١٩\٧\٢٠١٤ ئەگەر من بۆ پۆستی سەرکۆمار بپالێورێم.
سوێند دەخۆم ئەگەر من بۆ پۆستی سەرکۆمار عێراق بپالێورێم، سوێندخواردنەکەم بەم شێوەیە دەبێ:
سوێند دەخۆم درۆ لە گەڵ خۆم و سەرجەم پێکهاتەکانی ئەم وڵاتەدا نەکەم، سوێند بەو شتەی کە باوەڕم پێی هەیە، کار بۆ دابەشکردن و پارچەپارچەکردنی جەستەی خوێن لەبەرچووی ئەم وڵاتە دەکەم، بۆ ئەوەی چیتر نەکەوینە ستایش و بە شانوباڵ هەڵدانی وڵاتێک کە لە هەموو شتێک دەچێ تەنیا لە وڵات نەبێ، بۆ ئەوەی خەڵکی سونە و شیعە و کورد لەوە پتر بەر یەکتری نەکەون و نەبنە داشی دامەی وڵاتانی دراوسێ و کەمێک بە ئاسوودەیی بژێن، دەبێ هەمووان دان بەوەدا بنێین، ئەم وڵاتە لە بەرایی ئاواکردنیەوە بە سەقەتیی دروستکراوە، سەد ساڵی رابردوو گەواهی ئەو راستییەن، هەموو نەوەکان لە سایەی ئەم زیندانەدا کە نێوی عێراقە، هەستیان بە ژیان نەکردوە و تەنیا بە شەڕ و کوشتبڕ ئاشنا کراون، ناکرێ سەرۆکێک دڵسۆزیی خۆی بۆ خاک دەرببڕێ و میللەت پەراوێز بخا، پیرۆزیی ئەم وڵاتە دەبێ لە کوێدا بێ، وا عەلی و عومەر و ئەبو بەکری کردوە بە دوژمنی سەرسەختی یەکتری؟
|