![]()
|
١٧\٩\٢٠٢٦ ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ئیسرائیل و تورکیا کەوتە نێو میدیاکانەوە.
هەڵۆ محەمەد
ئیسرائیل رۆژی سێشەممە بنکەیەکی سەربازی لە سووریا نزیک لە سنووری تورکیا ابوالدحور بۆمباران کرد. ئەمەش زیگنال و شەیپوورێکی ئاگادارکردنەوەی تورکیا بوو، کە دەیویست ئەو بنکەیە نۆژەن بکاتەوە و تانک و تۆپ و فڕۆکەی خۆی لێ دابمەزرێنێ. ناتانیاهۆ دەڵێ: (ئێمە ڕێگە نادەین تورکیا خۆی لە سوریا جێگیر بکات).. شەڕی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ململانێی نێوان ئیسرائیل و تورکیای خەست کردەوە. هەوڵەکە بۆ باڵادەستبوونە لەو وڵاتە شلۆقەدا.
تورکیا دەیەوێ سووریا پێگەی خۆی و تێیدا باڵا دەست بێت، وەک ئەوەی ئێران دوای رووخانی سەددام لە عێراق کردوویەتی. ئیسرائیل بە دووبارەکردنەوەی ئەم سیناریۆیە رازی نییە و خۆی بۆ شەڕێکی نوێ لەگەڵ تورکیادا ئامادە کردووە. کاتێ وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان دەڵێت: (ئیسرائیل کێشەیەکە گەورەیە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی) و دادگای تورکیا فەرمانی دادگایی ناتانیاهۆی بە بیانووی کۆمەڵکوژییەوە دەرکرد. ئیسرائیل ئەم ڕاگەیاندنە تژی لە ڕق و هەڕەشەیەی لە بیرناچێتەوە، بە ڕژدی وەری دەگرێت و کاری لەسەر دەکات و پەرچەکرداری دەبێت.
تۆم باراک لەم ململانێ و هەرا و کێشە نوێیەدا مەیلی بەلای ئەردۆغانی هاوڕێیایەتی.. ئەو وەک بازرگانێ بیر لە بزنسەکانی دەکاتەوە.. بازاڕیش بێ سەقامگیریی پەیدا نابێت. باراک لەم ڕێگایەوە پەیوەندی باشی بە ئەردۆغانەوە هەیە، لە کۆبوونەوەی ناتۆ لە تورکیا دیداری لەگەڵ ترامپ بۆ ڕيکخست و کڕینی کەرەسە و چەک و فرۆکەی (ف- ٣٥) بۆ مسۆگەر کرد. بە دیدی باراک ناوچەکە جگە لە پێکهاتە و ستراکچەر و هەژموونی بنەماڵەی گەورە و خێڵ و هۆز بەولاوە هیچی تر نییە. دەوڵەت و دامەزراوە و یاسا بەهایان نییە و رۆژهەڵات سیخناخە بەم گرفتانە. کەس توانای چارەسەری کێشەکانی نییە و بەویش چارەسەر نابێت و لە هەمووی ترسناکتر بیری لای بەناوەندکردنی ناوەندەکانی دەسەڵاتە لە ئەنقەرە و تاران و بەغدا و دیمەشق و لەگەڵ مافی گەلانی بندەست و کەمینەکانی تردا نییە. باراک هاوکاری زاوای ترامپ (جارێد کوشنەر) لە قوتابخانە و لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٦دا یارمەتی بۆ کۆمارییەکان کۆکردۆتەوە. باراک بە تۆمەتی نایاسایی بە لۆبیکردن بۆ ئیمارات تاوانبارە و بە پارەدان دادگا بەخشی.
پرسیار ئەوەیە: ئایا تۆم باراک دەتوانێ فتیلەی ئاگری شەڕێکی نوێ بکوژێنێەوە؟.. ئەگەر نەیتوانی دەسەڵات و بەرژەوەندییەکانی لەدەست دەدات؟.. ئەم باسوخواستانە و کۆمەڵێ ئەگەر و پێشهاتی تر یەخەی تۆم باراک دەگرنەوە. شەڕی چاوەڕوانکراوی نێوان تورکیا و ئیسرائیل قورسترینیانە.
|