١٨\١\٢٠١٣
ئەگەر زۆر بێ بۆر
نابێ.

مـەریوان جەلال
ماوەیەکی زۆرە خولیای نووسینی بابەتێکم لەسەر ئەو گفتوگۆیەی ئەمرۆ
لەسەر زۆر بوونی پەیکەرەکانی ناو شاری سلێمانی دەکرێت کە بە (ھونەری
گشتی - Public art) ناوزەندە دەکرێت, ئەوەی زیاتر ھانی دام کە ئەم
بابەتە بنووسم ئەو ڕاپۆرتە بوو کە لە ڕۆژنامەی ھاوڵاتی لەسەر
پەیکەرەکانی ناو شاری سلێمانی ئەنجام درابوو, ھەر چەند بە داخەوە کە
نەمتوانی جارێکی تر بیدۆزمەوە, تاوەکوو ڕۆژ و ژمارەکەی تۆمار بکەم وە
ھەرووەھا ئەو چاوپیِکەتنانەی بەرێز کاک عەبدوڵا لەگەڵ ھونەرمەندان (
رێبوار سەعید, بەیان مانی, دارا حەمەسەعی, کامەران مەحموود وە شوان
کەمال) لە بەرنامەی پەیڤ دا ھەندێک لە پرسیارەکانی لەسەر زیاد بوونی
پەیکەرەکانی شاری سلێمانی و کاریگەری خراپی وباشی ئەم کارانە لەسەر
ژینگە وھەستی بیننین لای بینەر جوڵاند, وە لە کاتی ئامادەکردنی ئەم
بابەتەدا خۆشبەختانەجارێکی تر دیدارێکی ھونەرمەند بەیان مانــی لە
تەلەفزیۆنی کەی ئین ئین لە رۆژی ١٣-١٢-٢٠١٢ دابەزی بە ھەمان شێوە
جارێکی تر کۆمەڵێ گرفتی باس کردەوە.

لە رێگای ئەم بەرنامانەوە کۆمەڵێک بابەت و زانیاریم کۆکردەوە وە
کۆمەڵیک پرسیاری لەلام دروست کرد و وە بە ھۆی ئەوەی من ئێستا لە
ناوچەیەکی ناو لەندەن (بە ناوی ویستمنستر) دەژیم وە ئەم ناوچەیە بە
دەوڵەمەنترین ناوچەی پەیکەر ناوبانگی دەرکرددوە زیاتر لە ٣٥٠ پەیکەر و
مۆنۆمینتی تیادایە, کە ھەریکەیان ڕەندانەوەی سەردەمێکی مێژووی ھونەر و
دیزاینن لە گۆرپان و شەقامەکاندا ئەبینرێن.
بۆ بەشێکی تری ئەم نووسینە پشتم بەستووە بەو سەرچاوە و پەیکەرانەی شاری
لەندەن وە لە خوارەوە سەرچاوەکان دەنووسم بۆ کەسێک کە حەز بکات
سەرچاوەکان و وێنەی پەیکەرەکان لە رێگای تۆڕی ئینتەرنیتەوە ببینێت.
ئەوەی لێرەشدا پشتیان پێ دەبەستم ئەو کۆمەڵە پەیکەرەن کە لەسەر شەقامی
ماربل ئاچ بۆ ھایدپارک کۆرنەر(Marble arch to Hyde park corner) یەک لە
دوای یەک ڕیز بوون.
ھونەری گشتی (Public art ) بە شێوەیەکی فراوان سوودێکی زۆر بە کۆمەڵگا
دەگەیەنێت, ھەر لە بارەی ئابووریەوە کە دەبێتە دەستکەوتێکی ماددی بۆ
ئەو کەسانەی کە نزیکن لەو شوێنەوە. وە ھەرووەھا سوود بە بەرزبوونەوەی
ئاستی ھونەر دەگەیەنێت وە بەرەو پێشی دەبات وە ھەلێکی باشە بۆ
پەروەردەکردنێکی سروشتیانە لە ھەردوو داھێنان و بەرزکردنەوەی ئاستی
ھووشیاری بەرامبەر بە ھونەری گشتی(Public art).
