٢١\٣\٢٠١٥
عەبادی؛ پیاوی
ئەرکە قورسەکان.

ستار محەمەد قادر
کێ لە ئێمە هەیە شیکردنەوەی بۆ ئەو وتەیەی حەیدەر عەبادی کردبێ کاتێک
لە سلێمانی ئەوەی بە گوێی هەموواندا دا کە ئەو پیاوی ئەرکە قورسەکانە،
هێزە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان بێ ئەوەی خوێندنەوەیان هەبێ بۆ
رەهەندی ئەو قسەیە کە رووی دەمی عەبادی لەو چرکە ساتەدا لە کورد بوو،
مەرجێکی واژۆ نەکراویان کرد بە پاکانەی بەشداریکردنیان لە حکومەتەکەی
عەبادیدا، سێ مانگیان دەستنیشان کرد وەکو (کاتێکی دیرکراو) بۆ
نیازپاکیی و تاقیکردنەوەی کاراکتەری سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، لە
کاتێکدا کورد بە ناچاریی و لەژێر گوشاردا بەشداریی پێکرا!
بێ گومان دەبێ جیاوازیی هەبێ لەنێوان کاراکتەری مالیکی و عەبادیدا، زۆر
شتیش لەم بارەیەوە نووسراو زۆریش گوترا، ئەوە بە چاوی خۆمان
جیاوازییەکانمان بینی، ئەگەر نانبڕینی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەسەر
دەستی مالیکی خرایە قاڵبێکی سیاسییەوە، ئەوە لەسەر دەستی عەبادی
قاڵبێکی یاسایی و ماتماتیکی پێدرا؟!
کێشەی کورد لەگەڵ ناوەند بەر لەوەی بخرێتە خانەی ژمارەوە، پێش ئەوەی
لەوەدا کورت بکرێتەوە کە چەند نەوت دەفرۆشی، ئەوەندە پارەت بۆ دەنێرم،
نەبوونی پلان و بەرنامەی گونجاوە بۆ وێنەکێشانی ئایندە، کێشەی خۆ
دزینەوەیە لە ئاستی بەرپرسیارێتی راستەقینە، خۆ بەزلزانینێکی
فووتێکراوە، ئاخر کاتێک کە سیاسەتێکی دیاریکراوت نەبێ، دەکرێ مەرجت
هەبێ؟ باشە مەرجەکانی کورد چی بوون و چەندیان جێبەجێکراون؟ ئەی کەواتە
بۆ هەڵوێستێکی روون لە لایەن حکومەت و هێزە سیاسییەکانەوە نابینرێن؟
نەبوونی هیچ جۆرە هەڵوێستێک و بێ دەنگی لەئاستی بڕینی قووتی خەڵکی
ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکا؛ کە سیاسەتمەدارانی کورد بەبێ فیکر
لەبەرنامەیدایە لەم ئەتمۆسفیرە سیخناخە لە پیلانگێڕی سیاسەت بکەن، بێ
فیکری کورد لەدێڕ زەمانەوە لەخۆشباوەڕیدا رەنگی داوەتەوەو رەگێکی قوڵی
مێژویی هەیەو تا دێ چرۆ دەکاو لەسەر وەختی کێشەو قەیرانەکاندا جوانتر
خۆی نمایش دەکاو خۆیمان پێشان دەدا!
ئەوەی ئێستا لەدیمەنە سیاسیەکان دەیخوێنینەوە، ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکا:
کە کورد هیچ مەرجێکی نەبووە بۆ بەشداریکردن و کشانەوەی لە حکومەتەکەی
حەیدەر عەبادیدا، ئەگەر رێککەوتنێکیشی کردبێ، بەباشی نەچووەتە نێو
وردەکاریەکانیەوە، بە واتایەکی تر حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی
ئەوەی لە عەبادی نەدەکرد کە بە زمانی ژمارە باری ئەمان لاسەنگ بکاو
داشی خۆی بەسەریاندا زاڵ بکا، زوبانی ژمارەی حکومەتی ئێستای عەبادی،
تۆپەکەی فڕێداوەتە گۆڕەپانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بە زمانێکی
پاراو دەڵێ: کورد دەبێ مەسەلەی لە ١٧٪
و زۆر شتی تریش لە بیری خۆی بباتەوە و رەتی بکاتەوە، چونکە لە
دەستبردنی بۆ فرۆشتنی نەوت، ریسکی کردووەو دەبێ هەر خودی خۆیانیش
بەرپرسیارێتی ئەو ریسککردنە لەئەستۆ بگرن!
بە حەقیقەت کاتێک دەبینم دوای نانبڕینی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆ
ماوەی ساڵێک لەلاین ناوەندەوە، بۆ جارێکی دیکە حکومەتی هەرێمی کوردستان
دەکەوێتە وەهمی دانوستانەوەو دەیەوێ چارەنوسی خەڵکی کوردستان بە تەنافی
حکومەتێکەوە هەڵبواسێ، کە بە ئەجێندای وڵاتێکی هەرێمی کار دەکا و
گۆڕینی ناو و دەم و چاوەکان هیچ شتێک لە واقیعی ناگۆڕێ، بە واتایەکی تر
ناوەند بەم سیاسەتەی ئەوە بە کورد دەڵێ: کە دەسبەرداری چەمکی ئەو
شەراکەتە ببێ کە لە حەقیقەتدا جگە لەوەهم هیچ شتێکی تر نەبووە، کورد
لەعێراقدا نە دەبێ بە هاوڵاتی پلە یەک و نەش وەکو شەریکێکی حەقیقی
تەماشا دەکرێ.
زوبانی ژمارە، جگە لە بەهانە دۆزینەوە بۆ کوردو درێژە دان بە سیاسەتی
برسیکردن، نابێ هیچ جۆرە لێکدانەوە و خوێندنەوەیەکی تری بۆ بکرێ، ئەم
مۆدیلە لە سیاسەتکردن، مۆدیلێک نیە مرۆڤ لێی بە گومان نەبێ و سڵی لێ
نەکاتەوە، ئاخر هەر عارەب خۆی دەڵێ: ''قطع الاعناق؛ لا قطع الارزاق''
کێ ناڵێ پرۆسەی ئەم نان بڕینە بۆ ئەوە نەبووە تا کورد سەری بڕواو
ماڵیشی ئاوەو ئاو بڕوا!
عەبادی ئەوەی بۆ هەمووان سەلماند، کە گەمە کەرێکی باشە بۆ قورسکردنی
باری بەرانبەر، دەبێ کورد چی بکا بۆ ئەوەی ئەرکە قورسەکانی سەر شانی
ئەم کاراکتەرە سیاسیە سووک بکا؟ هاوکار و پشتیوانی بێ، یان چاوەڕوانی
هاوکاری و پشتیوانی لەو بکا؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|