په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٤\٢٠١٨

عەفرین و سیاسەتەکانی پەیەدە.


زاھیر باھیر      


عەفرین یەکێکە لە دەڤەرەکانی ڕۆژاوای کوردستان کە ھەتا ١٧/٠٣/٢٠١٨ یەکێک بوو لە سێ کانتۆنە خۆسەرییەکەی ئەوێ کە دەستی چەپەڵی حەوت ساڵەی جەنگی ناوخۆی سوریای پێ نەگەیشتبوو. عەفرین یەکێک بوو لە شوێنە ھەرە ئاسایشەکانی سوریا تاکو ٢٠/٠١/١٨، ڕۆژی داگیرکردنی لە لایەن دەولەتی فاشی تورکیاوە.بە ھۆی بەرقەراربوونی ئاسایش و دووربوونی لە شەڕ نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەس لە حەڵەب و شار و جێگاکانی دیکە لەوێ نیشتجێ بووبوون . ئەم خەڵکانە لەوێ زۆر دڵخۆش بوون چونکە ئازادیی و ئارامیی و ئاسایش و یەکسانیی وڕێز و مرۆڤبوونی خۆیان دۆزییەوە.

ھۆکارێکی زۆر ھەبوون بۆ دەوڵەتی تورکیا بە ھێڕشبردنە سەر عەفرین و داگیرکردنی. ھەرە گرنگەکانیان : تێشکانی سەربازیانەی داعش، کە شەڕیان دژی سوریا و کوردان و ھێزەکانی ڕۆژاوا لە وەکالەتی تورکیاوە دەکرد ، نزیکێتی عەفرین و تێکەڵاوی و ھەمەجۆرەی ھاووڵاتیانیی ، پلانی ئەردۆگان لە گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین بە بردنی عەرەبە پەنابەرەکانی سوریا کە ئێستا لە تورکیان و نیشتەجێکردنییان لەوێ ، ھەروەھا نزیکی عەفرین لە 'ئیدلیب' ەوە ئەمەش یانی باڵادەستبوونی تورکیا بەسەر ڕێگاوبانی نێوان تورکیا و ئیدلیب-دا بۆ ناردنی چەک و زەخیرە و پێداویستییەکانی دیکە بۆ ھێزە تیرۆریستەکانی سەربەخۆی . ئەمە جگە لەوەی کە ھەواڵێکی پشتڕاستنەکراوەش لە ئارادایە کە مامەڵەیەک لە نێوانی سوریا و تورکیادا کراوە ، بە گوێرەی ئەو مامەڵەیە تورکیا بە ڕەزامەندی ئەسەد عەفرین داگیربکات ، لە ھەقی ئەمەشدا ئەردۆگان دەستبەرداری یارمەتی و کۆمەک بەو ھێزانەی لە ڕۆژھەڵاتی غۆتان و سەربەون، ببێت ، تاکو ئەسەدیش بتوانێت کۆنترۆڵی بکاتەوە.

ھەر ھۆکارێک ھانی ئەردۆگانی دابێت لە ھێڕشبردنە سەر عەفرین و داگیرکردنی ، من باوەڕم وایە کە ناکرێت لەوێ بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بمێنێتەوە، لە کۆتاییدا وەکو کارتێکی فشار لەسەر ئەسەد بەکاری دەھینێت بۆ کردنی ڕەردەڵ و بەدەڵێک کە بە سوودی دەوڵەتی تورکیا، بشکێتەوە.

لە بەرەبەیانی ١٩/٠٣/٢٠١٨ پاش جەنگێکی پاڵەوانانەی ٥٨ ڕۆژیی و نەبەردەییەکی کەم وێنەی ئەم سەردەمە ، سوپای دەوڵەتی تورکیا و بەکرێگیراوەکانی،پاش دانی باجێکی یەکجار گەورەتوانییان بچنە سێنتەری عەفرین. ھاوکاتیش ١٥٠٠ جەنگاوەریی ھیزی دیمۆکراتی سوریا گیانیان بەخت کرد و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون و ٤٠٠ کەسیش لە دانیشتوان بوونە قوربانی و نزیکەی ٢ ھەزار کەسی دیکەش برینداربوون و ١٥٠ ھەزار کەسیش سەرگەردان و ماڵوێران بوون و عەفرینیان بەجێھێشت.

ئەوە سێ ساڵە ئەردۆگان توانیوێتی سەرکەوتوانە یارییەکی باش بکات و نزیکەی ھەموو لایەنەکان بەکاربھێنێت ھەر لە : داعش و ڕاگرتنی پەیوەندی دیبلۆماسیانەی باش لەگەل زۆرێک لە وڵاتانی دەرودراوسێ، تەنانەت عێراق و ئێرانیش. لە لایەکی تریشەوە بە باشی ھاوسەنگیی نێوانی ڕوسیا و ئەمەریکای ڕاگرتووە ھەروەھا ئەوروپاشی غافڵ کردووە بە بەکارھێنانی کارتی پەنابەران ھەم بە کێشانەوەی پارە لێیان و ھەم بە ھەڕەشەی کردنەوەی سنور بۆیان بەرەو وڵاتەکانیان . بەڵام زیرەکترین سیاسەتی ئەردۆگان ڕاکێشانی پەکەکە بوو بۆ ناو مەیدانی جەنگ و شەڕکردنەوە . ئەردۆگان دەیزانی کە گرتنەبەری سیاسەتی ئاشتی و پرۆسەی ئاگربەستی و ھەوڵی ئاشتەوایی نە لە بەرژەوەندی خۆیەتی و نە حیزبەکەی ، ئاکەپە، بەڵکو زیاتر لە بەرژەوەندی پەکەکە و کورد بوون. ئەردۆگان بە بەڕێکرنی شەڕ و ناچارکردنی پەکەکە کە وەلامی بداتەوە باشترین تاکتیکێک بوو بۆ بەدیھێنانی ستراتیجییەکانی کە لاوازکردنی ھەدەپە و وێرانکردنی شار و شارۆچکە و گوندەکانی باکور بوو.

گەرچی سیاسەتەکانی ئەردۆگان تاکو ئێستا زۆر سەرکەوتوبوون و بەسوود گەڕاونەتەوە بۆ خۆیی و حیزبەکەی، بەڵام ھاوکاتیش ئەمەریکا لە زۆرێک لە سیاسەتەکانی دڵگرانبووە وەکو : نزیکبوونەوەی لە ئێران و ڕوسیا و نیگەرانکردنی عێراقی ھاوپەیمانی لە شەڕ دژ بە داعش و تا ڕادەیەک ھەڕەشەی بەردەوامی لە کورد کە ھێشتا ئەمەریکا لە شەڕی داعش دا بە تەواوی ئامانجەکانی نەپێکاوە . بێ گومان ئەمانە ھەمووی جێگای نیگەرانییە بۆ ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا کە لە کاتێکدا تورکیا ئەندامێکی بەھیزی ناتۆیە ، بەڵام ئەمەریکا دەسەووەستانە لە بەرانبەر تورکیادا و ناتوانێت ھیچ بکات، ئەردۆگانیش ئەم ڕاستییە دەزانێت بۆیە شووڵی لێھەڵکێشاوە . ھۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە لە تورکیا بزوتەنەوەیەک نییە تاکو ئەمریکا وەکو ئامرازێک دژ بە ئەردۆگان بەکاری بھێنێت ، یا حیزبێکی بەدیلی ئاکەپەش نییە ، ھەرەوەھا ھیچ ھیوایەکیشی بە کودەتای سەربازیش بە تایبەت لەم وەختەدا نییە.

زۆرێک لە نوسەران وئەکادیمییەکان و سیاسییەکان و تەنانەت خەڵکانی ئاسایی پشتیوانی ڕۆژاواش لۆمەی ئەمەریکا و دەوڵەتە یەکگرتووەکان[ یو ئێن] و بریتانیا و سەرجەمی ئەوروپا دەکەن لە بێدەنگی ئەم وڵاتانە لە بەرانبەر دڕندەیی و ھێڕشی ناڕەوای سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین و ھاووڵاتیانی . ئەم خەڵکانە بڕوایان وایە کە ئەو وڵاتانە دژەخونییان بە ھەقی ڕۆژاوا کردووە ، لە کاتێکدا کە ھێزەکانی ڕۆژاوا بوو داعشی بەزاند و ھەڕەشەی ھێڕشی ئەوانی لەسەر جادەکان و شوێنە گشتییەکانی ئەو وڵاتانە ، کەم و کەمتر کردەوە . پرسیاری ئەمان ئەوەیە کە بۆچی ئەوان بێ دەنگییان ، ھەڵبژاردووە؟ بۆچی ئەم وڵاتە بەھیز و گەورانە پاداشتی کوردیان بە وەستانی سوپای تورکیا لە کوشتن و بڕینی خەڵکانی مەدەنیی و وێرانکردنی ماڵ و ژینگەیان و ھەڵکەندنیان لە زێدی خۆیان ، نەدایەوە؟

لە بێدەنگی و بێ ھەڵوێستی ئەو دەوڵەتانە لەبەرانبەر تورکیا من نە سەرسام و نە تاسیش بردومییەتەوە. ئێمە ھەموومان دەبێت باشتر پێگەی ئەم وڵاتانەو ھەڵوێستیان بزانین، بە تایبەتی ئەمەریکا و بریتانیا و مێژوویان . ئەم دوو وڵاتە یاخوود ھەر مێژووییان نییە یاخود بە دەگمەن پارێزگارییان لە مافی مرۆڤ کردووە و نەتەوەیەکیان کە ژێردەستەی ھاوپەیمانەکانیان بووبێت، ڕزگار کردبێت . لە ھیچ وەخت و شوێن و سەردەمێکدا پشتگیرییان لە بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیست و سۆشیالیست ئەوە ھەر لە ئەنارکیست گەڕێ، نەکردووە. مێژوویان ئەوە نیشان دەدات کە ھەمیشە لە بەرژەوەندی خۆیان کاریان کردووە و بەردەوامیش لە شانی دەوڵەتە دیکتاتۆر و داپڵۆسەرەکانەوە بوون ، ئیدی لە ھەر شوێنێکی ئەم جیھانەدا بووبێتن . ئەوە ئەمانن کە پێشوەخت پلانی جەنگ دەکەن و پیلان دەگێرن و دەبنە ھۆکاری ژیانێکی تا سەر ئێسقان قورس و پڕ لە شەڕوشۆڕ و گرانی و ناڕەحەتی بۆ زۆربەی زۆری خەڵکی لە زۆربەی وڵاتانا.

دەبێت ئەوەش بزانین کە لە ڕۆژھەڵاتی ناویندا ململانێیەکی سەخت لە نێوانی زلھێزەکانا ھەیە . ھاتنەناوەوەی ئەمەریکا لەم شەڕەدا کە واناسراوە کە بۆ کۆمەکی کورد بووە لە کۆبانی، بەڵام لای من ئەوە دوا ھەل بوو بەدەست ئەمەریکاوە کە جێ پێیی لە ناوچەکەدا، لەق نەبێت. ھاتنەناوەوەی ئەمەریکا تەنھا و تەنھا دەرفەتێک بووە بۆی تاکو لە ناوچەکە بەتەواوی فڕێنەدرێتە دەرەوە.

من ھەمیشە بڕوام وابووە ئەوە ڕۆژاوا نەبووە کە پێویستی بە ئەمەریکا و ڕوسیا بووبێت ، ئەوە ئەوان بوون کە پیویستیان بە ڕۆژاوا و ھێزەکانی بووە، بەتایبەتیش کاتێک کە کورد لەوێ، توانی خۆی بسەلمێنێ . کاتێک کە ئەمەریکا لە کۆبانی داخڵ بە جەنگ بوو ، زیاتر شتێکی سمبولی بوو ھەروەھا ھۆکارێکی مەعنەوی بوو کە متمانە و ڕۆحی شەرڤانانی بەرزکردەوە . ئەمەریکا ھەرگیز بە جددی لە کۆبانی-دا شەری دژ بە داعش نەکرد ، ھەرگیزیش نەی ویستووە کە لە ناویان بەرێت، بەڵکو پلانییی خۆی ھەبوو وەکو لە دواییدا دەرکەوت. لە ڕاستیدا ھاتنە ناوەوەی ئەمەریکا ئەوەشی، کە داعش وێرانی نەکردبوو ئەو کردی . پێش ھاتنەناوەوەی ئەمەریکا تەنھا لە سەدا ٣٠ کۆبانی وێران بووبوو لەسەر دەستی داعش دا، بەڵام کە ئەوان ھاتن ئەو ڕێژەیە بۆ لە سەدا ٧٠ بەرز بووەوە . من ھەرگیز گومانم نەبووە لەوەی کە ئەمەریکا بە ئەنقەست و بە مەبەست ئاوا کۆبانی وێرانکرد تاکو کۆبانی و ڕۆژاوا لە ڕوی ئابوریی و سیاسییەوە بە جۆرێک لاواز بکات تاکو لەبەردەم کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژاوادا بۆ ئاوەدانکردنەوەی، چۆک دابدات.

پاش چەند مانگێک لە بەزینی داعش لە کۆبانی، ئاشکرا بوو کە سوریا و ڕۆژاوا بوونە زۆنی شەڕ و مەیدانی جەنگینی ھێزەکانی ئەمەریکا و ڕوسیا. ئەو جەنگین و شەڕەش، شەڕێکی ستراتیجی سیاسی و ئابوریی و ململانێی سەربازیی نێوانی ئەم دوو زلھێزە بوون. ئا لەم قۆناخەدا ھەردوکیان ، ئەمەریکا و ڕوسیا، بەدوای گروپ ولایەندا وەکو وەکیلێک دەگەڕان کە شەڕ لەبری ئەوان بکەن. پەیەدە لە ناو ئەو لایەن و گرپانەدا بوو، ئەو دەیویست کە ھاوسەنگی ئەمەریکا و ڕوسیا ڕاگرێ ، بەڵام نەیتوانی بە باشی یاری بکات و دواتر خۆی بە ئەمەریکادا ھەڵسپارد و ئایندەی ڕۆژاواشی خستە دەستی ئەوەوە.

ئەم ھەڵوێستەی پەیەدە، ڕوسیاو سوریا و ئێران و حیزبوڵا و تورکیاش کە ئەندامی ھاوپەیمانی ناتۆیە ، بێ تاقەت کرد.

ئا لەم ژینگەیەدا تەنھا براوەیەک ئەردۆگان بوو کە بە باشی و لێزانی یارییەکانی تا ئەم دەقەیە کردووە و دۆڕاوی سەرەکی کوردانی ڕۆژاوا بوون.

ئایا پەیەدە سیاسەتی دروستی پیادەکرد یا ڕاستتر یارییەکی ئاوا سەرکەوتوانەی کرد تاکو پارێزگاری لەو دەسکەوتانە بکات کە لە ڕۆژاوادا بەدەستھێنراون؟

پێشئەوەی بێمە سەر ئەم خاڵە دەخوازم ئەوە بڵێم کە من لە گەلێک نوسینمدا لەسەر ڕۆژاوا و باکورد دواوم و لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ شەوە بە بەردوامی لە وتارەکانم و پۆستەکانی فەیسبوکمدا لە ھەڵوێستی ڕەخنە و ھاریکارییەوە ڕەخنەم لە سیاسەتەکانی پەکەکە و پەیەدە گرتووە. گەر کەسێک دەیەوێت ئەوە بزانێت، تکایە با ھەر تەنھا سەرنجی ئەو پێنج وتارەی خوارەوەم لەو لینکانەی پێینی وتارەکەدا بدات.

بەڕای من پەیەدە سێ کارتی یاخود سێ ھەڵبژاردەی لە دەستا بوو کە ئەمانەش: ھاوپەیمانی لەتەک ئەمەریکا ، یا ڕوسیا ، یاخود سەربەخۆ و بێ لایەن بمێنێتەوە. ئەمە لە کاتێکدا کە ھەر یەک لە ڕوسیا و ئەمەریکا تەنھا یەک کارتیان لە دەستا بوو. پەیەدە دەیتوانی سەربەخۆ بمێنێتەوە و نەبێتە بەشێک لە شەڕی ئەمەریکا و ڕوسیا و داعش. دەیتوانی زۆر نزیک کار لە تەک تێڤدەم و ئیدارە خۆسەرییەکان بکات لە زامنکردنی کۆمەک و ھاوپشتی زیاتری نێونەتەوەیی بۆ پاراستن و دروستکردنەوەی ڕۆژاوا . ھاوکاتیش کار لەسەر یەپەگە و یەپەژەش بکات و زیاتر بەھێزیان بکات تاکو ببنە ھێزێکی سەربەخۆ لە خودی پەیەدەش. بە واتایەکی دیکە تاکو یەپەگەو یەپەژە بۆ بەرژەوەندی تەواوی ڕۆژاوا کار بکەن نەک بە تەنھا پەیەدە. پەیەدە دەبوایە لەگەڵ قسە گرنگەکەی ئۆجەلانا بوایە و ئەوەی بە عەمەلی بکردایە کە دەڵێت " ئەگەر ھێزی دونیامان ھەبێت ، ھێڕش ناکەینە سەر ھیچ کوێ، گەر ھەموو دونیاش ھێڕشمان بکاتە سەر ، ئێمە بەرگریی دەکەین و تەسلیم نابین".

بە بۆچونی من پەیەدە ھیچ جۆرە بەھانە و بیانویەکی نەبوو لە فراونکردن و دەسبەسەراگرتنی خاک و ناوچەی زیاترا بە ھێڕشکرنە سەر داعش. دەسبەسەراگرتنی خاکی زیاتر لە داعش و ڕزگارکردنی شوێنی زیاتر یانی کوژرانی زیاتری جەنگاوەران، ھێنانی ھەڕەشەی زیاتر و خولقاندنی بارودۆخی نائارام لە لایەن تورکیا و ئێران و ڕوسیا لە ڕۆژاوادا ، زیاتر بڕواکردنە سەر ئەمەریکا لەبارەی پارە و چەک و تەقەمەنی و خواردەمەنی و زەخیرەی تر ، بە واتایەکی دیکە زیاتر پاشکۆ بوون بە ئەمەریکا و کەمتر ئاوڕدانەوە لە دروستکرنەوەی ڕۆژاوا لە ڕوی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە.

کەواتە پەیەدە چ ھەڵەیەکی کرد؟

بە داخەوە کە دەڵیم لە ڕۆژاوادا پەیەدە بە تەنھا ئەندازیار و پلاندانەر و کڵێشەکێشی سسیاسەتەکانە و ھەموو پلانەکان لە دەستی ئەو دان بێ گەرانەوە بۆ خەڵکانی ڕۆژاواو ئۆرگانەکانیان/ ئەنجوومەنەکانیان. لە ڕاستیدا ھەموو بڕیارەکان وەکو ھەر پارتێکی سیاسی ئەم دونیایە لە لایەن دائیرەیەکی زۆر تەسک ، خەڵکانێکی ھەر یەکجار کەم ، لە لایەن سەرکردەکانەوە، لە ژورێکی تاریکدا ، دەدرێت. لە سەردەمی شەڕی کۆبانیییەوە پەیەدە ھەڵەی سیاسی گەورە و ئیلتیزاماتی نابەجێی کردووە. بە ڕای من ئەمانە بزوتنەوەی خەڵکی زەرەرمەند کرد و لەبری بردنەپێشەوەی بزوتنەوەکە بەرەو دواوەی بردوە. ئەمانەی خوارەوە ھەندێکن لەو سیاسەتە ھەڵانە:

ڕێکەکەوتن لە تەک ئەمەریکادا: من لە سەرەوە ھۆکارەکانی ھاتنەناوەوەی ئەمەریکام باسکرد و باسی پەیەدەشم کرد کە سێ کارتی لە دەستدایە . پەیەدە پێویستی بەوە نەبوو کە بە قوڵی و ڕۆچون ھەڵوێستی ئەمەریکا و کۆمەکی بە ھەر بزوتنەوەیەک یا پاڵپشتکردنی ھەر حکومەتێک لە دوونیادا، بخوێنێتەوە . لانی کەم بۆ سەدەیەک دەچێت کە ئاشکرایە ئەمەریکا لە لایەن زۆرێک لە ئێمەوە دەزانرێت کە ھێزێکی تاریک و ڕەشە . لە ھەقەتا ھەر بزوتنەوەیەک سەر بە ئەمەریکا بێت زۆر ناجەماوەریی دەبێت و بە گومانەوە تەماشا دەکرێت ، ھیچ ئایندەیەکیشی لە دەرەوەی ئەمەریکاو بەررژەوەندی کۆمپانیا زەبەلاحەکان نابێت. دەبوایە ئەمە زۆر ئاشکرا بوایە و لە لایەن ھێزە پێشکەوتوەکانی ڕۆژاواوە و بە ڕۆشنی ڕەجاو بکرایە.

کاتێک کە حکومەتی مەرکەزی [ بەغداد] لە ڕۆژی ١٦/١٠/٢٠١٧ دا ھێڕشی کرد سەر کوردستانی باشوور بە ھەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ئەمریکییەکان بوو، ھەرەوەھا داگیرکردنی عەفرینیش، ھەردوکیان ئەوەیان سەلماند کە متامەنکردن و بڕواکردنە سەر ئەمەریکا ، ھەڵەیە. بە دڵنیاییەوە ئەمریکا بۆ کورد پشتی تورکیا و عێراق و ئێران و ھەتا حکومەتی ئایندەی سوریاش نادات لە زەوی . ئەم دوو نموونەیە ئەوەی سەلماند ئەوانەی کە ئاوایان دەبینی کە پەیەدە دەبێت پشت بە ئەمەریکا ببەستێت ، ھەڵە بوون.

یەپەگە و یەپەژە.

ئەم دوو ھێزە لە سەرەتادا خۆبەخش و بچوک بوون ھاوکاتیش لە بەرگریی ڕۆژاوادا زۆر کاریگەر بوون. پەیەدە وردە وردە ئەوانی بەھێز و گەورە و قەبە کرد و کاری ئەوان و ستراتیجییەتی ئەوان کە بەرگرییکردن بوو گۆڕی بۆ ھێزێکی ھێڕشبەر و وەلای ڕەھا بۆ پەیەدە و سەرکردەکانی پەیەدە لەبری ئەو خەڵکەی ڕۆژاوا کە لێوەی ھاتوون. یەپەگە و یەپەژە لە جەنگی دژ بە داعشش دا لەژێر فەرمانی ھاوبەشی پەیەدە و سوپاسالاری ئەمەریکادا بوون ، کە ھەردوو لایان بە ھاوکاریی و وتووێژی نێوانیان لە ھێڕشبردنا بۆ سەر داعش لەسەر زەوی و لە ئاسمانا، ڕۆڵیان ھەبوو.

بەردەوامبوونی شەڕ دژ بە داعش.

پەیەدە لەتەک ئەمەریکییەکانا پێداگرییان لەسەر شەڕی داعش دەکرد ، کە لە کاتێکدا دوای کۆبانی داعش مەترسی ڕاستەوخۆ و سەرەکی لەسەر ڕۆژاوا نەبوو، لانی کەم کە داعش لەشەڕی لایەن و گرپەکانی دیکەدا تێوەگلابوو. مەترسی سەرەکی ئەم دواییە لە ڕۆژاوادا کە داعش بەرەو لاوازبوون دەڕۆیشت دەوڵەتی سوریا و تورکیا بوو لە تەک گرنگی نەدان بە بیناکردنەوەی ڕۆژاوا لە بواری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریی و کوڵتوریی و پەروەردە و ڕۆشنبیریی و ھونەریی، بوون .
دەوامدان بە شەر دژ بە داعش، یانی گۆڕھەڵکەندن بوو بۆخۆیان، لاوازکردنی یەپەگە و یەپەژە و لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لێیان ، پێویستبوون بە کۆمەک و یارمەتی زیاتری ئەمەریکا و قوڵکردنەوەی ڕک و کینە و دوژمنایەتی ئەردۆگان، ئەسبەقییەتدان بە شەڕ دژ بە داعش زیاتر لە کارکردن لەسەر بیناکردنەوەی ڕۆژاوا، کەمتر بایاخدان بە ھەرەوەزییەکان بۆ باشکردنی ژیانی خەڵکی لە ڕۆژاوادا ، لەبیرکردنی یا نەبوونی وەخت و وزەی دارایی و بەشەریی لە بەردەوامیدان بە شۆڕشی ئابوریی و کوڵتوریی و پەروەردەو ڕۆشنبیریی و ھونەریی . ھەموو ئەمانەی سەرەوە و زۆری تر کرانە قوربانی شەڕی داعش.

ئەنجومەنی پارتە کوردییە ئۆپۆزیشنەکانی سوریا ، ئەنەکەسە.

پارتە کوردییە ئۆپۆزیشنەکانی سوریا ھەرگیز ڕەگێکی قوڵیان لەناو کوردانی ڕۆژاوادا نەبووە و ھیچ وەخت جەماوەریی نەبوون و پاشخانێێکی پاک و دڵسۆزییان لە نێو کوردانی ڕۆژاوادا نەبووە . لەگەڵ وتنی ئەوانەشدا، مانای ئەوە نیە کە ئەوان ھەژموونیان لەسەر خەڵکی نەبووبێت و نەتوانن وەکو ھێزێک لە بەرانبەر پەیەدە و خەڵکی ڕۆژاوا و بزوتنەوەکەیانا ڕاوەستن. ئەنەکەسە ھەرگیز نەیدەتوانی بزوتنەوەیەک ڕێکبخات ، ئیدی لە شۆڕش گەڕێ، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەیانتوانی و دەتوانن کە زەرەر بە بزوتنەوەکە بگەیەنن، وەکو وتراوە " گەر نەتوانن شۆڕش دروستبکەن ، بەڵام دەتوانن تێکی بدەن " بە تایبەت کاتێک کە لە لایەن حکومەتی ھەرێمەوە و بە تایبەت پارتی دیمۆکراتی کوردستانەوە، کە ھەموو کۆمەک و ھاریکارییەکیان پێدەکرێت ، سەرەڕای ئەمەش ئەنەکەسە پەیوەندییەکی بەھێزی لەتەک توکیا و ڕەنگە لە تەک ھەندێک لە دەوڵەتانی ناوچەکەش ھەبێت.


لە بارودۆخێکی ئاوادا بەرای من ھەمیشە پەیەدە دەیتوانی کە جۆرێک لە سازش لەتەک ئەم پارتانەدا بکات. پەیەدە دەکرا ھەندێک سازشی سیاسیانەیان لەگەڵدا بکات جگە لە ڕێگەپێنەدانی ھێزێکی سەربازی تایبەتی سەربەخۆ لە دەرەوەی کۆنترۆڵی یەپەگە و یەپەژە و دواتریش ھێزی دیمۆکراتی سوریا. ئەگەر پەیەدە پەیوەدنییەکی باشی لەگەڵیاندا ھەبوایە دەکرا کارایی لەسەر ھەڵوێستیان دابنێ و ئەوانیش بە ڕۆلی خۆیان کارایی لەسەر پارتی و ڕەنگیشە ئەو ھەژموونەشیان لەسەر تورکیا ھەبوایە، یاخود لانی کەم دەکرا کە ئەنەکەسە بێ لایەن کرێت و تەماشاکەرێک بێت لەبری یاریکەرێک .

دواپلان و دواپرۆژەی ئەمەریکا.

کاتێک کە ئەمەریکییەکان داوایان لە پەیەدە کرد کە ٣٠ ھەزار پاسەوانی شەڕکەر لە سەر سنورەکان بۆ پاراستنی، دابینبکات ، پەیەدە دەبوایە ئەم داخوازییەی ڕەتبکردایەتەوە . دەبوایە ئەوەی بزانیایە کە ئەمەریکا ھەرگیز نایەوێت سوپای دیمۆکراتی سوریا گەورەتر بێت ، گەر چی ھەر ھێزێک کە لە دەرەوەی خودی خۆی گەورە ببێت ، بە ئاسانیش بچوکدەکرێتەوە یاخود ھەر لەناو دەبرێت. کارێکی گران نەبوو کە پەیەدە دەرکی بەوە بکردایە کە قەبوڵکردنی ئەم پرۆژەیە داوە و دەوڵەتی تورکیا زۆر بێزار و توڕە دەکات و پلانی داگیرکردنی عەفرین ، کە ماوەیەکە باسی لێدەکات، پێشدەخات.


کاتێک کە لەشکری تورکیا لە ٢٠/٠٣/٢٠١٨ بۆ سەر عەفرین دەستی پێکرد ، پەیەدە لەبری ھانابردن بۆ ئەمەریکا، دەبوایە بە جددی ئاگەداری ئەمەریکییەکانی بکردایەتەوە کە تورکیا بوەستێنێت و ھێزەکانی بکشێنێتەوە ، یاخود ئەمان لە شەڕی ھاوبەشی دژ بە داعش پاشەکشە دەکەن و دەچن بەدەم ھێزەکانی عەفرینەوە دژ بە سوپای داگیرکەری تورکیا . گەرچی پەیەدە ئەمەی کرد بەڵام زۆر درەنگ بوو بۆیە نە کارایی لەسەر ھێزەکانی ئەمریکا دانا و نە بە ھاناوە چونێکی کاریگەر بوو بۆ ھێزەکانی عەفرین.

پرسیارەکە ئەمەیە بۆچی پەیەدە ھەڵەی بە دوای ھەڵەدا کرد یاخود بەردەوام بڕیاری ھەڵەی دەدا؟

وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر ئاسانە و ئەویش ئەوەیە کە پەیەدە ھەرگیز لە دانی بڕیارە گەورەکانیان نەگەڕاوەتەوە بۆ خەڵکی ڕۆژاوا. پەیەدە پرنسپڵەکەی ئۆجەلان-ی فەرامۆش کرد سەبارەت بە دانی ھەموو بڕیارەکان کە دەبێت لە لایەن خودی خەڵکییەوە، بێت. پەیەدە مێژویەکی درێژی لە بڕیاردانی تاکلایەنی و نەگەڕانەوە بۆ خەڵک و پرسنەکردن پێیان، ھەیە. تەنانەت لە ساڵی ٢٠١٥ شدا کە لەتەک ئەنەکەسە لە وتووێژیدابوو کە لەوێدا سازشێکی گەورەی کرد بەوەی کە ئامادە بوو کە ٤٠ لە کورسییەکانی ئیدارە دیمۆکراتییە خۆسەرییەکانی ڕۆژاوا بە ئەنەکەسە ، ببەخشێت، بێ ئەوەی کە پرس بە خەڵکانی ڕۆژاوا بکات ، گەرچی لە کۆتاییدا ئەنەکەسە ئەم بەخشینەی ڕەتکردەوە.


من دڵنیام لە بەڕێکردنی ئەم سیاسەتانەدا گەر پەیەدە بگەڕایەتەوە بۆ ڕای خەڵکی لە گروپە خۆجێییەکان ، کۆمونەکان و ماڵی گەل-دا دەیتوانی ڕۆژاوا لە داگیرکردن و ژیانی زۆرێک لە خەڵک لەوێ بپارێزێت، یاخود لانی کەم ئەوان بەرپرسیا نەدەبوون لەوەی کە بەسەر عەفرین – دا ھاتووە و ئەوەشی کە لە داھاتووشدا ڕەنگە بەسەر ڕۆژاوادا بێت.

دەتوانین چی لە ھەموو ئەمانەوە فێر بین؟

تاکە وانەیەک کە دەکرێت فێربین ، دەبێت متمانە و بڕوا بە پارتە سیاسییەکان و سەرکردەکانیان نەکەین چونکە پارتەکان ھەمیشە نوێنەرایەتی کەمایەتییەکی ھەر یەکجار کەم لە خەڵکی نێو کۆمەڵ دەکەن. ئەم پارتانە لە دائیرەیەکی زۆر بچوکی تەسک لە ژورێکی تاریکدا، بڕیارەکان دەدەن. بەھێزبوونی پارتە سیاسییەکان ھەمیشە لەسەر حسابی بزوتنەوە جەماوەرییەکان دەبێت و ھەر ئاواش وردە وردەش بزوتنەوەکە بەرەو لاوازی و لاوازی زیاتر دەڕوات.


ھەروەھا دەبێت ئەوە بزانین کە دروستکردنی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک یا خود کۆنفیدراڵیزم کاری ملیۆنان خەڵکە لە ھەموو کەرتەکانی کۆمەڵ-دا نەک کاری پارتە سیاسییەکان. دوا وانەش کە دەبێت بەرچاوی بگرین ئەوەیە کە دەبێت ھێزی چەکداریی تەنھا بۆ بەرگرییکردن لە خۆمان و دەستکەوتەکانمان بەکاربھێنێن نەک بۆ ھێڕشبردنە سەر لایەن و خاکی خەڵکی دیکە.
_____________________________________________

 

http://zaherbaher.com/2016/02/23/%d9%87%d9%87%e2%80%8c%da%b5%d9%88%db%8e%d8%b3%d8%aa%d9%85%d8%a7%d9%86-%d8%a8%d9%87%e2%80%8c%d8%b1%d8%a7%d9%86%d8%a8%d9%87%e2%80%8c%d8%b1-%da%95%db%86%da%98%d8%a7%d9%88%d8%a7-%d8%af%d9%87%e2%80%8c/
 

http://zaherbaher.com/2016/07/14/%da%95%db%86%da%b5-%d9%88-%da%a9%d8%a7%d8%b1%db%8c%da%af%d9%87%e2%80%8c%d8%b1%db%8c%db%8c-%d8%b3%db%8c%d8%a7%d8%b3%d9%87%e2%80%8c%d8%aa%d9%87%e2%80%8c%da%a9%d8%a7%d9%86%db%8c-%d8%a6%d9%87%e2%80%8c/
 

http://zaherbaher.com/2016/11/09/%d8%a8%d9%87%e2%80%8c-%d8%a8%db%86%da%86%d9%88%d9%86%db%8c-%d9%85%d9%86-%d8%b3%db%8c%d8%a7%d8%b3%d9%87%e2%80%8c%d8%aa%db%8c-%d9%be%d9%87%e2%80%8c%db%8c%d9%87%e2%80%8c%d8%af%d9%87%e2%80%8c-%d9%84%d9%87/
 

http://zaherbaher.com/2017/05/18/%d9%86%d8%b2%db%8c%d9%83%d8%a8%d9%88%d9%88%d9%86%db%95%d9%88%db%95%db%8c-%d9%be%db%95%db%8c%db%95%d8%af%db%95-d8%a8%db%95-%d8%a6%db%95%d9%85%db%95%d8%b1%db%8c%da%a9%d8%a7-%d9%88-%d9%be%da%95%da%86/

 

 

http://zaherbaher.com/2018/01/10/%d9%be%db%95%da%a9%db%95%da%a9%db%95-%d8%a8%db%95%d8%b1%db%95%d9%88-%da%a9%d9%88%db%8e-%d9%85%d9%84-%d8%af%db%95%d9%86%db%8e%d8%9f/

 

 

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک