٢٨\٢\٢٠١٣
ئەگەر عێراق دابەش بکرێ؛ چی دەقەومێ؟!

ستار محەمەد قادر
ئایا سەرکردەکانی کورد لەسەر بنەمای یەکپارچەیی خاکی عێراق هەموو
هێلکەکانی کوردیان خستە سەبەتەی درووستکردنی عێراقی نوێوە؟!
هەر چەندە من باش ئەو راستیە دەزانم هیچ یەکێک لە سەرکردەو هێزە
سیاسیەکانی ئەم وڵاتە جورئەتی ئەوە ناکەن گوێزی دابەشکردنی عێراق
بشکێنن، چونکە هەریەکەیان لە سیاق و بە چاویلکەی کۆمەڵێک بەرژەوەندی
ناوەکی و دەرەکیەوە پەیوەستن، ئەگەر تایتڵی ئەم وتارە وەکو پرسیارێک
بوورووژێنین، بۆ سیاسیەکانی ئەم وڵاتە دەسبەرداری یەکپارچەیی خاکی
عێراق نابن؟! لەکاتێکدا نە دەستوورو نە پەرلەمان و نە ئەو دیمۆکراسیەتە
سەر زارەکیەی سیاسیەکان و نەش ئەو فیدراڵیەتە نەخۆشەی سەر گۆڕەپانی
سیاسی لە توانایاندا نیە گرێ کوێرەی کێشەو قەیرانەکانی ئەم وڵاتە
بکەنەوە؟! جۆ بایدن وەکو کاراکتەرێکی شارەزاو پسپۆڕ لە کاروباری عێراق،
دابەشکردنی کردبوو بە هەوێنی کۆتایی هێنان بە قەیرانەکان، چونکە ئەم
وڵاتە بە شێوەیەکی سرووشتی و بە پێی خواستی پێکهاتەکانی چێنەکراوە،
بەڵکو لەسەر دەستی کۆلۆنیاڵی بەریتانی بەردی بناغەی دانراوە، هەر ئەوەش
بووە بە هۆکاری ئەوەی بەردەوام لە کێشەو قەیراندا بێ و وەکو وڵاتێکی
نەخۆش بەردەوام لە گیانەڵادا بێت!
ئەگەر لەو شەڕە وورد ببینەوە کە لە ژێر نێوی جێبەجێکردنی دەستوورو
دیمۆکراسیەتدا هێزە سیاسیەکان بە یەکی دەفرۆشن، ئەوەمان بۆ روون
دەبێتەوە هیچ لایەکیان نە باوەڕیان بە دیمۆکراسیەت هەیەو نەش بە
دەستوور، بەڵکو وەکو ئامڕازێک خوویان پێیەوە گردووەو تەنها لە پێناو
خەوشدارکردنی یەکتریدا ئەو زاراوەیە بەکار دەهێنن!
بە حەقیقەت یەکپارچەیی خاکی عێراق کاتێک دەبێت رێزی بۆ دابنرێت، ئەم
وڵاتە دوور لە ئەجێندای وڵاتانی هەرێمی نێو دەوڵەتی لە خزمەتی
پێکهاتەکانیدا بێت، یەکپارچەیی کاتێک مانا بەخش دەبێت، مرۆڤ لە چوار
چێوەیدا هەست بە ئاسوودەیی و ئارامی بکات، ئاخر هەڵبژاردن لەسەر بنەمای
تائیفی و مەزهەبی چۆن دەچێتە قاڵبی دیمۆکراسیەتەوە؟! ترس لە دەسەڵاتی
شیعە بۆ چەوساندنەوەو بێبەشکردنی سووننە، ترسی شیعەیش لە دەسەڵاتی
سووننە، ئەوە ترسی کورد لە هەردووکیان لەولاوە بووەستێت، ئەم هەموو ترس
و گومان و دڵە راوکێیە کام رێککەوتن و کام مێزی دایەلۆگ لە توانایدایە
لە ناخی هەموواندا بیانڕِەوێنێتەوە؟!
ئەمڕۆ بە فیعلی عێراق دابەشکراوە، خۆپێشاندانەکان ئاماژەیەکی روونن بۆ
دابەشکردن، بەڵام بە حوکمی ئەوەی لە زیهنیەتی ئەواندا چەمکی دەوڵەت
بەشێوەیەک چەسپاوە، قسەکردن لەسەر پرۆسەی دابەشکردن دەچێتە خانەی شتە
حەرامەکان و خیانەتی نیشتیمانیەوە، ئەمە بووە بە هۆکاری ئەوەی لەشوێن
ئەوەی بەشوێنی کلیلی چارەسەریدا بگەڕێن، کێشەکان دەگەیەنن بە ئاستی
قەیران!
عێراق بەم فۆڕمەی ئێستای قەیرانی لێنابڕێتەوە، چونکە ئەجێندای دەرەکی
رەگی هەیەو ئاراستەکان بە سوودی خۆی و زیانی عێراقیەکان دەجووڵێنێت،
پێویستە لەسەر سەرکردەو هێزە سیاسیەکان بەدوای چارەسەری بنەڕەتیدا
بگەڕێن و بایی ئەوەندە ئازایەتیان تێدا بێت دان بەراستێکاندا بنێن و
پڕۆژەکەی جۆ بایدن بە نەزەری ئیعتیبار وەربگرن بۆ ئەوەی کۆتایی بە
لەدایکبوونی وڵاتێک بهێنن کە هەڵگری نەخۆشیەکی بۆ ماوەیی و توولانی و
کووشندەیە، نەخۆشیەک لە لایەک باگراوندێکی مێژووویی هەیەو لە لایەکی
دیکەوە حاڵی حازر بەهۆی لاوازی پێگەی عێراقەوە لە هەموو رووەکانەوە
بووە بە گۆڕەپانی تەسفیەی حیساباتی وڵاتان!
عێراق ئەمڕۆ بەدەستی کۆمەڵێک دەردەوە دەناڵێنێت، سیاسیەکان خۆیان لە
ئاستی ئەو راستیەدا دەدزنەوە کە دایکی کێشەو قەیرانەکان خودی عێراق
خۆیەتی بەم فۆڕمەی ئێستای! ئەوان هەر هێزەو لە دەلاقەی بەرژوەندیەکانی
خۆیانەوە لە عێراق دەنواڕن، نەک بەرژوەندی پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە، ئەو
رەخنانەی سووننەی عەرەب ئەمڕۆ لە دەوڵەتی یاسا دەیگرێت، ئەگەر جڵەوی
دەسەڵات بکەوێتە دەستیان بە دڵنیاییەوە لەوان باشتر نابن، پەنا بردن بۆ
هێز لە پێناو ناوەندێکی بەهێزو گەڕاندنەوەی عێراق بۆ خاڵی سفر، بەشێکە
لە کلتووری هێزە سیاسیەکان و هەردوو پێکهاتە مەزهەبیەکەی!
گراهام فۆلەرە رایەکی زۆر جوان سەبارەت بە عێراقی دوای بەعس دەردەبڕێت
و دەڵێ: " وڵاتێک بە زەبری هێز یەکپارچەییەکەی بپارێزرێت، شایانی ئەوە
نیە بە یەکپارچەیی بمێنێتەوە "! وەکو دەبینین کێشەی ئێستای عێراق زۆر
لەوە قووڵترە کە بە دەستوورو دانووستان و رێککەوتن چارەسەر بکرێت، وەکو
دەشبینین لە ژینگەی عێراقدا دیمۆکراسیەت بە نەزۆکی سەردەنێتەوە، ئەی
کەواتا شوێنی خۆیەتی رووی دەممان بکەینە سیاسیەکان و لێیان بپرسین،
ئەگەر عێراق دابەشبکرێت؛ چی دەقەومێت، پێکهاتەکانی عێراق بۆ تا هەتایی
لەشەڕو کێشەو قەیران رزگاریان دەبێت، یان کابە کەچ دەبێ و ئاخر زەمان
روو دەدات؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|