په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٧\٢٠١١

    ئەفسووس.. بۆ ئەو ساڵانەی

    لە زیندانی رۆژەکاندا پیر بوون.

زمکان عەزیز

1. ((ژوورەکەم.. دورگەیەکی دوورە تەنھا بۆ سەرگەردانی خۆم)).
   *   *   *
ژوورەکەم ..
پڕە لە جانتای بەجێماو
نە من ئەڕۆم و
نە کەسێکیش دێ بۆ لام

لە مندا شتێک سەفەری کرد
سەفەرێک لە ناو مندا شتێکی
برد ..
بردی و نەیھێنایەوە

ڕێگەی سەفەر
لە ناو مندا ..
تەپوتۆزی لێنیشتووە
لە ناو مندا سەفەر
لەسەر کورسیەک دانیشتووە

لە ناو سەرابی ڕێگادا
جگە لە من و چاوەڕوانی
کەسی دی نابینی..

2. ((لە سەفەری ئەو خاتونەدا میلی عومرم بەجێیھێشتم..)).
   *   *   *
ئەگەر نەگەڕێتەوە
ئەو کچە ..
بە تاڵێ قژی
لە کەناری ئاسماندا
خۆر ئەبەستمەوە

ئەگەر نەگەڕێتەوە
بە موژگانێکی
ئەو کچە ..
ئەرز لە مەداری خۆیدا
ئەچەقێنم

نەبا ئەو کچە ..
لەپڕ بێتەوە و
پیر ببم و
نەمناسێتەوە.

3. ((لە پەنجەرەی دواھەمین سەفەرەوە عومر دەستی دەرھێناوە ماڵئاوایی ئەکات)).
   *   *   *
ئەو کچە ڕۆشت
چرکە چرکی کاتژمێرەکەم
بێدەنگ و ئارام
نوست ..

ئەو کچە ڕۆشت
بە پەنجەرەکەوە
چنگ و پەلی لاولاوەکەش
ووشکبوویەوە

ئەم ئێوارەش ..
پەڕەسێلکەکان نایەنەوە.

4. ((بیابانێکی پیر ڕێگایەکی وونی بە کۆڵەوەیە سۆراغی موسافیرێک ئەکات)).
   *   *   *
لەوەتەی ئەو کچە ڕۆشتووە
سیسرکێک ..
کەوتۆتە ناو داوەکەوە
جاڵجاڵۆکەیەک ..
لەناو کلیلی دەرگاکەوە
لمۆزی ئەلێسێتەوە

کە ئەو کچە ڕۆشت
بەلۆعاکەی گرتەوە
ھەنگێک ..
دەمی ناوە بە بەلۆعاکەوە
پەپولەیەکیش لەبەردەم بەلۆعاکەدا
ھەڵوەریوە.

5. ((ژوورەکەم .. پیاوێکی ماندووی ڕیش سپیە.. لە ناو مندا بۆ ئەو خاتونە.. دەرگا و پەنجەرەی کردۆتەوە)).
   *   *   *
سەری ئەرزم بە ئاسمان
داپۆشیوە ..
تا ژیان سارد و سڕ
نەبێتەوە ..

پێیەکم لەمسەر و
پێکەی ترم لەوسەری دنیا
داناوە ..

ھەموو شتێک لە شوێنی خۆیدا
وەستاوە ..
ئاخر لەبەر ئەو کچە ..
تایەکانی ژیانم پەنچەر کردووە.

6. ((لە بەستەڵەکی دابڕاندا تەزیوم.. گوێم لە بێدەنگیە ئەقیژێنێ.. کەلله‌ی تەقاندوم)).
   *   *   *
کە ئەو کچە ڕۆشت
بە گۆرانی ..
چاوەکانم خەواند
تا ڕەنگەکانی جوانی
تیایاندا کاڵ نەبنەوە

ئەزانم بەمزوانە
ڕوخساری ئەگەڕێتەوە

لەوەتەی ئەو کچە ڕۆشتووە
گوێکانم ..
وەک دوو منداڵی عەجول
بەرەڵای ناو شەقامەکان کردوون
وەک مەستەکانی شەو
شەوانیش نازانم
لە کوێ ئەنوون.

7. ((لە کەناری ژوورەکەمەوە دوور دوور.. بۆ ئەو کەشتیە ئەڕوانم لە ناو سەرابی شەپۆلەکاندا کز کز.. ئەنیشێت)).
   *   *   *
ئەم ژوورە دوورگەیەکە
بە لم داپۆشراوە ..
لەوەتەی ئەو کچە ڕۆشتووە
پێم لەناو پێپێکانی
چەقیوە ..
نەبا شەپۆل بیانسڕێتەوە ..

لەم ژوورەدا
تا تەوقی سەرم
گوێچکە ماسییە ..
قەوزەش تێمئاڵاوە
من لەناو پێی ئەو کچەدا
ماومەتەوە ..

ئێستا لە ناو ئەم ژووردا
دنیایەک ھێلانەم پێوەیە و ..
ھەموو جەستەم ئەجریوێنێ

لەم دورگەدا ..
تەنیا بێچوە کیسەڵێکی ھەتیوە
ئەو ھەر من و
منیش ھەر ئەوم ھەیە..

8. ((من و ئەو کیسەڵە پیرە عەیامێکە.. وەستاوین ئەو لە ژێر سێبەری من و منیش لەناو پێی ئەو خاتونە)).
   *   *   *
ھێلانەیەک بەسەرمەوە
ڕوخاوە ..
ھێلکەکانی شکاون
کیسەڵەکەش پیر بووە

ھەموو ڕۆشتن
شەپۆل و لم .. پێکانی سڕیەوە
کەسیش نەگەڕایەوە ..
لم ھەموومانی داپۆشیوە

ئێستا لەم ژوورەدا
ئاسمان و ئەرز نیە
دەرگا وپەنجەرە و کۆڵان نیە
دوێنێ و ئەمڕۆ و بەیانی نیە

ئێستا پیاوێک ..
لە ژوورەکەیدا
دەستی بە ناوچاویەوەیە
بۆ ھەموو لایەکی خۆی
دوور دوور .. ئەڕوانێ
لە ھیچ زیاتر
ھیچ نابینێ..

ماڵپه‌ڕی زمکان عه‌زیز

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک