په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٧\٢٠٢١

ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بووی شەیتانی!


قادر حوسێن       


شەیتان ئەو کەسایەتیە خەیاڵیەیە کە لە فەرھەنگ و ئەدەبیاتی جولەکەو مەسیحی و ئیسلامدا ناوی ھاتووە، بەپێی لێکۆڵینەوەکان بەر لە مێژووی ئەوان لە ھیچ فەرھەنگ و ئەدەبیاتێکی تردا ئەو ناوە بەرچاو ناکەوێ!

بۆ یەکەم جار ناوی شەیتان لە سەردەمی گەیشتنی دەسەڵاتی ئیمپراتۆری ئەخمەینی بەلوتکە ساڵی ٥٥٠ ی پێش زاین دەرکەوتووە، لە ناو ئەدەبیاتی جیھانی کۆندا شەیتان بونی نەبووە، لە بنەرەتدا وشەکە لە عەرەبیدا بە(إبليس) ھاتووە، وشەی ئیبلیسیش لە وشەی (Ha-santa) ی عبریەوە ھاتووە، بەواتای ناحەز یان ئۆپۆزسیۆن یان دژ دێ! لەزمانی گریکیشدا بە (Diabolos) ناوی ھاتووەو بەئێنگلیزیش پێی دەگوترێ (Devil).


سانتا وا ناسراوە کە کەسێکی ئۆپۆزسیۆن بووەو دژی خواست و ویستی دەسەڵات جوڵاوەتەوەو ھەرکەس بەدڵی ئیمپراتۆر نەبوایە پێی دەگوترا لە یاسا دەرچووەو سەزا دەدراو پێی دەگوترا چوەتە ریزی سانتا، دواجار لەرێگای ئەو جولەکانەی لە سایەی دەسڵاتی ئیمپراتۆری ئەخمەینی دابوون و گەراونەتەوە بۆ ئۆرشەلیم، ئەو چەمکەشیان لەگەڵ خۆیاندا گواستۆتەوەو خراوەتە ناو پەیمانی کۆن و لەوێش سانتا بەوە تۆمەتبار کراوە کە دژی (الرب) خودا وەستاوەتەوەو رازی نەبووە بون یان کەون دروست بکا.

ھەندێک سەرچاوە دەڵێن ناوی ئیبلیس لە (ذيا بوليس) یۆنانیەوە وەرگیراوە، واتا بیری جیاواز یان توانج لێدەرو رەخنە گر، ھەندێکی تر دەڵێن ئەو ناوە لە (الإبلاس) عەرەبیەوە ھاتووە بەواتای بێ دەنگی، یان پەنا نەبردن بۆ خواو داوای ھیچ شتێک لە خوا نەکردن.

عەرەب پێیان وایە ئیبلیس باوکی شەیتانەکانەو شەیتانەکانیش پیلانگێڕن و لە جیھانی جنۆکەوە، وەک خۆیان دەڵێن سەریان ھەڵداوە بۆ تێکدانی ژیانی مرۆڤ، ئیبلیس یانزە جار لە ناو قورئاندا ناوی ھاتووەو لە تەورات و ئنجیل-شدا بەناوی جیاوازەوە ناوی ھاتووە، بەڵام بەناوی شەیتان لەو دوو کتێبەدا ناوی نەھاتووە تەنھا ئەوە نەبێ کە لە قورئاندا لە نۆ سورەتی جیاواز شەست و ھەشت جار ناوی ھاتووەو چەند جارێکیش بەشەیاتین ناوی ھاتووە کە شەیاتین جەمعی شەیتانەکانەو بەو پێیەش بێ شەیتان لە یەک زیاترە.


عەرەب دەڵێن وشەکە عەرەبی نییەو ئەعجەمییەو ناوی ئەعجەمیش ئیعراب ناکرێ، کورتی و کوردیەکەی ئیبلیس یان شەیتان عەرەب لە فەرھەنگ و ئەدەبیاتی گەلانی ترەوە گواستویانەتەوەو خستویانەتە ناو فەرھەنگی خۆیان و بۆ تێکشکاندنی ناحەزەکانیان کەڵکی زۆریان لەو چەمکە بینیوە.


بەپێی سەرچاوەکان شەیتان کات و شوێنی لە دایک بونی ساڵی ٥٥٠ ی پێش زاین و لە شاری (برسیبوليس)ی پایتەختی ئەخمەینی- ئێرانیەکان لە لایەن دارای یەکەم یان دارویشی یەکەمەوە داھێنراوەو دارا خۆی بەخاوەنی ھەموشتێک زانیووەو شەیتانیشی بەڕکابەری خۆی زانیوە یان ھەرکەس دژی بووبێ بەتێکدەرو ئاژاوەگێری ناو بردووەو ئەو ناوە وەھمیە دواجار لەبەرامبەر خوایەکانیشدا بەکار ھاتووەو ھەرکەس مائیلی خوا نەبووبێ بەشەیتان ناویان بردووەو لە سەردەمی ئێستاشدا بەخائین ناو دەبرێ و ھەرکەس ملکەچی دیکتاتۆرو دەسەڵاتە تاک رەوەکان بوەستێتەوە بە خائین و بەکرێگیراوو خۆفرۆش ناوی دەبەن، ئەگینا شەیتان جگە لەھێزی موعاریزو دژە دەسەڵاتی رەھا شتێکی تر نەبووە، چونکە لە کتێبە ئەفسانەییەکانی گریک و جولەکەو عەرەبیشدا دەردەکەوێ خواوەندەکان ھەمیشە بۆ کەسانی بیرجیاواز سزاو سەرپەڕاندن و ئازاردان ھەبووە، بەڵام شەیتان ھەرگیز دادگای کارتۆنی و ئازار و شەق وەشاندنی نەبووە.

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک