ئه‌گه‌ر سه‌رۆک بڕياری یه‌کلاکه‌ره‌وه نه‌دا، چنگه‌پرچه‌ی لوغاتی کورد ده‌ست پێ ده‌کات.!
موحسين جوامێر
سه‌باره‌ت به هه‌ڵپه‌ساردنی کێشه‌ی زمانی ستاندارد و چاره‌سه‌رنه‌کردنی، وا خه‌ریکه نێو‌بڕ ده‌که‌وێته ناو ڕيزی کوردان، که ترسی په‌يدابوونی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ی جيای لێ ده‌که‌وێته‌وه.. وای لێ هاتووه، ئه‌میان قسه‌ی ناشيرين به ئه‌وی دیکه ده‌ڵێ و هێندێ جار ناوی ئیمپريالیزمی زاراوه‌يش به‌کار دێت، که ڕێک بۆمبای لێکیترازانی نه‌ته‌وه‌يی و نیشتمانییه.. ئه‌مه‌يان له‌حاڵیکدا ڕوو ده‌دا که ئێمه به‌ده‌ستی خۆمان کێشه‌مان بۆ خۆمان له کوردستانی فيدڕاڵدا په‌يدا کرد، که ده‌کرا به‌شێنه‌يی و به میکانیزمی هاوچه‌رخ، هه‌نگاوی سه‌رکه‌وتووانه‌مان بهاوێشتايه، بۆ نزيکبوونه‌وه و شيکردنه‌وه‌ی گرێوگۆڵه‌کان، نه‌ک ڕانانی ئه‌و زمانه ستاندارده‌ی ته‌مه‌نی سه‌دساڵه، وه‌ک زمانێکی سه‌ختی لێنه‌فامراو، که ئه‌مه له خودی خۆي‌دا ترۆپکی داڕمانی ده‌روونی، هه‌ستنه‌کردن به‌يه‌کێتیی ميلله‌تی کورد و گوێنه‌دانه به چاره‌نووسه‌که‌ی.
زمان نييه له دنيادا بێديالێکت بێت، ئه‌گه‌ر له نێو ديالێکتانيشدا يه‌کیان نه‌کرێ به دايه‌گه‌وره، ئه‌وه به‌پێی هه‌موو پێوه‌رێکی زمان‌ناسی، شێوه‌زاره‌کان ده‌بن به زمانگه‌ل، هه‌تا ئه‌گه‌ر خزمايه‌تيشيان زۆر نزيک بێت، باش‌ترين نموونه زمانه‌کانی ئه‌سکه‌نده‌ناوييه، نۆڕوێژی و سوێدی به‌قه‌د هه‌ولێری و سلێمانی لێک دوورن. ڕیگه‌دان به‌خوێندن به دوو ديالێکت، واته خوێندن به دوو زمان، ئاخێوه‌رانی ئه‌و دوو زمانه‌يش هێدی هێدی ده‌بن به دوو قه‌ومی جودا. ئه‌گه‌ر سه‌رکردايه‌تیی کورد بخوازێت، ده‌کرێ زمانی کوردستانی فيدڕاڵ ببێته زمانی هه‌موو کورد، چونکه ئه‌م به‌شه خودان قه‌واره‌يه‌کی سياسییه و ده‌ستوورێنراوه. به‌داخه‌وه، ئه‌و گه‌نده‌ڵییه، ته‌نانه‌ت خۆی گه‌ياندۆته نێو ده‌مار و ماسوولکه‌ی بواره ئه‌کادێمی و زانستیيه‌کانیش، به‌جۆرێک هی وا په‌يدا بووه بڵێ : ئه‌گه‌ر هه‌وڵی يه‌کزمانی بدرێت، ئه‌وه کورد لێک په‌رته‌وازه ده‌بن، ياخود بڵێ : چۆن ڕه‌وايه کرمانجێک يان زازايه‌ک به زمانێکی له‌سه‌ری فه‌رزکراوه، بخوێنێت، ياخود بڵێ : وه‌ک چۆن وڵات هه‌يه به‌دوو زمان ده‌خوێنن؛ با کورديش به دوو يان سێ ديالێکت بخوێنن. ئه‌گه‌ر ئه‌م ته‌رح و تێزه ناماقووڵ، ناواقيعی و نامه‌نتيقیيانه، پياده بکرابايه‌ن، ئه‌وه ته‌نانه‌ت ويلايه‌ته يه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مريکا زێتر له سه‌د زمانی ئينگلیزی و تورکيايش زیتر له بیست زمانی تورکی ـ يان ده‌خۆ ده‌گرت. هه‌زار ڕه‌حمه‌ت له بارزانی مسته‌فا، که هه‌تا ئه‌و مابوو، کوردستان وه‌ک خاک، هه‌ست و زمان يه‌ک بوو.
به‌ڕاستی پیاو ئه‌گه‌ر گوێی له‌و زانانه‌زانانه ده‌بێت، له ڕه‌سه‌نايه‌تیی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه که مه‌رجه‌کانی تێدا هه‌بن، ده‌که‌وێته گومان و بیری بۆ ئه‌و بانگه‌شه به‌ربڵاوه‌ی نێو کتێبی ئه‌فسانان ده‌چێ، که ده‌ڵێت ( لا تخالطوا الأکراد، فانهم حي من الجن کشف عنهم الغطاء ـ تێکه‌ڵ به کوردان مه‌بن، ئه‌وان جنۆکه‌ن، سه‌رپۆشيان له‌سه‌ر لابراوه ).. سۆماڵ گه‌لێکه تا بينه‌قاقای نقوومی ديالێکتانه، نووسراوه و ده‌ڵێ ديالێکتێکی تێدايه به‌نێوی ( ژيدۆ ) که‌م که‌س تێی ده‌گات، بگره وه‌ک زمانێکی سه‌ربه‌خۆیه له ڕه‌حمی زمانی سۆماڵیدا، که‌چی که‌س نايه‌ت له زمانی دايه‌گه‌وره‌ی خۆی هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه و وه‌کوو جه‌نابی دکتۆره کورده‌که بفه‌رمووێت : فه‌رزکردنی يه‌کزمان به‌سه‌ر کوردان‌دا، سه‌رکوتکردنه، يان : هه‌ر منداڵێک ده‌بێ به زمانی گه‌ڕه‌ک و کۆڵانه‌که‌ی بخوێنێت.! ئه‌گه‌ر وڵاتێکی وه‌کوو سوێد که هه‌مووی هه‌ر عه‌داڵه‌ت و يه‌کسانییه، ئه‌و فه‌لسه‌فه‌يه‌ی کوردان ببیسێ و بڕوای پێ بکات، ده‌بێ له هه‌ر شار و شارۆچکه‌يه‌کی وڵات‌دا ئه‌کادێميايه‌کی زمانه‌وانی دابمه‌زرێنێت.
لێقه‌ومانی گه‌وره له‌وه‌دايه ئێمه هێشتا خواخوامانه مه‌خموور و شیخانمان بده‌نه‌وه، باسی که‌رکووک مه‌که، که‌چی دێین حه‌ساوی کوردستانی گه‌وره له که‌نداوی عه‌ره‌به‌وه هه‌تا ئه‌سکه‌نده‌روونه ده‌که‌ين و به له‌هجان کێو‌ماڵی ده‌که‌ين.. به‌زمه‌که‌يش ئه‌وه‌نده خۆش ده‌که‌ين، سوێندێ ده‌خۆین که ئه‌و لاتینییه‌ی که‌مال ئه‌تاتورک به‌سه‌رپه‌رشتیی خۆی بۆ زمانی تورکیی داهێنا، هی کوردانه و ئه‌و لێیانی زه‌فت کرد. له‌کاتێکدا ئه‌وه‌ی سه‌ردانێکی به‌شی لاتینیی تورکی له ويکپیديادا بکات، ده‌زانێ کاری به‌لاتینیکردنی ئه‌لفوبێی عوسمانی له‌ڕێگه‌ی کۆمیته‌يه‌کی تايبه‌تییه‌وه بووه که خودی ئه‌تاتورک سه‌رپه‌رشتیی کردووه، ته‌نانه‌ت شاره‌زا و زمان‌ناسی بیانيشی تێدابوون، بۆ نموونه ته‌رجومانی باڵیۆزخانه‌ی سوێد، ئه‌ندام و ڕاوێژکار بوو، پیتی ( ئۆ ) ی دوو خاڵ له‌سه‌ر له ئه‌لفوبێی سوێدييان وه‌رگرت، ڕه‌مزی ( چ ) له ئه‌لبانی، ( ش ) له ڕۆمانی و ( يوو ) ی دوو خاڵ له‌سه‌ر له ئه‌ڵمانی. به‌داخه‌وه نه‌خێوايێ پیته‌کان به‌لاتینی بنووسم.
به‌نده له‌و قه‌ناعه‌ته‌م، ئه‌گه‌ر سه‌رۆکی کوردستان به‌خۆی بڕياری يه‌کلاکه‌ره‌وه نه‌دا، ئه‌وه ئه‌م زمانه هه‌ر به چه‌کۆشی خاوه‌ن شه‌هاده و مه‌هادان، وردوخاش ده‌بێت و ئه‌م کورده و زمانه‌که‌يشی چه‌ندين کچ و کوڕی لێ په‌يدا ده‌بن، ئه‌وسا ئه‌و ياسا سروشتییه‌ی به‌سه‌ر زمانانی هاوشێوه‌دا هات، حه‌تمه‌ن به‌سه‌ر کوردييشدا دێت و کێشه‌که‌يش له دووبه‌ره‌کی و سيبه‌ره‌کیدا ناوه‌ستێت.. بۆيه پیشنیازی من بۆ هێژا بارزانیی دووه‌م ئه‌وه‌يه، وه‌کوو باوکی به‌ڕێزی، بڕياری يه‌کزمانی بۆ هه‌موو کوردستان بدات و مه‌سه‌له‌که ببڕێنێته‌وه..هاوکات، دوای ئه‌مه، بڕياری قه‌ده‌غه‌کردنی نووسین و دوان له‌م بابه‌ته بدرێت، وه‌ک پره‌نسيپێکی نه‌ته‌وه‌يی.. ئه‌مه‌يش ئه‌وپه‌ڕی دێموکرايه‌تييه‌ته، ئه‌گه‌رنا چنگه‌پرچه‌ی ئه‌قوام و لوغاتی کوردان به‌دوور نازانرێت.!
2008/05/16 mohsinjwamir@hotmail.com
|