ھونەر ئەتوانێت یارمەتی دەربێت لە کرداری تازەکردنەوەدا, وە
پەروەردەکردن و گشتگر کردنی باری کۆمەڵایەتی وە لە ھەمان کاتدا بەشداری
پێکردنی کۆمەڵگا لەم پرۆسەیدا. بەشێکی تری ھونەری گشتی (Public art)
تێکەڵاو کردنیتی لەگەڵ گۆرپان و شوێنە گشتیەکاندا ئەویش بۆ رازاندنەوە
یا خود بیرھێنانەوەی یادگارییەکان و بەرز ڕاگرتنی بەھا بیرۆزەکانی نێو
گۆمەڵگا.
ئەوەی کە پرسیارە ئەوەیە بە زۆر بونی ئەم پەیکەرانە ئایا دیمەنی شار
ناشرین دەبێت یان ڕوویەکی جوان و شارستانییەتی ئەم شارەمان نیشان ئەدات؟
یان ئاستی بینین و ھوشیاری بۆ پەیکەر لای بینەر زیاد دەکات وە بوونەتە
ڕازاندنەوەی ژینگە و ناسنامەی ھونەر و کەلتووری شارەکەمان وە کوردستان
بە گشتی؟ یاخوود وەک ھەندێک لە راپۆرتەکەی ھاووڵاتیدا(؟) ئیشارەتیان
پێدا بووٍ کە ئەم پەیکەرانە بوونەتە شێواندنی ژینگە و وە تێکدانی ھەستی
بینەر کە ئەمەش کاریگەری خراپ لە سەر ئەم ھونەرە بەجێ دەھێڵت.
ئایا ئەم کارانە چی لای بینەر بەجێدەھێڵێت؟ تا چەند پرسیار لای بینەر
دروست دەکەن؟ ئایا بوونەتە ھۆی بیرھێنانەوەی یادگارییەکان یاخود ھەر
بەشێوەیەکی ڕووکەش تەنھا شتێکی کاتییە بە دوورکەوتنەوە لە کارەکە ئیتر
ھیچ شتێک لای بینەر جێ ناھێڵێت؟
من لەو بڕوایەدام کە گرفت لە زیادبوونی پەیکەرەکان نیە ھێندەی گرفتەکە
لە دانان, دامەزراندن و دۆزیینەوەی شێوێنی شیاووە( ئەمە بەدەر لەوەی کە
کارەکە دەبێت کارێکی ھونەری بێت کە دەکرێت لە بابەتێکی تردا قسە لەسەر
ئەوە بکەم) , ڕاستە ھونەرمەند حەزی بەوەیە کە کارەکەی بکەوێتە بەرچاوی
خەڵک و وە بکەوێتە شوێنە گشتییەکانەوە! بەڵام بەپلەی یەکەم ئەوانەی
خاوەنی ئەو دەسەڵاتەن لە سەر بریاڕدان و دانانی ھەر کارێٍکی ھونەری
ئەوان ئەتوانن شوێن و ئامادەکارییکانی بۆ دابین بکەنٍ. دەکرێت تایبەت
مەندێتیش ھەبێت و وە گونجاندنی شوێنەکە و کارە ھونەرییەکەش گرنگن ئەگەر
ئەو کارەی دەکرێت تایبەت بێت بە ناوچەکە یاخوود راستەوخۆ رووداوەکە لەو
شوێنەدا ڕووی دابوو. ھەموو ھونەرمەندان لە گفتوگۆکانیاندا لەسەر ئەمە
کۆکن.
سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ووڵاتانی پێشکەوتوو وە ھەرووەھا لە ئەزموونی
یەکتر لە بەھای کارەکە کەم ناکاتەوە بەڵکو دەبێتە یارمەتیدەر و مانەوەی
بۆ زیاتر, وە ئەزمونی ئێمە لەم بوارەدا زۆر کەمە کە لەوانەیە بە تەنھا
بۆ چەند ساڵانیک بگەرێتەوە وە ئەوەی کە لە شوێنێکی وەک شاری سلێمانیدا
لە پێشتر( پێش ڕاپەرین) دەبینرا ڕازاندنەوەی ئەو فولکانەبوون کە کە
شەقامەکانیان دابەش کردووە وە (وەک فولکە کۆترەکە, فولکەی زارەکە,
فولکەی دەستارەکە, وە سەماوەرەکە لە سەرچنار و چەندانی تر..., ببورن
ئەمان وە ئەو ناوانەن کە لەو سەردەمەدا بابوون ناوم ھێناون) وە پەیکەری
پیرەمێرد و ریلیفەکانی ھونەرمەند دارا حەمە سەعی کە لەربەر دەرکی سەرا
دانرابوون. پاش ڕاپەرین ھەمان پرۆسێس دووبارە بووە بەڵام بە شێوازێکی
تر وەک فولکەی دەستەکە, فولکەی مامە ریشە فولکەی کاوەی ئاسنگەر, خاڵ
حاجی و ئەسپەکان... وە ھەندێکی تریان بە وێنە ڕازیندرابووە. ھەندێک لەم
شوێنانە ھەتا ئەمرۆ بە ھەمان ئەو ناوەوە دەناسرێتەوە کە زۆر لە نەوەی
تازە بە وێنەش ئەو شوێنانەی نەبینیوە.
