١۴\١\٢٠١٠
ئەگەرەکانى دوایین دادگایى تاوانبارانى کەیسى هەڵەبجە
بەجینۆسایدناساندن و لەسێدارەدانى تاوانباران، خەونى مێژینەى هەموو
هەڵەبجەییەکە.

بێستون حەسەن
وا بڕیارە لە حەڤدەى ئەم مانگەدا دوواین دادگایی سەرجەم تاوانبارانى
کەیسى کیمیا باران کردنى شارى هەڵەبجە بەڕێوە ببرێت و تیایدا هەموو
ئەوانەى کە هەستاون بە ڕێکحستن و ئەنجامدان و هاوکاری کردنى ئەو پلانە
ژەهراوییەى کەبەرانبەر بە دانیشتوانى بێگوناهى شارى هەڵەبجە کرا ، سزاى
یاسایی و عادیلانەیان بەسەردا بسەپێنرێ و چیدى ببنە دەرس و پەند بۆ
هەموو گەلانى دونیا کە ئەوە سەرەنجامى ئەو کارە گڵاوانەیە کە دەرهەق بە
میللەتێک یاخود نەتەوەیەک یان هەر شوێنێکى ئەم زەمینە دەکرێت .
بەڵام لەلایەکى ترەوە ناکرێت هەموو ئەو پێشهات و چاوەڕوانیانەى خەڵکى
هەڵەبجە و کەس و کارى قوربانیان هەیانە بۆ سزادانى تاوانباران لەبەرچاو
نەگیرێ و بە ویست و خواستى ئەوان بڕیارەکان جێبەجێ نەکرێن ، بە نموونە
هەموو دونیا و پێکڕا هەڵەبجەییکان چاوەڕوانن کە هەرچى زووە على کیمیایی
بەبەرچاوى میدیاو کەناڵەکانى جیهانەوە لە سێدارە بدرێت و بە سزاى سەخت
و ویستراوى خۆى بگات ، وە چاوەڕوان دەکرێت کەیسى هەڵەبجە و تاوانى پێنج
هەزار قوربانى و کۆمەڵ کوژى لە ناوەندەکانى دونیادا بە جینۆساید
بناسرێت لە کاتێکدا لێرەو لەوێ دەنگۆى ئەوە هەیە کە بە پێچەوانەوە ئەم
کارە کۆمەڵ کوژییەى سەرانى حیزبى بەعس و دار و دەستەکانى ڕژێمى پێشووى
سەددام نەک بە جینۆساید نەناسرێت بەڵکو لە زۆر ڕووە وە تاوانەکەشیان
وەک تاوانێکى تا ڕاددەیەک بچوک سەیر کردبێت . بەهەمان شێوە دەنگۆى
ئەوەش هەیە کە بڕیارى لە سێدارەدانى تاوانبارانى ئەو کارە هەموو
زیندانیانى تایبەت بە کیمیابارانى هەڵەبجە نەگرێتەوە و یەک تا دوو
تاوانباریان بەر حوکمى ئازاد کردن بکەون لە کاتێکدا گەر ئەم دەنگۆیە بە
ڕاست بچێ و وا ڕەنگ باتەوە هەق وایە نیشانەیەکى سەرسوڕمان (استفهام )
بە نێوچەوانى دادگاییەکەوە بنرێت و هیچ لایەکى مەعنى بێدەنگ نەبێت و
بارودۆخەکە بە دیوێکى تردا بەرن کە لەبەرژەوەندى خەڵکى هەڵەبجە و کەس و
کارى هەموو قوربانییەکاندا بێت .
سەیر لەوەدایە ئەو کەسانەى کە بە تۆمەتى بەشدارى کیمیابارنى هەڵەبجە
لەبەردەم دادوەردان کەم تا زۆرێک بە غەیر موباشیر دانیان ناوە بە
کردەوەکانیاندا ئیدى پاساوو دەستى دەرەکى هەق وایە کارنەکاتە سەر گۆڕین
و بڕیارى کۆتایی دادگا ، لەهەر بار و دۆخێکى نەخوازراودا دوواین بڕیارى
دادگا ئەگەر لە بەرژەوەندى هەڵەبجەییەکان و کەس و کارى قوربانیادا
نەبێت ، بەجۆرێک لە جۆرەکان سەدان و هەزاران کاردانەوەى جۆراو جۆر
چاوەڕێ دەکرێت . هەڵبەتە گەر بە ویست و خواستى ئەمان کۆتا بێت دەبینیت
لە خودى هەڵەبجە و زۆربەى ناوچەکانى هەرێمى کوردستان هەلهەلەى خۆشى و
فرمێسکى دایکى شەهیدان هەموو کوچەو کۆڵانەکانى هەڵەبجە تەڕئەکات ، یان
هیچ نەبێت بە سزادانى هەموو ئەو تاوانبارانەى کە بەشدارن لەم هەڵمەتەدا
دژ بە لەناوچوونى شارێک خەمێکى لەبن نەهاتویان کەمێک لێ ساڕێژدەبێت و
زامى قوربانیەکانیان خۆش دەبێتەوە . هەر لێرەوە داواکارین لە سەرجەم
کەناڵەکانى بینراوو بیستراو ئەهمییەت بدەنە ئەو ڕۆژە و بەشێوەیەکى
ڕاستەوخۆ (زیندوو ) دادگاییەکە بە هاوڵاتیان بگەیەنرێت لە لایەکى ترەوە
و بۆ باشتر بوونى گوزەرانى کەس و کارى قوربانیانى هەڵەبجە بڕیار بدرێت
لەلایەن دادگاى باڵاوە بۆ قەرەبوو کردنەوەى زیان لێکەوتووان و پاشماوەى
قوربانیانى هەڵەبجە و لەهەمان کاتدا بە جینۆساید ناساندنى ئەم کەیسە
خۆى بۆ خۆى مایەى دڵخۆشى و ڕەوینەوەى سەرجەم ئازارەکانى هەڵەبجەیە و
گەورەترین قەرەبووە کە دەدرێتەوە بە خودى هەڵەبجەییەکان.
گەر نا ئەوا بە کۆتا هاتنى دادگاییەکە و بە جینۆساید نەناساندنى
کیمیابارنى هەڵەبجە و ڕزگاربوونى هەندێک لە بەشدارانى ئەو کارە ،
هەڵەبجەییەکان لە خۆئامادەکردنێکى گەورەدان بۆ جۆرەها کاردانەوە و دژ
وەستاندنى هەڵوێستیان بەرانبەر بە دادگاو بڕیارەکانى نێو دادگایی
کردنەکە ، بە جێبەجێ کردنى هەموو پێشهاتە چاوەڕوانکراوەکان ، هەڵەبجەش
ڕوناکتر و گەشتر ئەبینرێت لە جارى جاران .
|