٢٧\٣\٢٠١٨
عەفرین؟
دەبێ زۆر بوێرانە
پەنجە لەسەر زامەکان دانێین،
بەسە لۆمەی رۆڵی
دەرەوەی خۆمان!!

زاھیر باھیر
عەفرین نە کەوتووە و نە دۆڕاوە و نە پرسە و ماتەمینیشی دەوێت ،شەڕڤانانی
نەبەرد بە ھەموو بەشەکانییەوە لەگەڵ خەڵکی ئازا و بوێری عەفریندا
دووەم گەورەترین داستانی نەبەردیی و جەنگیان دوای شۆڕش لە کەتەلۆنیا دژ
بە فاشیزم و بەڕبەریییەتی نەک ھەر دەوڵەتی تورکیا بەڵکو ناتۆ و "
کۆمێنێتی نێودەوڵەتی" تۆمار کرد. ئیسپانیای ١٩٣٦ لە عەفریندا دووبارە
بووەوە.
عەفرین ئەستێرەیەکی گەشاوەی مێژووی بەرەنگاربوونەوە بوو لە ناو سەراپای
بەرگرییەکانی دیکەدا کە مێژوو نیشانی داوە بە تایبەت دوای نەبەردەکانی
شۆڕشی کەتەلۆنیا کە بە ھاوبەشی کرێکاران و زەحەمەتکێشان و
ئەنارکیستەکان و سۆشیالیستە نادەسەڵاتخوازەکانا ڕویدا.
عەفرین مێژوویەکی بۆ خۆی دروستکرد کە ھەتا مێژووی بەشەرییەت بەردەوام
بێت ، ناو و شۆرەی خۆڕاگریی و بەرگریی و دژایەتی فاشیزمی دەوڵەتیی و
سیستەمی سەرمایەداریی ، بۆ خۆی تۆمار کرد . پەنجاو ھەشت ڕۆژی بەرخۆدان
، نەک دەوڵەتی تورکیا و ھاوپەیمانەکانی ھێنایە لەرزە و ھەشەکۆ بەڵکو "
کۆمێنێێتی نێودەوڵەتی" ش ، بۆیە کەسێک ناتوانێت لۆمە و سەرزەنشتی
شەڕڤانان و عەفرینییەکان بکات.
عەفرین ئەو پارچە زەوییە بوو کە نەک ھەر لە سوریادا جیاواز بوو ، بەڵکو
لە ھەموو ڕۆژاوای ناواین-دا تاک و جیابوو . حەوت ساڵی ڕەبەق دوور لە
شەڕی کوشتن و بڕین و کاولکاریی نێوانی دەوڵەتی سوریا و " موعارەزە " و
نێوانی خودی گروپەکانی " موعارەزە" بوو ، حەوت ساڵی ڕەبەق توانی ھێڵێک
لە نێوانی خۆی و شوێنەکانی دیکەدا بکێشێت. عەفرین ئەو پارچە زەوییە بوو
کە زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار سوریی لەوێ مرۆڤایەتی خۆیان ، یەکساێتی نێوانیان،
ئاشتی و ئاشتەوایی و ڕێز و حورمەتی خۆیانیان تیادا دۆزییەوە.
ئەوەی کە جێگای لۆمەیە ، ئەوەی کە شایانی پرسە بۆ دانانە ، ئەوە
سەرکردەکانی پەیەدە و سیاسەتە ھەڵەکەیانە ، ئەوە ئەوانن کە دەبێت نەک
بە خۆیانا بچنەوە بەڵکو دەبێت لێپرسینەوەی چڕ و پڕیان لەگەڵدا بکرێت و
سزایەکی وابدرێن کە بۆ ھەمیشە دووربخرێنەوە لە مەیدانی خەباتی
جەماوەریی ڕۆژاوا، نەک ھەمان شکست دووبارە ببێتەوە.
تاکە وانەیەک و دواوانەیەک کە لە عەفرین وەرگیرێت ئەوەیە: ھەرگیز
متمانە بە ڕابەر و سەرکردە مەکە ، ھەرگیز پشت بە حیزب مەبەستە و باوەڕی
پێ مەکە ، حیزب و سەکردە ھەمیشە پلانی خۆیان ھەیە و لە پشتی جەماوەرەوە
بێ گەڕانەوە بۆیان ، لە وتووێژو سازش-دان. لە پرسی عەفرین و ھەر ھەموو
ڕۆژاوادا ، سەرکردەکانی پەیەدە دژایەتییەکی گەورەی ئۆجەلان و ھزری نوێی
ئۆجەلان-یان کرد ، ھاوکاتیش گەورەترین خزەمەتیان بە ئاگاوە یا بێ
ئاگاوە بووبێت ، بە ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا کرد بە ھاوپشتتیان بۆ
ئەمەریکا ، کردنی ھێزی خۆبەخشی بەرگریی یەپەگە و یەپەژە لە ڕۆژاوا بە
ھێزێکی ھێڕشبەری پارێزەری بەرژەوەدنییەکانی ئەمەریکا ، بە
بەردەوامبوونی شەر لەگەڵ داعش لە ڕەقە و مەنبج و جەڕابلوس و شوێنەکانی
دیکە ، بە قەبوڵکردنی پرۆژەکەی ئەمەریکا کە دروستکردنی ھێزێکی ٣٠
ھەزارکەسی بۆ پاراستنی سنورەکان ، بێ ڕەچاوکردنی مەترسی ھێڕشی تورکیا و
ھاندانی بۆ شەڕێکی ئاوا، لە لایەن پەیەدەوە، نەتوانایی کردنی یارییەک
وەکو ئەردۆگان تاکو بتوانن ، لە مەیدانەکەدا بمێننەوە و ئەوەی کە
بەدەستھاتووە ، بیپارێزن. زۆر ھەڵەی سیاسیانەی دیکە، ھەن بەڵام لە
ئێستادا ھەر ئەوانە باس دەکەم.
٢١\٣\٢٠١٨
- لەندەن
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|