووە.

نموونەی دووڕوویی تاکی عێراقی دەخاتە ڕوو کە بەشەو دزی دەکات و بەڕۆژیش ملی ڕێگەی مزگەوت دەگرێت، بەوهیوایەی خودای گەورە بیباتە بەهەشت و کارەکانی شەوی بیردەچێتەوە.

دەربارەی ڕەخنە و ڕەخنەگری دەڵێت (ڕەخنەگری لای ئێمە بەلایەوە گرنگ نیە ڕەخنە لە کێ دەگرێت، ئەوەی گرنگە خاڵیکردنەوەی دەروونی خۆیەتی، بەچەپ و ڕاست دەوەشێنێت. تاکی عێراقی بەشێوەیەک ڕەخنە دەگرێت و بەشێوەیەکی دیکە ڕەفتار دەکات. ئەمەش دووڕوویی تاکی عێراق دەردەخات) .

بەشێکی دیکەی دووڕوویی، دووڕوویی زمانە، باسی ئەوە دەکات ئێمە ڕاهاتووین بە دوو زمان قسەبکەین زمانێکی بازاری و سەرشەقام و زمانی دووەم، کاتێک شتێک دەنووسین زمانی نووسین و وتار و پەخشانەکە دەیڕازێنینەوە بەلایەنی هونەری و ڕەوانبێژی لە کاتێکدا لە وتار و نووسینەکانمان ئەوەندە گرنگی بەڕازاندنەوە و لایەنی هونەری و ڕەوانبێژی دەدەین ئەوەندە گرنگی بە ئەصلی کێشە و بابەتەکە نادەین. کێشەی زمان لەسەدەکانی ناوەڕاست لە ئەوڕوپاش هەبوو، بەڵام ئەوان توانیان بەسەر ئەو دوو ڕوویی یە سەرکەون. ئەمەش لایەنێکی دیکەی دووڕوویی تاکی عێراقی یە بە زمانێک قسەدەکات و بەزمانێکی دیکە دەنووسێت.

لەبارەی ئافرەت دەنووسێت: هەڵسوکەوتی پیاوی عەرب لەگەڵ ئافرەت دوو جۆرە بەشێوەی کۆن و نوێ، وەک پیاوە ئەوڕوپیەکان نازی دەکێشێ و دڵداری لەگەڵ دەکات، کەچی کاتێک دەیەوێت هاوسەرگیری بکات بەدوای کچێک دەگەڕێت هیچ لە دڵداری نەزانێت.

بۆچی خەڵکی عێراق ئەهلی (شقاق و نفاق) ن دووبەرەکی و دووڕوویی؟

لەوەڵامی ئەمە دەڵێت: لەسەردەمی ئیسلام خەڵکی عێڕاق بە (شیقاق و نیفاق) ناویان دەرکردبوو، بۆچی دەبێت خەڵکی عێراق هەندێک سەرکردە دروسبکەن و دواتر لەکاتژمێری سفڕ دا پشتیان بەربدەن، دەڵێنە سەرکردەکان هەستن ئێمەش لەگەڵتانین، کەچی کاتێک هەڵدەستێت ئەوان لەماڵەوە خۆیان بەزەوی دەدەن و لێ پاڵدەدەنەوە.

زیاتر لە ١٢ پەرتووک و دەیان وتار و نووسین لەسەر ڕەتکردنەوەی نووسین و بۆچوونەکانی دکتۆر عەلی وەردی نووسراون، لەماوەی ژیانی دووجار وازی لەنووسین هێناوە. یەکەمیان لەدوای شۆڕشی ١٩٥٨ ، دووەمیش لە ساڵانی هەشتاکان لە ترسی حیزبی بەعس لە عێڕاق وە لە ساڵی ١٩٨٨ قەدەغەی سەفەری لەسەربوو، نەیدەتوانی سەفەری دەرەوەی عێڕاق بکات.

وەردی دوای خۆی کتێبخانەیەکی گەورەی بەجێهێشت کە بە ٥٠هەزار پەرتووکی تێدابوو.

یەکێک لەخاڵە لاوازەکانی وەردی کە لەتیۆرەکانی خۆی جێ بەجێ ی نەکردووە بەکردەوە پەیوەندی خێزانی و لەگەڵ منداڵەکانی، پەیوەندی لەگەڵ کوڕێکیان بەناوی (جەعفەر) کەم بوو. زۆر چاودێری کچەتاقانەکەی دەکرد کاتێک دەچووە کۆلێژ یان بازار یان دەرەوە، کە پێچەوانەی بیروبۆچوونەکانی بوو لەنووسین، زۆر گرنگی بەمافی ئافرەت دەدات و زۆر کەم سەردانی خزم و خەڵکی دەکرد و کەم پێشوازی لە خەڵک دەکرد.

لە چلەکانی تەمەنی چاوێکی لە دەست دەدات بە هۆی نەخۆشی و لە ساڵی ١٩٩٥ کۆچی دوایی کردووە.
_______________________________________________
(کەسایەتیی تاکی عێڕاقی) نووسینی د. عەلی وەردی - وەرگێڕانی مەودوود جەبار - ناوەندی ئەدیبان چاپ و بڵاویکردۆتەوە - چاپی دووەم - ١٦٠ لاپەڕەیە.

 

 

farmandween@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک