په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٤\٢٠١١

ئەگەر ئەمڕۆ منت قه‌بوڵ نەبێ،

چاوەڕوانی ئەوەش مەکە لە سبەیدا تۆم قه‌بوڵ بێ!


مەهدی خالید خەمبار


لەم وڵاتەی ئێمەدا ڕۆژانە لە لایەن هەر یەکێک لە ئێمە بە تاک و کۆمەڵمانەوە ، بە حیزب و ڕێکخراوەکانەوە ، بە ئەوپەڕی چەپ و ڕاستمانەوە ، بە خوێنەدەوار و نەخوێندەوارمانەوە ، بە ژن و پیاومانەوە بەردەوام باس لە چەند چەمکێکی پیرۆز و گەورەی وەک (قه‌بوڵکردنی یەکتر و دیمکراسی و ماف و ئازادی تاک ، دادپەروەری کۆمەڵایەتی) دەکەین و بەردەوام دانیشتن و گفتوگۆ و وتار و دروشمەکانمانیان پێ دەڕازێنینەوە و هەر هەموشمان خۆمان بە پرۆفیسۆزی ئەو بوارانە دەزانین!


با بێن یەکێک لەم چەمکانە ورد بکەینەوە کە چەمکی (یەکتر قه‌بوڵکردن) ە ، تا هەمومان بەرچاو ڕونیەکمان لە بارەیەوە هەبێت و بزانین ئاخۆ ئەم چەمکە وەک خۆی خراوەتە بواری پراکتیزە کردنەوە یان ئەوەتا شێوەیەکی ئەوتۆمان لێی داتاشیوە کە بە ئاقاری ئەو چەمەکەدا ناگوزەرێ.


یەکتر قه‌بوڵکردن لە فەرهەنگی سیاسی کەلتوری چاندی ئێمەدا دەقاو دەق (گوڕین) دەگرێتەوە ، بۆ نمونە تۆ ئەو کاتە منت قه‌بوڵە کە وەک تۆ بیر بکەمەوە ، وەک تۆ هەڵسوکەوت بکەم ، وەک تۆ بنوسم ، وەک تۆ شرۆڤە بکەم ، بەواتایەکی کورت و کرمانجی (ڕەنگ و خوی تۆ هەڵبگرم)! کاتێکیش کە ئەمە لە مندا ڕویدا ! ئەوکات واتایەک بۆ قه‌بوڵکردن نامێنێتەوە و بەمەش هەم دیمکراسی و بنەماکانی و هەمیش ئازادیەکانی تاک و کۆمەڵ دەکەونە بەر هەڕەشەیەکی مەترسیدار!


لایەنێکی ئیسلامی لە وڵاتی ئێمەدا بەمەرجێک منداڵانی هەژاری پێ قه‌بوڵ بوە بۆ یارمەتیدان ، کە بەر لەوەی یارمەتیەکەی پێشکەش بکات ، پێچە و جلە باڵاپۆشێکی بە دیاری داوە پێی و کۆمەڵێک داواکاری ئاراستەی ئەو منداڵە کردوە لە بەرامبەر دانی ئەو بەخسیشە پێی ، بێ ئەوەی بیر لە بچوکی تەمەن و ویست و ئارەزوی ئەو کچە بکاتەوە ! گەلٶ دەکرێ بەمە بوترێ یەکتر قه‌بوڵکردن ؟ ئاخر داماڵینی هەموو حەزەکانی ئەو کچە منداڵە لە پای دیاریەک یان برە پارەیەکی مانگانە پێیان (کە گومانیش لە سەر سەرچاوەی ئەو داهاتەش) ڕەنگە لای زۆرینەمان دروست بوبێت ، بە تایبەتیش لەو کاتەی یەکێتی و پارتی ملیان نابۆ ملی یەکترە و سەنگەریان لە یەکتر گرتبوو!


کاتێک کەسێکی عەلمانی ، بەرامبەرێکی موسوڵمانی پێ قه‌بوڵە کە دەبێت کوت و مت بە هیزر و ئاراستەی ئەو بیر ! دەبێت ببێتە بەشێک لەو ، کە بوشە بەشێک لەو ، ئیتر بۆ دەبێت بڵێت من فڵانە کەس و فیسار مامۆستام پێ قه‌بوڵە ؟ کە توانای قه‌بوڵکردنیشت نەبێت بەوەی وەک خۆی ، ئێدی بۆ دەبێت پۆز بە سەریدا لێبدرێت و بە دەوروبەریش ڕابگەێنیت کە مەلا فڵانی ؟ ئەوەی کە من دەیبینم و دەیخوێنمەوە بریتیە لە بونی ململانێ و شەڕێکی سارد و هەنێ کاتیش گەرمی ڕەتکردنەوەی یەکتر و هەوڵێکی ژێر بەژێری ئەم دوو جەمسەرە بۆ لاوازکردن و تێکشکانی یەکتری!! بەداخەوە ئەم شێوازە هەڵەیەی یەکتر قه‌بوڵکردن زراوەتە ناو خێزانەکان و باوکان و دایکان و مناڵەکانیانەوە ، ئەگەر واتایەک بۆ یەکتر قه‌بوڵکردن و دیمکراسی و ئازادیەکان هەبێت ، ئاخر بۆ ناتوانین ڕێز لەو بنەما پیرۆزانە بگرین و وەک خۆیان بەرخوردیان لە تەکدا بکەین؟


بە ڕای من هەمو ئەمانە دەگەڕێنەوە بۆ ناحاڵیبون و لوتبەرزی و ڕکەبەرایەتی و بڕیاردانی پێشوەختە ! بەلای هەندێکمانەوە دەست بەرداربوون یان لێبورەدەیی لە بەرامبەر بەرامبەرەکەت بە تێکشکانی تاک دەزانرێت ، وە لە سەر ئاستی حیزبیشدا بە نمونە دیاسانەوە بە شکست و بەچۆکداهێنان و قەیران دەزانرێت ، بۆیە بە جیاتی ئەوە بەرپەچدانەوەی توند و سینگدەرپەڕاندن و چاوسورکردنەوە جێگایان دەگرێتەوە و مەسەلەکان بەرەو ئاڵۆز تر دەبات.


ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردوستاندا دەگوزەرێت بریتیە لە دەرەنجامی نەبونی ئەو نەفەسی یەکتر قه‌بوڵکردنەیە کە باسمان لێوە کرد ، ئەمڕۆ هیچ حیزبێک حیزبەکەی بەرامبەری پێ قه‌بوڵ نیە ، لە ناو خودی حیزبەکانیشدا زۆر لێک قه‌بوڵ نەکردن بونیان هەیە ، بەڵام خەفە کراون ! کەسیان نامەی کەسیان ناخوێننەوە ! لە وڵاتی ئێمەدا ، وە لە پاش دروستبونی ئۆپۆزیسیۆن ،ئیتر دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن وەک دوو سکەی شەمەندەفەریان لێ هات ، لە هاوشانی یەک دەڕۆن بەڵام لە هیچ خاڵێکدا ناگەنە یەک ! کار گەیشتۆتە ئەوەی کە ئۆپۆزیسیۆن هێڵێکی ڕاست و چەپ بە سەر دەسەڵاتدا بهێنێت و هەمیشەش وتەو بڕیار و هەڵسوکەوتەکانیان بەر لە چونەژورەوەی ناو پەڕلەمان بڕیار لێدراون ! واتە هەر شتێکی باشیش بوترێ و ئەنجام بدرێ ئۆپۆزیسیۆن ، پێشوەخت بڕیاری کۆدەنگی خۆیان داوە! لە بەرامبەریشدا دەسەڵاتیش گوێی خۆی لە زۆر لەو دەنگە تەندروستانە کەڕ دەکات کە لە دەمی ئۆپۆزیسیۆنەوە دێنە دەرەوە و بە خاڵی پۆزەتیڤ دەژمێردرێن! هۆکاری ئەمەش ئەوەیە ئەگەر تۆ منت پێ قه‌بوڵ نەبێت چاوەڕوانی ئەوەش مەکە منیش تۆ قه‌بوڵ بکەم چونکە ڕەنگە جوانەکانیشت تەڵخ دەبینم!!


گەورەترین زیانی ئەم جۆرە ململانێ و ناحەزییه‌، زەرەر بە داهاتووی پێکەوە هەڵکردنی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتی داهاتوو دەدا و وەک کولتوورێک دەستاودەست دەکا و هەمیشە دووکەڵی ئەو رکەبەرییه‌ گەروی میللەت تاڵ دەکا و هەرێمەکەش بەرەو قەیران دەبا.

 


m.zerdeshti@gmail.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک