په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٦\٢٠١٧

ئەفسانە سروش:

پێویستە سەیری دەق بكرێ وەك خۆی، نەك ناوی گەورە.

 

سازدانی: هەورین نەجات

 

هەورین نەجات: دنیای خوێندنەوە و نووسینت چۆن بوو؟

ئەفسانە سروش: خوێندنەوەم بۆ گەشەپێدانی هزر و ئاگەداربوونە لە دۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی، نووسینیش وەك كافكا دەڵێت: بۆ چوونە دەرەوەیە لە ڕیزی مردووەكان، بە گشتی من لە سەرەتایەكی ناكۆتادام، دەمەوێ خۆم خۆم بدۆزێتەوە و لەتەك خۆما ھەنگاو بنێم.

 

 

 

هەورین نەجات: بە شێوەیەكی گشتگیر عەشق بووەتە ئامرازێك بۆ كۆمەڵێك مەرامی تاك ڕەهەندی؟ بە واتایەكی تر هەمیشە شكستی تاكەكان دەبینین بە هۆی عەشقێكی نێرەمووكەوە، ئایا عەشقی تۆ چۆن كەوتووەتەوە؟

ئەفسانە سروش: عیشق چەمكێكی گشتییە، عیشق وەك فرۆم پێیوایە هونەرە و هەموو كەس ناتوانێت پەی پێ ببات، هەموو تاكێك بوێریی ئەوەی نییە عاشق ببێت، عیشـق بمانەوێ و نەمانەوێ ئامادەگییەكی ڕەهای هەیە لە ناخدا، بەدرێژایی تەمەن لەگەڵمان دەژی، لێمان دانابڕێ.

هەورین نەجات: بە ڕای تۆ گرفتی رەخنەی شیعری و رەخنەی راگەیاندنی كوردی چییە؟

ئەفسانە سروش: رەخنەی ئەدەبی كوردی بەگشتی و شیعر بەتایبەتی وەك پێویست نییە و ڕەخنە نەبووەتە كولتوورێكی نەرم و بنیاتنەرانە، بەڵكو رەخنەی شیعر و رەخنەی راگەیاندن، رەخنەیەكە دوور لەهونەری رەخنەگرتنە، بۆیە ڕەخنەگرەكانمان لەپەنجەی دەست تێناپەڕن و وە شێواوییەك بەئەدەب و راگەیاندنەوە دیارە. ڕەخنەگری جدی و ئەكادیمیمان نییە و رەخنەگرانمان نازانن لەسەر چ بنەمایەك رەخنە دەگرن؟ ئایا پشت بە كام میتۆدی رەخنەیی بەستراوە؟ رەخنە لە هەر بوارێكدا بێت، پێویستە ئەكادیمییانە و تەكنیكی ئەدەبی تیادا بێ.

هەورین نەجات: تۆ وەك ئافرەتێك كە لە هەردووك بواردا كار دەكەیت، تووشی ئەو رەخنانە بوویتەوە؟

ئەفسانە سروش: بەڵێ زۆریش، تووشی ئەو رەخنە بێ بنەمایانە بوومەتەوە، بەڵام گوێم پێ نەداون و كاری خۆم كردووە و بە كارەكانی خۆم و بەردەوامیم، وەڵامی رەخنەكانیانم داوەتەوە، ئێمە ئەگەر گوێ بەم قسە لەرزۆكانە بدەین، دەبێ لەجێی خۆمان بوەستین، دەبێ ژیان بووەستێ، بۆیە من ئەوە بەڕەخنە نازانم و بەسەرلێشێواوی و بێبنەمایی وەسفی دەكەم. ڕەخنە لەوە ڕەگئاوەژووترە بەمەم بێ بنەماییە بووترێ ڕەخنە.

هەورین نەجات: ئایا شاعیرانی گەنج چی بكەن باشە بۆ ئەوەی زیاتر لەوەی هەن بوونی خۆیان بسەلمێنن؟

ئەفسانە سروش: پێویستە دەنگی نوێ لە هەوڵی بەدەوامدا بێ، بۆ ئەوەی خۆی بسەلمێنێ، نابێ لەوە بترسین ناوێك هات ئەوە تەواو، پێویستە سەیری دەق بكرێت وەك خۆی، نەك سەیری ناوی گەورە گەورە بكرێت. ناوی گەورە زۆرجار ھیچی بۆ وتن پێ نییە و خەریكی خۆ دووبارەكردنەوەیە و دواییش بە ناوی ئەدەب وەك ژەھر دەرخواردی خوێنەری كوردزمانی دەدەن. خۆشبەختی نووسەری كوردزمان لەوەدایە، خوێنەری كورد لە زمانی كوردی زێتر زمانێكیتر نازانێ، ئەگەر وا نەبوایە نووسەری كورد جورئەتی ئەوەی نەدەكرد ئەم ھەموو ژەھرە بێ بنەمایە دەرخواردی خوێنەری كوردزمان بدات.

هەورین نەجات: تۆ هەم لە بواری راگەیاندن كار دەكەیت و هەمیش خاوەن قەڵەمێكی باشی هۆنینەوەی شیعری، ئایا ئەمانە پێكەوە تا چەند خزمەتی ناو و بەهرەی تۆیان كردووە؟

ئەفسانە سروش: من لە هەردوو بواردا كارم كردووە و بەردەوامم، ئەوان بۆ من هەردووكیان تەواوكەری یەكن و پێكەوە ناوی منیان جوانتر كردووە، وەك چۆن شیعر پێویستی بە بوێری هەیە، راگەیاندنیش پێویستی بە بوێری هەیە، بۆیە شیعر و راگەیاندن لە مندا تەواوكاری یەكترین.

 

ماڵپەڕی ئەفسانە سروش

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک