په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٨\٢٠١٣

ئەگەر وەزارەتی تەندروستی بەڵگەکانی پشت کۆنترۆڵی جۆریی

سەر دەرمان لەنەخاتەڕوو، داوای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەین.
 


لە ھەفتەی رابردوودا، بەپێی ئەو زانیاریانەی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێم بڵاویان کردبوویەوە و لینکەکانیمان بەدەستھێنابوو، لەراپۆرتێکی کەمپەینەکەماندا ئەو بەڵگانەمان خستبوویە ڕوو سەبارەت بە نەبوونی کۆنترۆڵی جۆری سەر دەرمان لەھەرێمی کوردستاندا.


لەو بەڵگانەدا ئەوە ئاشکرا بوو بوون کە وەزارەتی تەندروستی بەپێی قسەی خۆیان، گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیای FDAS ھەیە و گوایە ئەو کۆمپانیا بەریتانیە کۆنترۆڵی جۆری سەر دەرمانی لەھەرێم گرتۆتە دەست، ئێمەش بە بەڵگەوە مایەپوچی ئەو کۆمپانیایەمان لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا خستبوویە ڕوو.


ئێمە ھەر لەو راپۆرتەدا ئاماژەمان بەوەش کردبوو کە داوای وێنەی ئەو گرێبەستەمان کردبوو، بەڵام وەزارەت ئامادە نەبوون پێمان بدەن، لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو راپۆرتەی کەمپەینەکەمانەوە، کۆمپانیای FDASی بەریتانی نامەیەکی بۆ کەمپەینەکەمان ناردووەو تێیدا باسی ئەوە دەکەن کە بەھیچ شێوەیەک گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێمدا نیەو ھەر جۆرە پەیوەندی و گرێبەستێک لەگەڵ ئەو وەزارەتە رەتدەکەنەوە.


ئێمە وەک دەستەی سەرپەرشتیارانی کەمپەین بۆ رای گشتی رادەگەیەنین کە ئەگەر وەزارەتی تەندروستی ئامادە نەبێت زانیاریەکانی پشت پەردە لەسەر ئەم پرسی گرێبەستەو کۆنترۆڵی جۆری سەر دەرمان لەھەرێم بخاتە ڕوو، ئەوا بەپێی یاسای مافی گەیشتن بە زانیاری داوا لەسەر وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێم تۆمار دەکەین و داوای ئەو زانیاریانەو رونکردنەوەیان بۆ ھاوڵاتیانی کوردستان دەکەین.

ھاوکات سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی ئەو ھاوڵاتیانەی کە لەماوەی رابردوودا بەھۆی بەکارھێنانی دەرزی ئەڤاستینەوە چاویان کوێرکرابوو ، وەزارەتی تەندروستی لەسەر داوای کەمپەینەکەمان و نوێنەری قوربانیان نوسراوێکی بە ژمارە ١١٩٥٠ لەبەرواری ٢٣ - ٧ - ٢٠١٣ بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزکردۆتەوەو کەمپەینەکەمان توانیویەتی وێنەیەکی بەدەست بھێنێت و تێیدا ھاتووە کە ئەو ھاوڵاتیەی ھەردوو چاوی لەدەستداوە بە بڕی ٥٠٠ ھەزار دۆلاری ئەمەریکی و چارەسەری تەندروستی و موچەیەکی باش کە بەشی دابینکردنی ھاوەڵێکی تر بکات بۆ ئەوەی خزمەتی بکات قەرەبوو بکرێتەوە.


ئەو ھەشت ھاوڵاتیەی تریش کە یەکی یەک چاویان لەدەستدابوو ھەریەکەیان بە بڕی ٣٠٠ ھەزار دۆلاری ئەمەریکی و زامنکردنی چارەسەری پزیشکی بەردەوام و موچەیەکی شایستەی مانگانە قەرەبوو بکرێنەوە.


ھەروەھا ئەو نەخۆشانەی تریش کە ژمارەیان ٢١ ھاوڵاتی بوو، چاوەکانیان لەدەست نەداوەو لەئەڵمانیا چارەسەری پێویستیا بۆ کرابوو، ھەریەکەیان بەبڕی ٣٠٠ ھەزار دۆلاری ئەمەریکی قەرەبوو بکرێنەوەو ھەریەکەشیان موچەیەکی شایستەیان بۆ دابین بکرێت و ‌چارەسەری پزیشکیشیان بۆ زامن بکرێت.


ئەگەرچی ئەم نوسراوە ئەرکی وەزارەتی تەدروستیەو مافی سەرەتایی ئەو قوربانیانەیە ، بەڵام وەکو کەمپەینەکەمان داوا دەکەین ھەرچی زووە ئەنجومەنی وەزیران ئەم نوسراوە ئیمزا بکات و رەزامەندی لەسەر دەرببڕێت، ھاوکات وەزیری تەدروستیش لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەم نوسراوەو رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران بۆ رای گشتی و ھاوڵاتیانی ھەرێم بخاتە ڕوو.

وەک ھەمیشە دووپاتیدەکەینەوە کە ئێمە وەک دەستەی سەرپەرشتیارانی ئەم کەمپەینە بەردەوام دەبین تا ئاشکراکردنی بەڵگەکانی پشت کۆنترۆڵی جۆری سەر دەرمان لەھەرێم و ھاوکات کار بۆ ئاشکراکردنی بەرپرسانی باڵای پشت بازرگانی دەرمان دەکەین لەھەرێمی کوردستان.

بۆ پەیوەندیی:
FXELANY@YAHOO.COM
٠٠٣٢٤٨٨٠٥٥٩٢٩

کەمپەینی ''چاو ھەر چاوە''
٢٧\٨\٢٠١٣

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک