٣٠\٣\٢٠١٣
ئەگەر بە قسەی
کۆمۆنیستەکان بکرێ چی روودەدا؟

جەلال
محەمەد
بەر لەوەی بێمە سەر ناوەڕۆکی ئەم بابەتە، پێویستە بڵێم ڕێزێکی زۆرم
هەیە بۆ تەواوی هێزە چەپەکان بە گشتی و کۆمۆنیستە جیهانیەکان بە
تایبەتی کە خاوەنی زۆر دەستکەوتی گرنگن و گەورەترین ئاستەنگیش بوون لە
بەردەم پیلانی هێزە ئیمپریالی و سەرمایەدارە دژە گەلیەکان، بەڵام ئەوەی
مەبەستی ئەم بابەتەیە حیکمەتیستەکان و بەشێک لە پێنوس بە دەستەکانی
حیزبی شیوعی عێراقە کە باشترین پێناسە بۆیان "ئەسحاب
ئەلکەهف"ە. بۆ ئەو مەبەستەش لە جیاتی
ناوهێنانی ئەو ژمارە پێنوس بەدەستەی حیزبی شیوعی سوود
لە دەستەواژەی "ئەسحاب ئەلکەهف" وەردەگرم.
ئەسحاب ئەلکەهف و حیکمەتیستەکان بە
بەراوردکردن بە لایەنە ئیسلامیە کوردیەکان تەنها لە ناودا جیاوازن ،
دەنا لە مەسەلەی نەتەوایەتیدا هەمان دید و تێڕوانینیان هەیە بەرامبەر
بە کورد. ئیسلامیەکان ئەرکیان تەعریبکردنی مێشکی کورد و کوشتنی هەستی
نەتەوایەتیە، هەندێک جار ددان بە هەڵەی خۆیاندا دەنێن و تا ڕادەیەک ڕێز
لەو کوردانەش دەگرن کە وەک خۆیان بیر دەکەنەوە بەڵام ئەسحاب
ئەلکەهف و حیکمەتیستەکان نەک هەر ددان بە هەڵەی خۆیاندا نانێن
بەڵکو لە ناشیرینکردنی کورددا بۆڕی داگیرکەرانیشیان داوەتەوە.
لەو باوەڕەدام لە نێو کۆمەڵگای کوردەواریدا تەنها دوو کەس پێناسەی
دروستیان بۆ ئەسحاب ئەلکەهفەکان کردووە ،
ئەو دوو کەسەش مەلا مستەفا و نەوشیروان مستەفان . هەرچی مەلا مستەفایە
"بە حوکمی نەخوێندەواریەکەی" لە ڕێی هەژار موکریانیەوە و لە کتێبی
چێشتی مجێوردا ئەوەی لە بن بەڕەدایە خستییە سەر بەڕە ، نەوشیروان
مستەفاش بە کورتترین لێدوان گوتی "ئەوانە بۆیان نییە دەم لە مەسەلەی
کورد وەربدەن".
حیکمەتیستەکانیش لە چەواشەکاریدا گەیشتوونەتە ئاستێک کە بە هەزار ساڵی
دیکەش ئەسحاب ئەلکەهفەکان نەتوانن تۆزیان
لە دوا بکەن . باوەڕ ناکەم یەک کەس لە کورددا هەبێت و ناوی "کۆمەڵە"ی
نەبیستبێت ، ئەو کۆمەڵەیەکی کە تێکۆشەرانی وەک کاک فوئاد بناغەیان
داڕشت و لە برەودان بە هەستی شۆڕشگێری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا
مێژوویەکی پڕشنگداری تۆمار کرد ، خۆ ئەگەر مەنسوری حیکمەت و
دارودەستەکەی نەبوونایە ئەوا "کۆمەڵە" دووچاری ئەم ڕۆژە نەدەهات و
ئێستا ڕۆڵی پێشەنگایەتی دەگێڕا لە ڕۆژهەڵاتدا . حیکمەتیستەکان نەک هەر
لە کردەوەکانی خۆیان پاشگەز نابنەوە بەڵکو دەڵێی لە جێگەیەکەوە
بەرنامەیان بۆ دادەڕێژرێت بۆ شێواندن و ناشیرینکردنی کۆمەڵگای
کوردەواری.
لە کوردستاندا پکک گەورەترین هێزی جەماوەری لە پشتە ، ئەو هێزە
جەماوەریە تەنها لە پارچەیەکی کوردستاندا نەوەستاوە و لە هەموو
بەشەکانی کوردستان و ئەوروپاش لە هەڵکشاندایە ، هەروەها خاوەنی
بەهێزترین و تۆکمەترین هێزی چەکداریشە کە لە سەرتاسەری کوردستانی
مەزندا بڵاو بۆتەوە بەبێ بوونی دەستەباندی و گرفتی ناوخۆیی . ئەم حیزبە
تەنها لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا لە ململانێدا نییە بەڵکو تەواوی داگیرکەران
و لایەنە کوردیەکان و ئەمریکا و ئەوروپا و زۆر وڵاتی دیکەش وەک دوژمن
لێی دەڕوانن و زۆرترین پیلانگێڕیشیان لە دژی پیادە کردووە "چەواشەکاری
ئەسحاب ئەلکەهف و حیکمەتیستەکانیش لەولاوە
بوەستێت" . باشترین نموونەش لێدوانی سەرۆککۆماری بەهێزترین وڵاتی
جیهان"جۆرچ بوش" بوو کاتێک گوتی پکک دوژمنی ئەمریکا و تورکیا و
عێراقە. بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو پیلانگێڕیەشدا هەمیشە ئەو حیزبە
یەکگرتوتر و بەهێزتر بووە . ئەگەر هەندێک کەس وا بزانن ئەو گەورەبوون و
یەکگرتووییە تەنها بەرهەمی کادرانی پکک و دروشمی جۆراوجۆرە ئەوا من
دەڵێم "نەخێر وانییە" ، چونکە پارتە کوردیەکانی دیکەش لە کادری
پێشکەوتوو کەمیان نەبووە و لە دروشمی هەمەجۆریشدا کورتیان نەهێناوە
بەڵام هەمیشەش لە لاوازبوون و لێکدابڕاندا بوون.
ئەی دەبێت چ حیکمەتێک لە یەکگرتووی و گەورەبوونی پەکەکەدا هەبێت!؟
هۆکاری گەورەبوون و یەکگرتووی پکک بوونی یەک خاڵی هاوبەشە و هیچ
کەسێکش گومانی لەو خاڵە هاوبەشە نییە . لە کادرێکی سەر چیاوە تا
هەوادارێکی گوندی - لە سەرکردەیەکی
مەیدانیەوە تا گەریلایەکی بەرەی شەڕ - لە
سیاسەتمەدار و پەڕلەمانتارێکەوە تا خۆپیشاندەرێکی سەر شەقامەکان هەر
هەمووی لەو خاڵە هاوبەشەدا یەکدەگرنەوە ، ئەو خاڵە هاوبەشەش
گرێدراویانە بە بەڕێز "عەبدوڵا ئۆجالان" و ئایدۆلۆژیاکەیەوە ، کە بە
ڕێنماییە دروستەکانی ئەم هێزەی بە تۆکمەیی و یەکگرتووی هێشتۆتەوە ،
باشترین کاری بەرپرس و کادرانی پەکەکەش پەیڕەوکردنی ڕێنماییەکانی بەڕێز
ئۆجالان بووە ، ئەم پەیڕەوکردنەش پرسی کوردی زۆر پێش خستووە و لە
چارەسەری نزیکی کردۆتەوە.
ئەنجامی ڕێنماییەکان بوو کە لە هەموو جیهاندا بستێک خاک نەما جێی
ئۆجالانی تێدا ببێتەوە ، ئەنجامی ڕێنماییەکان بوو کە
١٤ ساڵە لە لە ژورێکی تاکە کەسیدا قایم
کراوە . خۆ ئەگەر ئەو ڕێنماییانە نەبووایە ئەوا نەک هەر بە تیرۆریست نە
دەناسرا بەڵکو هەم فەڕشی سووری بۆ ڕادەخرا و هەم هاوشێوەی کەمال بورقای
لە ئامێز دەگیرا.
تا پکک زیاتر گرێدراوی ئەو خاڵە هاوبەشە بێت زیاتریش تۆکمە و
یەکگرتوو دەبێت ، تا ڕێنماییەکانی ئاپۆ زیاتر لەبەر چاو بگیرێت پەکەکەش
زیاتر بە هەیبەت دەبێت . خۆ ئەگەر هەر بەرپرسێکی پکک ئەو خاڵە
هاوبەشە نەپارێزێت ئەوا هەم پکک ئەو هەیبەتەی نامێنێت و هەم ئەو
بەرپرسەش لە میلەت دادەبڕێت ، باشترین نموونەش عوسمان ئۆجەلانی برای
ئاپۆیە کە دوای گیرانی بەڕێز ئاپۆ بوویە کەسی یەکەمی پکک و گەیشتە
بەرزترین ئاستی بەرپرسیارێتی ، بەڵام بەهۆی فەرامۆشکردنی ئەو خاڵە
هاوبەشە و بە هەند نەگرتنی ڕێنماییەکان هەم پەکەکەی گەیاندە لێواری "هات
و نەهات"و هەم خۆیشی وەک کەسێکی بێ ناو و نیشان گۆڕی بزر کرد.
تەنها شتێک کە بۆتە بنێشتە خۆشەی سەر زاری دەوڵەتی تورک و هەمیشە
دەیڵێتەوە ، گوتەی (با هیچ کەس گوێ لە ئاپۆ نەگرێت)، سەرسوڕمان ئەوەیە
ئەسحاب ئەلکەهف و حیکمەتیستەکانیش دەڵێی
لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا بە یەک سک بەرهەم هاتوون و هەمان قاوان لێ
دەدەنەوە و دەڵێن "با کەس گوێ لە ئاپۆ نەگرێت" ، تەنانەت لێدوانی ئەم
بە ناوکۆمۆنیستانە گەیشتۆتە ئاستی بڕیاردان لەسەر پکک و زمان
درێژکردن بۆ گیانی شەهیدان و بێ حورمەتیکردن بە هەموو نەتەوەی کورد.
خۆ ئەگەر لێدوانی ئەو کۆمۆنیستانە لە ئاستی ڕەخنە و پێشنیاردا بوایە
ئەوا جێگەی ڕێز دەبوو ، بەڵام کاتێک دەگاتە ئاستی بڕیاردان و دەڵێن "با
هیچ کەس گوێ لە ئاپۆ نەگرێت" و شەهیدێکی وەک پێشەوا قازی محەمەد بە "خیانەتکار"
پێناسەی دەکەن و زمان درێژی دەکەنە سەر هەموو نەتەوەی کورد و بە "نەتەوەی
بێ عەقڵ و مێگەل" ناوی دەبەن ئەوا هەم لێدوانەکانیان جێگە بڕوا نییە و
هەم خۆشیان دەچنە خانەی گومانەوە . بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە:
http://www.emrro.com/ashbetalekidike.htm
تەنانەت یەکێک لەو زڕ کۆمۆنیستانەی کە ئێستا لە هەموو کەس زیاتر هاواری
لێ بەرز بۆتەوە ( گوایە لە پەرۆشییەتی بۆ پکک و نایەوێت ئەو هێزە
لەسەر قسەی ئۆجالان ئاشبەتاڵ بکات و خوێنی ئەو هەموو شەهیدە بە فیڕۆ
بڕوات)، لە کاتی ئازادکردنی شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا زۆر بێ
شەرمانە داوای لە بارزانی دەکرد و دەیگوت ( بۆ ئەوەی هاوسەنگی هێز تێک
نەچێت و پکک نەبێتە حاکم لە کوردستاندا ، پێویستە حکومەتی هەرێم
ببێتە هاوکاری دەوڵەتی تورک و پەلاماری پکک بدەن و نەهێڵن ڕۆژئاوای
کوردستان بخاتە ژێر دەستی خۆی). بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە:
http://www.beyan.info/Direje.aspx?C=Witar&J=878
لە ساڵی ٢٠٠٩دا، ئەمریکا فریوی تورکیای
خوارد و بڕیاریدا هێرش بکاتە سەر پکک لە قەندیل ، بەڕێز ئۆجالان لە
زیندانەوە هەستی بەو مەترسییە کرد و بانگەوازی بۆ پکک کرد کە
ئاگربەستی یەکلایەنە ڕابگەیەنێت لەگەڵ دەوڵەتی تورک و دوو گروپ گەریلاش
وەک نیاز پاکی بنێرێتەوە بۆ تورکیا ، بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە:
http://pcdk.org/kurdi/page.php?sid=5800
هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵەدا ئەسحاب
ئەلکەهف و حیکمەتیستەکان "کە لە هیچ بێ ڕێزییەک دەم ناگرنەوە" هێرشێکی
بێ وێنەیان کردە سەر بەڕێز ئۆجەلان و وەک کەسێکی تەسلیمکار و
ئاشبەتاڵکەر پێناسەیان کرد و گوتیان (لە پێناوی چیدا دوو گروپ گەریلا
تەسلیمی تورکیا دەکات ؟ خۆ ئەو لە زینداندایە و چۆن دەبێت گوێی لێ
بگیرێت ؟).
بەڵام کاتێک یەکەم گروپ لە قەندیلەوە گەیشتە باکووری کوردستان و زیاتر
لە یەک ملیۆن کورد بە پێشوازییانەوە چوون و وەک "پەیامبەرانی ئاشتی"
پێناسەیان کردن ، ئەو کات هەم ئەمریکا لە بڕیاری هێرشکردن پاشگەز
بوویەوە و هەم چاوی ڕەشی تورکەکانیش کاڵ بوویەوە ، بەڵام ئەسحاب
ئەلکەهف و حیکمەتیستەکان لە جیاتی ئەوەی لە تۆمەتەکانیان پاشگەز ببنەوە
کەچی کەوتنە ستایشکردنی ئەردۆغانی میهرەبان بۆ ئەو دڵە فراوانەی کە
هەیبوو بەرامبەر پەیامبەرانی ئاشتی و لە زیندانی نەکردوون.
ئێستاش دەنگۆی ڕێکەوتنێک لە ئارادایە لە نێوان پکک و دەوڵەتی تورکدا
و ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکەش ئاشکرا نەکراوە ، لەبەرئەوە زۆر زووە بۆ
بڕیاردان لەسەر پرسێکی وەها گرنگ . بە باوەڕی من ئەگەر ڕێکەوتنەکە بە
ئەنجام بگات پرسی کورد چەندین قۆناغ پێش دەکەوێت ، خۆ ئەگەر بە
ئەنجامیش نەگات ئەوا پرسی کورد لە جاران پێشکەوتوتر دەبێت بەهۆی ئەو
پێشوازیە نێودەوڵەتییەی لە پەیامەکەی بەڕێز ئۆجالان کرا ، بەڵام ئەوەی
زۆر گرنگە پێویستە بەرپرسانی پکک دوو خاڵ لەبەر چاو بگرن:
١- گرنگی ئەو خاڵە هاوبەشە بزانن کە هەم هەیبەت و پێشکەوتنی پەکەکەی
پاراستووە و هەم یەکگرتوویی و یەکڕیزی پەکەکەی هێشتۆتەوە.
٢- هەڵسەنگاندنی ئەو جۆرە پێنوس بە دەستانە و بەراوردکردنی
لێدوانەکانیان بە ئاستی پێشکەوتن و خۆشەویستی ئەسحاب ئەلکەهف و
حیکمەتیستەکان لە نێو کۆمەڵگای کوردەواریدا.
بۆ خوێندنەوەی بەشێکی دیکە لە لێدوانی ئەسحاب ئەلکەهف و حیکمەتیستەکان
کرتە لەسەر ئەم لینکانەی خوارەوە بکە:
http://www.kurdistannet.org/2013/index.php?option=com_content&view=article&id=630:2013-03-23-07-34-20&catid=11:2012-01-01-20-11-37&Itemid=21
http://www.emrro.com/rageyandinih.htm
http://www.emrro.com/shanogeriyashtewaiy.htm
ماڵپهڕی جهلال
محهمهد
|