په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

۴\٣\٢٠١٠

ئەگەرى کورسییەکانى پەرلەمانى عێراق بۆ لایەنە کوردستانییەکان.

 

شاسوار عبدالواحد قادر
 

بەهۆى نەبوونى دەزگایەکى ڕاپرسى بەهێز لە کوردستان و هەروەها نەبوونى دەزگایەکى هەڵبژاردنى پیشەیى کە بێ گوێدانە ویستى حیزب و لایەنە سیاسییەکان ڕووماڵى بۆ چوونەکانى هاوڵاتیانى کوردستان بکات ، دەمانەوێت لەم نوسینەدا تیشک بخەینە سەر ئەگەرى دابەش بوونى کورسییە گریمانەییەکان بۆ لایەنى کورد بە گشتى و لێکدانەوەى بۆچوونى خەڵکى بە گشتى و بۆچوونى لایەنە سیاسییەکان بە تایبەتى لەسەر ئەنجامى ئەم هەڵبژاردنە .


لەم لێکدانەوەیە و بەدواداچوونەدا چەند سەرچاوەیەکمان بەکار هێناوە ،یەکەمیان ژمارەى ڕاستى لایەنە سیاسییەکان بوو کە لە هەڵبژاردنى پێشووى پەرلەمانى کوردستاندا بەدەستیان هێنابوو ، سەرچاوەى دووەم کەسانى نزیک لە هەموو لایەنە سیاسییەکانەوەیە کە دوور لە چاوى کامێرا و دوور لە ڕاگەیاندن ڕاى خۆیان دەربڕیوە و بۆچوونى خۆیان ووتووە لەسەر دوا ژمارەى گریمانى لایەنەکانیان لە ناوچە جیاوازەکاندا ، وە سەرچاوەى سێهەم خەڵکانێکى سەربەخۆ و تەنانەت ڕۆژنامەنوسانیش، کە چوونەتە ناو خەڵکى و ڕاى خۆیان بە ئێمە ووتووە و بۆچونی خۆیان داوە لەسەر گۆڕانکاری ژمارەکان لەچاو هەڵبژاردنى پێشوو ، دوابەدواى کۆکردنەوەى ئەو داتایانە هەڵسەنگاندنێکى واقیعانەمان بۆ هەموو بۆچوونەکان کردووە و بەدواداچوونێکى ووردمان کردووە لەسەر هەموو ڕاکان و هەروەها جیاکردنەوەى ویستى لایەنەکان لە واقیع ، ئەم بۆچوونە لە ڕاستیدا ئەوەندەى گریمانە و بۆچوونە بۆ ئەم کاتە ئەوەندە داتاى ڕاستەقینە نییە چونکە لەلایەکەوە پێشبینى بۆ گۆرانکارى لە دەنگى هاووڵاتیاندا کارێکى ئاسان نییە و لە لایەکى تریشەوە تەنانەت ڕا وەرگرتنى خەڵک ڕەنگە زۆرجار ڕاو بۆچوونە ڕاستەکەت دەست نەکەوێت ، لە تەواوى شیکارى هەموو سەرچاوەکان و هەروەها بە ڕاى خۆم چەند خاڵێکم بۆ دەرکەوتووە کە ئەکرێت باسى بکەم :


یەکەم : لەناو شارى سلێمانى دەنگەکانى گۆڕان وەک خۆى دەبێت و هیچ جیاوازییەکى ئەوتۆى نابێت لەچاو هەڵبژاردنى پێشوودا ، ئەگەرچى دەنگۆیەک هەیە کە ڕەنگە قەزا و ناحییەکانى سەر بە پارێزگاى سلێمانى گۆڕانکارى تێدابێت لە بەرژەوەندى لیستى هاوپەیمانى بەلام بە بۆچوونى من ئەو گۆڕانکارییە کەم دەبێت بە جۆرێک کە ئەوپەری جیاوازى (30 هەزار) دەنگى هەڵبژاردنى پیشوو نەمێنێت لە نێوان گۆڕان و هاوپەیمانى (کە لە هەڵبژاردنی پێشوودا گۆڕان 315،000 دەنگ و کوردستانی 284،000 دەنگی هێناوە لە شاری سلێمانی) ، چونکە گۆڕانکاری لە شەقامەکانى شارى سلێمانى و دەوروبەرى و کەمبوونەوەى دەرکەوتنى ڕەنگى نیلى ماناى ئەوەنییە کە گۆڕان بەو جۆرە کەم بووبێتەوە، لەبەر سێ هۆکارى سەرەکى :-


ا‌- زەحمەتە خەڵکێکى زۆر لە ماوەى (7) مانگدا بۆچوونیان بگۆڕێت لە کاتێکدا هیچ لایەنێکى سیاسى دەرفەتى نەبووە ، بانگەشەکانى پێشووى تەرجومە بکاتە سەر واقیع .


ب‌- گۆڕینى سیستەمى بانگەشەى لیستى هاوپەیمانى کە ئەم جارە خۆئامادەکردنێکى باشى پێوە دیارە ،و مەرج نییە ئەم خۆئامادەکردنە مانای تەواوی گۆڕانکاری بێت لە ناو چینوتوێژەکانی خەڵکیدا.


ت‌- حەزەرکردنى هاووڵاتیان و دەرنەکەوتنیان، کە خەڵکانێک هەیە نایانەوێت وەک لایەنگری گۆڕان خۆیان دەربخەن لەسەر شەقامەکان و ئەگەرى ئەوە هەیە کە دەنگی ئەو کەسانە لە هەڵبژاردندا جیاوازبێت لە چۆنیەتی دەرکەوتنیان لە ئێستادا.


دووەم : لە شارى هەولێردا بە پێى چاودێران و خەڵکانى ناو هەولێر و بە پێى ئەو لێکدانانەوە و شیکارانەى ئەنجاممان داوە گۆڕانکارییەک لە دەنگەکاندا دەبێت لەبەرژەوەندى لیستى هاوپەیمانى و بە تایبەتى لە بەرژەوەندى یەکێتى ئەویش لەبەر ئەوەی دەنگدەر مافی هەیە دەنگ بدات بە کاندیدەکانى یەکێتى و پارتى بەجیا لەناو لیستى هاوپەیمانیدا، و هەروەها بوونى حەساسیەتى بچووک بوونەوەى یەکێتى بەرامبەر لایەنەکانى تر ، چونکە کەسانێک هەبوون کە لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستاندا دەنگیان داوە بە گۆڕان بەڵام ڕەنگە لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ بدەن بە یەکێتى چونکە دەنگەکانیان ڕاستەوخۆ لەڕێى کاندیدەکانەوە بۆ یەکێتى دەبێت و وەک هەلبژاردنى پێشوو نابێت کە بۆ (یەکێتى و پارتى ) بوو ، کە ڕەنگە ئەو هۆکارە واى کردبێت بەشێک لە دەنگەکانى گۆڕان لە هەڵبژاردنى پێشوو هى ئەو کەسانە بووبێت کە نەیان ویستووە دەنگەکانیان بچێت بۆ پارتى دیموکرات.


سێهەم : لە شارى کەرکوک پێش دەست پێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردن واچاوەڕوان دەکرا کە گۆڕان دەنگێکى باش بهێنێت ، بەڵام لە ئێستادا و بە پێى ئەو هەموو ئاماژانەى کەلە شارى کەرکوکەوە دێن ، پێ دەچێت یەکێتى زۆربەى دەنگەکانى شارى کەرکوک بەدەست بهێنێت ، لەبەر چەند هۆکارێک :


ا‌- بوونى کاندیدى بەهێزى یەکێتى ، کە ڕەنگە تەنها کاندیدەکان خۆیان دەنگێکى باش بهێنن و لایەنى کەم (3) کاندید چانسى دەرچوونیان مسۆگەرە ، بە پێچەوانەى کاندیدەکانى گۆڕان کە ئەزمونێکى ئەوتۆیان نییە لە ئیش کردن لەو شارەدا و کارکردن لەسەر مەسەلە نەتەوەییەکان کە ئەو مەسەلەیە زیاتر لای خەڵکی کەرکوک گرنگە.


ب‌- ووروژاندنى مەسەلە نەتەوەییەکان کە کاریگەرێکى زۆرى لەسەر خەڵکى هەیە و کوردانى کەرکوک بەریەککەوتنێکی ڕاستەخۆیان هەیە لەگەڵ عەرەب و تورکمانەکان و هێشتا زووە بۆ خەڵکى کەرکوک کە بیر لە هۆکارە ئیدارى و دارایى و ناوخۆییەکان بکەنەوە لەبەر چارەسەر نەکردنى کێشە نەتەوەییەکان ، کەلەڕاستیدا لیستى کوردستانى و بە تایبەتى یەکێتى ئیشى باشیان لەسەر کردووە ، واتە ئەولیەتى دەنگدەرى کەرکوکى تا ئیستا ئەولیەتێکى نەتەوەییە.
ت‌- کاریگەرى ڕاگەیاندن لەسەر هاولاتیانى کەرکوک و ووروژاندنى هەندێک بابەتى هەستیار .

چوارەم : شارەکانى ترى وەک دهۆک و موێل ئاشکرایە کە لیستى هاوپەیمانى براوەى موتلەقى یەکەم دەبێت و لەناو ئەم لیستەشدا پارتى براوەى یەکەم دەبێت و نزیکەى (80%) ى دەنگەکانى ئەو دوو پارێزگایە دەبات .


پێنجەم : شارەکانى (دوس و خانەقین و مەندەلى ) کە سەربە دوو پارێزگاى (دیالى و ێلاح الدین) ن لە رووى ئیدارییەوە ، پێشبینى دەکریت کە (3) کورسى لە لایەن پارت و لایەنە کوردییەکانەوە بەدەست بێت، بە تایبەتى لیستى کوردستانى و واچاوەڕوان دەکرێت کە یەکێتیش لە ناو لیستى کوردستانیدا هەرسێ کورسییەکە ببات .


ئەمانەى سەرەوە چەند تێبینى و زانیارى و بۆچوون و ڕاى هەمە لایەنە بوون ، کە هەمووی کۆکراونەتەوە و شیکار و ڕاى خۆمى لەسەرە کەلە کۆتاییدا تەنها بۆچوونە و زەحمەتە داتایەکى دەقیق هەبێت بۆ بۆچوونەکان ، بەلام من بەش بە حالى خۆم دەتوانم بڵێم ئەم بۆچوونانەى من لە کۆتاییدا بەم شێوەیە دەبێت و ئەگەرى هەڵەى یەک کورسى کەم و زیاد دەبێت بەراى من ، کە ژمارەى کۆتایى کورسییەکان بەم شێوەیە دەبێت :


کۆی کورسی پێشبینیکراو بۆ هەموو پارتە کوردستانییەکان لە عیراقدا : (59 کورسى ) جگە لە (2 کورسى ) کۆتا بۆ مەسحییەکان و هەروەها جگە لە کورسى قەرەبوو، کە (59)کورسییەکە بەم شێوەیە دابەش دەبێت:
پارتى : (23 بۆ 25) کورسى ، یەکێتى (16 بۆ 18) کورسى ، گۆران (12 ) کورسى و پارت و لایەنە ئیسلامییەکان (6 کورسى) .

بۆچوون و ئەگەری بەدەستهێنانی کورسی لەلایەن قەوارە سیاسییەکانەوە:

 

ناوی پارێزگا

ژماره‌ی کورسی

پارتی

یه‌کێتی

گۆڕان

پارته‌ ئیسلامیه‌کان

سليَماني

17

2-3

5-4

7

3

هةوليَر

14

7

3

2

2

كةركوك

7

1

4

2

0

دهؤك

10

8

1

0

1

نةينةوا

8

5- 6

2-1

1

0

ديالى

2

0

2

0

0

صلاح الدين

1

0

1

0

0

كؤ

59

23-25

18-16

12

6