وە ئێستا لە ناو شاری سلێمانیدا لە گۆرپان و شوێنە گشتییەکاندا
پەیکەرێکی بێشومار دەبینرێت وە ئەگەر تێکڕایی ئەو کارانە وەربگرین %٩٠
لە سەدا نەوەتی کارەکان وێنەی کەسێکە(Portrait) واتە دەم وچاوی تاوەکو
سەر سنگی یاخوود ٍپەیکەریکی تەواوی مرۆڤەکەیە زۆر بە کەمی بابەتێک
دەبینیت ئەویش لەم دوایانەدا من لە ڕیگای فەیس بووکەوە کاری چەند
ھونەرمەندێکم بینی کە لەسەر چەند بابەتیکی جیاواز کارییان کردبوو!!!
ئەوەی جێگای سەرنجە لەسەر ئەو ھەموو نەھامەتی و کارەساتانەی بەسەر
میللەتی ئێمەدا ھاتوون ھێندە کاردانەوەی نابینرێت لە کارە
ھونەرییکانماندا بە تایبەتی ھونەری پەیکەرسازی, وە بە کارێک و دوان کە
لەسەر ئەنفال و کارەساتی ھەڵەبجە کراون ئیتر بابەتەکان تەواو نابن
یاخوود تا ئێستا ھونەرمەندی ئێمە بیر لە کاری ئینستلەیشن وھونەری گشتی
و بەکارھێنانی ماتریاڵی جیاواز ناکاتەوە وە ھونەرمەند نەیتوانیوە لە
رێگای پەیکەرەکانیەوە بگەرێتەوە رۆحی خۆی یاخوود نەیتوانیوە چیرۆک و
ئەفسانەکان تێکەڵاوکات بە کارە ھونەرییەکەی ھەروەک (ھونەرمەند رێبوار
سەعید) ئاماژەی پێ دەدات. یەکێک لەو کارانەی کە لە گۆرەپانی مابل ئارچ
دانراوە کاری ھونەرمەند داشی نامداکۆڤە (ھونەرمەند لە دایک بووی
سیبریایە کە یەکێک بووە لەو شوێنانەی ھۆزەکانی مەغۆل داگیریان کردووە
ئەو پەیکەرەی کە لەم گۆرەپانەدا دانراوە پەیکەری جەنگیزخانە ھونەرمەند
لەبارەی کارەکەیەوە دەڵێت(ئەگەر بمویستایە وەک جەنگاوەرێک پیشانی بدەم
ئەوە ئەمتوانی, بەڵام من جەنگیزخانم وەک زانایەک دەرخستووە وە
کەسایتیەکی پیرۆزە لە وڵاتەکەم نمونەی ئەم پەیکەر ئەوەیە کە باس لە
ئەفسانیەکی مێژووی دەکات و ھونەرمەند زۆر بە کارامەییەوە ئەو ھەستەی لە
کارەکەدا نیشان داوە بە شێوەیەکی زۆر کارامەیی کاری تیدا کرددوە وە بە
کاریکی وە ھەڵبژاردنیشی لەلایەن شارەوانی وێسمینستەرەوە بە کارێکی
ناشرین وناوێزە (inappropriate and bizarre ) دەستنیشان کرا. ئەمە
نمونەیەکە بۆ پشت بەستن بە قسەکانی ھونەرمەند (ِیبوار سەعید).
پەیکەرکان لە لای ئیمە لە چیمەنتۆ و فایبەر گلاس کە ( تەمەنیکی کورتیان
ھەیە) درووست کراون وە لە ئێستاشدا ھەوڵی بەکارھێنانی ماددەی برۆنز
دەدرێت ئەگەر چی ئەویش زۆر سنووردارە. مەبەستیشم لە ئەنجامدانی کاری
دوور لە پۆرترەیت, چ کارێک لەوانەی لەناو شاری سلێمانیدا دەبینرێن زۆر
سەرنج ڕاکێشە ئایا ئەوەیە کە بابەتەکەی بۆتە جێگای سەرنج ڕاکێشان
یاخوود داھێنان و ووردەکاری لە کارەکەدا ھەرچەند من ھیچ لەم دوو شتە لە
کارەکاندا نابینم ئەویش ئەگەر وەک ھونەرمەند بەیان مانی لە میانەی
چاوپێکەوتنکەی لە کەناڵی کە ئیت ئینن لە رۆژی ١٣-١٢-٢٠١٢ ئەنجامیدا
قسەی لەسەر کارێکی خۆی کرد کە بۆ کارەساتی ئەنفال کردیوویەتی وە لە
ئێستا بە دڵی نیە لەبەر ئەوەی کە لەکاتی خۆیدا بودجەی تەواوی بۆ
سەرنەکراوە وە بۆتە گرفت لەسەر تەکنیکی کارەکە وە ئێستا داوادەکات کە
جارێکی تر دەستکاری بکاتەوە چاکسازی لەسەر بکات. ئەمە ئەوە دەگەینێت کە
ئەو چەند ساڵە وە تا ئەو رۆژەی ھونەرمەند گۆرانکاری تیادا دەکات دەبێت
لەبەر دەم خەڵکیدابێت, ئایا بینەر خەتای چیە کە کارێکی ناتەواوی
دەخەیتە بەردەم؟ ئایا خەڵکی ئەنفال کراو شایستەی ئەوەن کە تۆ بە
ناکامڵی گوزارشتیان لێبکەیت؟ ئەمە گرفتی گەورەیە لای ھونەرمەندانی ئێمە
ئەگەر کارێک بودجە و یارمەتی تەواوی بۆ نەکرێت پێویست ناکات بەشێوەیەکی
جیاواز لەوەی کە خۆت ئەتەوێت بیکەیت و بە ئەنجامی بگەینیت.
نمونەیەک بۆ ئەم ھەڵوێستەی ھونەرمەند (بەیان مــانی) یەکێکی تر لەو
کارانەی لەسەر ئەم شەقامە دەبینرێت (مۆنۆمینتی شەڕی ئوسترالیـا)یە
لەلایەن ئەندازیار تونکین و ھونەرمەند جانیت لورانس (Tonkin Zulaikha
Greer Architects and the artist Janet Laurence) بەدرێژایی ٥٥مەتر
دروستکراوە, ئەم کارە ناوی ١٠٢.٠٠٠ سەدو دووھەزار کەس کە لە جەنگی
جیھانی یەکەم و دووەم دا گیانیان لەدەست داوە لەسەر بەردی سەوزی مەڕمەڕ
ھەڵکەنراوە. لە ڕوانگەی ئەم کارەوە کە بۆ کارەساتێکی گەورە کراوە
ھەردوو ھونەرمەند وئەندازیار بەردی مەڕمەڕیا ھەڵبژاردووە بۆ ئەنجامدانی
ئەم مۆنۆمێنتە, دەکرێت ھونەرمەندانی ئیمەش بیر لە ماتریاڵی جیاواز
بکەنەوە بەتەنھا لە ناو یەک دوو ماددەدا نەخولێنەوە. وە بڕوا بوون بە
دانانی کاری ناکامڵ ھەر بۆ ئەوەی کە ئێمە سەرنجی بینەر راکێش بکەین
بەلای بابەتێکدا وە رێگای بەزەیبوون سۆز بکەینە ئامانج ئەو کاتە ھەرگیز
داھێنان لە کارە ھونەرییەکاندا بە دی ناکرێت.
ھەڵبژاردنی شوێن کە زۆرێک لەو ھونەرمەندانە لەسەری کۆکن دەڵێن وا بەشە
ئەو کارەی دەکرێت تایبەت بێت بەو شوێنە, بەڵام ئەمە بۆ ئەم سەردەمە زۆر
گران دەکەوێت بەتایبەتی کارێکی ھاوچەرخ دەکرێت لە زۆر شێوێندا جێگای
خۆی بکاتەوە و نەبێتە گرفت. زۆرێک لەو مۆنۆمینتانەی جیھان کە کراون لە
شوێنی رووداوەکەدا دانەنراوون. دەکرێت مۆنۆمینتیک بۆ ھەڵەبجە لە ناو
ھەوڵێردا بکرێت وە کارێک بۆ ئەنفال لە بەغداد بکرێت ھەروەک مۆنۆمێنتی
شەڕی ئوسترالیــا لە شاری لەندەن دانراوە ڕاستە دەکرێت مۆنۆمینتیکی تر
ھەبێت لە ئوسترالیاش بەڵام بە دوو شێوازی جیاواز.
ئایا گرفتەکە لای ھونەرمەندە یاخوود لای کەسانی دەسەڵاتدار؟ ئەرکی
ھونەرمەند چیە و وە ئەرکی جێبەجێکار چیە( مەبەستم دابینکردنی بودجە و
شوێنە)؟ ئایا ھونەرمەند بریاردەرە لەسەر ھەڵبژادنی شوێن؟ لە ھەڵبژاردنی
ماتریاڵ؟
ھەر بینەرێک بچێت بۆ کتێبخانە گشتی دەبینێت لەو بەردەم دەرگاکەیدا چ
جەنجاڵییەکە ھەیە کۆمەڵێک پەیکەر کە ھەریەکەی لە ئاوازێک دەخۆێنێت
دانراون یەک ئەوی تر ڕەتدەکاتەوە ھیچ گونجاندنێک لە نێوان ئەم
پەیکەرانەدا نابینرێت( ھەر لە بەرنامەکەی کەی ئین ئین لەگەڵ ھونەرمەند
بەیان مانیدا باسی لە پەیکەری (حوسێن حوزنی موکریانی) کرد کە لە سەر
چیمەنی بەردەم کتێبخانەدا دانراوە وە وەک خۆی ووتی بڕیار بووە بخرێتە
سەر سەکۆیەک بەڵام تائێستا ھەر وا ماوەتەوە!!!! دیسانەوە دەڵێم ئەمە
کارەساتە کە پەیکەرێک لە سەرەتای دروست کردنیەوە بە ناکامڵی بچێتە
بەردەمی بینەر و نەتوانرێت کە بە شێوەیەکی شایستە دابمەزرێت.
ھەرووەھا بۆ ئەم ھەموو پەیکەرە لەم شوێنەدا؟ ئامانج لەمە چیە؟ ئایا
لەبەر ئەوەیە کە ئەم کەساییەتیانە شاعیرن یاخوود نووسەرن وە دەبێت نزیک
بن لە کتێبخانەوە؟ وە ھەروەک ھونەرمەند (دارا حەمە سەعی) دەڵێت: دەبێت
ئێمە بیر لە چۆنیتی(Quality) بکەینەوە نەک لە چەندێتی(Quantity).
وە لێرەدا کارەکانی ھونەرمەند ( لۆرێنزۆ کوین- Lorenzo Quinn) کوڕی
ئەکتەری بەناوبانگ (ئەنتۆنی کوین) بە نموونە دەھێنمەوە, زۆربەی
کارەکانی ھونەرمەند بە برۆنز داڕێژراوە ناوبانگی پەیکەرەکانی ھونەرمەند
لەوێوە دەست پێدەکات کە لە پشت ھەر کارییەکییەوە چیرۆکێک ھەیە,
کارەکانیشی سەرەتا لە ھۆنراوەیەکەوە دەست پێدەکات, بڕواشی وایە ژیان
لاسایی ھونەر دەکاتەوە, ککارەکانی ئەم ھونەرمەندە کاری
چۆنییەتین(Quality). دەکرێت ھونەرمەند بەم شێوەیە گوزارشت لە شاعیرێک
یان نووسەرێک بکات ژیانی تێکەڵاوی کارە ھونەرییەکە بکات. ( کارەکەی
زیرەک میرە ھەنگاوێکە بۆ دەرچوون لە مۆدێلە کۆنە)!!!!!!
لە کۆتاییدا:
ئەوەی لێرەدا مەبەستمە نامەوێت لەو کارە ھونەریانە یاخوود ھیلاکی و
ماندووبوونی ھونەرمەندان کەم کەمەوە, ھێندەی دەمەوێت رێگا چارەیەک
بدۆزرێتەوە. ئەمڕۆ ئێمە ناتوانین لەبەردەم لێشاوی ئەو پێشکەوتنەی لە
دنیا ھەیە خۆمان بە دوور بگرین وە دەبێت ببین بەبەشێک لەو ئەزموونە.
مەبەستیشم لە زۆربوونی پەیکەرەکان, ژینگەی ناو شار ناشرین ناکات ئەگەر
بە شێوەیەکی درووست بیر لە دانانی بکرێتەوە وە ھەروەک لەسەروە باسی
ناوچەی وێسمنسترم کرد بۆتە مۆزەخانیەکی گەورە لە ناو لـــەندەندا. وە
رۆژانەش ھەندێک لەو کارانە ئاڵوگۆر پێدەکرێت کاری تازەتر دادەنرێت,
بەشداری بە ھونەرمەندانی دنیا دەکرێت لە ناو گۆرەپان و باخچەکاندا,
پیشبڕکێی ھونەرمەندان بۆ دانانی پەیکەرەکانیان لەلایەن شارەوانییەوە
رَێک دەخرێت. پەیکەرەکانی ئەم شارە لە سەدەکانی ١٨-١٩ وە تا کاری
ھونەرمەندانی ھاوچەرخی لەخۆ گرتوو, بە تەنھا لە سەر یەک ڕاستە شەقام ٢١
پەیکەر دەبینیت کە درێژی شەقامەکە ناگاتە یەک کیلۆمەتر. ئەمەیە کە
ھونەری کرددوە بەبەشێک لە ژیانی خەڵک ڕۆژانە لە ناو پاس و پارک و
بازاڕەکاندا چاوت ڕووبەرووی کاری ھونەری دەبێتەوە لە کارەکاندا خۆت
ئەبینیتەوە دەبنە بەشێک لە تۆ و لە ژیانی ڕۆژانەت.
ئەگەر رێگایەکی دروست ھەڵبژێن تایبەت بە کەلتوورمان تایبەت بە مێژوومان
بە بارەکۆمەڵاتیکانمان دەکرێت ئیمە لە کەس نەچین خۆمان مۆدێلێکی تر
دابھێنین, بەڵام لەسەر بنمایەکی زانستی پێشکەووتوو وە پشت بەستن بە
ئەزموونی ووڵاتانی پێشکەوتوو, من لە بڕوایەدام ئێمەش کە ئەم ھەمووتوانا
ھونەرییەمان ھەبێت و مێژوویەکی زۆر دەوڵمەند ناوچەیکی پر لە ماتریاڵ و
کەرەستەی ھونەری دەتوانین بەسەر ئەم کۆسپانەدا زاڵ بین.
دەزگا ھونەرییەکان بەشێکی گەورەن لە پێشکەوتنی ھونەر وە دەبێت بڕیاری
سەنگینیان ھەبێت بۆ رێگرتن لە نیشاندانی کاری کرچ و کاڵ وە تێکرا کۆکبن
لەسەر یەک بنەمای زانستی بۆ کەم کردنەوەی ڕۆتین, شارەوانی کە دەزگایەکی
سەرەکییە بۆ ئەم کارە دەبێت کارەکانی توند و تۆڵتر بکات وە ھونەرمەندی
کارامەو کەسانی پسیۆر بۆ ڕەزامەندی و دانانی کارە ھونەرییەکان لە ناو
شاردا دابمەزرێنیت.
ئەگەر شارەوانی یارمەتی دەر نەبێت ئەوا دەبێت بەرێوبەرایەتی رۆشنبیری
بەشێک بکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە, کۆر و سیمینار و کۆبوونەوە
بە ھونەرمەندان بکات, دەبێت بگەنە ئامانجێک. ئەگەر ئەمە نەکرێت ئەوا
حاڵی ئەو پەیکەرانەی ئێستا ھەن لەوانەی پێشوو باشتر نابن ھەر بە
زوویندیەتی و بە بەر چاوی ھونەرمەندەوە پەیکەرەکەی دەبێتە قوربانی
دروست بوونی باڵخانەیەک.
_______________________________________________
سەرچاوەکان:
١-
بەرنامەی پەیڤ لەگەڵ ھونەرمەندان (رێبوار سەعید,
بەیان مانی، دارا حەمەسەعی، کامەران مەحموود، شوان کەمال).
http://www.halcyongallery.com/news/genghis-khan٢-
-
by-dashi-namdakov-at-marble-arch
http://www.zulenet.com/JanetLaurence/default.html٣-
http://www.lorenzoquinn.com٤-
٢٠١٢
- لـەندەن
ماڵپهڕی مهریوان
جەلال
|