په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\١٢\٢٠٢٥

دوو وشە سەبارەت بە پەرتووکی

(گەڕانەوە بۆ ماڵی یەکەم)ی ئەدیب نادر!

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)


پەرتووکی گەڕانەوە بۆ ماڵی یەکەم (١) لە نووسینی شاعیر و چیرۆکنووس و توێژەر (ئەدیب نادر)، کە چاپی یەکەمی لە شاری هەولێر کە لەلایەن ئەکادیمیای کوردییەوە لەساڵی ٢٠١٤ چاپ و بڵاوکراوەتەوە، نەک هەر شایانی خوێندنەوەیە، بەڵکو شایانی هەڵوەستە لەسەرکردنیشە. ئەم پەرتووکە ڕەخنەییە بیست و پێنج بابەتی توێژینەوە و ڕەخنەیی لەخۆ گرتووە و لەهەمان کاتیشدا تەژیشە لە زانیاری و مەعریفە. نایشارمەوە لە دوو دەیەی ڕابردوودا هیچ پەرتووکێکی ڕەخنەیی بە ئەندازەی (من نەیاری ڕوانگە بووم)(٢) و (گەڕانەوە بۆ ماڵی یەکەم) ڕایان نەگرتووم. هەرچەندە ئەم دوو پەرتووکە بە دوو میتۆدی ڕەخنەیی جیاواز نووسراون و بەدوو ئاراستەی جیاوازیش ڕێ دەکەن، بەڵام بۆ منێک کە بایەخی ڕەخنە و توێژینەوەی ئەدەبیم هەیە و بەردەوام دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم دەکەم، شایانی ئاوڕلێدانەوەن. ئەم پەرتووکە نەک هەر تایبەتمەندی و شەقڵی ڕۆژهەڵاتییانەی پێوە دیار نییە، بەڵکو پەلی هاویشتووە بۆ زۆر جێگا و شوێنی جیاواز و لەدەرگای زۆر بابەتی داوە (ڕۆمان، شیعر، چیرۆک، شانۆگەری) و هەر لە نووسەرانی ناسراو و نەناسراوی کوردەوە تا دەگاتە ئەستێرە گەشەکانی ئاسمانی ئەدەبی جیهانیی (فیساریۆن بلینیسکی، ئێزرا پاوەند، تی ئێس، ئیلییەت، فێدریکۆ گارسیا لۆرکا و عەبدولوەهاب بەیاتی) ئەوەش پانتایی ئەو ڕۆشنبیرییە پانوپۆرەیە کە ئەدیب نادر خۆی پێ بارگاوی کردووە. ئەدیب نادر نووسەرێکە لەسەرخۆ و بێ هەڵپەهەڵپ دەنووسێ و بڵاو دەکاتەوە. خەمی گەورەی ئەدیب نادر خەمی ئەدەب و ڕەخنەیە نەک ناو و ناوبانگ و دەرکەوتن. هەر بۆیەشە کەمترین دەرکەوتنی ڕوو بە میدیا هەیە. بەئەندازەیەک ڕەنگە زۆر خوێنەری کوردزمان هەبن ئاشنای بەرهەمەکانی نەبن یان هەر نەیناسن. ئەمەش لە دنیای بێبەزەیی نووسین و خوێندنەوەی کوردیدا شتێکی نامۆ نییە. چونکە خودی دنیای نووسین و خوێندنەوەی کوردی وەک کایەیەکی چالاکی فیکریی مرۆڤی کورد گەلێ نیشانەی پرسیاری لەسەرە، کە باسکردنیان ئەرکی ئەم نووسینە نییە.


میتۆد و ئاڕاستەی فیکریی بینراو لەم پەرتووکە.


ئەدیب نادری خاراو لە خوێندنەوە دوای ساڵانێک دەست بەنووسین دەکات. ئەو زۆر زوو دەست بە خوێندنەوە دەکات و وەک تینوویەکی شەیدا بۆ ئاو، پەرتووک لەدوای پەرتووک بینیان پێوە دەنێت و بۆن بە وشەکانیانەوە دەکات. بۆیە کۆنترین توێژینەوەی ڕەخنەیی نێو پەرتووکەکە نووسینیکە لەسەر ئێزراپاوەند کە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی ساڵی ١٩٨٠. ئەم نووسینە و نووسینەکانی تری وەک (بەهرە و ڕەهەندەکانی تری داهێنان لای تی ئیس ئیلیەت و لۆرکا ئەو شاعیرەی ڕەنگەکانی یاخیبوونی بە مێژووی ئەدەبی ئیسپانی بەخشی و بلینیسکی سانت بووڤی ڕەخنەی ئەدەبی ڕووسیی) لەمیانی خوێندنەوەی وردی ئەو چەند نووسینەی دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، خوێنەر هەست دەکات کە میتۆدی بەکارهاتوو لە بنچینەدا میتۆدی ڕیالیزمی سۆشیالیستیی بووە و نووسەر خۆشی دانی پێدا دەنێت، (٣) بەڵام ئەدیب نادر لەسەروبەندی چاپکردنی ئەم پەرتووکەدا پیایاندا چۆتەوە و دەستکاری کردوون و هەوڵیداوە لە بۆیەی بۆچوونی تێروانینی نوێی خۆی هەڵیان کێشێ و لەمەشدا بە تێگەیشتنی من غەدری لە مێژووی نووسینی خۆی و دەقە نووسراوەکانیش کردووە. بۆیە دەڵێم غەدر چونکە مرۆڤ بەردەوام لەژێر کاریگەری بۆچوونە فیکرییەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە و بەردەوامیش لە گۆڕاندایە. بۆیە پشت کردنە هەر بۆچوون و باوەڕێک کە ڕۆژگارێک ئینسانێک باوەڕی پێی بووە یان لەژێر کاریگەریدا بووە، مافێکی ئاسایی مرۆڤە. بەڵام لەدنیای نووسین و توێژینەوەدا دەستکاریکردنی بۆچوونەکانی ڕابردوو ئەو ئاڵوگۆڕ و گەشە یان جووڵە فیکرییە کاڵ دەکاتەوە و دەیشێوێنێت. واتە کێرڤی هەڵکشان و داکشانی فیکریی نووسەر لەوێنا ڕاستەقینەکەی خۆی خاڵی دەکرێتەوە. بۆیە ئەگەر ئەمە بۆ نووسەرێکی کەم ئەزموون زۆر جێی ڕامان نەبێت، ئەوا بۆ نووسەرێکی جیددی جێی ڕەخنەیە. لەلایەکی تریشەوە ژێوان بوونەوە لە ڕێبازی ڕیالیزمی سۆشیالیستی لەئەنجامی کەوتنە ژێر کاریگەری شاڵاوی نیولیبراڵیزم کە بەهەردوو چەمکی دیموکراسی و مافی مرۆڤ کەوتنە دژایەتی ئەدەب و هونەری ڕادیکاڵ و شۆڕشگێرانە، مافی بێئەملاو و ئەولای هەر ئینسانێکە، سەرباری هەر ڕەخنە و سەرنجێکم لەسەر ڕێبازی ڕیالیزمی سۆشیالیستی. (٤) بەبۆچوونی من خوێنەری وردبین و خاوەن بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە ئەم دیاردەیەی ژیوان بوونەوە لەڕابردووی نووسین لەئەدەبی کوردیدا بەڕوونی درک پێدەکات و دەیبینێت.(٥) ئیتر جگە لەم چەند نووسینە، تەواوی توێژینەوە ڕەخنەییەکانی تر بە میتۆد یان نەفەسێکی نیولیبڕاڵییەوە نووسراون. ئەدیب نادر تێڕوانینەکانی خۆی نەشادردۆتەوە و بەئاشکرا ڕای گەیاندوون. ئەو وابەستەبوونی بەو جیهانبینییەوە ڕاگەیاندووە کە لەهەموو بوارەکانی ژیاندا بە ئەدەب و هونەریشەوە ناتوانیت ترووسکاییەک ببەخشێتە ئەم تاریکستانەی کە سیستەمی نوێی بازاڕی ئازادی جیهان ژیانی مرۆڤایەتی تیایدا نغرۆ بووە. ئەدیب نادر زیاد لە جێیەک لەو پەرتووکە ڕەخنە لە مارکسیزم دەگرێت و بە سەقەت ناوزەد دەکات و پێیوایە مارکسیزم مرۆڤی ئاوا بێبەها و ناچیزە کردووە. (٦) بۆیە هیج نامۆ نییە ئەگەر لە نووسینەکانیدا دەست بۆ ئەو میتۆد و ڕێبازە ئەدەبییە بۆرژوازییانە بەرێت کە سەنگەریان لە ئەدەب و هونەری شۆڕشگێرانە و ئینسانیی گرتووە. بۆیە ئەم پەرتووکە سەرباری هەموو لایەنە پۆزتیڤەکانی، سەرباری مەعریفەی قووڵی ئەدیب نادر لە بوارە جیاجیاکانی ئەدەب و هونەر و کردەی نووسیندا، هەمووئەمانە ناتوانن پارسەنگی ئەم دژە ڕادیکاڵەی ئەم پەرتووکە بدەنەوە.

زمانی نووسین لەم پەرتووکەدا.


پەرتووکەکە هەر لەیەکەم دێرەوە کەدەست بەخوێندنەوەی دەکەیت، ڕووبەڕووی شێوازێکی نووسینی جوان و زمانێکی نووسینی سفت و پتەو باڵا دەبیتەوە. زمانێک کە بارگاوییە بە هێزی دەربڕین و گوزارشتکردن لە مەبەست. زمانی نووسین لەم پەرتووکەدا یان بڵێێن لای ئەدیب نادر دەوڵەمەندە و لە گوزارشتکردنیش بەهێزە. زمانی نووسینی پەرتووکەکە نەک خوێنەر لەکاتی خوێندنەوەیدا تووشی بێزاری ناکات، بەڵکو لەبری ئەوە خوێنەر دەبەستێتەوە بە ناوەڕۆکی بابەتەکان. ئەم جوانییە لە نووسین زۆر بەدەگمەن لە پانتایی ئەدەبی کوردیدا دەبینرێت. نووسینی ئەمڕۆی کوردی جگە لە خراپی دەربڕین و هەڵە بێبرانەوەکانی ڕێنووس، خاوەن زمانێکی لاوازە. من لێرەدا ئەم بۆچوونە گشتی ناکەمەوە چونکە گەلێ نووسەرمان هەن جوان دەنووسن و وەردەگێڕن و بایەخی زمانیان لایە و ڕێز لە خوێنەرانیان دەگرن. ئەدیب نادر یەکێکە لەو نووسەرانەی کە ڕێز لە خوێنەرەکانی دەگرێت. بۆیە خوێنەری جیددی و بەدەربەست کە پەرتووکێکی ئەدیب نادر دەخوێنێتەوە، هەست بە بەرپرسیارێتیی نووسەر دەکات لەکردەی نووسیندا. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا جێی خۆیەتی ئەو ڕەخنەیەش بگرین کە بەکارهێنانی هەندێ دەستەواژە و دەربڕین لە نووسینەکانیدا هیچ پێویست نین. بۆ نموونە (ڕیفلێکشن، کۆمیتمەنت، ئیگزیستەنس، ئێلیمەنت، ترانسدێنتەڵ، سپەیس، ئێسێنس، ئیکۆنۆمی، ناهیومانی، کۆمپۆزئسیۆن، ئایدێنتیفیکەیشن، پرەستیژدار، کۆڵلێکتیڤ، پۆپیەلارێتی، جایەنت، ئەسپێکت، پێرفێکشن، راشناڵیی، کۆنترۆڤێرشیاڵ، لیتراتۆڵ، فیکشن و زۆری تر کە هیچ پێویست ناکات پەنا بۆ ئەو دەربڕینە ئینگلیزییانە ببردرێت لەکاتێکدا بۆ هەر یەک لەم دەبڕێنانە دەربڕینی کوردی هەن و دەتوانن هەمان مەبەست بگەێنن. کێشەیەکی تر لەم پەرتووکەدا ئەوەیە ئەدیب نادر وتە و قسەی ژمارەیەکی زۆر بیرمەند و نووسەر و ئەدیب و هونەرمەندی بیانیی هێناوەتەوە بێئەوەی سەرچاوەی ئەو وتە و قسانە دەستنیشان بکات. خوێنەر دەتوانێت متمانە بە نووسەر بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مافی خۆیەتی بپرسێت کە ئەم وتە و قسانەی لە چ پەرتووکێک و لەچ سەرچاوەیەکەوە وەرگرتووە؟ لەلایەکی تریشەوە ئەم بێدەربەستییە لە فەرامۆشکردنی سەرچاوەکان، بەهای زانستی پەرتووکەکە دەهێنێتە خوارەوە. دەشی لە گفتوگۆ و مشتومڕدا ئەو وتە و قسانە بگوترێنەوە، وەلێ لە نووسیندا دروستترە سەرچاوەکانیان دەستنیشان بکرێن.

ئەنجام.


پەرتووکی (گەڕانەوە بۆ ماڵی یەکەم)ی شاعیر و چیرۆکنووس و توێژەر ئەدیب نادر، یەکێکە لەو پەرتووکە ناوازە و دانسقانەی کە پەرتووکخانەی کوردی پێویستی پێیەتی. پەرتووکێکە لێوانلێو لە زانیاری و مەعریفە. نووسەر بە تێڕوانین و بۆچوونێێکی ڕەخنەگرانەوە توێژینەوە و بابەتەکانی نووسیوە. ئەم پەرتووکە جگە لە ئاوڕدانەو لە ژمارەیەک نووسەری کورد، لای لە گەلێ نووسەر جیهانییش کردۆتەوە و خوێندنەوەی بۆ کردوون. زمانی بەکارهاتوو لەم پەرتووکەدا پاراو و سفت و جوانە، وەلێ گەلێ وشی ئینگلیزی ئاخنیوەتە نێو بابەتەکانەوە کە هیچ پێویست نین و دەیتوانی هەر بە وشەی کوردی گوزارشتیان لێ بکات. هەورەها وتە و قسەی ژمارەیەک بیرمەند و نووسەری ‌هێناوەتەوە بێئەوەی سەرچاوەکانیان دەستنێشان بکات. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەم پەرتووکەی ئەدیب نادر شایانی خوێندنەوەیە.
______________________________________________
پەراوێزەکان:
(١) ئەدیب نادر، گەڕانەوە بۆ ماڵی یەکەم، توێژینەوە و ڕەخنە، لەبڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای کوردی، چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠١٤.
(٢) فوئاد مەجید میسری، من نەیاری ڕوانگە بووم، چاپخانەی تاران، چاپی یەکەم، ٢٠٢١.
(٣) ئەدیب نادر، گەڕانەوە بۆ ماڵی یەکەم، توێژینەوە و ڕەخنە، لەبڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای کوردی، چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠١٤، لاپەڕە ٣٠.
(٤) بۆ زیاتر ئاشنابوون بە دید و بۆچوونەکانی من لەسەر ڕێبازی ڕیالیزمی سۆشیالیستی بڕوانە پەرتووکی (نیولیبراڵیزم و ئەدەبی پرۆلیتاریی کوردی، لە بڵاوکراوەکانی پڕۆژەی ڕێگە، چاپی یەکەم، ٢٠١٩.
(٥) کەم نین ئەو نووسەرە ڕادیکاڵ و چەپ و کۆمۆنیستانەی کە ڕۆژگارێک دەقیان بۆ کرێکاران و سوشیالیزم نووسیوە و پاشان لەگەڵ ئاڵوگۆڕەکانی دنیادا، کاتێک دیوانەکانیان چاپ دەکەنەوە ئەو شیعرە سۆشیالیستییانەی لێ دەردەکەن یان دەستکاری دەکەن و بەدڵی سەردەمەکە ئارایشتی دەکەن.
(٦) ئەدیب نادر، گەڕانەوە بۆ ماڵی یەکەم، توێژینەوە و ڕەخنە، لەبڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای کوردی، چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠١٤، لاپەڕە ٣٧.

 

ناوەڕاستی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ - کەنەدا

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک