په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٢\٢٠١٠

عەبدوڵا ئۆجەلان و ماندێلا.


عەلی مەحمود محەمەد

 

پازده‌ی ئەم مانگە یاده‌وەری ئەو گەلەکۆمە نێودەوڵەتییەیە کە یازده‌ ساڵ لەمەوپێش کرایە سەر بەڕێز ئۆجەلان ، لەوساوە هەموو هەفتەیەک فاتمە ئۆجەلان و محەمەدی برای لەگەڵ پارێزەرەکانی بە خۆیان و سەفەر تاسی پڕ لە خواردن و پریاسکەی بن هەنگڵ و جانتای دەستیانەوە هەفتانە ملی ئیمرالی دەگرنە بەر.


کە فاتمە لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە دەبینم بەو سادەییەوەی،سەفەر تاسەکەی شەهیدی نەمر عەبدالکەریم قاسمم بیر دێتەوە،لەبری ئەوەی ئاشپەزچی لە کۆشکی کۆماری خواردنی بۆ ئامادە بکات،سەفەر تاسە قوپاوەکەی خوشکەکەی سکی ئەم سەرۆکە سەڵتەی تێرە کرد.کە قاسم کە شەهیدکرا تەنها نیو دینار لە گیرفانی بوو،وەلێ کە عەبدوڵا ئۆجەلان گیرا گیرفانەکان خاڵی خاڵی ،سپی سپی بێگەر وەک بەفری قەندیل بوو.


یازده‌ ساڵی ڕەبەقە هەموو هەفتەیەک هەواڵەکانی ئیمراڵی میوانمانە،ئیمراڵی بۆتە بەشێک لە مێژووی ئەم گەلە،لەوێوە پەیامی ئاشتی سەر بە هەموو ماڵێکدا دەکات.


بیست ساڵ لەمەوپێِش و یازده‌ی مانگ تەنها چوار ڕۆژ پێِش پازده‌ی شوبات، پاش بیست و هه‌فت ساڵ زیندانی پیاوە ڕەش پێستە شێست و دوو ساڵانییەکە بە ناوی ماندیلا لە زیندان دەرچووە دەرەوە (کە لە "12-6-1964 "ەوە لە زینداندا بوو)،لە هەموو شاری کیپ تاون تەنها50000لە هەوادارانی پێشوازیان لێی کرد،کەچی ئەم پیاوە سمێڵ ڕەشە تێکسمڕاوە بە ویقارەی کوردەواری، لە هەر گەڕەکێک دەیان هەزار و لە هەر شارێک سەدان هەزار و لەم کوردستانە بە ملیۆنان مرۆڤ تەنها لە چاوەڕوانی بوخچەی هەواڵەکانی زیندانین.


ماندیلا لە زیندان دەرچوو ئاپارتاید وەک شەمشەمە کوێرە لەبەر ڕوناکی ئازادی خۆی ڕانەگرت و گۆڕ بە گۆڕ بوو،ماندیلا لەوساوە بۆ ئێٍستا گیرفانەکانی بەتاڵ بەتاڵ وەک کەلەسەری دیکتاتۆرەکان،تەنانەت ئەوچرکە ساتەی کە لە زیندان دەرچوو چاویلکەی لە ژنەکەی قەرز کرد بۆ ئەوەی نامەیەک بۆ هەوادارانی بخوێنێتەوە،ئاپۆش هەمان پەیام لە چاوەڕوانیدایە وەلێ چاوەکانی هەڵۆ ئاسۆ تریسکەی دێ،ئەگەر ئەو لە بەر گەرمای خۆرەتاو لە چاوەڕوانیدا بوون،ئەم هەزاران گەریلا لەناو کڕێوەی بەفرا بەشێوەی ڕەزمەندە لە زەماوەندان بۆ ئەو چرکە ساتە.


دەبێت کێ لە تورکیا ببێتە دیکلێرک،ئەو گوڵە لە سنگی خۆی بدات،کۆتایی بە دەسەڵاتی یەک ئاڵا یەک زمان یەک نەتەوە بهێنێت؟.


ئاپارتاید چارەنووسی زبڵدانی مێژوو بوو،وڵاتی یەک پێست بۆ هەتا هەتایە شەرمەزار بوو، وڵاتی یەک زمانیش هەمان چارەنووس چاوەڕوانیەتی.


ئەوەی ماندیلای بەرز کردەوەو کردی بە ماندیلا، نە سەرۆکایەتی،نە نۆبڵی ئاشتی بوو،خۆ قەشە توتو و دیکلێرکیش وەریان گرت،بەڵکە تەنها ویقاڕ و هەژاردۆستی و نەفرەتی کورسی دەسەڵاتی ماندیلا بوو.