١٢\٣\٢٠٢٢
دووڕوویی و
هەلپەرستیی و بێ رەوشتیی دەوڵەتانی رۆژئاوا و
حیزبە
بەرهەڵستکارەکانیان بە راست و چەپیانەوە.

زاھیر باھیر
بە بەردەوامی تورکیا خەڵک دەگرێت و شار و شارۆچکەکانی کوردستانی باکور
و دێھاتەکانی سەر سنووری باشوریش وێران دەکات ئەی ئەم دیمۆکراتخواز،
ئەم مرۆڤە دڵسۆز شیوەنکەرانە بۆ مافی مرۆڤ لە کوێ بوون؟ ئەی کە تورکیا
عەفرینی داگیرکرد بۆچی یەکێکیان زەلەیەکیان بەرانبەر بە تورکیا نەکرد؟
نەک ھەر ئەوەش کاتێک کە ئێمە لە بەرانبەر ماڵی سەرۆک وەزیرانی ئێرە,
بریتانیا، بۆ دوو ھەفتە پرۆتێستمان دەکرد، ئەو ڕۆاژانە بوو کە ئەردۆگان
ھات بۆ ئێرە بۆ دڵنیابوونی بریتانیا لە ھاوپشتی تورکیا و کڕینی چەک و
تەقەمەنی. بۆ بەخێرھاتن و پێشوازی لە ئەردۆگان، سەرۆک وەزیرانی ئێرە،
ترێزە مەی, لە تی ڤی دا وتی " کوردە تیرۆریستەکان" ھەموومانی کرد بە
تیرۆریست. ئەمە ھەڵویستی حکومەتی ئێرە بوو.
لە لایەکی دیکەوە ئەو ھەموو منداڵ و گەنجە لە فەلەستین دەکوژرێت ھیچ
دەوڵەتێک، ھیچ حیزبێکی بەرهەڵستکار کە لە جاوەڕوانی دەسەڵات
گرتنەدەستدایە، نەیانتوانی سەر زەنشتێکی ئیسرائیل بکەن. ھەر ئاواش
ھەمان شت لە بەرانبەر حکومەتی سعودییە کە لە کوشتنی ئەو ھەموو خەڵکە بێ
تاوانەدا کە ھەر لە قوتابخانەیەکدا ژمارەیەکی ئێکجار زۆری منداڵ کوژران
بەرپرسیارە ، ئایا کەس لە دەسەڵاتداران سیسیاسییە دەسەڵاتخوازەکان
ھێچیان وت؟
دوێنێ شەو ، ١٠/٠٣ ، نەدیم زەھاوی دەڵاڵی نەوت و گەندەڵێکی حیزبی
موحافیزین کە وەزیری پەرەوەردە و ڕۆشبیریی بریتانیایە و کە ڕەنگە خۆشی
کاندید بکات بۆ سەرەکوەزیرانی بریتانیا کەی جێگایان بە بۆریس جۆنسۆن
لەق کرد، لە دیمانەیەکی چەناڵ فۆڕ، ٤ ی ئێرەدا بەرگری لە پەنابەرەکانی
ئۆکرانیا دەکرد بەزەیی بەواندا دەھاتەوە و دەەیوت دەبێت دەرگایان بۆ
بکەینەوە، کەچی ئەم کابرایە کە خۆی کوردە ئەو ھەمو کوردە دەربەدەر
دەبێت ئاو نوقمی دەکات و قاچاخچی دەیانکوژێت و دەستیاندەبڕێت و پۆلیسی
سەر سنورەکان تێیان ھەڵدەدەن و سوکایەتییان پێدەکەن نقەی لێوە نەھات!!
ھاوکاتیش حکومەت ڕۆژ بەڕۆژ ئاسانکاری بۆ پەنابەرانی ئۆکرانیا دەکات تا
ڕادەی ئەوەی کە ھەر ئۆکرانییەک لێرە تەنانەت ڤیزەی موەقەتیشی ھەبێت
دەتوانێت خێزانەکەی و کەسە ھەرە نزیکەکانی بگەیەنێتە ئێرە . ئەمڕۆ
ھاوکاری پەنابەرانی ئۆکرانیا زیاتر بوو. حکومەت بڕیاری دا ئەوانەشی کە
خوێندکارن لێرە یاخود ڤیزەی موەقەتیان ھەیە و کاردەکەن دەتوانن کەس و
کاریان بھێنن بۆ ئێرە، لەوەش زیاتر ھەموو ھاووڵاتییەکی بریتانی کە
پەساپۆرتی بریتانی ھەبێت دەتوانێت داوەتی ئۆکرانیان بکات و بیگەیەننێتە
ئێرە تەنانەت گەر پەساپۆرتیشی لە سەر سنورەکانی پۆڵۆنیا و فەرەنسا بێت
و پەساپۆرتیشی نەبێت.
حکومەتەکانی ئێرە بە لەیبەر و موحافیزین و لیبراڵەوە، لەگەڵ میدیای ئەم
وڵاتەدا ھەڵوێستێکی زۆر باشیان نەبووە دەربارەی پەنابەرانی ناسپیپێست،
واتە بۆر و قاوەیی و ڕەش و ئەسمەر. با لێرەدا چەند نمونەیەک بھێنمەوە :
یەکێک لە پەڕلەمانتارەکانی حیزبی موحافزین پێشنیاری بۆ مارگرێت تاچەری
کۆنە سەرەک وەزیرانی بریتانیا، کرد " خەڵکی ئێرە بەڕاستی دەترسێت کە
ئەم وڵاتە، ڕەنگە بە خەڵکانێک غەرق بێت کە کولتوری جیاوازیان ھەیە" لە
دانیشتنێکی پەڕلەماندا دەیڤد کامیرۆنی کۆنە سەرۆک وەزیران بۆ ئەوەی
جێرمی کۆربنی سەرکردەی حیزبی لەیبەر [ کرێکاران] لەگەڵ وەزیری دارایی
کە سێبەری وەزیری دارایی بوو، تاکو لەبەرچاوی خەڵکیان بخات وتی " وتی
ئەمان کۆمەڵێک کۆچبەریان لە بەندەری کالیس دیوە... کە دەتوانن بێن بۆ
بریتانیا". ئەمانەش ھەندێک لە تایتڵی یەکەم پەیجی ڕۆژنامەکانی بریتانیا
بوون " سیاسەتی نەھێڵانی پەنابەران لە ئێستا توند ڕاگرن "... سوپا
بنێرن بۆ کالیس".
ئیڤێت کوپەر کە پێش ھاتنی حیزبی موحافزین بۆ حوکم وەزیری ناوخۆ بوو ،
بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥ دا کە سێبەری وەزیری ناوخۆ بوو لاینگری ئەوە نەبوو
کە پەنابەران بە ڤیزە بگەنە بریتانیا، ھاوکاتیش کاتێک کە بانگەشەی
نەدانی بیمەکان بۆ پەنابەران کرا و دواتر جێبەجێ کرا ئەو ئەمەی لا
ئاسایی بوو . لە ئێستاشدا حیزبی لەیبەر بە ڕابەری نوێیانەوە کیری
ستارمە، Keir Starmer پێشنیاری ئەوەی بۆ
کراوە کە " قوتابخانەکان لە منداڵانی بێیانە کە ئینگلیزی قسە ناکەن
غەرق بوون " ئەمە بانگەشەی ھەوڵی مەنعکردنی منداڵانی پەنابەران و
کۆچبەرانە لە قوتابخانەکاندا.
دەوڵەتە ئەوروپییەکان کە ڕوسیا ڕسوا دەکەن لەبەر ئەوەی چەکی گەرمیی [
حەراری] بەکارھێناوە و لە غەم و مەترسی ئەوەدان کە ڕوسیا ڕەنگە چەکی
کیمیاوی بەکاربھێنێت، بەڵام ھەر ئەم دەوڵەتە ئاشتیخواز و دیمۆکراتییانە
بە دەیەھا جار تورکیا چەکی کیمیاوی بەرانبەر بە گەریلاکانی قەندیل و
شوێنەکانی دیکە بەکارھێناوە و چەندەھا بەڵگە ھەیە، تەنانەت چەکی
کیمیاوی منداڵانیشی گرتەوە، کەچی ئەمان خۆیان نابینا و کەڕ کرد و ھەر
ئامادەش نین کە باسی بکەن چجای سزادانی تورکیا.
لە لایەکی دیکەشەوە تورکیا لە سەرێکەوە سەرەکۆنەی ڕوسیا دەکات بۆ
شەڕەکە و لە سەرەکەی دیکەشەوە ئامادەش نییە پەیوەندی ئابووریانە
لەگەڵیدا ببچڕێنێت. ئەردۆگانیش دەیەوێت خۆی بکاتە کەسێکی ئاشتیخواز و
موسڵیح بە ناوبژیکردنیان و داوەتی وەزیرانی دەرەوەی ھەردوو لایانی بو
وتوو وێژی لە تورکیا کردووە. سیاسەت چ قەشمەرە و سیاسسیەکان چ
قەشمەرجاڕێکن.
من پێشوازی لە ھەموو ئەم وڵاتانە دەکەم بۆ کردنەوەی سنور و دەرگایان بۆ
پەنابەران و لێقەوماوانی ئۆکرانیا بەڵام دەبوایە دووڕوو نەبوونایە ھەر
ئاوا ھەڵوێستێکیان ھەبوایە و ھەبێت لە بەرانبەر مرۆڤە پەنابەرە بۆر و
ڕەش و قاوەییەکانیشدا، بەڵام جێگای داخە کەئەمە ھەڵوێسییان نییە و
بەڵگەکان ئەوە دەخەنە ڕوو کە وەرگرتنی ئۆکرانییەکان لەبەر " جاوی
شینیان و پرچی زەردیان و سپیپێستیان و ھەڵگری دینی مەسییحییان
ئەوروپییبوونیانەوەیە کە دەرگایان بۆ خراوەتە سەر پشت".
١١\٣\٢٠٢٢
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|