١٣\٩\٢٠١٠ ئەگەر چوونە تورکیا.
بۆ ئەوەی دڵی کوردەکان خۆش بکەیت و تورکە شۆڤێنیستەکان توڕە بکەیت ئەوا دەتوانی لەگەڵ هەموو کەسێ تەنانەت تورکەکانیش بە کرمانجی قسە بکەیت، ئەگەر ویستتان بە تاکسی بڕۆنە شوێنێک پێش هەموو شتێ هەوڵ بدە لەگەڵ کوردێک بڕۆیت هەتا بۆت دەکرێت بە تاکسیش هاتووچۆ مەکە، دڵنیابە لەوەی هەر کەسێکت بینی ریشن و سەروسیما ئیمانداربوو بزانە کە بەتەقواترین قۆڵبڕ و ساختەچییە، باکوری کوردستان بەهەشتێکی نموونەییە بۆیە هەتا پێتان دەکرێت لەو شارانە بگەڕێن کە شاری کوردیە بۆ ئەوەی ئەو پارەی خەرجی دەکەن بۆ کوردان بێت، بۆ ئەوەی شارەزایی لەسەر نەتەوەکەی خۆت کۆبکەیتەوە و بزانیت کە رژێمی تورکیا چی بەو شارانە و کورد کردووە لەم وڵاتە، لە شارەکانی باکور ئەوەی لێتی پرسی خەڵکی کوێی تکایە مەڵێ خەڵکی عێراق یان ئێران یان سوریام بڵێ فڵانە پارچەی کوردستان، تەنانەت ئەگەر پۆلیسیش لێتی پرسی، چونکە هەرێمی کوردستان دان پێ نراوە بۆیە ئاستەنگ و کۆسپت نایەتە رێ.
ئەگەر چوویتە تورکیا دڵ و رۆحی گەرمی پڕ لە کوردایەتی کوردەکان ساردمەکەوە بە کەم و کوڕیەکانی ئەو پارچە ئازادکراوەی کوردستان، باسی سەرکەوتن و دەستکەوتەکانیان بۆ بکە، باسی ئازادی و رزگاری کوردستانیان بۆ بکە، باسی خۆشەویستی و تەبایی نێو ماڵی کورد و هاریکاری نێوان پارچەکانی کوردستان بکە، تکایە باسی ململانێ و ناتەبایی هیچ پارت و گروپێک مەکە، وەکو کوردێک بدوێ و هەڵسوکەوت بکە نەک وەک ئەندام و گروپ و حیزبێک.
تکایە ئەگەر چوویتە تورکیا و ویستت لە ئارامی و دڵنیایی بژیت بڕۆ شارە کوردیەکان هەرنەبێ لە هەر رووداو و پێشهاتێک هاوکارت دەبن و یارمەتیت دەدەن چونکە هاونەتەوە و برامانن، ئەگەر چوویتە تورکیا لە ژاندرم و چەتە و پۆلیسی تورک مەترسە چونکە هەموو شتێک لەلای ئەوان بە پارە چارەسەر دەبێت تەنانەت کوشتنیش، ئەگەر ویستتان سەردانێکی تورکیا بکەن لەوێوە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ مێژووی رابردووی بەعس و پارچەی باشوور کە ئێمەش پێشتر لەو مەینەتییانەی چەشنی براکانمان لە باکور ژیاوین، ئەگەر لە دەستت دێ هاوکاریان بکە هاوکاری سەنتەر و گروپی رۆشنبیری و هونەریان، ئەگەر لە تواناتدا نییە هاوکاریان بکەیت با شارە کوردیەکان وێستگەی گەشتەکەت بن.
ئەگەر چوویتە تورکیا بە پاس گەشت بکە بۆ
ئەوەی وێرانبوونی کوردستان بە چاوانی خۆتەوە ببینی، بڕۆ ناو خەڵکەکە و
سەردانی دێهاتەکانیان بکە و لەگەڵ خەڵکەکە بدوێ بزانە تورکیای فاشیست
چی بەسەر براکانمان هێناوە، ئەگەر چوویتە تورکیا شێخ رەزای دەرسیم و
شێخ سەعیدی پیران و قەتلوعامی گەلی زیلان و ئیمارەتە کوردیەکانی
رابردوو و مەم و زین و ئەحمەدی خانێ و مەلای جەزیری و هەزاران رووداو
و کارەسات و کەڵە پیاو و شۆڕشگێڕ و سەرهەڵدان و جینۆسایدەکانی کوردت
لەبیربێ، ئەگەر چوویتە تورکیا لەبیرت نەچێ کە کلیلی سەربەخۆیی کورد لە
هەموو کون و قوژبنەکانی ئەو وڵاتەیە چونکە لەهەموو کون و قوژبنێکی ئەو
وڵاتە شەڕی قڕکردنی کوردە.
ماڵپهڕی شێرزاد عومهر مهحمود
|