٣٠\٦\٢٠١٥
ئەفسووس بۆ
یەکڕیزیی نێوماڵی کورد؟!

ستار محەمەد قادر
لەدوای راپەڕینی بەھاری نەوەدو یەکەوە ململانێی حزبی بەھیچ شێوەیەک
رێگەی نەداوە کورد ماڵێکی ھەبێت دوور لەڕق و پەراوێزخستن و
بەشەیتانیکردنی ئەویتر ئۆقرە بگرێت، ئەو ململانێ نا شەرعی و نا
سرووشتیە ھەمیشە ھۆکارێک بووە بۆ ئەوەی دراوسێکانمان بێ ئەوەی ئیزنمان
لێ وەربگرن، بە ئارەزووی خۆیان بە نێو ئەم
ماڵەدا تەراتێن بکەن و لەھەندێک حاڵەتیشدا ئەجێندای خۆیان بەسەرماندا
بسەپێنن!
ماڵی کوردی لەشوێنی یەکڕیزیی، لەئێستادا سیخناخە لەقەیران، پڕو
کارتێکراو بەئایدۆلۆژیای یەکتری ناشیرینکردن، ئەندامەکانی ئەم ماڵە،
بەبێ لەبەردید گرتنی ئەو رەوشە دژوارەوە کە شەڕی داعش و قەیرانی
نەبوونی مووچە بەرۆکی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی گردووە، بەشێوەیەکی
چاوەنواڕ نەکراو کەوتوونەتە وێزەی یەکتری و لەیەکتری دەخوێنن.
ئەم ماڵە، نەک ماڵێکی سیاسی، ئەگەر ماڵێکی خێزانیش بێت؟ لەدەرەنجامدا
جگە لەئیفلاسی و ھەڵوەشاندنەوە، ناکرێت چاوەنواڕی شتی باش و سەرکەوتووی
لێ بکرێت!
ماڵێک کاتێک رووبەڕووی رەوشێکی دژوار دەبێتەوە، ئەرکی ئەندامەکانیەتی
بیپارێزن، دەبێت کێشەکانیان بەشێوازی دایەلۆگ چارەسەر بکەن، نەک
بیگەیەنن بەئاستی قەیران و بەدەورو جیران بیفرۆشنەوە، ماڵێک نھێنیەکانی
پارێزراو نەبێت، بەسانایی تێک و پێک دەشکێندرێت، ئەم ماڵەی کورد
لەماوەی بیست و سێ ساڵی رابردوودا، ھیچ کاتێک بێ کێشەو قەیران نەبووەو
ھیچ قەیرانێکیش نەبووە دونیای لێ ئاگادار نەکرابێتەوە!
ھەر ماڵێک ئەندامەکانی بۆ یەک نەژێن و لە
نێو خۆیاندا تەبا نەبن، بەنێرینی رێزەوە تەماشا ناکرێ و ناشبێت بەشوێنی
سەرنج و ھیچ جۆرە حیسابات و بەھایەکیشی بۆ دانانرێت، ئەو ماڵە
نەکاراکتەری بەھێزی دەبێ و نەش پاڵەوانی تێدا ھەڵدەکەوێت، نە دەتوانێ
لەڕووی سیاسیەوە گەشە بکاو نە بەرنامەی بۆ ئایندە دەبێ و نەش دەتوانێ
ببێت بەخاوەنی کیانێکی سەبەخۆ!
وا بڕیار بوو لەسەردەمی حوکمی حکومەتی بنکە فرارواندا چوار ساڵی ئارامی
بدرێت لەیەخەی ئەم ماڵەی ئێستای کورد، چوار ساڵ ھاوڵاتییان بێ ئەوەی
بەکێشەی ھێزە سیاسیەکانەوە سەرقاڵ بکرێن، ژیانی ئاسایی خۆیان بەڕێ بخەن،
کەچی لەشوێن ئەوەی لەھەوڵی ئەوەدا بن باری سەرشانی ھاوڵاتیان سووک بکەن
و کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەن، دێن بابەتێک دەوورووژێنن ختووکەی
ھەمووانی پێدەدەن و دەیکەن بەرۆژەڤ و ھەموو ماکینە ئیعلامیەکانیان لەو
بوارەدا دەخەنە کارو ھەڵایەکی گەورە درووست دەکەن و دەرەنجامیش دوای
خەوشدارکردنی پرسەکە دەگەڕێنەوە بۆ سازان و کۆتایی پێدەھێنن!
ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین، ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت، کورد ناتوانێت
دەسبەرداری ئەو باگراوندە مێژووییە ببێت کە لەرابردوودا ھۆکارێک بووە
بۆ ئەوەی بەھیچ شێوەیەک ھەست بەبوونی نەکرێ و ھەست بەبوونی خۆدی خۆیشی
نەکات، ئەو شەڕەی ئەمڕۆ با پاڵپشتی یاسایی و دەستووریشی ھەبێت، بەڵام
لەدەرەنجامدا یەکڕیزییەکە خۆی لەئامانجە گشتیەکەدا دەبینێتەوە نەک
لێکترازان و مۆڕە کردن و پەرتەوازەیی و دابڕان.
لەکۆتاییدا دەبێت ھەموو پارتە کوردیەکان ئەوە بزانن، بردنەوەی ھێزێکی
سیاسی لەململانێیەکدا، سەرخستنی ئەجێندای لایەک، ئەگەر فاکتەرێک بێت بۆ
گەڕاندنەوە بۆ نێو چوار گۆشەی سفر؟ دەبێت بڵێین ئەفسووس بۆ حکومەتی
بنکە فراوان و حکومەتی یەکڕیزیی نیشتیمانی، ئەفسووس بۆ ماڵێک کەشوێنی
ھەمووانی تێدا دەبێتەوە، بەڵام ناتوانن ئارامیەکەی وەکو ئەندامی ماڵێک
بپارێزن؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|