په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٤\٢٠٢٠

ئەدەبی ژنان، ئەدەبی جیاوازی و ھەژاریی رەگەزیی.


سمکۆ محەمەد      

ژن گوتاری فێمینیستی دیار و نادیار.

 
سەدەی بیستەم، سەدەی ھەڵاتنی رۆژی ژنانی ئەدیب بوو لەئەوروپا، لەوانەش (ڤێرجینیا ئۆلف و کاترین مەنسفێڵد و رێبیکا وێڵد و ئانا ئەخماتۆف و دواتریش شیمبۆرسکا) کەزۆرترین موناقەشە لەبارەی دەقەکانیانەوە کراوە، لەنێو عەرەبیشدا کەسانی وەک (نەوال سەعداوی و غادە سەمان و لەیلا ئەلعەلی و نازک ئەلمەلائیکە و ئاسیا جەبارو ئێستاش ئەحلام مستەغانمی) و ھتد، لەنێو فارسیشدا ناودارترین ژنە ئەدیب کەلەلای کورد ناسراوە (فڕوغی فروغزاد) و چەندین ژنی تر دەرکەوتوون کەناکرێ ھەموویان بەنمونە بھێنینەوە، ئەم دەرکەوتنەی ژنانی ئەدیب، بەدەر لەوەی کەناکرێ جیاوازی لەنێوان ئەو دوو رەگەزە واتە ژن و پیاو بکرێ، بەڵام مەبەستەکە زیاتر بۆ دەرکەوتنی گوتاری ژن بوو لەدونیای نوسین و ئەدەبدا، چونکە دۆخی مادی و پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابوری ژنان لەنێو ماڵدا بوو، یاخود بەشێکی زۆری کاتی ژیانیان بۆ پەروەردە و بەڕێوەبردنی ماڵ بوو لەنێو چێشتخانەدا، یان ئەوەی تەنھا بۆدابین کردنی حەزەکانی پیاو تەماشا دەکرا، چونکە تەواوی کایەکان بەئەدەبیشەوە لەژێر دەسەڵاتی گوتاری ئەخلاقیانەی پیاودا بوو، ئیدی ھەم وەک شۆڕشێک دژی عەقڵیەتی کۆنەپەرستی و ھەم بۆدەرکەوتنی توانای ژنان. ئێمە ژنگەلێکمان ھەیە کەدەرکەوتوون و دەنووسن و خۆیان نمایش دەکەن، بەڵام ئەمانە نمایندەی ئەو ژنانە نین کەبریتیە لەسروشتی ژیانی ئەو ژنانەی کە ھەمیشە لەژێر دەسەڵاتی باوکسالاریدان و سەرکوت دەکرێن، بۆیە ژنان ئەو رقەیان ھەیە کەھەندێکجار بەناڕاستەوخۆ وەکو فێمێنیست خۆیان نمایش دەکەن بەڵام پەشیمانن لەو گوتارە و ناوێرن بەیانی بکەن، لەمبارەیەوە ئادۆرنۆ بەشێک لەو رەخنانەی کە لەبارەی پێشکەوتن و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی ھەیەتی ئەم جیاوازییەی بەیان کردوە و ھۆکارەکانیشی لەسروشتی مرڤدا دەستنیشان کردووە کەچۆن لەژێر کۆنتڕۆڵی سیستمی بۆرژوازیدا دەردەکەوێ.
" دەکری چارەنووسی ژنان لەژیاری مۆدێرندا باشترین نمونە بێت بۆ داماڵێنی مرۆڤ لەخەسڵەتە ئینسانیەکان، بەبۆچوونی ئادۆرنۆ ئەمە مەرجی سێھەمی پێشکەوتنە پاش دوو مەرجە پێشوەختەکەی کەبریتین لە رەتکردنەوەی جیاوازی چۆنایەتی و ھەوڵدان بۆ سەپاندنی دەسەڵات بەسەر سروشتدا، ژنان ھەڵگری کۆمەڵێک ھێمای ئەوتۆن لەلایەن سروشتەوە سەپێنراون و ناکرێ بسڕێنەوە، ئێستا ژن بەرچاوترین ھێمایە بۆ ھەردەم مەحاڵی سەربەخۆبوونی مرۆڤ لەسروشت و ئیدی ژن رقێکی بێ سنووری ئەو تۆ بەسەرخۆیدا دەھێنێت کەقوڵی ئەو رقە زیاتر لەتوندوتیژی ساددی دا، نەک لەخۆ دەرخستنی خێرخوازیانەی باوکسالاری بۆرژوازی دەردەکەوێت، بۆیە مل پێکەچکردنی ژنان سیمبولی چارەنووسی مرۆڤی مۆدێرنە لەکۆمەڵگەیەکدا کە رق بەماددەکردن حوکمی دەکەن،ژن رێگەی نادرێت چۆن پیاوان لەتاک ویستی خۆیان دابڕاون، بگاتە تاک ویستی خۆی تەنھا نمونەیەکی توخمەکەی خۆیەتی، بەگۆشەگیری یان دابڕان لەیەکتری ناسنامە بەیەکتری دەبەخشن، ھەروەک چۆن لەگەڵ گەلانی راستەقینەی کۆلۆنیاکراودا جولەکەکان و ئارییەکان ژنان بێدیفاع کراون".. تیری ئیگلتۆن، شیکردنەوەی دەروونی لەرەخنەی ئەدەبیدا، و. سەلاح حەسەن پاڵەوان. ل١١٦. کتیبۆک لەبڵاوکراوەکانی دەزگای سەردەم. لەھەر کۆمەڵگەیەک ژنان دەرکەوتن، سەرەتای دەرکەوتنەکەش وەک شێوە لاساییەکی پیاوان بوو شکڵی وەرگرتووە، بەڵام دواتر ئەم دەرکەوتنە بوو بەئەمری واقیع و جۆرێکی دیکەی کێبەرکێی مەعریفی، ئیدی ئەدەب واقیعێکی دیکەی وەرگرت کەدواجار گوتاری فیمێنیستی لەرۆژئاواوە ھات و کردی بەیەکێک لەئاراستە فکرییەکان، ھەر لەم سۆنگەیەشەوە یەکێک لەو رەخنانەی کەلە (جۆلیا کریستۆڤەر و ھێلێن سیسکۆ) دەگیرا، ئەوەبوو کەرەخنەکانیان لەتێڕوانین و ھەڵوێستی دژواز و ئاژاوەگێڕی بوو، ھەروەھا لەژێر کاریگەری گوتاری پیاوانەوە سەرچاوەی گرتبوو، چونکە خەیاڵێکی دیکەی بەرجەستە نەکرد کەدژە گوتاری پیاوانە بێت، بەو پێیەی کەخاوەن خەیاڵێکی فێمێنیستی بوون، " ئەتوانین لەکارەکانی (جۆلیا کریستیفای فێنمێنیست خاڵێکی بەیەکگەیشتنی دیکەی نێوان تیئۆرە سیاسی و شیکردنەوە دەروونیەکان بەدی بکەین، جۆلیا بەتەواوی بۆچوونەکانی لەژێر کاریگەری لاکانە، بۆکەسێک لایەنگری یەکسانی ئافرەتان بێت، گرفتێکە گەر بکەوێتە ژێر کاریگەری بۆچوونەکانی لاکانەوە، ئەو سیستمە سیمبولیانەی کەلاکان گفتوگۆیان لەسەر ئەکات، ھەمان باوک سالاری و ھەمان ئەو سیستمە کۆمەڵایەتیەیە کە تایبەتە بەکۆمەڵگەی چینی نوێ، کەبەدەوری مەدلولی باڵای کۆئەندامی نێرینەدا شێوەی گرتووە، لەژێر چەپۆکی یاسایەکە کەباوک بەرجەستە دەکات، بەڵام ھیچ رێگایەک نییە بۆ کەسێک کەبڕوای بە یەکسانی ژنان ھەبێ و بەرگری لەم قوتابخانەیە بکات، بەبێ رەخنە پێشوازی سیستمە سیمبولیەکات بکات لەسەر حسابی خەیاڵ، بەپێچەوانەوە ئامانجی رەخنەگرانێک کەبڕوایان بە یەکسانی ئافرەت ھەیە، بریتیە لەتاوتوێکردنی سەرکووتکردنی پەیوەندییە سێکسیەکانی ئەم جۆرە رژێمە، لەم رووەوە کریستیفا دژایەتی سیمبولێک دەکات نەک بەڕادەی دژایەتی خەیاڵ". راجێر وێستێر . توێژینەوەی تیۆری ئەدەبی.. وەرگێرانی بۆ کوردی. عەبدولخالق یەعقوبی. ل٧٨.


وەکو پێشتر لەیەکێک بابەتەکاندا قسەمان لەوەکرد کەزۆربەی چەمکە ئەدەبیەکان، وەکو مۆدێل ھاتنە نێو دونیای ئەدەبی کوردییەوە، ئاوھاش چەمکی فێمیزم ھاتە نێو ئەدەبیاتێک کەژنان کاریان پێدەکرد، گوایە بەرپەرچدانەوەیەکی گوتاری پیاوانەیە، بەڵام ئەمە نەک ھەر لەرووی فکری و ئەدەبییەوە کەدەبوو لەدەقەکانیان رەنگبداتەوە، بەڵکو جۆرە لادانێکیش بوو لەرێسای نوسین و بەرھەمی ئەدەبی، ھۆکاری نەگایاندنەکەشی ئەوەبوو کەھەم عورف و نەریتی کۆمەڵگا رێگربوو، ھەم خودی ئەدیبە ژنەکان نەیانتوانی کەڵک لەو رەھایەتییە وەربگرن کە (سیمۆن دی بۆڤارا) دەیگوت "ژن دەبێ خۆی پێناسە بۆ خۆی بکات نەک پێناسەکە لەرێگەی پیاوەوە بێت"، ئەم نێرماناییە تەنھا لەنێو دەستەیەک لەژنانی ئەدیب بەکرچ و کاڵی جێگەی گرت، ئەگەرنا نەک ھەر لەنێو ئەدەبیات، بەڵکو ئەو فکرەی فێمێنیستی لەگەڵ خۆیدا ھەڵیگرتبوو، ھیچ مێینەیەکی بۆ ھۆشیار نەکرایەوە و جێکەوتە نەبوو، تەنھا ئەوەنەبێ شێوە بەرگرییەک بوو لەژیانی ژن لەژێر سایەی عورفە کۆمەڵایەتی و ئاینیەکان و ھیچی دیکە.


شان بەشانی کارکردنی بەشێک لەو ژنانەی لەنێو ئەدەبدا دەرکەوتن، جۆرە پاشکۆیەتیەکی ئەدەبی پیاوان بوو، نەک بەو مانایەی کەخۆیان وەکو رەگەزێک جیابکەنەوە، بەڵکو وەکو ئەوەی بیسەلمێنن ژنانیش دەتوانن بەشداری ئەو کایەیە بکەن، بەڵام ھەر وەک چۆن لەنێو سیاسەتدا ژنان تەنھا بۆ جۆرێک ھاوکاری پیاوان و ھەندێجاریش بەناچار تێوەگلان، ئاوھاش بەشێکی زۆر لەئەدیبانی ژن تێوەگلان بەئەدەبەوە و تەنھا خۆدەرخستن بووە، باشترین سەلمێنەریش ئەوەیە کەژنێکمان نییە لەدونیای ئەدەبی کوردیدا خاوەنی ستایلێکی تایبەت بەخۆی بێت و ناسراوبێت.

ئەدەبیات بۆ ژن.


دونیای ژنان و گەیاندنی گوتاری کەسێتی خۆیان، بەدرێژایی مێژوو تاکو سەردەمی رێنیسانس و ئاڵوگۆڕی سیستمەکان لەپیاوسالاریەوە تاکو زەقکردنەوەی کێشەی ژن، گوتار بەشێک بووە لەو قەیرانەی کەجۆرێک تێنەگەیشتنی دروستکردووە ھەم لەنێو ژنان خۆیاندا کە دەرنەکەوتوونە، ھەم پیاوانیش تێنەگەیشتوون لەو ھەوڵە، یۆجێر ئۆڵف لەمبارەیەوە دەڵێ" یەکێک لەھۆکارەکانی گەیاندنی گوتارە دەگمەنەکانی ژنان بەرامبەر بەو سروشتەی کەبەزۆر بەسەریاندا سەپاوە، گەیاندنی گوتار لەرێگەی ئەدەبەوە رێگەیەک بووە قسەی خۆیانی تێدابکەن، بۆئەوەی چیتر وێنەی راستەقینەی ژن لەلایەن پیاوانەوە دروست نەکرێت". ئاشنابوون بە جاک لاکان. وەڕگێڕانی . کۆمەڵێک نوسەر. پڕۆژەی ١٠٠ نامیلکەی فەلسەفی. دەزگای ئایدیا بۆ فکر و لێکۆَڵینەوە. ساڵی ٢٠١٥. ل٣٧.


ئەم تێڕوانینە لەوێوە سەرچاوەی گرتووە کەبەدوو تێرَوانین دەقی ئەدەبی بۆ پیاو مانایەکی ھەیە و بۆ ژنانیش مانایەکی دیکە.


تێڕوانینی یەکەم: ژن وەکو کەرەستەی خاوی جوانکاری نێو دەق دادەنرا و تاڕادەیەکیش بیرکردنەوە و تێگەیشتنێکی جێکەوتە بووە، بۆنمونە جەستەی ژن و سیما و فەزا سیحراویەکەی کەرەستیەک بوون بۆ ئەوەی پیاو بتوانن دەقی پێ دەوڵەمەند بکەن، وەکو ئەوەی کەژن نوێنەری ھەستی پیاو و دامرکاندنەوەی حەز و ئارەزووەکانی پیاو بن و ژن ئەو مافەی لەلای پیاو نەبێ و غەریزە و ئارەزووەکانی کەمتر بن لەپیاو، "ئەم تێڕوانینە زۆر نزیکە لە تێڕوانینەکەی ژاک لاکان کە زمان لەلای ئەو بریتیە لەسیمبولی نێرسالاری و لەکۆئەندامی نێرینەشەوە سەرچاوەی گرتووە ئەو سیمبول گوتارە، بەپێی جۆرج لۆکاش جێگەی دایک جێگایەکی ژنانەیە لە جێگای پرسی واقیعی یە، لەکاتێکدا باوک نوێنەری پرسی ھێمایی بەھاییە و منداڵیش دەبێتە پرسی خەیاڵی یان ئەو خەیاڵدانەی کە لەنێوان ھێما و دەسەڵات و پرسی واقیعی دا پەیدا دەبێت". ھەمان سەرچاوەی پێشوو ل٤٦.


بەڵام بە بڕوای بەشێک لەو نوسەرە ژنانەی کە ھەڵگری بیروڕای فێمینیستین، گوتاری زاڵی باوک لەو سیستمەوە سەرچاوەی گرتووە کە تەنھا نرخی بۆ رەگەزی نێرینە داناوە، یان زیاتر بەھای بۆ نێرینە و پیاوان داناوە، بەڵام لاکان ئەمە بە ھەڵە تێگەیشتن لەقەڵەم دەدات و پێی وایە ھیچ چوارچێوەیەک بۆ جیاکردنەوەی رەگەزەکان لۆژیکی نییە، چونکە ھیچ ژنێک بێ خود نییە و خودی پیاوێکیش بەبێ ژن خودێکی تەواو نییە، کەوابوو ھەر جیاوازییەک لەنێوان رەگەزی نێرینە و مێینە بەتایبەتی لە ئەدەبیات و لەنێو زماندا، نە دەتوانێ ھێما بەرھەمبھێنێت و نە دەتوانێ پرسێکی تەواو واقیعی بەرھەمبھێنێ.


تێڕوانینی دووەم: نوسینی دەق کە دیارە پاشخانێکی مێژوویی ھەیە، یەکێکە لەکاری پیاو، بۆیە دەبێ ژن ئەم کارە نەگرێتە دەست و نەبێت بەیەکێک لەو کارەکتەرە چالاکانەی کەپشکی ھەبێ لەدەوڵەمەندکردنی زمان و ئەدەب و گوتارە جیاوازەکان و ھێمایەک بۆ نێرینە، لەمبارەیەوە کەسێکی وەکو (ئۆرێل موی) دوو جۆر نەریتی دەستنیشان کردووە، یەکێکیان ئامریکی و ئینگلیزی بوو، ئەویتریان فەرانسایی، ئەوەی یەکەم بۆئەوە بوو کە ژن بتوانێ ململانێ لەگەڵ جۆرەکانی دەسەڵاتی پیاوان بکات، نەریتی دووەم دەرونشیکارانەی ژن بوو، ئەو ھاشا لەدەقی پیاوان ناکات، بەڵکو کۆمەڵێک ژێدەری ھزری جۆراوجۆری ھەیە و بەپێچەوانەی ھەندێ فێمینیستی ئینگلیزی و ئامریکی کەھەڵوێستی ناوەندی رەچاو دەکەن، لەوانەش (ژولیا کریستۆڤەر و ھێلین سیسکۆ).


"ئێمە سەروکارمان لێرەدا لەگەل ئاراستەی دووھەمی ژنێتی ھەیە و بۆ دەست بەسەراگرتنی ناسینی ھۆیەکانی ھەقیقەت، پیاو دەبێ ژن بێ، دیۆنیزمی نیچە ھەم ژنە و ھەم پیاوە، بوونەوەرێکی دوو رەگەزەیە کە بەر لە پەیدابوونی بەرامبەرێتی دوانی ژن و پیاو ھەبووە".بابەک ئەحمەدی. پێکھاتە و راڤەی دەق. وەرگێڕانی بابەک ئەحمەدی. بڵاوکراوەکانی سەنتەری لێکۆڵینەوەی فکری و ئەدەبی نما. کتێبی سێھەم. ساڵی ٢٠٠٥ ل٩٧ لەلای نیچە کە لەتێزی ھەقیقەت و درۆدا ھاتووە، ھەقیقەت خودی ژنە و ژنیش دەبێ لەلایەن پیاوەوە سزا بدرێت، ھەروەک ئەوەی دەڵێ کە چوویت بۆلای ژن، قامچییەک بیر نەچێ، بەڵام ئەوەی باسەکەی ئێمە لێرەدا لەگەڵ ئەو تێڕوانینە فکرییە فرە رەھەندە جوودا دەکاتەوە لەوەی ژن تەنھا وەکو کائینێکی بێ بەرھەمی ئەدەبی و نوسین تەماشا بکەین، لەوێدایە کە ئێمە باسی ئەوە دەکەین ژن وەکو نووسەر یان ئەدیب، بۆیە لەجێی وشەی ژن دانەر یان ئەدیب بەبێ لەبەرچاوگرتنی رەگەز تەماشا دەکەین، بۆیە مەسەلەی ژن و نوسین کە لەکۆمەڵگەی داخراودا دوو مەسەلەی جودان، یەکەم بەھۆکاری ئەوەیە کە ژن تەنھا بۆ دونیای خۆی شت دەنوسێ و پیاو بۆ دونیایەکی تر کە ژنیش تێیدا بەشدارە و دەبێ ئاگای لێبێت، بەوپێیەی کە ھیچ نەبێ مەسەلەی زمان لەئەدەبدا، بەندە بە زمانی دایکەوە، بەڵام دواجاریش ھێندە گوتارە کۆمەڵایەتییەکە زاڵە بەسەر ھەموواندا بە جیاوازی فکریشەوە، ژن نیتوانیوە وەکو ئەوەی کۆمەڵگە و ئیشکالیاتەکانی کۆمەڵگە گەرەکیەتی بنووسێت، باشترین نموونەش ئەوەیە کە دەقی ئەدەبی ژنانی کورد کە لەژێر کاریگەری ژنانی عەرەبی و فارسی یە و ئەوانیش بەھۆی ئەوەی ھەمان کێشەیان ھەیە لەگەڵ پیاو ھەمان دەقی ئەدەبی بەرھەمدەھێنن، بۆیە ھەندێک بە ئەدەبی ژنان ناویان بردووە.


ئێمە لەکاتێکدا ئەم موناقەشەیە یان باشتر بڵێم بەرھەڵستکاری لەدابەشکردنی ئەدەبیاتی پیاو و ژنان دەکەین، ئەو کاتەیە کەئەدەب و نوسین کاری تاکە کەسییە و ھیچ پەیوەندی بەگروپبەندی و رەگەزییەوە نییە، بەو مانایەی کە ھیچ کۆمەڵگەیەک نییە ژن و پیاوەکانی دژی یەکتر بن، ئەمیان ئەویتر رەتبکاتەوە، دەردەسەری و نەھامەتی ھەریەکەیان خەتای ئەوی تریان بیت، بەڵام ئەوە عەقڵیەتی دواکەوتوویی یان توندڕەوییە ئەم جۆرە دابەشکردنە دەکاتە باو، ژنانیش یان ئەوەتا بەرگری لەخۆیان دەکەن، یان ئەوەتا وەکو عادەت و نەریت کەلەژنی ئاساییدا ھەیە، تەنھا دەقەکانیان بەزمانی ژنانەوە دەڕازێننەوە، نەک ئەوەی کردبێتیان بەگوتارێکی راستەوخۆ و وەکو نوسەرە ژنەکانی رۆژئاوا و عەرەب و فارس دەربکەون. لەدونیای عەرەبی و فارسیشدا کە ئێمەی کورد ئاشنایەتی زیاترمان ھەیە بەئەدەبیاتی ئەوان زیاتر لەبیانی مەبەست لەفەرانسایی و ئینگلیزی و ھتد، دەتوانین فروغی فروغزاد و لیلی عوسمان وەربگرین کە ھەردوکیان سوژەکانیان لەنێودەقدا گرێداوە بەمەسەلەی جەستەی ژن و سێکس وەکو ترنساکترین حاڵەتی بوونی ژن لەکۆمەڵگەدا کە کۆمەڵگەی فارسی و عەرەبی لەیەکتر دەچن و نزیکن لەڕووی خەسڵەتەوە، دواجار چونکە کێشەی ژن جیانەکرایەوە لەکێشەی کۆمەڵگە، بەڵام فۆڕمی جیاوازی وەرگرت، ھێشتا گوتاری پشت دەقەکان ئاشکرا نەکرا کە بۆچی و لەپێناوی چیدا مەسەلەی ژن گرێدراوە بەپیاوەوە، لەحاڵێکدا ژن بۆخۆی بەشێکە لەو فەزا کۆمەڵایەتیەی کەلەو پەڕی کراوەوە بۆ ئەوپەڕی داخراو، رەنگە لەھەندێ شوێندا پێچەوانە بکەوێتەوە مەسەلەی ژن، بەڵام ئەمە لەدەقی ئەدەبیدا تەواو وەزیفەی وەرنەگرتووە، تەنھا وەکو بەزەییەک دەرھەق بەحاڵی ژنان کەدواجار زیانی گەورە بەکەسێتی و شوناسی ژن گەیاندووە بەبێ ئەوەی ژنان خۆیان بەم نھێنیە فەلسەفیە بزانن.

گرێی کۆمەڵایەتی لە رۆمانی کوردیدا.


رەنگە لەئاستی رۆژئاوادا ئەمە لەرابردوودا بەبەراورد لەگەڵ ژیانی کۆمەڵایەتی و تاکگەراییدا گۆڕابێت، بۆنمونە رۆمانی (من و ئەوی تر) ی (ئەلبێرتۆ مۆرافیا) کەتەواو سوژەی رۆمانەکەی دەربارەی مەسەلەی سێکس و کێشی ئەندامی نێرینە بۆ پیاو ئەندامی مێینەیە بۆ ژن، مەسەلەیەکی دەروونی خوڵقاندووە لەکاتی خۆیدا شۆڕش بووە، ھەروەک ئەوەی کەشێرزاد حەسەن لەئەدەبیاتی کوردیدا ئەو فەزایەی دروستکردووە و ئەو شوناسەی بۆخۆی داگیر کردووە.


تائێرە قسەمان لەسەر ئەو ژنانە بوو کەلەسەدەی رابردوو ژنانی ئەدیبی رۆژئاواو رۆژھەڵاتی پێیدا گوزەریان کرد، ئەوان توانیان خۆیان رزگار بکەن لەو رەخنە لۆژیکیەی کەلێیان دەگیرا، ھەرچی ژنان ئەدیبی کوردە کە تاکو سەدەی رابردووش لەو مەعزەلەیەدا گینگڵی دەدا، ھەر بۆیە لەبەر نەبوونی پێوەری لۆژیکی و زاڵبوونی دونیابینی رۆمانسیانە، ئاسمانی ئەدەبی کوردی، پڕبوو لەئەدیبی ژن و کران بەئەستێرە، ئەمە جگەلەوەی کە چەندین ناوی وەک (ئەحلام مەنسوور و دایکی سۆلاف و شیرین ک و ئەرخەوان) و ھتد، لەحەفتاکانی سەدەی رابردوو بوونیان ھەبووە و جۆرێک لەیاخیگەرێتیان کردە باو، ئەمە شاھیدی نەھاقی نیە ئەگەر بەپێوەری لۆژیکی ئەم سەردەمە مامەڵەیان لەتەکدا نەکەین، بەڵکو وەکو خۆیان وەکو ھەلومەرجی رابردوو تەماشایان بکەین بەتایبەتی لەچیرۆک، ھەروەھا لەھەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، کەسانی وەک (نەجیبە ئەحمەد و چۆمان ھەردی و کەژاڵ ئەحمەد و کەژاڵ ئیبراھیم و چنوور نامیق و چنار و رۆژھەڵەبجەیی و نیگار نادر و شەرمین نەقشبەندی و ئاوێزان نوری و ھتد) دەرکەوتن، بەڵام ئەوانیش ھەم دەقەکانیان مەبەستگەرایی بوون، ھەم کێبەرکێکەیان لەتەک پیاواندا درێژخایەن نەبوو کەبەو رێژەیەی پیاوان لەبەرچاون، بەتایبەتی کەکێبەرکێکە لەسەر ئیستاتیکا نەبوو، بۆیە ژنان پەراوێزخران، ھەم خوێنەر یان رەخنەگرێکی راستگۆ نەبووە، یان کەھەبووە موجامەلەی کردوون، نەیانتوانی بەشێک لەو قەیرانە ئەدەبیە رزگار بکەن کەژنان تێیدا بەشێک بوون، من بەش بەحاڵی خۆم ھەستم بەگوتارێکی ژنانە نەکردووە لەو دەقانەدا، ھەستم بەفەزایەکی جیاواز نەکردووە کەزمانی ژنانەی پێوەدیاربێت، ھەستم بەوە نەکردووە کەبەر لەوەی خۆیان وەک ئەدەیبی ژن بناسن، یان ئەوەتا ئەو چەمکە رەتبکەنەوە کەپۆلین کردنی نێر و مێیە، لەپشت ئەو دەقانەوە "ئەنتۆلۆژیا" خودناسی نابینم، تەنھا ئەوەنەبێت کەدەرکەوتنیان وەکو سەلماندنی خود بووە و تائێستاش بەھەمان ئاراستە دەقەکانیان نمایش دەکەن، ئەگەر ھەڵە تێگەیشتن نەبێ دەقە شیعریەکانی (قوبادی جەلیزادە) کەکاریگەری نەزار قەبانیان پێوەدیارە، زۆر لەدەقی ژنە شاعیرەکان کراوەتر بووە، ئەمە وێڕای تێبینی ئەوەی کەجەلیزادە مەبەستی لەئازادکردنی جەستەی ژن نییە، بەڵکو ئارەزووی سێکسیە بۆ ئینسان کەرەنگدانەوەیەکی ناڕاستەوخۆی ھەیە لەخەیاڵی پیاودا، بۆیە ھەندێ لەژنانی ئەدیبیش ھەمان ستایلیان دووبارە کردەوە و بەجەستەی پیاودا ھەڵیاندا و ھەمان گوتاری پیاوانەیان دووبارە کردەوە.


ئیمبرتۆ ئیکۆ کە خاوەنی رۆمانی ناوداری (ناوی گوڵ) ە پێیوایە رۆمان مەعریفەیە، بەڵام مەعریفەیەکە بەشێوەیەک ھیچ و پوچ چ لەسەر زمانی کەسەکان دانانرێ، چونکە رۆمان دیوێکی دیکەی تایبەتە بە پەیوەندیە مرۆڤایەتیەکان و شتی تایبەت بە داڕشتنەوە و جۆری وێناکردنیان، رۆمان بەرجەستەکراوێک و فەزای زەمانیی و مانایە، بەو مانایەی زمانێک کە بەڕووتی ناخرێتە سەر لێوی ھەموو بونەوەرێکەوە، ھەڵبەت جگە لەوەش رۆمان پێناسەیەکی دیکەی ھەیە، ئەویش لە رۆمانی مەزندا دەبینرێت و ھەستی پێدەکرێت، ئەوەیە کە دانەرەکەی دەزانێ کەی خێرا دەبێت و کەی دەوستێت و چۆن ریتمێکی رەسەن و چەسپیو دەخەمڵێنێ، ئەمە تەکنیکێکە لە رۆمانی فرە پاڵەواندا زیاتر کاری پێدەکرێت.


لەنەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، خەریک بوو ئەدەب پۆلین دەکرا بەسەر نێرو مێدا، ھیچکام لەو شاعیر و چیرۆکنووسانەی کەلەسەرەوە ناوم بردن، کەم تازۆر وەڵامی ئەو پۆلین کردنەیان نەدایەوە، لەوەش بترازێ کەمترین ھەوڵی تێدا نابینرا بۆ تێکشکاندنی دەق لەقەید و بەندی شیعریەتی نوێخوازی، جگە لەو حاڵەتە رۆمانسیانەی کەوەک بڵێی بێئاگابن لەئەدەبیاتی نوێی جھانی.


حاڵەتێکی دیکە کەدواتر بوو بەمۆدێل لەنێو ژناندا، بەکارھێنانی موفرەدەی رووت و بەیان کردنی خەیاڵێک بوو کەپەیوەندی بەجەستەوە ھەیەو ھیچی دیکە، نمونەشیان (کەژاڵ ئەحمەد و نیگار نادر) بوو. ئەم دیاردەیە بەحاڵێک تەشەنەی کردە نێو کچان و ژنانەوە، ئەگەر کچێک بەو ستایلە نەینوسیبا، بەشیعری نوێخوازی و خاوەن جورئەت لەقەڵەم نادرا، سەرباری ھەموو ئەمانەش ھەمیشە ژنان و کچانی ئەدیب، خۆیان ھەوڵی خوێندنەوەی دەقەکانی خۆیان نەدەدا، ئیدی ھۆکارەکەی ئەوەبوو کەرەخنەگر نەبوون یان ئەوەی ئیرەییان ھەبوو لەبەرامبەر یەکتر، بۆیە لەچاوەڕوانی پیاوەکاندا بوون دەقەکانیان بخوێننەوە، ھەڵبەت باشترین دەقیش کەپیاوان ھەڵیان دەبژارد بۆ پێشبڕکێ ی شیعری، یان بۆ خوێندنەوە، ئەو شیعرانە بوون کەژنە ئەدیبەکان بۆ جەستەی خۆیان نوسبویان، سەرەنجام لەبری پێشبڕکێ ی ئەدەبی، ئیرەیی بردن بوو بەمۆدێل و ھیچی تری بارنەھێنا. بۆیە جیاکرانەوە لەئەدەبی پیاوان و بەھەژارترین ئەدەب ناسرا.


ئەم حاڵەتەی کە لەنێو ژنانی ئەدیبدا بوونیان ھەبوو، بەھەمان شێوەش لەنێو ژنانی رۆژنامەنووسیشدا ھەبوو، بۆ نمونە زۆر بەدەگمەن ژنێکی رۆژنامەنووس و نوسەر، توانیویەتی خۆی سەرقاڵ بکات بەکایەکانی تری وەک کۆمەڵناسی و سیاسی و ئابوری و ھتد، نەبوونی ئەم گوتارە سەربەخۆییەی ژنان، کارێکی وەھای کرد کەژنان لەپەراوێزی پیاواندا ژیانی ئەدەب و سیاسەت و رۆژنامەنووسی ببەنەڕێوە، تائەو کاتەی کەچەند ژنێک لەنێو رۆژنامەنووسیدا دەردەکەون، ئەمە جگە لەو ململانێ نابابەتیانەی کەلەنێوان ژنان خۆیاندا ھەبووە، جگە لەئیرەیی بردن، ھیچ پێشبڕکێیەکی داھێنانی لەخۆ نەگرتبوو.

 

ماڵپه‌ڕی سمکۆ محەمەد
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک