په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٢\٢٠١٢

عەبدولغەنی عەلی یەحیا:

کۆنگرەی ١٣ فاشیلترین کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو.

* "لە ناو پارتیدا ھاوشێوەی شیعەو سونەکەی عێراقی ئەمڕۆ پۆست دابەش دەکرێ".

* "لە دوای کۆنگرەی ١٣ ئەوەی پێی دەڵێن گۆڕانکاری لەناو پارتیدا رووی نەداوە و رووش نادا".

* "پارتی بە تەنھا رووبەڕووی ئۆپۆزسیۆن و نەیارانی بۆتەوە، لەکاتێکدا یەکێتیش شەریکییەتی".

* "بۆ پارتی ھەڵوێستی مامۆستا عەلی باپیر زۆر لە ھەڵوێستی ھەندێک لایەنی نزیکی باشتر بوو".

دیداری: شوان سدیق

عەبدولغەنی عەلی یەحیا، ماوەی چەند ساڵێک لەناو ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا کارگێڕی لقی ١٤ی موسڵی ئەو حزبە بووە، بەڵام لە ئێستادا خانەنشینکراوە، زیاتر وەک نووسەر و چاودێرێکی سیاسی لە رۆژنامە و راگەیاندنەکان بەتایبەتی لەرۆژنامەی شەرقولئەوسەت بۆچوونەکانی خۆی دەخاتەڕوو، لەو دیمانەیەدا باس لە پارتی و گۆڕانکاری لە نێو پارتیدا دەکات.
 

شوان سدیق: لەدوای کۆنگرەی ١٣ی پارتی، وەک ھەندێک لەکادرانی ئەو حزبە و چاودێرانیش پێیانوایە ھێشتا دەرئەنجامەکانی کۆنگرە بەشێوەیەکی پراکتیکی لەناو ئۆرگانەکانی حزبدا ھەستی پێ ناکرێت، بۆچوونی تۆ چییە لەسەر ئەمە؟
عەبدولغەنی عەلی یەحیا: ئەوەی پێی دەڵێن گۆڕانکاری لەناو پارتیدا رووینەداوە، لەڕووی ناوەڕۆک و ھەم لەڕووی زاراوەشەوە، ھەتا ئێستاش گواستنەوەی کەسێک لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، وەک دیاردە شتێکی زۆر تەسکە لەناو پارتی، بۆیە پێشبینیش دەکەم ھیچ گۆڕانکارییەک روو نادات.

شوان سدیق: بۆچی؟
عەبدولغەنی عەلی یەحیا: ھۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەگەر ئێستا سەیری قیادەی پارتی بکەیت، زۆربەی ئەوانەی ماونەتەوە، ھەر ئەوانەبوون لەکۆنگرەکانی ١٠ و ١١ و ١٢ مەرکەزی بڕیاربوون لەناو حزب، ئەوانەشی لەدوای کۆنگرەی ١٣ ھاتنە سەرکردایەتی زیاتر ھەڵبژاردەی قیادەکانی رابردوو بوون، بێگومان ئەم قسانەم دەبەستمەوە بەوەی کە ئێستا باس لەدیاردەی گەندەڵی دەکەن لەناو حکومەت و دامودەزگاکان، بەبۆچوونی من پێویستە لەناو حزبەوە دەست بەچارەسەری بکرێت، چونکە لەناو حزب گەندەڵیەکی زۆر ھەیە، ئەو گەندەڵیەش رەنگی داوەتەوە بۆ ناو حکومەت.

شوان سدیق: بەڵام لەدوای کۆنگرەی ١٣، پارتی ھەوڵی نەداوە، ئەو دیاردەیەی کە باستکرد چارەسەری بکات؟
عەبدولغەنی عەلی یەحیا: وای بۆ دەچم لەو کاتەوەی باس لەموحاسەسە دەکەین، لەبەغدا کە زیاتر باس لەدابەشکردنی پۆست و پلە دەکەن لەنێوان سونەو شیعە و کورد، کە کەسیشیان لەیەک مورتاح نین، بێگومان لەدوای کۆنگرەی ١٣ی پارتیش ئەو جۆرە موحاسەسەیە دەستیپێکردووە، بەجۆرێک دەبێ یەکێک ئێزدی بێت، دەبێ نوێنەری ئێزدیش بێت، یان کەسێک مەسیحی بێت، بۆ کوردی فەیلی و سۆرانی و بادینی بەھەمان شێوە، واتە ئەوەی دەکرێت ئەمڕۆ لەناو پارتیدا ھاوشێوەی شیعەو سونەکەی عێراقە کە چۆن پۆستەکان دابەش دەکرێت.
رەنگە ئەمەش پەیوەندی بەوەوە ھەبێت، کە پێشتر ماوەی ١٢ ساڵ ئەو حزبە کۆنگرەی نەبەستبوو، بەڵام بەلای منەوە کۆنگرەی ١٣ فاشیلترین کۆنگرەی پارتی بووە، لەبەر ئەو ھۆکارانەی کە باسمکرد، چونکە ھیچ کات گۆڕینی بەرپرسێکی لق یان ناوچەیەک گۆڕانکاری پێ ناگوترێ، بەڵکو گۆڕانکاری دەبێ لەئاستی سەرکردایەتی و سیاسەت و ئەجێندای حزبەکەشدا بکرێت.

شوان سدیق: لەدوای رووداوەکانی ١٧ی شوبات و کێشەکانی ناوچەی بادینان بەبۆچوونی تۆ حزبێکی وەک پارتی، چۆن توانیویەتی لەگەڵ ئەم رەوشە ھەڵ بکات؟ لەکاتێکدا زۆربەی فشار و ناڕەزاییەکان رووبەڕووی ئەو حزبە بوونەتەوە؟
عەبدولغەنی عەلی یەحیا: پارتی نەیتوانیوە لەرێگەی قیادە و حیوارەوە چارەسەری ئەو کێشانە بکات، کێشەکانیش چارەسەر نەکراون، بەلای منەوە رووداوەکانی زاخۆ ئەوەندەی ئەوە گرنگ نییە کە پارتی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن ئاشت ببێتەوە، دەکرێ بڵێین یەکێتی نیشتیمانیش، چونکە ھەر دوو حزبەکە بەیەکەوە وڵات بەڕێوە دەبەن، بەڵام ئەوەی سەیری مەشھەدەکان دەکات، پارتی بە تەنھا رووبەڕووی ئەو شتانە بۆتەوەو یەکێتیش خۆی دوورەپەرێز دەگرێت، دەبوایە لایەنەکەی تریش ئەگەر پارتی کەموکورتی ھەبێ لەکوردستان پێویستە حزبە ھاوپەیمانەکەی بیری لێ بکاتەوەو نیوەی بۆ ئەو بگەڕێتەوە.

شوان سدیق:
پێتوایە پارتی بیری لەوە نەکردبێتەوە، کە ئەو بە تەنیایە لە ئێستادا وەک تۆ دەڵێیت؟
عەبدولغەنی عەلی یەحیا: دەبێ ئەو پرسیارە ئاراستەی سەرکردایەتی پارتی بکەیت، بەڵام وای بۆدەچم تا ئێستا پارتی بە تەنیا رووبەڕووی ئۆپۆزسیۆن و نەیارانی بۆتەوە، ھەرچەندە یەکێتی لەگەڵی جیانەبۆتەوەو لەحکومەت بەشدارن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەو کێشانەی کە رووبەڕووی دەسەڵات بوونەتەوە، بە تەنیا پارتی لێی بەرپرس نییە، بەڵکو ھەموو ئەو حزب و لایەنانەی کە لەناو حکومەتدان بەرپرسن، دەبوایە ئەوانیش ھەڵوێستیان ھەبوایە.


شوان سدیق: بەبۆچوونی تۆ پارتی خۆی مەبەستییەتی رووبەڕووی ئەو حزب و لایەنانە ببێـتەوە، یاخود حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان تەنیا پارتیان کردۆتە ئامانج؟
عەبدولغەنی عەلی یەحیا: من ھەڵوێستی مامۆستا عەلی باپیر بۆ پارتی بەپۆزەتیڤ دەبینم، چونکە دەستپێشخەری و پرۆژەیەکی ئاشتەوایی ھەبوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەم دواییانە، بەڵام حزبەکانی تر بەو جۆرە نەبوون، ھەرچەندە ئۆپۆزسیۆن، بەرنامەی خۆی ھەیە، بەڵام ئەم ھەڵوێستەی عەلی باپیر زۆر لەھەڵوێستی ھەندێک لایەنی نزیکی پارتیش باشتر بوو، کەچی لایەنەکانی تر پرۆژەیەکی وایان نەخستەڕوو. بەڵام بەگشتی ئەو رەوشە ئەگەر چارەسەر نەکرێت، ھەموو لایەک زەرەر دەکەن.

 

ھەولێر

ماڵپه‌ڕی شوان سدیق

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک