پیرۆزبێت یه‌کی ئایار، ڕۆژی نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی بیری چینایه‌تی و به‌رزکردنه‌وه‌ی داخوازییه ڕه‌واکان و پاراستنی ده‌ستکه‌وته به‌ده‌ستهاتووه‌کان!
هاوڕێیانی خۆشه‌ویست، میوانه به‌ڕێزه‌کان:به‌ناوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران-کۆمیته‌ی ڕێکخستنی فینله‌نده‌وه به‌خێرهاتنێکی گه‌رمتان لێده‌که‌ین بۆ ئاماده‌بوونتان له مه‌راسیمی ڕێزگرتن له‌یه‌کی مه‌ی، هاوکات پیرۆزبایی ئه‌م جه‌ژنه له ئێوه و خۆمان و سه‌رجه‌م بزوتنه‌وه‌ی کرێکاری و زه‌حمه‌تکێشان و چه‌وساوه‌کانی دونیا ده‌که‌م و ئومێد ده‌خوازه‌ین که، به‌رهه‌می کار‌و خه‌باتی ئایاری ئه‌م ساڵی چینه‌که‌مان بچێته سه‌ر خه‌رمانه‌ی ده‌سکه‌وته به‌ده‌ستهاتووکانی ڕابردوو و، وه کار‌و هه‌ڵسوڕانی داهاتوومان تاکو ئایاریه‌کی دی چه‌ندین ده‌سکه‌وتی تری گرنگ به‌ده‌ست به‌هێنین و هه‌رچی زیاتر ده‌ستی ده‌سته‌ڵادارانی ئه‌م ڕژێمه سه‌روخوار و چه‌وسێنه‌رانه‌ییه‌ی سه‌رمایه‌داری ده‌ست کۆتا بکه‌ین و هه‌نگاوه‌کانمان به‌ره‌و ده‌سته‌ڵات و سیسته‌مێکی باشتر‌و دادپه‌روه‌رانه‌تر هه‌ڵبهێنین. هاوڕێیان!ئه‌م ساڵ له کاتێکدا به‌ره‌و پیری ئایار ده‌چین، که له چه‌ندین شوێنی ئه‌م گۆی زه‌وییه‌دا شه‌ڕو پێکدادانی خوێناوی هه‌یه وه‌کو کوره‌یه‌ک بۆ گوشینی گیانی پاکی ئینسانه‌کان له‌پێناوی قازانچ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ده‌سته‌ڵاتدارانی تۆتالیتار‌و کۆنه‌په‌رستی ناوخۆیی و ئیمپڕالیزمی ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی. شه‌ڕو دارگیرکاری له ئه‌فغانستان و عێراق تاکو ئێستا درێژه‌ی هه‌یه و ناشزانرێ تاکو که‌ی به‌رده‌وام ده‌بێ و کۆتایی به‌م ئینسان کوشتنه به کۆمه‌ڵه ده‌هێندرێ. له ئاکامی داگیرکردنی ئه‌و دوو وه‌ڵاته له لایه‌ن ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانانییه‌وه، ته‌قریبه‌ن یه‌ک ملیۆن مرۆڤ له ناو چوون و کۆتایی به ژیانیان هێنراوه. له‌ماوه‌ی جه‌نگی داگیرکردنی ئه‌م دوو وڵاته تاکو ئێستا، سه‌دان ملیارد دۆلار خه‌رجی ئه‌م جه‌نگی داگیرکردن و ئینسان کوشتنه کراوه. ئه‌م هه‌موو خه‌رجییه بۆ؟! بۆ خوێن ڕشتنی مرۆڤ و باڵاده‌ستی جیهانی؟ بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتن به باشترین سه‌رچاوه‌کانی داهاتی سروشتی و و‌زه له جیهاندا؟ هه‌ر له‌ژێر ساییه‌ی ئه‌م سیسته‌م و پاوه‌نخوازییه‌دا، به‌گوێره‌ی راپۆرتێك كه ئه‌نجومه‌نی په‌نابه‌رانی نروێژ ئاماده‌ی كردوه 26 ملیۆن كه‌س له‌جیهاندا به‌هۆی توندوتیژی له ناوخۆی وڵاته‌كانیاندا ئاواره‌بوون و له 21 وڵاتیش له‌نێوان 28 وڵات‌دا حكومه‌ته‌كان یان گروپه هاوپه‌یمانه‌كانیان هۆكاری سه‌ره‌كی ئاواره‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له خه‌ڵكن. به پێی ڕاپۆرتێکی تری ڕێکخراوی خۆراکی نه‌ته‌وه‌یه‌گکرتووه‌کان (WFP) ئاماژه به‌وه ده‌کا که به هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی خۆراک له بازاره‌کانی جیهاندا، له هه‌ر قاڕه‌یه‌ک، سه‌د ملیۆن مرۆڤ ڕوبه‌ڕی برسێتی ده‌بنه‌وه، واته له سه‌رجه‌می جیهاندا پێنچ سه‌د ملیۆن مرۆڤ ڕوبه‌ڕوی ئه‌م کاره‌ساته بوونه‌ته‌وه! شه‌رم نیه بۆ ئاوها سیسته‌مێکی سه‌رمایه‌داری، یه‌ک ملیارد ئینسان بێبه‌شبن ته‌نانه‌ت له خواردنه‌وه‌ی ئاوی پاک؟
هاوڕێیانی خۆشه‌ویست!كۆماری ئیسلامی ئێران، تا دێت ژیان و گوزه‌رانی کرێکاران و سه‌رجه‌م زه‌حمه‌تکێشانی وڵاتی سه‌خترو فه‌لاکه‌تبارتر کردوه له ڕووی ئابورییه‌وه، له ڕووی سیاسی و ڕێکخراویشه‌وه به هیج جۆرێک نه‌ک هه‌ر ده‌ست له‌سه‌رکوت و گرتن و ئازار‌و شکنجه‌کرنی هه‌ڵسوڕاوانی بواره جیاجیاکانی بزوتنه‌وه‌کانی، کرێکاران، ژنان، فه‌رمانبه‌ران، خویندکاران، مامۆستایان و ڕۆشنبیران و ..تاد ناپاڕێزی و به‌و په‌ڕی بێبه‌زه‌ییانه گرتن و هێشتنه‌وه‌یان له سیاچاڵه‌کان و ئازاردان و بێبه‌شکردنیان له سه‌ره‌تاییترین ماف و پێداویستییه ئینسانیه‌کان به‌رده‌وامه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مه دیوی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و ڕژێمه دیکتاتۆره بێ، ئه‌وه بێگومان دیوه‌که‌ی تر که کۆمه‌ڵگاو خودی بزوتنه‌وه جۆراوجۆره‌کانی تری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ده‌سته‌ڵات و ده‌ست و پێوه‌ندییه‌کانیه‌تی. هیچ که‌سێک که بڕێکی که‌م چاودێری کرد‌بێ به‌سه‌ر ڕوودوه‌کانی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دووایی ئێران، ناتوانێ ئینکاری بزوتنه‌وه‌گه‌لی کرێکاران، خوێندکاران و لاوان، ژنان، مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و تاد بکا و دان به‌وه‌دا نه‌نێ که کۆمه‌ڵگای ئێران هه‌رچی به شێوه‌یه‌کی خێرا‌و کارا ڕووه‌و قوتببه‌ندی ده‌چێ له‌لایه‌ن هه‌ریه‌کێک له ڕژێمی ئیسلامی له‌لایه‌ک و، بزوتنه‌وه ناڕازییه‌کانی کۆمه‌ڵگاش به‌ڕابه‌ری چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کان له‌لایه‌کیتر. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، وه‌کو حیزبێکی پێشڕه‌وی کرێکاران و سه‌رجه‌م چه‌وساوه‌کان، ئاڵا هه‌ڵگرو ڕێنیشانده‌ری هه‌موو ئه‌و بزوتنه‌وه و جموجۆڵانه ده‌بێ به هاوکاری ته‌واوی ئه‌و بزوتنه‌وانه بۆ ڕوخاندنی ڕژێمی ئیسلامی ئێران و هێنانه کایه‌ی سیسته‌مێکی دادپه‌روه‌ر و سۆسیالیستی.
جارێکی تر پیرۆزبایی یه‌کی ئایارتان لێده‌که‌ین و به‌خێربێن بۆ ئه‌م مه‌راسیمه!
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران⁄کۆمیته‌ی ڕێکخستنی فینله‌ند ١⁄٥⁄٢٠٠٨ هێلسینکی
_______________________________________________________________________________________
ڕاپۆرتێک له مه‌راسمی یه‌کی ئه‌یار له فینله‌ند.
به بانگه‌وازی ڕێکخراوی فینله‌ندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، ئه‌مڕۆ مه‌راسمێکی شکۆدار به‌به‌شداری سه‌دان که‌س له دڵسۆزانی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاریی و کۆمۆنیستی، که له شاره دوور و نزیکه‌کانی فینله‌نده‌وه خۆیان گه‌یاندبووه شاری ئێسپۆ، به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا به‌ڕێوه‌به‌رانی به‌رنامه، هاوڕێێان ڕه‌حمان ئاهار و شیرین ئاباریان به زمانه‌کانی کوردی، فارسی و فینله‌ندی به‌خێرهاتنی ئاماده‌بووانیان کردوو و وێڕای پیرۆزبایی یه‌کی ئایار، به‌رنامه‌ی مه‌راسمیان ڕاگه‌یاند. به‌شوێن ئه‌وه‌دا مه‌راسم به خوله‌کێک بێده‌نگی بۆ ڕێزلێنان له یادی گیانبه‌ختکردووانی کرێکاریی و سۆسیالیستی و به سروودی ئینته‌رناسیۆناڵ که له لایه‌ن کۆڕی سرووده‌وه پێشکه‌ش کرا، ده‌ستی پێ‌کرد.
پاشان هاوڕێیان سۆران زه‌کی و شیرین ئاباریان په‌یامی یه‌کی ئایاری کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانیان به زمانه‌کانی کوردی و فارسی پێشکه‌ش کرد. دوای پێشکه‌ش کردنی سروودی یه‌کی ئایار که له لایه‌ن کۆڕی سرووده‌وه پێشکه‌ش کرا، نوێنه‌رانی لایه‌نه میوانه‌کان و له‌وانه هاوڕێ ئاریۆ سوۆنپێره ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی حیزبی کۆمۆنیستی فینله‌ند، هاوڕێ ڕێیۆ کاتایاڕانتا ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی یه‌کیه‌تی کۆمۆنیسته‌کانی فینله‌ند و سه‌رده‌بیری گۆڤاری ده‌نگی گه‌ل، هاوڕێ بێهره‌نگ مرات نوێنه‌ری ڕێکخراوی یه‌کیه‌تی فیدائیانی کۆمۆنیست، هاوڕێ سه‌فین مه‌حه‌ممه‌د نوێنه‌ری ڕێکخستنی فینله‌ندی یه‌کیه‌تی کۆمۆنیسته‌کان له عێراق و هاوڕێ عاتفه‌ی کشمیری نوێنه‌ری به‌شی فینله‌ندی ڕێکخراوی ژنانی 8ی مارس په‌یامی پیرۆزبایی یه‌کی ئایاری ڕێکخراوه‌کانیان پێشکه‌ش کرد.
ئینجا هاوڕێ ڕه‌حمان ئاهار، ده‌بیری کۆمیته‌ی ڕێکخستنی فینله‌ندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، وێڕای پیرۆزبایی گه‌رمی یه‌کی ئایار و به‌خێرهێنانی دووباره‌ی ئاماده‌بووان، په‌یامی یه‌کی ئایاری کۆمیته‌ی ڕێکخستنی فینله‌ندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانی به زمانی کوردی بۆ ئاماده‌بووان خوێنده‌وه.
له درێژه‌ی به‌رنامه‌دا، هاوڕێ ڕه‌زا جانه‌یی هۆنراوه‌یه‌کی خۆی پێشکه‌ش کرد که به‌بۆنه‌ی ڕؤژی جیهانی کرێکاره‌وه هۆنیویه‌ته‌وه.
دوای ته‌واو بوونی به‌شی یه‌که‌می مه‌راسم به‌شی دووم ده‌ستی پێ‌کرد که بریتی بوو له به‌رنامه‌یه‌کی هونه‌ریی و شایی و هه‌ڵپه‌ڕکێ به به‌شداری هونه‌رمه‌ندی لاو ڕێبوار مه‌عرووف. شایانی باسه که له به‌شی هونه‌ری مه‌راسمه‌که‌دا هاوڕێ شۆڕش که‌ریمیان سروودی ژیان هه‌رزانتره له نانی پێشکه‌ش کرد، که له‌گه‌ڵ پێشوازی گه‌رمی ئاماده‌بووان به‌ره‌وڕو بوو. له میانه‌ی مه‌راسمه‌که‌دا به پێشکه‌شکردنی خواردن له ئاماده‌بووان پێشوازی گه‌رموگوڕ کرا.
مه‌راسمی یه‌کی ئه‌یار که کاتژمێر 17 ی ئێواره ده‌ستی پێ‌کردبوو، کاتژمێر 12ی نیوه‌شه‌و سه‌رکه‌وتووانه کۆتایی پێهات.
هه‌ر بژی یه‌کی ئه‌یار ڕۆژی هاوخه‌باتیی جیهانیی چینی کرێکار! بژی سۆسیالیسزم!
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ـ ڕێکخراوی فینله‌ند 3 ی ئایاری 2008
|