٢٥\٧\٢٠١٠
ئهدهب، نێر
بینووسێ یان مێ، ههر یهکه و گوزارشتگهلێکی بان رهگهزییه.

ناڵە عەبدولڕەحمان
بە راى من
پێویسته دواجار ئهو جیاوازییه ئەدەبێکى مرۆییانهی
یەکگرتوو بە کۆششى هەردوو
رەگەزەکەیەوە
پێکبهێنێ، نەک بە پێچەوانەوە ئەدەب پارچە پارچە و بەش بەش
پۆلێن بکا.
(ئیدى لە ئەدەبى کوردیشدا
ئەوە تەنیا هەر پیاو نیە کە پرسیار دەوروژێنێت و ئەو شتە دەلێت، زۆربە
لێى بێدەنگن. ئیدى ژنیش خوێنەر تووشى دڵەڕاوکێ دەکات و بەدەستى گومان
درەختى یەقین دەهەژێنێت، ئیدى ژنیش ڕاستگۆیانە خودى خۆى دەنووسێتەوە،
بوێرانە کۆچ بەرەو نادیار دەکات، ئیدى ژنیش نە سڵ لە تێکشکانى بتەکان
دەکاتەوە نە ڕێز لە شتە پیرۆزە ساختەکان دەگرێت.)*(1)
ئەو پرسیارەى هەمیشە لە هەموو شوێنێک لە من دەکرێ: ئایا ئەدەبێک هەیە
بە ناوى (ئەدەبى ژنان) ؟ تێدەگەم رێک مەبەستیان لە کرۆکی پرسیارەکەیان
ژن توانیوویەتى ژنانە بنووسێ یان هەر وەک قۆناغێ بەر لە ئێستا پیاوانە
دەنووسێ؟
(ژن لەوە تێپەڕیوە کۆترە برسییهکانى سنگى بە ئازادانە بەرەڵڵاى مەسارى
ئاسمانى ژنبوون بکات؟ یان وەک پێشان هەر لە هەناویدا دەیانخکێنێ)؟
ئێ خۆ هەر وایە ئەگەر ژن نەتوانێ ژنانە بنووسێ چۆن مشتومڕى ئەدەبى
ژنانە و ئەدەبى پیاوانە سەرهەڵدەدا؟
دەتوانم بڵێم بۆ بارى ئەدەبى ئێستاى کوردى تاڕاددەیەک ئەم بێژەیە
بەسەرچووە، (بەواتایەکى تر ئیدى قسەى ئەمە بەس بێ هەیە یان نییه؟.*(2)
دەبێ لەمەولا ئەم پرسیارە بورووژێنرێ:
-
لەناو ئەدەبى کوردى دا نووسینى ژن لە چ ئاستێکدایە، توانیوویەتى بگاتە
کوێ بە گوێرهی ووڵاتانى دراوسێ و ڕۆژاوا؟
بە واتایەکى دى دەبێ ئیدى بێ ترس و دڵەڕاوکێ پێنووسی ژنى کورد بە
پێنووسی ژنانى دیکەى جیهان بەراورد بکەین.*(3)
لێ داخەکەم رەخنەى جیددى ئاوڕ لە دەقەکان ناداتەوە هەتا بەرژەوەندیی
خود زاڵ بێ بەسەر هەستى نەتەوایەتیی و ڕۆڵى راستەقینەى رەخنەى ئەدەبى،
ئەگەر چى هەرگیز لەگەڵ نەتەوەپەرستیی و شۆڤێنیەتدا نیم، بەڵام بۆ
دەرخستن و ناسکردنى ئاستى ئەدەبیاتى کوردى و تایبەت پێنووسی ژن،
خەمخۆرى رەخنەى راشکاو و پاشان وهرگێڕانی شاکارەکانى ئەدەبی کوردى بە
هەموو ژانرەکانیەوە بۆ سەر زمانانێکى زندووى جیهانمان گەرەکە، دوور لە
بنەماى تەسکى بەرژەوەندیی و پرەنسپڵى بێ پرەنسیپى تاکەکەسى، چوون
ئێستاکێ بە ئاشکرا دیارە ژنانێکمان هەس زۆر ناسک و ژنانە دەنووسن و
بگرە ئاستى نووسینى ئەدەبى پیاوانیشیان تێپەڕاندووە، لە ناواخنى
دەقەکانیانەوە دەتوانرێ درک بەوە بکرێ: (ئەو شتانەى نووسراون
گوزارەیەکى بێپەردەیە لە دەروونى کامە رەگەز؟)*(4)
لێرەشدا نامەوێ ناو بهێنم چوون ئەمەى گوتم تەنها لەبارەى ههبوونی
نووسینى ژنانەوە یوو، هەیشمانە لە ژنان تەنانەت ناگەنە ژمارەى
پەنجەکانى یەک دەستیش، زۆر بوێرانه و پڕاوپڕ لە ئەزموونى ئەدەبى،
ژنانەتر دەنووسن، لەسەر ئاستى پێنووسی ژنانى کورد بە گشتى دەتوانرێ هەر
ئەمان بە نموونە بهێنینەوە ئەگەر پێویست بکا.*(5)
لێ ئەمە لێرەدا بە کارى خۆمى نازانم دەنا دەترسم لەگەڵ هەبوونى کۆمەڵێک
بەڵگە و لێکۆڵینەوەیەکیش لەمبارەوە خەڵکى بە زۆرڕهویی تێیبگەن.*(6)
ئەگەرچى زۆر لە بوێژان و رەخنەگران گوتوویانە: نووسینى (ژنانە یان وەک
ئەوەى ئەوان ناوى دەنێن: ئەدەبى ژن) لەسەر دەستى کام ژنانێکى ئەدیبەوە
دەستپێدەکا، با سادەترین و بەرچاوترین نموونە ئەگەر هەڵە نەبم لەسێ
قەسیدە شیعریەکەى خۆمەوە دەست پێبکەین: (شەڕ لە نێوان ژن و خوایە
پیاویش ناوبژیوانێکى درۆزن، ئەوانەى ویستیان کچێنى دڵم بدزن،*(7)
ئەو پیاوانەى لەناو رەنگى تابلۆکانم سەما دەکەن)*(8).
کە چەندین لێکۆڵینەوە و رەخنەى وورد ئاماژە بەسەرهەڵدانى ئەدەبى تەواو
بوێرانەى ژنانە لەم دەقانەوە دەکەن.
راستە ئەدەبى کوردى لەم لایەنە گرنگەوە درەنگ وەخۆکەوت و پرسیارى
هەبوون و نەبوونى ئەدەبى ژن، بۆ قۆناغى بەر لە ئێستا تەواو دروست بوو
ئەمەش هۆکار و فاکتۆرى گوتارانێکى زۆر و زەوەندى هەمەلایەنەى وەدواوە
بوو، لەوانە لە لایەک ستراکتورى خێڵایەتى و نەریتى کۆمەڵایەتیی و
باوکسالاریی، لە لایەکى دیکەیشەوە ستراکتۆرى ئایدۆلۆژیا و ئاین و
گوتارى سیاسى و ... هتد لە پشتەوەی بوون ...
لێ دەتوانم ئەوە بڵێم لە دواى راپەڕینەوە جیاوازییهک لە نووسینى ژن و
پیاودا بە روونیی دەبینرێ، کە بە راى من پێویسته دواجار ئەو
جیاوازییه ئەدەبێکى مرۆییانهی یەکگرتوو بە کۆششى هەردوو رەگەزەکەیەوە
پێکبهێنێ، نەک بە پێچەوانەوە ئەدەب پارچە پارچە و بەش بەش پۆلێن بکا.
لێ دەبینین ووڵاتانى هاوسێى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەر لە ساڵانى
شەستەکانى سەدەى ڕابردوەوە.*(9)
قۆناغى مشتومڕى هەبوونى ئەدەبى ژن و ئەدەبى پیاوانیان تێپەڕاند. بەڵام
بۆمە جێگهى داخه دواى نزیکەى پێنج دەیەیەک دواى ووڵانى هاوسێش تازە
پەردە لەسەر مەسەلەکانى پێوەست بە هەبوون و نەبوونى ئەدەبى ژن و پیاو
هەڵدەدەینەوە، بێگومان وەک لە پێشەوەش ئاماژەم بۆ کرد، ئەمە پێوەندیی
زەوەندى هەبووە بە نالەباریی دۆخى سیاسیی و کۆمەڵاتیی و ئێدۆلۆژییهوە،
بە واتایەکى تر کۆمەڵگاى کوردى بە گشتى چەند دەیەیەک بگرە تا سەدە و
زێدەتریش خەریکى ململانێ و بەرگرى دوژمنانى بووە و داکۆکى لە مافى
نەتەوەیى خۆى کردگە و نەپڕژاوەتە سەر لایەنە مانەوى و جوانەکانى ژیان
بۆیە لەم کاروانەدا جێماوە.
شاعیربوون پێوەندیی نییه نە بە رەگەز نە بە تەمەن نە بە زۆریی و کەمیى
بەرهەم و پهرتووکهکانهوه، شاعیربوون بارێکی گیانییه و رێک هەروەک
ئاشق بوون وایە....، ژن وپیاوى شاعیر جیاوازییانن تەنیا لە رووى
(فسیۆلۆژی)یەوەیە، ئەگینا هەردووکیان وەک یەک هەست بە باره گیانیی و
ناوەکیی و دەروونیەکانەوە دەکەن. وەک یەک برسى دەبن، دەخەون، تێردەبن،
ئاشق دەبن و عیبادەت دەکەن ئەمیان دەبێ بە راهیبە و ئەویتریشیان دەبێ
بە مورید.*(10)
بۆیە لێرەدا ئەوە دووپات دەکەمەوە، ئەدەبێک نییه لەژێر ناوى: (ئەدەبى
ئافرەتان) یان بە پێچەوانەوە، ئەگەرچى لە مەیدانى ژیاندا و لە بوارى
زۆربەى کارەکانماندا شتەکانى تایبەت بە ژنان و پیاوان بێ ویستى خۆمان
لە سەردەمێکى دیکە دابەشکراوە و جیاکراونەتەوە و هەر ئاوایش ماوەنەتەوە:
حەمامى ژنان و پیاوان، سەرەى ژنان و پیاوان، مزگەوتى ژنان و پیاوان،
قوتابخانەى کچان و کوڕان و ... هتد، جگە لەو شتانەى دابەشکراون، ناکرێ
ئەدەبیش هەر بەمجۆرە پۆلێن بکرێ، بەڵکو ئەرکى ئەدەبە کۆشش بکا بۆ
نەهێشتنى ئەم چەشنە جوداکارییه بێ بنەمایانە، کە دواجار مرۆڤایهتیی
کامباغ دەکا.
بەڵام دەکرێ بڵێین شیعرى ژن و شیعرى پیاو بوونی هەیە، بەو واتایه نا
تەنیا باسکردن بێ لە لایەنە دەرەکیی و فسیۆلۆژییهکانى ژن وەک جیاوازیی
لەگەڵ ڕەگەزەکەى دیکە، بەڵکو لایەنى دەروونیی و مەعریفییهکانى هزرى ژن
وەک مرۆڤ و پاراویی زمانى.*(11)
مەرجە لە نووسینى ژندا بوونی خۆى بسەپێنێ، بۆ نموونە کاتێک: (ژنێک بە
زمانى ژنانەى خۆى شیعر بەسەر پیاودا دەڵێێ) دەکرێ ریش و سمێڵ یان گۆچان
و شەپقەکەى لەوێدا تەوزیف بکات.*(12)
بە پێچەوانەشەوە کاتێک پیاوێک شیعر بۆ ژنێک دەنووسێ: زوڵفى، ئەبرۆى،
قەدوباڵاى باریکى وەربگرێ و بە زمانى پیاوانەى خۆى بهرجهستهیان بکا،
بۆ نموونە:
(قەدت ئەڵف و لەبت
میم و زوڵف چیم
ئەزانى بەم سیانە تاڵبى چیم؟)*(13)
ئەمەى سەرەوە دیارە کە شیعرى پیاوانەیە بۆ ژنێک گوتراوە لە داواکردنى
ماچدا .....
یاخود:
(ئەى پیاو
کەشکۆڵ و عەسات هەڵگرە
بچۆرەوە دیوەخانى سڕى مەحوى....)*(14)
یان:
(ئێوارەیەک لەشەقامى
سەوزدا ئەوم بینى
کراسى لەپەڕەى گوڵ و
پانتۆڵە خۆڵەمێشیەکەى لە کەتانى هەڵکروزاوى عەشق و
سەعاتى دەستى چەپى
لە ڕۆندکى کچە هەرزەکارانى نیشتمان
پێڵاوەکانى لە ووشە
ڕیشە ماش و برنجەکەى
لە فڵچەى سەوزى داڤنشى،
دوگمەى کراسە قاوەییەکەى
لەشیعرەکانم.....)*(15)
ئەمەى سەرەوەش ئەگەر ووشەى ئەى
پیاویش لە شیعرەکەدا لاببهین هەردیسانەوە دەزانرێ شیعرێکە لە لایەن
ژنەوە بۆ پیاو گوتراوە، یان بە هەمان شێوە ئەگەر شیعرى دووەمیش وەرگرین..!!!*(16)
_____________________________________________
پهراوێز:
*(1)
حەمەسەعید حەسەن، پەپولە گوڵە بەدەم فڕینەوە، ڕەخنەى ئەدەبى، 2010،
دەزگاى ئاراس، هەولێر - کوردستان.
*(2)
بڕوانە هەمان
سەرچاوە.....
*(3)
ناڵە فروغمان
بیردێنێتەوە، شەهرام نامق، بەرنامەى چەمى پەیڤان، تایبەت بە ژیان و
ئەزمونى شیعرى ناڵە عەبدولڕەحمان، ڕادیۆى ئاسمانى زاگرۆز، 22-10-2009،
هەولێر - کوردستان.
*(4)
ڕەسول سوڵتانى، گوناهى سێو، خوێندنەوەیەکى کورتى دیوانى شیعرى کتێبى
وەسوەسەى سێو، ڕۆژنامەى هەولێر، 2010، لاپەڕەى فەرهەنگ و هونەر، هەولێر
- کوردستان.
*(5)
هێمن ڕەفیق، ناڵە
سەردەستەى ئەدەبى فێمینیزمە، خوێندنەوەیەکى کورتى سێ قەسیدەى (شەڕ لە
نێوان ژن و خوایە پیاویش ناوبژیوانێکى درۆزن، ئەوانەى ویستیان کچێنى
دڵم بدزن، ئەو پیاوانەى لەناو ڕەنگى تابلۆکانم سەما دەکەن)، ڕۆژنامەى
خەبات2009،هەولێر - کوردستان.
*(6)
زاهیر محەمەدى، ئەوشاعیرەى دایکە حەواى خۆشدەوێ، کورتە خوێندنەوەیەکى
دیوانى ئەو پیاوانەى لەناو ڕەنگى تابلۆکانم سەمادەکەن)، ڕۆژنامەى
هەولێر، ژ:(792)ى31/5/2010 هەولێر - کوردستان.
*(7)
سەردار جاف، لە
نێوان بەرائەتى ژن و تاوانى پیاودا، لێکۆلینەوەیەکى وورد لە چامەى
ئەوانەى ویستیان کچێنى دڵم بدزن)،گۆڤارى گزنگ، ژ)6)،کەرکوک-کوردستان.
*(8)
ناڵە لەم دیوانە شێعرەدا زۆر بوێرانە قسەکانی ناخی نووسیوە و زۆر
کۆتوبەندی کولتووری و کۆمەڵایەتی پساندوون کە کەمتر ژنێک دەوێرێ باسیان
بکا. ناڵە بە پێچەوانەی شاعیرەکانی تر دەستی نەبردووە بۆ نووسینی دێڕە
شێعری درێژ و زمانێکی ساکاری هەڵبژاردووە بۆ نووسینەوەی قسەکانی دڵی.
خاڵی سەرکەوتنی شاعیر ساکاری زمانەکەیەتی کە بێ شەرم لە زمان و ئەدەب و
خەڵک، قسە دەکا. ئەگەر هێندێک شاعیری ژن بۆ دەربڕینی قسە و چیرۆکەکانی
ناخیان تووشی سەفسەتە دەبن و بە زمانێک دەنووسن کە زمانی فەلسەفەیە،
ناڵە خۆی لە سەفسەتە و زمانی قورس پاراستووە و بێ هیچ سڵ کردنەوەیەک
قسەکانی خۆی دەربڕیوە، جا ئەو قسانە خۆی چ ناوێکیان بۆ دادەنێ ( ئازار،
خەم، شکاندنی کۆتوبەندەکان و . . .)، دیوانەکەی ناڵە قسەی ژنێکی پڕ حەز
و هیوامان بۆ باس دەکا کە هەر لە مناڵییەوە تووشی مەکە و بڤە دەبێ و
خۆشەویسترین کەسەکانی ئازادی ژنبوون و مرۆڤبوونی لێ ئەسەنیێنەوە ....،
زاهیرمحەمەدى، سەرچاوەى پێشوو....
*(9)
مەبەست لە شاعیرانى
ژن: فەروغى فروخزادى ئێرانى و شاعیرى عەرەب: غادە ئەلسەممان)ە.
*(10)
ناڵە عەبدولڕەحمان،
چاوپێکەوتن، سازدانى : محمود زامدار، گۆڤارى هەنار، ژ:47ى ساڵى چوارەم،
دیسەمبەرى2009،سلێمانى-کوردستان.
*(11)
شەهرام نامق،
سەرچاوەى پێشوو.....
*(12)
تەحسین موحسین-
لێدوان، 2009من هەر زوو ئەو زیرەکایەتیەم تیاى بەدى کردووە وپێشبینى
ئەودەرکەوتنەم بۆى دەکرد لەهەمان کاتیشا ناکاوى (مفاجئە)یەکى خۆش
بووکەپێش وادەى خۆى دەرکەوت ...بەم بارستاییەى ئێستا.. دەستى خۆش بێ کە
هەوڵى چاکى داوەو پێش ..کات.. کەوتووە و گرەوى خۆى بردۆتەوە. بەڕاستى
ناکاوى بوو ماوەى ئەوچەندساڵەى کەمن (ناڵەم) نەبینى بەهۆى
دوورکەوتنەوەیەکى جوگرافى ولە پڕێک ناڵە دیارکەوت بەم دەقە جوانانەوە و
زووڵاڵانە هاوار دەکات (من هەم) ڕکابەرێکى بەهێزم دەنگێکى شیعریم،
بەڕاستى(ناڵە) سەرسامى کردم... دەستى خۆش بێ وشیعردانى خۆش بێ ...!
ناڵە.. ئێستا کەسێکە بە زمانێکى پاراو و هەناسەیەکى درێژ و خەیاڵێکى
واڵا و ئەلبومێک لە وێنا گوزارشت دەکات و لە سێبەرى هیچ کەسێک نیە و
لەسەرپێى خۆى وەستاوە و تابلۆ وێنا دەکات بەووشە نەک ڕەنگ ، گوزارشتى
بوێرانەى جوان جوان (شعوور و لاشعورى) هەست و نەستى بەتاڵ دەکات مانا
دەداتە شتەبێ ماناو شێوێنراوەکان،وێناى ئەوپیاوانە دەکات لەخولیاى دا
سەمادەکەن و وێناى ئەوپیاوانەش دەکات دەیانەوێ بەزۆر دڵى بدزن. وێناى
ئەو هەمووپیاوانەى لەووجود و وەهمى ئەودا بونیان هەیە پەسنیان دەکات
هەندێک جارو دەیانشێلێ وهەندێک جارى تر هەریەکەیان بەپێ ى ئەو وجوودەى
کەهەیەتى لەهەستى ئەودا قبوڵیان دەکات و ڕەفزیان دەکات و پێشکەشیان
دەکات بە ژنان بە ئەوانەى دەیانەوێ کۆت وزنجیر بپسێنن.
*(13)
ئەحمەد ڕەشوانى
شاعیر-کتێبێکى لەبارەى چەمکەکانەوە کۆکردۆتەوە، کەشاعیران لە
شیعرەکانیان زۆر بەکاریان بردووە، وەک : ماچ، گوڵ، لەب، چاو، ئەبرۆ ،
هتد..... .
*(14)
پارچەیەکە لەقەسیدەى
شەڕلەنێوان ژن و خوایە پیاویش ناوبژیوانێکى درۆژن)، یەکێتى نووسەرانى
کوردلقى دهۆک ساڵى 2009 چاپیکردووە.
*(15)
ناڵەعەبدولڕەحمان،
کتێبى وەسوەسەى سێو، وەزارەتى ڕۆشنبیرى، بەڕێوەبەرایەتى ڕۆژنامەنووسى و
چاپ و بڵاوکردنەوە، 2010، هەولێر-کوردستان.
*(16)
شاعیر لە یەکەمین
کتێبیشیدا پیاو یەکێکە لە کاراکتەرە سەرەکییەکانی نێو هۆنراوەکانى ،ئەویش
نەک پیاوێکی دیاریکراو کە هەوێن و بزوێنەری هەستی شاعیرانەی ئەو بێت،
بەڵکوو پیاو لەوێدا ئەو روخسارە گرژەیە کە مێژووی یەکسەر بەناوی خۆیەوە
کردووە و تەنانەت دەستکەوتەکانی ژنیشی بە ناوی خۆیەوە خستووەتە روو.
پیاوێک کە ژن تەنیا و تەنیا وەکوو جەستەیەکی ڕووت دەبینێت و لەو دیوی
جەستەیەوە بیر لە هیچ شتێک ناکاتەوە.
تەنیا شاعیر خۆی نییە، بەڵکوو "من"ـەکە هەموو ژنانی کۆمەڵگای پیاوسالار
لەخۆ دەگرێ و لە زمانی ژنانی کۆمەڵگەوە هێمای پرسیارە لە بەردەم ئەو
راسپیۆتینانەدا دادەنێت کە لە کۆشکی ئەلیزەدا بازرگانی بە خوێنی ژنەوە
دەکەن. راسپۆتین لێرەدا جیاوازە لە کەسایەتییەکی مێژوویی بەو ناوەوە.
لێرەدا تەنیا خەسڵەتە ناشیرنەکانی ئەو پیاوە مەبەستە کە یەکێک لەو
خەسڵەتانە گرنگیدانە بە لایەنی جەستەیی ژن و لەبیرکردنی گەورەیی رۆحی
ئافرەت. یەکێکی دیکە لە رەگەزە زاڵەکانی نێو هۆنراوەی ناڵە "سێو"ە. سێو
هێمای گوناهی حەوایە. بە گشتی شیعری ناڵە شیعری بەرنگاربوونەوەی دوو
دنیای لێکدابڕاوی نێوان ژن و پیاوە. دوو دنیا کە شاعیر پێی وایە
شەهوەتپەرستیی پیاو لێکی ترازاندووە و تەنیا ئەو کاتە یەک دەگرێتەوە کە
پیاو ئیمان بێنێت بە گەورەیی ژن بە دوور لە جەستەی. هەتا ئەو رۆژەی
پیاو ئەو گەورەیی و مەزنییەی رۆحی ئافرەت نەبینێت، ناتوانێ لە گەوهەری
وجوودی ژن تێ بگات و هەتا ئەو کاتەیش ئەو دوو دنیایە هەر وا لێک جیاواز
دەبن...ڕەسول سوڵتانى، سەرچاوەى پێشوو.... .
تێبینى:
سەرجەمى
وەرگرتنەکان(الاقباس) ناڕاستەوخۆن، تەنیا ئەوەى ڕەخنەگرى بەڕێز
حەمەسەعید حەسەن لەبەر گرنگى زۆرى، ڕاستەوخۆ چەند دێڕێکى وەرگیراون .
ماڵپهڕی ناڵه عهبدولڕهحمان
|