په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٥\٢٠١١

دوو سەکردە لەسەر کار لابردران و پێشبینیش بۆ ئیدی بەڕێوەیە.

مەهدی حه‌مید    


شنەبای دیموکراتی هەلی کردووە و ڕەوڕەوەی گۆڕانیش هاتووە و پاشەکشەی بۆ نییه‌. ئەوەی لەو شەش مانگەی پێشتر، ڕوویدا ئەوە دەسەلمینێ کە سیاسەتی بە زۆر خۆسەپاندن، کەلکی پێوە نەماوە، هۆشداریش دەدەین کە هەوڵ و توناکان بۆ گۆڕان ودیموکراتی بێ، لە پێناو سەپاندنی دەسەڵات، نابێ توندوتیژی لێ بکەوێتەوە. پێویستە لە سەر بەڕێوەبەرایەتی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا سیاسەتەکانی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وباکوری ئەفەریقا بگۆڕێ تاوەکو دابڕانی تەواومان لە گەڵی ڕوونەدات و پاشەڕۆژی ئێمەش پابەندە بەو ناوچەیەوەو سیاسەتەکانیشمان پاڵپشتی کردن دەبێ لە گەڵانی ناوچەکە بۆ پاراستنی کەرامەتیان و گەیشتن بە خواستەکانیان لە پێناو ئازادی و دیموکراتی و گۆڕان و توندو تیژیش لە دژی خۆپیشاندەران بە تەواوەتی ڕەتدەکەینەوەو دەبێ سیاسەتی ئەمەریکاش پالپشتی کردنی پاراستنی کەڕامەتی ئەو فرۆشیارە گەڕۆکە بێت لە تونس کە لەپێناو پارو ، ژیانی خۆی لەدەستدا نەک ئەو هێزە دکتاتۆریە دڕندەیە بێت کە ڕێگای پێ گرت . ڕژێمە دیموکراتیەکانی داهاتووش بۆ بەرژەوەندی ئێمە لە ڕژێمە دکتاتۆریەکانی پێشتر باشترە و خەلکیش بۆ خۆی ڕاپەڕیوە نەک ئێمە هێناومانەتە سەر شەقام . پێویستە سیاسەتەکانیشمان بۆ مانگەکانی داهاتوو، دەبێ زۆر لە مەواردی خۆمان بۆ چاکسازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفەریقا بەکار بێنین . پالپشتی هەردو دەسەڵاتی نوێی دیموکراتی لە تونس و میسر دەکەین کە پارە دزراوەکانیان بگێڕنەوەو بەرنامەجی ئابووری نوێشمان لە بەردەست دایە بۆ هاریکاری نەختێنەیی بۆ ئەو دوو وڵاتەو ئەوانیتر کە بەڕێوەنە و داواش لە سندوقی دەولی وبانقی دەولیو حەوت وڵاتی بەهێزی ئابووری دەکەین کە بە پەلە وڵاتە دیموکراتیە نوێکان لە ناوچەکە ببوژێنەوەو وەبەرهەمهێنانی تیایا ئەنجام بدەن.


- لەسەر گۆڕەپانی جەنگیش پێش کوژرانی بنلادن، جەزرەبەی کوشندەمان لە هێزەکانی قاعیدە دابوو و بنلادنیش شەهید نییه‌ بەلکو قاتلێکی دڕندە بوو و نامەی ڕقو قینەی بڵاو دەکردەوەو لەناومان بردو بە هۆیەوە زیاتر لە پەلو پۆمان خستن . ئەو کارە قێزەوەنانەی بەناوی ئازادی و ڕزگار بوون بەکاریان هێنا مایە پوچ بوون و هەر هەمووی بارتەقایی ئەو چەند مانگەی پێشتری خەلکی ڕاپەڕیوی نەدەکرد لە پێناو دیموکراتیەت و گۆرینی هێمنانە و خەلکی ڕاپەڕیویش پاڵپشتی لە جۆرە هێزی تیڕۆڕی وەها ناکەن . کارەکانی جەنگیمان لە عیڕاق کۆتایی هاتووەو لەو نزیکانە هی ئەفگانیش کۆتایی پیدێنین و وەک عیڕاق ئاسا کاروباری وڵاتیان بۆ دەگێڕینەوە . سوریەکان کارێکی ئازایانەیان کرد کە لە پێناو گۆڕان و چاکسازی و ژیانی دیوکراتی پرژانە سەرشەقام ولە سەر بەشار ئەسەدیش پێویستە یان سەرکردایەتی گۆڕانکاریەکان دەکا بۆ چاکسازی و پڕۆسیسی دیموکراتی و داخوازی خەلکی ڕاپەڕیو یان دەبێ دەسەڵات بەجێ بهێڵێ و هەلسوکەوتە خوێناویەکانیشیان بۆ داپلوسینی خۆپیشاندانی هێمنانەی خەلک هیچی لەو هەلسوکەوتانەی پێشتری ڕژێمی ئێران کەمتر نەبوو . ئێرانیش لە کاتێکا هانی ڕاپەڕین وخۆپیشاندان بۆ هەندێ وڵات دەدات هی خۆشی بە زۆردارانە دادەپڵۆسێ . قەزافیش کات ، لە بەرژەوەندی دنییه‌و بەجێ هێنانی یان پیبەجێهێشتنی دەسەڵات بۆی ، بووەتە ئەمری واقیع و پاشەکشەی بۆ نییه‌ . عەلی عەبدولا سالحیش پێویستە پابەند بێ بە بەڵێنەکانی و لە کاتی خۆی دەسەڵات بەجێ بێڵێ و بۆ بەحرێنیش ئەگەرچی قبوڵمان نەکرد ئێران و بۆ مەرامی خۆی خۆپیشاندەران هاندا بەڵام پێکەوە دانیشتنی دەسەڵاتی بەحرین و ئۆپۆزسیۆنیان لە پێناو چاکسازی و گۆڕان ودیموکراتی پێمان لە زیندانی کردنی خۆپیشاندەرانیان پێ باشترە . بەرزکردنەوەی داخوازی عەرەبەکانیش بۆ پێک هێنانی دەولەتی فەلەستین لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەک گرتوەکان لە سەپتێمبەری داهاتوو بە بێ گفتوگۆکردنی پیشتر لە گەل ئیسرایل کارەکانیان بیهودە دەبێو ئێمە لە دژیەوە دەوەستین . پالپشتی دروستبوونی دەولەتیکی بێچەک و وبەتەک دەولەتی ئیسرایل لە سنوری گەڕانەوەی هێزەکان پێش ساڵی ١٩٦٧ دەکەین لە گەل گۆڕینەوەی زەویەکان لە گەڵ یەکتری و بەڕێکەوتننامە و لەو کاتانەوە دەکەین کە کیشەکانیان بە ئاشتی لە گەل ئیسرایل بڕاندبێتەوە .ئێستاش و لە ڕوانگەی ئەو گۆرانانەی بەسەرناوچەکەوە دێت دەبێ لە هەموو کاتەکانی پێشتر بە گورتر ڕوبەڕوی چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی نێوانی عەرەبو ئیسرایل بینەوەو و ناشبێت ڕێکەوتنی فەتح و حەماس بۆ دوور خستنەوەی ئیسرایل بێت و پاراستنی ئاسایشی ئیسرایلیش شتێکی نەگۆڕە لامان و حەماسیش ئەگەر بیەوێ بێتە ناو پڕۆسیسەکە دەبێ دان بە ئیسرایل بێنێ و دەستیش لە توندو تیژی هەلگرێ.


ئەوەی سەرەوە ناوەرۆکی لێدوانەکانی دوینێ ئێوارەی ڕێکەوتی ١٩/٥/٢٠١١ ی باراک ئۆبامای سەرۆکی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا بوو لە بەردەم بارەگای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکی و لەبەردەم خڕبوونەوەیەکی فراوانی کەسە دەسەڵاتدارەکانی ئەمەریکی.


بڕیار وایە ئۆباما لە ئەمەریکا و ڕۆژی دواتر لە گەڵ ناتەنیاهۆ دانیشێ و هەردوکیان لەو بارەیەوە خیتابیان دەبێت بەڵام ناتەنیاهۆ پاش چەند خولەکێک دوای لێدوانەکانی ئۆبامە ، گوتی پێشوازی لە ئاخاوتنەکانی ئۆبامە دەکەین بەڵام گەڕانەوەی ئیسرایل بۆ سنورەکانی پێش ١٩٦٧ دەبێ لەبیر بکرێ و هەر لەو کاتیەوە بریاری لە سەر دروست کردنی ١٥٠٠ خانوی نیشتەجێبوون دا کە ٩٠٠ یان دەکەوێتە خوار قودس . ئۆبامە وا بڕیارە دوای ناتەنیاهۆ لە گەڵ فەلستینەکان و مەحمود عەباسیش لەو بارەیەوە بۆ تەفعیل کردنی وتوویژەکان دانیشێ . ئەوەی کە پێویستە بگوتری ناتەنیاهۆی سەرۆکی ئیسرایل و لە ڕوانگەی لێدوانەکانی ئێستای پێ دەچێ خیتابەکەی لە ئەمەریکا بۆ ئەو ئاقارە کورت کاتەوە کە دەبێ عەرەبەکان دان بە ئیسرایل و دەولەتی یەهودی بێنن و وازیش لە توندوتیژی بێنن و دەبێت دەسەڵاتی ئیسرایلیش لە هۆری ئەردن بمینێتەوەو مەسەلەی لاجیئەکانی فەلەستینیش دەبێ لە دەرەوەی ئیسرایل چارەسەر بکرێ و دەولەتی فەلەستینی پێشنیار کراویش لە چەک دامالدرێ . فەلەستینییه‌کانیش پاش ڕێکەوتنەکە چیتر داخوازی زیاتر پێشکەش نەکەن . دەبێ ئەوەش بزانین کە دەسەڵاتی فەلەستینی پێش ئەو شالاوەی شۆڕشەکانیان ئەو داوایانەی ئیسرایلیان ڕەتدەکردەوە ئەدی ئێستاکە چۆنچۆنی دەبێت کە شەقام و وڵاتانی ئازاد بوو لە پشتیانەوەبن.


وێڕای ئەوەی کە زۆر لە ڕاگەیاندنە عەرەبیەکان و شەقامی عەرەبی بە تایبەتی لە سەر مەسەلەی کێشەی نێوان عەرەب وئیسرایل ڵێدوانەکانی ئۆبامایان ڕەتدەکردەوە ، هەشبوون دەیان گۆت لێدوانەکانی ئۆباما لەو کاتانەوە بووە کە شەقام لەو وڵاتانە خۆی فەرزکردووەو دوور لە ئیڕادەی ئەمەریکیەکان تا ئێستا سیستەمی سیاسی دوو وڵاتیان گۆڕیوەو کار بۆ هی تریش بەڕێوەیە ، واتە چونکێ گۆڕانکاریەکان بوونەتە واقیع بۆیە بەڕیوەبەرایەتی ئەمەریکی بای بای لە سەرۆکەکان دەکا . لە سەر هاوکاریەمادیەکان و بوژانەوەی ئەو وڵاتانە دیسان هەبوون ئەو داوایانەیان ڕەتدەکردەوەو دەیانگووت بۆ بووژانەوەی خۆمان دەبێ ڕیوشوێنی تر بگرینە بەر ، هەرەوەها دەیان گۆت کردار مەرجە نەک قسە کردن . هەشبوون دەیان گوت لێدوانەکانی ئۆباما بۆ بەشار ئەسەد دوو فاقیە بەوەی یان ئەوەتا دەبێ لە گەڵمان بێت و سەفەقەیەک ببەستین لە داڕشتنی سیاسەتەکانمان لە ناوچەکە یان ئەوەتا دەبێ دەسەڵات بەجێ بێڵی . بەڵام وێڕای ئەمانە هەموویان کۆبەندی ڕای گشتی عەرەبی و ناوچەکە لێدوانەکانی باراک ئۆبامایان بە پۆزەتیڤ لە قەڵەم دەداو ئەو دەنگانە کەم نەبوون کە دەیان گووت دەسەڵاتی سیاسی عەرەبی لە ئاستی کێشەکان نوستوەو ئۆبامای ئەمەریکی هەڵیان دەستێنێتەوە.


بە بۆچوونی خۆم بەڕێوەبەرایەتی واشنتۆن و وەک ئۆبامەش سەرنجی خۆی بۆ ڕاکێشا بەوەی ڕاستە گۆڕانکاریەکان گشتگیرن بەڵام هەر وڵاتەو تایبەتمەندی خۆی هەیە . واتە سیاسەتەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە لە ناوچەکە زیاتر ڕەدو کەوتنە نەک هەلوێست وەرگرتن ، لە مەسەلەی تونس ومیسریش هەر وایان کردو لە یەمەنیش هەر وادەکەن بۆ لیبیاش تا کار لە کار نەترازاو ئەوروپا پیش ئەوان بە فراوانی لە سەرەتادا هاتنە ناو پڕیۆسیسی لەناوچونی قەزافی ، وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا هەمان ئەو کاردانەوە لەسەرخۆیەیان کرد ، واتە تەماشای بارودۆخی ئەو وڵاتەیان لە پێشەوە دەکرد تا ئەو کاتانەی کار لە کار دەترازا ئینجا دەهاتنە پێشەوە . من نکۆلی لەوە ناکەم کە لەوانە بێت بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکی لە سەین و بەینی سەفەقەیەکی سیاسی بن لە گەڵ بەشار ئەسەد لە بابەتێکی تری پێشتریشم هەمان سەرنجی خۆم دا بەڵام لێدوانەکانی ئۆبامە زیاتر بۆ ئەو ئاڕاستەیە دەڕوا کە هێشتا سەقفی زەمەنی بڕیاریان هاوشێوەی لیبیا هەندەکی پێوە ماوەو لە میانەیدا دەبێ چاوەڕوانی ئەوە بین تا هەلومەرجی وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی وەک هی لیبیا پێ بگات ئینجا ئێمەش بەدوایەوە دەست لە ئەژنۆ دانانیشین . مرۆ کە تەماشای خۆپیشاندانەکانی ئەو هەینییه‌ی سوریا دەکات کە وێڕای ئەو کوشتارەی کە لێی کەوتۆتەوە بەڵام زیاتر لە هی پێشتر بە تەوژمترە ، وا خۆی نیشان دەدا کە لێدوانەکانی ئۆباما کارتێکردنی خۆی کردبێ و پێشم وایە هەمان لێدوانەکانی بۆ سوریاو ناوچەکە هۆشداری دانیکیش بێت بۆ دەسەڵاتی عەرەبی کە کاتی ئەوە هاتووە کۆنکاری عەرەبی وەپێش نەتەوە یەکگرتووەکان کەوێ و بریارێکی هاوشێوەی قەزافی لە دژی بەشار ئەسەدو دەسەڵاتی سیاسی سوریا دەربکەن . دیسان کە ئۆباما دەڵی زیاتر لە بەرژەوەندی ئەمەرکا دایە کە پشتگیری گۆڕانکاری و سیستە نوێکان بکا نەک ئەوانەی پیشتر ، ئەو لێدوانانە لە لایەکەوە مانای هۆشداری دانیکە بۆ سیستە سیاسیەکانی کە هێشتا شالاوەکە بە توندی نەیگرتوونەتەوە بەوەی ئەگەر گۆڕانکاری بە قازانجی شەقام لە سیستەمەکانتان نەکەن ، ئەوا ئێمە و لەو کاتانەی کە ڕووبەڕوی کێشە دەبنەوە لە گەڵ شەقام پشتگیریتان لێ ناکەین.

 

من نامەوێ لە وتارێکی وەهادا درشت وورد هەموو دیاردەکان شی کەمەوە بەڵام لە گەڵ زۆر لەو ڕاگەیاندنە عەرەبیانەش نیم کە دەڵێن هیچ شتێکی نوێ لە سیاسەتەکانی ئەمەریکی لە ناوچەکە بەدی ناکرێ تەنیا ئەوە نەبێ کە دەیانەوی ئەوان سوکانی ئەو گۆڕانکاریانەو بۆ مەرامی خۆیان وەدەستبگرن . ئەگەر لە ڕووی هەقیانەتی ڕووداوەکانیش ورد بینەوە هێزێکی دەرەکی نییه‌ کە بیەوێ سەرکردایەتی گۆڕانکاریەکان بکا یان خۆی بکاتە ساحێبی ئەو بزواندنە جەماوەریە بەر فراوانە کە لێت موهەقەق بێت لە ئایندەیەکی تا ڕادەیەک نزیکیش زۆر گۆڕانکاری تری جیهانی لەگەڵ خۆی دێنێتە پێشەوە . دەبوایە بەلای کەمێ ڕووسەکان و بۆ گێڕانەوەی عافیەی پێشتریان ئەمەیان کردبایە بەڵام بە پێچەوانەوە لە جیاتی ئەوەی بەرەپێشەوەی بەرن ڕێگری بە پاساوی نابەجێ بۆ دێننەوە لە مەسەلەی لیبیاو سوریا بە تەواوەتی خۆیان بەدەر خست کە لە گەڵ گۆڕانکاریەکان دانینە . ئێرانیش خوا خوای ئەوەیەتی ئاگرە سوورە لە خۆم بەدوور بێ لەوانەیە ترسی ئەوی لێ نیشتبێ بڵێ دوێنێ بۆ لیبیا بوو ئەمڕۆ بۆ سوریایە کی ناڵێ سبەی بۆ منە . قاعیدەش سەرۆکەکەیان کوژرا و تەیاری دینیش بەو گەرموگوڕیەی پێشتر لە گەڵیان نەماون . کەوابێ بە خۆشی بێت یان ناخۆشی هەردەبێ سوکانی بزواندنی ئەو وەرچەرخانە میژووییە ئەمەریکاو ئەوروپیەکان بن . بەڵام لە هەموو حالەتەکان وەرچەرخان هاتووەو پاشەکشەی بۆ نییه‌ ، ئەمەریکی وئەوروپیەکانیش تا سەر ناتوانن بە مێشکی کۆن ڕەوڕەوەی مێژوو بەلای خۆیان وەرچەرخێننەوە.


ئۆباماش تا سەر بۆی ناچێتە سەر وەک بڵێ من دەمەوێ کۆمەڵە سەرێکی لە یەک جیاواز لە ناو مەنجەڵێکا بکوڵێنم واتە لە بەر هەلبژاردنی نوێی ئەمەریکا دەبی ئیسرایل رازی کەم لە سەروەرچەرخانە میژوویەکەش بڵێ مادامەکێ هاتووەو پاشەکشەی نییه‌ دەبێ بە مێشکی ئەوان لێدوان بدەم بۆ ئەوانەی کە هێشتا ماویشن بە شلەو پەیتە کات بەڕی بکا.


بێدەنگی ئۆباماش لەو بەسەربازی کرنەی بەردەرکی سەرای ئازادی سولێمانی و سەراکانی تر و داپلوسینی ئیڕادەی دەیان هەزار خەلکی خۆپیشاندەر بەزەبری لوولەی کلاشینکۆف و دەبابەو ئالیەتی جەنگی تر پێم ونییه‌ لە بەر چاوی کاڵی دەسەڵاتی ئێستای کوردی بێت بەلکو تەنیا دەچێتە سەر خانەی مادامەکینێ عیڕاق لە ژێر کۆنتڕۆلی ئێمەیە با بێدەنگی لەو ئاگرە سورەی سولێمانی بکەین نەوەکا پڕوشکەکانی بپڕژێتە بەشەکانی تری عیراق و بە دوایەوە لە ژێر کۆنتڕۆلی ئێمەش دەرچێ . بەڵام لە هەمان حالەتیشدا نکۆلی خۆی لە زیاتر بە دیموکراتی کردنی عیڕاق نە شاردەوەو گۆتی شنەبای گۆڕان بۆ تەواوی ناوچەکە بەڕێوەیەو پاشەکشەی بۆ نییه‌.

١٩\٥\٢٠١١
ماڵپه‌ڕی مه‌‌هدی حه‌مید

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک