په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٥\٢٠١٦

ئەدەب وەک سەرچاوەی کۆیلەبوون.

شوان حەسەن     

- ئێمە چین؟
- ھیچ نینە.. باش بزانە، خودا دنیای بۆ ئەو پێغەمبەرە جوانە نەھێشت، ئەمە ھەر ھیچ نین لە چاو ئەو!*


دەیان گفتوگۆی ئەوھام گوێ لێ بوو، چونکە چوونەوەکەم تایبەت بوو بە ژیانی برایەکەم.. ئەو کاتە بارودۆخەکەی لە نێوان مان و نەماندا بوو، بە داخەوە نەیتوانی درێژە بە ژیان بدا، ئەویش کۆمەڵێک ھۆ ھەبوو، ئەگەر لە کۆمەلگەیەک بەھا بۆ مرۆڤ ھەبێ.. دەستنیشانکردنیان ئاسان دەبێ، بەڵام لە کوردستان سەرەتا و کۆتایی لێکوڵینەوە لە هۆیەکانی مەرگی لەو جۆرە بەوە دەکرێتەوە و دادەخرێ: ''خودا ئەوەندەی بۆ نووسیبوو، نەدەبوو زیاد و کەم بکا''!


بیرم بۆ ئەو ھۆیانە دەچوو کە کاری کردۆتە سەر تێکشکانی تاکی کورد، لە نێوان دەسەڵاتی ئێستا و رابردوو، ئایە ھیچ ھۆیەکی مێژووییتر ھەیە؟ ھەموو ئایدیۆلۆژییەک بۆ ئەوەی پتر بژی و کاریگەریی ھەبێ ئیش لەسەر کۆیلەکردنی لایەنگرانی دەکا، شیوعیەکان و ناسیۆنالیستەکان و ئیسلامیی سیاسیی و ھەموو ئەوانەی باوەڕیان بە ھەقیقەتی رەھا ھەیە وان، ئەگەرچی لە کاتی کارکردن خۆیان دەخەنە گەمەی فرەڕەنگیی و فرەدەنگیی، بەڵام لە ناخەوە باوەڕیان پێی نییە و ئەوەی کۆششی بۆ دەکەن سەرکەوتنی ئەو ھەقیقەتەیە کە بۆ خۆیان باوەڕیان پێی ھەیە. تکایە من قسە لەسەر کوردستان دەکەم.


دەستم بە گەشتەکەم کرد و نازانم گەڕاومەتەوە یا نا؟ با لە دەروازە بوەستین و چەند قسەیەک پێکەوە بکەین.


یەکێک لەو خاڵانەی لە کۆمەڵگەی دواکەوتوو رووبەڕووی دەبینەوە، لەو کاتەی ئەدیب و ئەدەب بە گشتیی دەبنە دەمڕاست و سەرچاوەی سەرەکیی کۆمەڵ:


فلانە شاعیر لە شیعرێکدا و لە بۆنەیەکدا وایگوت ...... .. ...... ... .... .


لە چاوپێکەوتنەکان، شاعیرەکان رووبەڕووی ھەموو بابەتێک دەبنەوە، ئەویش بە دەگمەن ئەگەر رووبدا شاعیرەکە بڵێ: ''تکایە ئەو بابەتە پەیوەندیی بە منەوە نییە'' دەنا بە گشتیی وەڵام دەدەنەوە.. بە داخەوە ھەندێک جار بە زمانی نەتەوەش قسە دەکەن!


خەڵکەکەش ئەگەر کێشەیەک رووبدا و شاعیرەک قسەی لەسەر نەکا.. دەیکەنە پەڵەیەک لەسەری و قوتار نابی لەبەردەستیان. کەواتە زۆرینەی خەڵکیش داوا دەکەن کە دەبێ شاعیر لەسەر ھەموو بابەتەک قسە بکا!


بەڵام ئەوانەی لە جیهان.. داھێنان دەکەن، تاکن یاخود چەند تاکێکن، باشە ھۆیەکە چیە شاعیر و ئەدیبی ئێمە خۆی لە زۆرینەدا ون دەکا؟ رێک پەیوەندیی بەو خاڵەوە ھەیە کە دەمەوێ قسەی لەسەر بکەم. وا چاکە ئێمە لەوە بگەین کە مەرج نییە دەبێ ئەدیب و شاعیرانمان فەیلەسووف و بلیمەت بن، چونکە ئەوان بەھرەیەکیان ھەیە و پەرەیان پێداوە، ھەر وەک دەنگخۆش وان، بەشێکیان دەبنە گۆرانیبێژ و بەشێک قورئانخوێن و بەشێکیشیان ون دەبن و پەرە بە بەھرەکەیان نادەن.


جارێک پرسیاریان لە (ھینینگ مانکل) کرد، دەربارەی بارودۆخی ئەفەریقا - مانکل، ماوەیەکی زۆرە (مۆزەنبیق)ی کردۆتە وڵاتی دووەمی خۆی و لەوێدا نیشتەجێیە -:
- تۆ رۆمانوسی بۆ قسە لەسەر کێشە سیاسییەکان دەکەی؟
- ئەمن رۆژانە رۆژنامە دەخوێنمەوە و سەیری ھەواڵەکان دەکەم و گرنگیی بە زانینی خۆشیی و ناخۆشییەکانی سەر ئەم زەویە دەدەم، لەوانەیە کەمێک ئاگاداربم.


ھەر چەند وەڵامەکەی کەمێک شەرمنانە بوو، بەڵام ئەوە واتای ئەوە نییە کەس بۆی نییە قسە لەسەر ھیچ بابەتەک بکا ئەگەر تایبەتمەند نەبێ، بێگومان هەر ھاوڵاتییەک ئازادە قسە لەسەر ئەو بابەتانە بکا کە پەیوەندیی بە خۆی و دەوروبەرەکەیەوە ھەیە، ھەر مرۆڤێک ھەڵگری پرانسیپی مۆراڵیی بێ.. ئەوە سیاسییە، سیاسییبوون زۆربەی کاتەکان دەکەوێتە دەرەوەی بازنەی دەسەڵات.


بۆ هەر کەس ئەوە یەکلابۆتەوە، لە کۆمەڵی پێشکەوتوو خەڵکانی تایبەتمەند بابەتە گرنگەکان یەکلادەکەنەوە و کۆششێکی زۆریش دەکەن رێگا لە سیاسییەکان بگرن مامەلە بەو بابەتانە نەکەن و بۆ نیازی تایبەتیی خۆیان بەکاریان نەهێنن.

با لە ناونیشانی بابەتەک دوور نەکەوینەوە.. دەگەڕێمە سەر سەرچاوەی شاعیرە کلاسیکییەکانی خۆمان.


سەرچاوەی سەرەکیی شیعری کلاسیکی کوردی دینە و زۆربەی شاعیرانیشمان پیاون و پیاوی دینییشن، مەلا و شێخ و حاجی و... هتد، دین ئیسلامیش دیارە چەمکێکە بۆ دوای مردن نەک بۆ ژیان، لە روانگە ئەو دنیا ھیچ نییە و دنیایە راستەقینەکە لە دوای مردنەوە دێ، پێیدەڵێن دنیای (فانی)، خۆی ناکۆکیەکە لێرە دەستپێدەکا کە رووبەڕووی مردن دەبنەوە.. لەو کەسانە ترسنۆکترن کە دیندار نین، لەبەرئەوەی زمانی پاڕانەوەیان ھەیە.. بۆ ئەوەی بژین دەبێ بپاڕێنەوە، خۆی ئەوە دەبێتە پرسیار؛ ئایە ئەگەر ئەو دنیایە ھیچ نییە بۆ دەترسن؟ ئایە گومانتان لە دنیایەکەیتر ھەیە؟ لەگەڵ ئەوەی بەڵگەی کۆنکرێت بۆ وەڵامەکە نییە، بەڵام دەکرێ خۆێندنەوەیەکی راشکاوانە لە پەروەردەیەکی دینیی تێکشکاو لە دروستکردنی مرۆڤێکی دووڕوو بکەین، بەشی دووەمیشیان نەریتە، ئێمە وەک نەتەوەیەکی پەرشوبڵاو نەریتێکی بەھێزیشمان نەبووە، بۆیە زۆر جار ئەو نەریتە دواکەوتووەی داگیرکاران لەگەڵ خۆیان هێناویانە بۆتە بەشێک لە نەریتی ئێمە، دیارە ئەوە ھەر بۆ کورد راست نییە بەڵکو بۆ ھەموو ئەو نەتەوانەش راستە کە وەدواخراون، کوردیش وەک بەدبەختییەک مێژووە داگیرکارییەکەی دەکەوێتە خانەی تاڵان نەک ئیمپریالیزم، چونکە ئەوانەی کوردستانیان داگیرکردوە پتر وەک تاڵانچی ناسراون، ئەگەر مێژووی ئیسلام بە کۆی خەلافەتەکانی بە عوسمانییەکانییشەوە ھەروا بەو بەشەش کە دەکەوێتە دەست سەفەوییەکان بە بێلایەنانە بخوێننەوە ئەوە زۆر بە ئاسانیی دەتوانین هەست بە جیاوازییەکان بکەین و دەتوانین بڵێین ئەوان تاڵانچی بوونە نەک ئیمپریالیست.

لە دینی ئیسلام تۆ وەک پیاو کۆیلەی بەرانبەر بە: (خوا، پێغەمبەر، دایک و باوک)، شاعیرەکانیشمان ھاتوون دوو کۆیلایەتی دیکەیان خستۆتەسەر.. ئەوانیش: (کەسایەتییەکانی دوای پێغەمبەر، کۆیلایەتی لە ئەشقدا).


دیارە ئەوە یەکلابۆتەوە کە ئیسلام پەیامێکە بۆ دوای مردن، وەک خۆیان گۆتەنی ئەو دنیایە (فانی)ە کورتە، خوا بەندەکانی خۆی  - بەندە ھەر کۆیلەیە - تاقی دەکاتەوە بۆ ئەوەی بیانگەیەنێ بە جیهانە ئەفسوناوییەکەی دیکە، لەگەڵ ئەو رێگا ناکۆکانەی کە ھەشە، چونکە (قەدەر) پێوەری ھەنگاوەکانی تۆیە وەک مرۆڤێکی بڕوادار، بۆت نووسراوە چ دەکەی و چ ناکەی و چەند دەژی، گلەییەکانت بە گونا‌هـ بۆ دەژمێردرێ، دەبێ بە چارەونوسی خۆت رازیی بی، مەحوی لە ستایشی خوادا دەڵێ:

 

پەس من کەمترینی دوا ئوممەتی ئەوم
چیم و،چ قوڕبکەم بەسەرا، چی بکەم بەیان.


ئەوەش لە رووی دەروونناسییەوە ئەو مرۆڤە کۆیلەیەی لێ دەردەچێ، کەسێکی دیکە لە جیاتی ئەو بیر دەکاتەوە، بەرلەوەی تۆ بێیتە دنیا دەقی قورئان ھەیە و لەوێ وەڵامی ھەموو ئەو پرسیارانە دراوەتەوە کە تۆ بە ئەندێشەت دادێ - دەق بەر لە ئەقڵ -.


خودا نەک ھەر گەردوونی ئافەریدە کردوە بەڵکو کۆی وردەکارییەکانی تۆشی دروستکردوە، بۆیە تۆ بۆت نییە لە فەرمانی ئەو دەربچی، پێغەمبەر دوا پەیامنێری ئەو و خۆشەویسترین کەسی ئەوە، بۆیە هەمیشە لە شیعری کلاسیکیی و (بێگومان تا ئێستاش بڕوادارەکان) پێمان دەڵێن:


قوربانی کەسێ بم کە بە قوربانی نەبی بێ
وەک بەندە سەگی دەرگای شاھی عەرەبی بێ.
(بێخود).


یا رەسولەڵا دەخیلەک رووم نییە بیمە حزوور
وەک دزان گەردن کەچ و شەرمەند وێستاوم لە دوور.
(وەفایی).


''نالی'' کەوا سەگی سەگی ئەو مەرز و بوومەیە
ئەمما سەگی موعەلەمی بێ دەنگ و بێ وەڕە.
(نالی).


دەخیلی ئەو سەگی بەرقاپییەم جارێ بە یەکجاری
سەرئەفرازم بکە، فەرموو: سەگی بەر دەرکی خۆمانە
. (مەحوی).


کۆی ئەو وشانەی کە ھەڵیدەبژێرن گوزارشت لە خۆ بەکەم زانین دەکا، سەگ و سەگی بەردەگا و دز و تا دوایێ.


ئەوە سەرچاوە سەرەکییەکەیەتی داوای لێدەکا، ئەوھا بە (زەلیل) خۆی بەرامبەر بە پەیامنێرەکەی نیشان بدا.. ئەوە لەو دینە سەرچاوە دەگرێ کە بە کۆیلەیی دروستی دەکا.


خێزان لە روانگەی کۆمەڵی شوانکاریی، ھێندە پیرۆزە کە دەبێ ژن ملکەچی مێردەکەی بێ لەبەرئەوەی بژێوی بۆ پەیدادەکا، منداڵیش دەبێ جگە لە باوکی ملکەچی دایکیشی بێ چونکە چوونەبەھەشتی لە ژێر قاچی دایکەتی، (ئەو پەیامە لە پەرتووکە دینییەکان و ماڵ و قوتابخانە بە زەقیی دەبیندرێ)، من نامەوێ لە بایەخی خێزان کەم بکەمەوە، بەڵام رێز و خۆشەویستیی واتای ئەوە نییە ملکەچیان بی و لە قسەیان دەرنەچی، بەڵکو تۆ کە دێیتە دنیا مافی خۆتە بە ئارەزووی خۆت بژی و خۆت بی نەک کتومت دایک و باوکت.


ئەو کەسایەتییانەی لە دوای پێغەمبەریش دێن دەبی بۆ مرۆڤە کۆیلەکان گرنگ بن، چونکە لە سەرچاوە سەرەکییەکە کەسایەتییان شکاوە، تەماشای ئەو ستایشە بکە بۆ کاکەحمەدی شێخ:


مەربووتە حەیاتم بە سولەیمانی و خاکی
خۆزگەم بە سەگی قاپیەکەی ئەحمەدی کاکی.
(شێخ رەزای تاڵەبانی).


منم گەدایی دەری بارەگاھی حەزرەتی غەوس
نواڵە جۆ بی سەخای فەیزبەخشی نیعمەتی غەوس.
(زیوەر).


ئەگەرچی ''عاسم''ێکی رووسیا و بێ یار و یاوەر مام
ئومێدم زۆرە چونکە کەلبی قاپی غەوسی گەیلانم!!
(عاسم).


ئاخر لە کۆمەڵگەیەکی ئەوھا دواکەوتوو، خۆکردن و ئاوات خواستن بە سەگی بەردەرگا، ئەوپەڕی سووکایەتیکردنە بە مرۆڤ، ھەڵگرانی ئەو ھزرە سەگیان پێ ئاوەگرە.

کۆیلایەتی لە ئەشقدا.


ئەوە دەکەمە کۆتایی بابەتەکەم، چونکە ئەو فەرھەنگە تا ئێستاش زیندووە و خەڵک بە ھەمان هۆشمەندیی خۆشەویستیی دەکەن، سنووری نێوان پێشکەتنخوازان و دواکەوتووانی دیارنەکردوە، (نەسر حامد) لێکدانەوەیەکی لۆژیکیی ھەیە دەڵێ: ''ناکرێ کاریگەریی ئیسلامت لەسەر نەبێ لە کاتێکدا تۆ ھەزار و چار سەت ساڵە لە ململانێی نێوان دەسەڵاتی ئیسلامی ستەمکار و ئیسلامی بەرهەڵستکار دای''.


نووسین ئەگەرچی پڕۆژەیەکی کەسییە، بەڵام ھەموو نووسەرێکیش توانای ئەوەی نییە بە پێش سەردەمی خۆی بکەوێ، با بچینە ناو نموونەکان:


ئەڵێی برژانگت تیژە وەک چقل
ئاچەقێتە پێی ناسکتر لە گوڵ
من بەو برژانگە بۆیە خۆشحاڵم
خاکی بەرپێی تۆی پێ ئەماڵم.
(بێسارانی).


وا سەرم دانا بە عەزمی بەردەبازی رێگەکەت
مەرھەمی دەردی سەری من وا بە گەردی پاتەوە.
(ناری).


قاسیدێ گەر بێ و لە تۆ بێنێ سەلام و بێتە لام
ژێری کەوشی ماچ دەکەم قوربان بە تۆز و گەردەوە.
(سافی ھیرانی).


بەر پێی ئەوم، بە مێزەرەوە، سەر کە نا، وتی:
''مەحوی'' تەمایە بمخەڵەتێنێ بە توری پوت.
(مەحوی).


دیوانەکانی شیعری کلاسیکیی کوردی** پڕیەتی لەو خۆ بەکەم زانینە، لە هەندێک شوێنی شیعرەکانیان بیانووی ئەوەیان بۆ دێنەوە کە ئەوە مەبەستیان لە خوا و پێغەمبەرە، ھەرچەندە لای زۆرینەی خەڵک وەک شیعری دڵداریی رۆیشتوون، بەڵام گریمان دینییش بوون، چ پێویست دەکا تۆ ھێندە (زەلیل) بی و بەرامبەر بە خوایەک و ژێر کەوشی پێی پێغەمبەرەکەی ماچ بکەی تا شتێکت بۆ بکا، باشە بۆ کە خۆت باوەڕت پێی ھەیە.. بە کردارەکانت ئەو سەربەرزییە نانووسیتەوە؟*** بەڵام ئەوەی گرنگە کۆی ئەو شیعرانە ئیش لەسەر شکاندنی کەسایەتیی مرۆڤ دەکەن و وایلێدەکەن ھەر لە ژێر پێدا بێ، دەبێ ئاسوودەیی بیسارانی لەوەدا بێ بە برژانگی خاکی بەر پێی یاری رابماڵێ، ئایە ئەوە خۆشەویستییە یان کۆیلەبوون؟ خۆشەویستیی تێکگەیشتن و ھەڵبژاردەیەکی ئازادە، نەک کە ئەو تۆی نەوێ کەچی تۆ بچی کاغەزی سپی بۆ مۆربکەی و پێی بڵێی بەس تۆ بە من رازیی بە، من دەبم بە خزمەتکارت و ژیان بێ تۆ ھیچ واتایەکی نییە، تا ئێساش کۆمەڵە گەنجێکمان ھەیە لە شیعرنووسین ھەڵگری ھەمان رێبازن، ''تۆم ھەبێ ھیچم لەو دنیایە ناوێ''. ئەمن لەوە دەگەم بەشێکی زۆری پەیوەندیی بەو سەرکوتییە سێکسییەوە ھەیە کە کوردان و میللەتانی لای خۆمان پێیەوە دەناڵێنن، ئێمە تەنیا پێویستمان بە گۆڕینی فۆرم نییە بەڵکو ناوەڕۆکیش، چەندان جار تێبینییم کردوە، بۆ نموونە دەنووسێ ''کە دێمە ناوت'' باشە لە راستیدا ئێوە دەچنە ناو یەکتر.. بۆ تۆزێک فراوانتر بیر ناکەیەوە، خۆ تۆ لەگەڵ مرۆڤێک تێکەڵ دەبی ئەویش بە ھەمان شێوە پێویستیی بە ھاتنە ناو تۆ هەیە، سێکسی یەکلایی لە هۆشمەندییەکی دواکەوتووەوە ھاتوە، یان دەڵێ ''ئای خۆشە کە ماچی ناو دەمت دەکەم'' بڕوا بکە ئەگەر بۆ ئەویش خۆش نەبێ، ئەوە بۆ تۆ بە تەنیا ھیچ چێژێکی لێ نابینی، بە دەیان نموونەی دیکە. ئەوە راستە خۆشەویستیی ھەستە و کەس ناتوانێ دیاری بکا، بەڵام ئەو تێڕوانینە یەکلاییە دەکرێ گۆڕانی بەسەردا بێ، تۆ کەسێک دیار بکەی بە بێ ئەوەی ئەو ئاگاداری تۆ بێ ھەرچیت بوێ لەگەڵی بکەی! پێویستە و دەبێ خۆشەویستیی مرۆڤە پێشکەوتنخوازەکان بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە و دوولایەنە بێ لە هەردوو لایەنی گفتار و رەفتاردا.


با ئێمە ھەر بیانوو بۆ کات و شوێن و بارودۆخەکان نەهێنینەوە، بابەتەکە پەیوەندیی بە دیندارییەوە نییە، بێ گومان مرۆڤ ئازادە، چۆن دینداریی دەکا، دینداریی ئەو کاتە ترسناکە لە باوەڕەوە دەبێتە رێچکە و رێبازی ژیان. نووسین وەک بڵاوکراوە دەبێتە مولکی گشتیی و خوێنەر مافی ئەوەی ھەیە خوێندنەوەی خۆی بۆ بکا، ئەگەر قسە لەسەر ئەو بابەتانەش بکەین واتای ئەوە نییە لە بایەخی ئەو شاعیرانە کەم دەکەینەوە، چونکە خوێندنەوەی شیعر جودایە لە خوێندنەوەی ھزر، شیعر چێژە، ئەوەی ئەمن مەبەستمە بۆ ئەوەی بەرەو کۆمەڵیکی پێشکەوتنخواز و شارستانیی ھەنگاو بنێین.. وا چاکە ئەدەب نەکەینە سەرچاوەی شیکاریی و گٶڕانەکان بەڵکو پێویستە روو لە کەسانی تایبەتمەند بکەین و داوایان لێبکەین قسە لەسەر کێشەکان بکەن، لەو قۆناغە دواکەوتووە دەرچین و باری شیعر و خوێندنەوەشمان بۆ شیعر بگۆڕین.

چەپەکان و ناسیۆنالیستەکان زۆر حەزیان لەوەیە وشەی (حەزرەت یان بەهەشتیی) بۆ نالی و مەحوی و... هتد بەکاربێنن، ئەوە چ لە چ دەگۆڕێ، تا کەی ئێمە بە دوای بەپیرۆزکردن و پەرستنی تاک وێڵ بین، ناکرێ کەسەکە بە ناوی خۆی بانگ بکەین؟ یەکێک لەو رەخنانەی لە شیوعیەکان دەگیرا دەیانگوت: ''شیوعیەکان دینیان لابرد و مارکسیەتیان لە جێی دانا، واتە مارکسیەتیان وەک رێباز وەرگرت نەک وەک بیروباوەڕ، ئەمن بڕوام وایە ھێشتا دنیایەک وردەکاریی سەردەمە چەقبەستووەکان لە ناوماندا حوکم دەکا و ھەستی پێناکرێ (ئەوەش بەشێکە لەو قەیرانە رۆشنبیرییەی کە تێیکەوتووین).
 

ببوورن ناوی سەرچاوەکانم نەنووسی، چونکە دڵنیامە خوێنەر بە ئاسانیی سەرچاوەکانی دەستدەکەوێ و لە بەشێکی زۆریشیان ئاگادارە.

__________________________
* لەوانەیە کەمێک قسەکردن لەسەر مەلا عەلی کەڵەک، لێرە جێگای نەبێتەوە، بەڵام ئەو زمانەی کە بەکاری دێنێ لە رووی دەروونناسییەوە ھەمان زمانە کە کۆمەڵی پێ کۆیلە دەکرێ، بۆ نموونە لەو چەند گرتە ڤیدیۆییەی کە ئەمن دیتوومە دەڵێ: ''مەلا عەلی ھیچ نییە، مەلا عەلی عەبدەکی ئەو خوایەیە، ئەوەی من دەیکەم تەنیا قورئان خوێندنەوەکەیە، خوا ئەگەر (شفا) نەدا ئەویتر ھەمووی درۆیە'' و کۆمەڵەک قسەی دیکە کە دەیەوێ بە مرۆڤەکان بڵێ ئێمە ھیچ نینە.
لە بەڵگەیەکی ئینگلیزی خوێندمەوە باسی ئەوە دەکا چۆن گەشە بە وەھابیەکان بدەن، یەکێک لەو خاڵانە ئەوەیە کە لە ناو خەڵک بڵاویبکەنەوە: ''ئەگەر خوا (شفا)تان بۆ نەهێنێ دکتۆر و نەخۆشخانەکان ھیچیان پێ ناکرێ'' بۆیە تۆ کە بە دوای ھۆیەکانی دواکەوتنی کۆمەڵدا دەگەڕێی وا مەزانە مەلا عەلیەکان بە تەنیان، مرۆڤ کە بە دوای زانستدا نەگەڕێ لە دواکەوتن و ھەژارییدا دەمێنێتەوە، بۆیە مارکس جوانی بۆچووە کە دین دەبێتە ئەفیون و ئارامییەک بە گیانی ئەو کەسانە دەبەخشێ.

** ئەوە قسەکردن نییە لەسەر کەمکردنەوە، ئەگەر بڵێم ئەدەبی کلاسیکیی لە جیهانداا زۆر بە فراوانیی و بە کۆی لقەکانیەوە قسەی لەسەر دەکرێ و تا ئێستاش وەک ئەدەبێکی زیندوو مامەلەی لەگەڵ دەکرێ، بەڵام لای ئیمە تەنیا شیعرمان ھەیە وەک سەرچاوە، بۆیە بە بڕوای من ھەر بڵێین شیعری کلاسیکیی کوردی باشترە لەوەی بڵێین ئەدەبی کلاسیکیی.
*** پرۆتستانتەکان یەکێک لەو کارەی کردیان، ھەڵگرتنی ئەو ژوورە بوو، کە گوناهکار دەچووە لای قەشە، بەڵام ئەوان گوتیان: ئەگەر مرۆڤێک لە کارێکی خراپ پەشیمان ببێتەوە، پێویستی بەوە نییە کەسێک بێتە نێوانیان، ئەوە لە نێوان ئەو و خوایە.

 

ماڵپهڕی شوان حهسهن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک